ترەمپ بەرەنگاری کردەی چەواشەکاری لە کەناڵی بی بی سی و ڕۆژنامەنووسی گەندەڵ دەبێتەوە
لە ئاکامی کاردەیەکی چەواشەکاری و دەستکاری زانیاریی دوو بەڕێوەبەری کەناڵی بی بی سی دەست لەکار دەکێشنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەبێتە هەلایەکی گەورە بە هۆی مۆنتاژکردنی فیلمی دیکۆمێنتکاریی (دۆنالد ترەمپ) سەرکردەی پارتی کۆمارییەکان و بڵاوکردنەوەی لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دا.
(دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پاش ئاشکرابوونی ئەم دەستکارییە وەسفی ڕۆژنامەنووسەکانی بە "ڕۆژنامەنووسانی گەندەڵ" کرد، کە لە کۆمپانیای پەخشی بەریتانی (بی بی سی) کارد دەکەن و لەهەمان گاڤدا ئیدانەی ئەم ڕەفتارەی کرد.
دوای ئەوەش بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لەبەر ئەم ئابڕووچوونە کە پەیوەستە بە مۆنتاژکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی و باسی سەرۆکی کۆمارییەکان دەکات، بڕیاری دەست لە کارکێشانەوەی دا. (ترەمپ) لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی (تروث سۆشیال) ڕایگەیاند "رۆژنامەنووسە گەندەڵەکان" ئاشکرا بوون، ئەمانە کەسانی زۆر ناپاکن و هەوڵیان داوە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا بکەن. سەرباری ئەوەش ئەمانە هاووڵاتی ئەمەریکا نین و خەڵکی وڵاتێکی بیانین، کە زۆر کەس بە هاوپەیمانی ژمارە یەکمان دەزانن. ئەمە بۆ دیموکراسی خراپ". لەڕاستیدا ئەم ئابڕووچوونە ئاماژەیە بە فیلمێکی دیکۆمێنتاری بی بی سی، کە هەفتەیەک پێش دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەخشکرابوو. هەنووکە پێیان زانیوە و لێیان لە هەلا داوە و بۆتە یەکێک لە باسە گەرمەکانی نێو میدیای جیهانی.
هەقیقەتی ئەم فیلمە دۆکۆمێنتکارییە ئەوەی نمایش کردووە، کە لە بنەڕەتد دەستکاری گوتارکێکی ترەمپ کردووە، کە لە ٦ی ژانویەی ٢٠٢١ نمایش کرابوو. لەوێدا(ترەمپ) تۆمەتبارکرابوو بە هاندانی لایەنگرانی بۆ هێرشکردنە سەر بالاخانەی کاپیتوڵ، ئەمەش وا نیشان دراوە بۆ ئەوە کردووە لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بینیمان ئەنجامەکە وا دەرنەچوو (جۆ بایدن)ی کاندێدی دیموکراتەکان بردییەوە.
ئاکامی ئەم چەواشەکاریی و ئابڕووچوونە کە بریتییە لەدەستکاری گوتارێکی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ١ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٥ کەناڵەکە بە فەرمی دەست لەکارکێشانەوەی (تیم دەیڤی) بەڕێوەبەری گشتی و (دیبۆرا تۆرانس)ی بەڕێوەبەری هەواڵی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ڕەخنەی تووند لە بەشی هەواڵەکان هات، کە بەهۆی پەخشکردنی بەشێکی "چەواشەکارانە" لە گوتارەکەی (دۆنالد ترەمپ).
بەم بۆنەیەوەیە ڕاپۆرتە هەواڵییە بەریتانییەکان لەم ڕۆژانە ئاشکرایان کردووە، فیلمە دیکۆمێنتارییەکە بەشێکە لەزنجیرە بەناوبانگەکەی "پانۆراما" و لەوێدا بەشێک لە گوتارەکەی (ترەمپ)ی لەخۆ گرتووە و دیارە ڕاستەوخۆ داوای لەلایەنگرانەکانی خۆی کردووە بۆ ئەوەی بچنە کاپیتوڵ و "شەڕ" بکەن. لە هەمان کاتدا بەشەکانی دیکەی گوتارەکە، کە (ترەمپ) داوای خۆپیشاندانی "ئاشتیانە و نیشتمانپەروەرانە"ی کردووە، قرتێنراوە. ئەم دەستکارییانە ڕەخنەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و چاودێران و یاسادانەرانی بەریتانیا بە "شێواندنێکی قبووڵنەکراوی ڕاستییەکان"یان وەسف کرد. بی بی سی تۆمەتبار کرا بە پێشێلکردنی ئەو سیستەمە ستاندارەی لەسەر بنەمای بێلایەنی و وردبینی دروستبووە، ئاماژە بە واژۆی مۆرکراوی خزمەتگوزاری گشتی تێدایە. لە بەیاننامەیەکی کورتدا بی بی سی ڕایگەیاند (دەیڤی) و (تۆرانس) دەستیان لەکارکێشاوەتەوە ئاماژەش بەوە دەکەن، ئەمە "بۆ ئەوەیە ڕێگە بدرێت پێداچوونەوە ورد لە کاروباری ناوخۆیی کەناڵەکە بکرێت لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی".
ئەم پێداچوونەوە ناوەخۆییە، چاوگێڕانەوە بە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ هەواڵ و زانیاریی و دروستکردنی هەواڵ ببێتە سەرەتایەکی دیکە بۆ پتەوکردنەوەی بنەماکانی دەزگای هەواڵی ڕاستگۆ و متمانەدار. ئاژانسی ڕۆیتەرز لەم بارەوە دەڵێت: ئەم قەیرانە دوایین قەیرانە، کە پەیوەستە بەزنجیرەیەک ئاستەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەم ئەو دامەزراوە ڕێزدارە، لەوانە ڕەخنەگرتن لە ڕووماڵکردنی شەڕی غەزە و پرسەکانی جێندەر و دووبارە گەڕدانەوە بۆ مشتومڕ لەبارەی ئایندەی بێلایەنی لە میدیای گشتی بەریتانیا بهێنێتەوە گۆڕێ.
کێشە چییە؟ ئایا بەڕاستی لە جیهانی ئازادیش چەواشەکاری لە هەواڵ و دەستکاری زانیارییەکان دەکرێت، یان لەپێناو مەبەستی تایبەتی ڕاستییەنکان دەقرتێنرێن، دەرکەوت ئەمەی ڕوویداوە چەواشەکاریی و گەندەڵکارییەکی دیاری دەزگا بەنیوبانگە جیهانییەکانە. چاودێرەکانی ئەم بوارە پێیان وایە ئەم قەیرانیە بی بی سی دوور نییە ببێتە سەرەتایەک و ڕەنگە دەرگای چاکسازیی فراوانتر لەبەردەم سیاسەتی سەرنووسەر و لێپرسینەوە لەهەمان کاتدا بکاتەوە، لە کاتێکدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بوونەتەوە بۆ چۆنیەتی پاراستنی متمانەی گشتی لە ژینگەیەکی میدیایی جەمسەرگیردا.
https://www.theguardian.com/us-news/2025/nov/10/why-bbc-resignations-trump-speech-edit
داننان بەهەڵە و خۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسان
(داڤی) دوای دەست لەکارکێشانەوە لە نامەیەکدا دوای پێنج ساڵ لەڕووداوەکە بۆ ستافەکەی دەبێژێت: "دەست لەکارکێشانەوە بەشێوەیەکی تەواو تەنیا بڕیاری خۆمە". ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگشتی کەناڵی بی بی سی کاری باش دەکات، بەڵام هەندێک هەڵە هەبووە و وەکوو بەڕێوەبەری گشتی دەبێت بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ بگرم. ڕوونیشی کردۆتەوە "ئێستا لەگەڵ دەستەی کارگێڕی بە شێوەیەکی کاتی کاردەکات، بۆ بەدیهێنانی هەماهەنگی ورد، لەپێناو دڵنیابوون لە گواستنەوەیەکی ڕێکوپێک لەگەڵ ئەو کەسەی جێگەی ئەو دەگرێتەوە و ئەمەش لە چەند مانگی داهاتوو دەبێت". ئاماژەی بەوەشکردووە "مشتومڕەکان لەبارەی فیلمە بەڵگەنامەییەکەی (ترەمپ) گەیشتووەتە ئاستێک زیان بە بی بی سی دەگەیەنێت، ئەمە دەزگایەکە زۆرم خۆشدەوێت و وەک سەرۆکی جێبەجێکاری کاروباری ئێستای بی بی سی، بەرپرسیارێتی کۆتایی لە ئەستۆی مندایە". ناشاردرێتەوە دوای ئەوەی ڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بەشێک لە دۆسیەکەی بڵاوکردەوە ، فشارەکان لەدژی دەستەی گشتی بەڕێوەبەری بی بی سی زیادی کردووە.
https://www.telegraph.co.uk/news/2025/11/10/bbc-in-crisis-as-tim-davie-resigns/
ستارمەر : پێویستە هەڵەکان بە خێرایی ڕاست بکرێتەوە
بەپێی نامەیەکی بڵاوکراوەی پارێزەرانی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا، لەوێدا ڕایانگەیاندووە بی بی سی دەبێت ئەو دەستکارییەی لە بەرنامەی پانۆرامای خۆی لە گوتارێکدا کردوویەتی ، پێویستە بەرنامەکە بکشێنێتەوە و لای ببات، ئەمەش تاکوو ١٤ی مانگی نۆڤێمبەر دەبێت ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا ڕووبەڕووی سکاڵایەکی یاسایی دەبنەوە، کە داوای "لانی کەم" یەک ملیار دۆلار دەکاتلەم کەناڵە جیهانییە بەناوبانگە دەکات. بی بی سی لە گەرمەی ئەم قەیرانەدا ڕایگەیاند: "نامەیەکی لە سەرۆک ترامپەوە پێگەیشتووە و ناوبراو هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی دەکات لەبارەی گۆڕین و دەستکاری پەخش کردنی یەکێک لە گوتارەکانی. ئاکامی فشارەکان ئەوەبوو دەست لەکارکێشانەوە ڕۆژنامەنووسانی بەدوای خۆیدا هێنا. وەکوو ئاماژەمان پێکرد ئابڕووچونێکی وەها دوای پێنج ساڵ لە بڵاوکردنەوەی بۆتە یەکێک لەمانشێتە گەورەکانی میداکان ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکی شیکاری ئاماژە بە دەست لەکارکێشانەوەی (تیم دەیڤی) بەرێوەبەری و بەرپرسی هەواڵەکانی بی بی سی (دیبۆرا تۆرنز) دەکات، کە تۆمەتبار کراون بەوەی لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی، کە لەلایەن بەرنامەی پانۆرامای سەرەکی کەناڵەکەوە بەرهەمهێنراوە، بەشێک لە گوتارێکی (ترەمپ)ی بەشێوەیەکی چەواشەکارانە دەستکاری کردووە.
کەسانی ناپاک
ئەم ڕووداوە زۆر کەسی هێنایە دەنگ و کاردانەوەی زۆر دروست بووە، پێ دەچێت (ترەمپ) هەر بەتەنیا بە ئیدانکردن و دەست لەکارکێشانەوەی هەندیک ڕۆژنامەنووس و ڕاستکردنەوەی هەڵەکە نەوەستێت، داوای سزای یاسایی دەکات و ئاماژە بە پێبژاردنی دارایی گەورەش دەکات. ئەو (ترەس سۆشیال) دەڵێت: "ئەمە خراپە بۆ دیموکراسی". ( تیم دەیڤی) بەڕێوەبەری گشتی بی بی سیش ددان بەو اڕستییە دەنێط، کە: “ بی بی سی وەک هەموو دامەزراوە گشتییەکان، بێ کەموکرتی نییە و سەد لەسەد تەواو نییە و دەبێت هەمیشە کراوە و شەفاف بین لە لێپرسینەوە". (تۆرنێس)یش ڕایگەیاندووە: "بی بی سی لە ڕووی دامەزراوەییەوە لایەنگری ناکات، هەڵەکان ڕوودەدەن، بەڵام ڕۆژنامەنووسانی بی بی سی بەکارەکانیان ماندوو دەبن و هەوڵدەدەن لە کارەکانیان بێلایەن بن". سەمیر شا) سەرۆکی بی بی سی ڕۆژی دووشەممە بەناوی پەخشەکەوە داوای لێبوردنی کرد ئەمە بە بەهۆی "هەڵە حووکمدان" و گوتیشی "ئێمە دان بەوەدا دەنێین، کە شێوازی دەستکاریکردنی گوتارەکە وایکردووە، جۆرێک لە بانگەوازی ڕاستەوخۆی تووندوتیژی نیشان بدات. بی بی سی داوای لێبوردن دەکات بۆ ئەم بڕیارە بەهەڵەیە". پێشتریش (لیزا ناندی) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە مۆنتاژکردنی لە بی بی سی بە "زۆر جددی" وەسف کرد. (کیر ستارمەر) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانی خۆی بۆ بی بی سی وەکوو دەزگایەکی بەهێز و سەربەخۆ دەربڕی. وتەبێژی ستارمەر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "لە سەردەمێکدا کەزانیاری هەڵە پەخش دەکرێت، لە جاران زیاتر پێویستیمان بە خزمەتگوزارییەکی دروست لەبارەی هەواڵی تۆکمە و بێلایەن لەنێو بەریتانیا هەیە". هەروەها لەهەمان گاڤدا جەختی لەسەر گرنگی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان بە "خێرایی" کردەوە ، لەپێناو پاراستنی متمانە.
تۆمەتەکانی لایەنگری
(ناندی)یش بە جدی و وەکوو پرسێکی گەورە دەئاخڤێت دەستکاری بەشێک لە گوتارەکەی (ترەمپ) یەکێکە لە نیگەرانییە هەرە زۆرەکان، کە ئەمەش پەیوەندی بە ستانداردی کارکردنی سەرنووسەری بی بی سی هەیە، و لەدرێژەی ئاماژەکانی دەڵێت: "ئەوە تەنیا پەیوەندی بە خودی بەرنامەی پانۆراماوە نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک تۆمەتی زۆر جددی لەئارایە، جددیترینیان ئەوەیە، کە کەناڵەکە لایەنگری نیشان داوە، لەشێوازی ڕووماڵکردنی پرسە هەستیارەکان". (ناندی) نیگەرانی خۆشی لەبارەی لەدەستدانی ستانداردی کاری سەرنووسەر و زمانی بەکارهێنراو لە ڕاپۆرت نووسیندا خەریکە دەبێتە بنەمایەکی "ناتەبا". ( کارۆلین لیڤیت) گوتەبێژی کۆشکی سپی بە دڵخۆشییەکی زۆرە لەبەردەم میداکان دەردەکەوێت و نیشانی دەدات دڵی بە دەست لەکارکێشانەوەکان خۆشە.
ڕێزدارە و بێلایەنیش نەماوە
هەندێک لە ڕاپۆرتە شیکارییە ڕەخنەگرەکان لەنێو میدیا جیهانییەکان لەبارەی کاری بێلایەنەی ڕۆژنامەگەری جیهانی لەبارەی بەسەرهاتەکەی ئەم دواییە لە چۆنیەتی بڵاوکردنەویە زانیاریی و دەستکاری و ڕپۆرت ئامادەکردن دەڵێن: "بی بی سی لە ئاستی جیهاندا ڕێزی زۆری لێ دەگیرێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ڕووبەڕووی تۆمەت بووەتەوە، کە نەیتوانیوە پابەندبوونی خۆی بە بێلایەنی لە ڕاپۆرت و هەواڵەکانیدا بپارێزێت". بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی دزەپێکراوی نێو ئەمەریکا ئەوەی ئاشکرا کردووە: "بی بی سی عەرەبی لە ڕووماڵکردنی شەڕی غەزەدا لایەنگری دژ بە ئیسرائیلی نیشانداوەو لەساڵانی ڕابردوو بی بی سی ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە، بەهۆی بۆچوونێک لەبارەی کۆچبەران، کە لەلایەن (گاری لاینیکەر)ی پێشکەشکاری وەرزشی کە زۆرترین مووچەی پێدەدرێت، بووە هۆی مانگرتنی کورتی کارمەندان و هەروەها دوای پەخشکردنی نمایشێک لە فێستیڤاڵی گلاستۆنبێری و تێیدا گۆرانیبێژ (بۆب فیلان) دروشمی سەربازی دژ بە ئیسرائیلی وتەوە، ئەو کات ڕووبەڕووی ئیدانەکردن بووەوە.
https://www.msn.com/en-us/news/politics/donald-trump-threatens-legal-action-against-the-bbc-over-editing-controversy/ar-AA1Q9yiX
(ترەمپ) ڕازی نییەوە داوای٥ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات
ترەمپ بە داوای لێبوردنەکە ڕازی نییە و دەڵێت، هەفتەی داهاتوو سکاڵا تۆمار دەکات و داوای ١ تا ٥ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات، هەروەها بەنیازە پەیوەندی بە (کیر ستامەر) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بکات بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە قسەی لەگەڵ بکات و بگەنە ئەنجامێکی لەبار و ئەو پێی ڕازی بێت.
ترەمپ دەڵێت: "خەڵکی بەریتانیا زۆر تووڕەن. چوونکە ئەمە دەریخست کە بی بی سی هەواڵی ساختە بڵاودەکاتەوە."
ئەمە یەکەمجارە (ترەمپ) بەم شێوەیە هەڕەشە لە دەزگایەکی میدیایی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان واشنتن و لەندەن.
پووختەی قسە، ئابڕووچوونی ڕۆژنامەگەری
یەکەم: سەرۆکی گەورەترین وڵاتی دونیا، لە دەستکاری ڕاپۆرتێک کە پەیوەندی بە گوتارێکی پێنج ساڵ لەمەوە بەری ئەوە هەیە، تووڕە بووە و دەیەوێت سزای ئەم دەزگا میدیاییە جیهانییە بدات، کە خاوەنی مێژووێکی درێژە لە بێلایەنی و متمانە و دەستکاری نەکردنی هەواڵ و زانیاری.
دووەم: دەزگا میدیایە گەورە و بەنێو بانگەکانی جیهانیش کە یەکێکیان (بی بی سی) بەریتانییە، دەستکاری هەواڵ دەکات، بەمەش هاوسەنگی لە پێشکەشکردنی زانیاری و هەواڵ لەدەست دەدات. بۆیە بە ساختەکار و گەندەڵکار ناو دەبرێن.
سێیەم: هەندێک دەبێژن دوای ئەم قەیرانە، دەزگای میدیا جیهانییەکان پێویستیان بە پێداچوونەوە و چاکسازیی و داڕشتنەوەی بنەمای ستانداری کافی ڕۆژنامەگەری هەیە، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە و دەستپاکی لە ڕاپۆرت و دەستکاری هەواڵ و زانیاریی.
چوارەم: ترەمپ بە دەست لەکارکێشانەوەی دوو ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی بی بی سی و داوای لێبوردنەکەیان ڕازی نییە و دەیەوێت داوای یاسایی تۆمار بکات بە ملیار دۆلار قەرەبوو بکرێتەوە.
پێنجەم: ئەم قەیرانە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهانی دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتیمان بیر دەهێنێتەوە، کە بەردەوام دەستکاری هەواڵ و زانیاریی و دەق و وێنە و گوتە و ئاخاوتنەکانی گروپ و کەس و لایەن و هێزەکان دەکەن. ئەم شێوازە وەکوو پەتایەکی کوشندە دەردەکەوێت و نەک متمانە لەدەست دەدات، بەڵکوو دامەزراوە میدیایەکان تووشی ئیفلیجی دەکات.
شەشەم: ئەمڕۆ میدیا لەهەموو شتێک بەهێزترە بۆ گەیاندنی زانیاری و هەواڵ و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی شیکاری و دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ و بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات، لەنێوان دەوڵەت و کیان و گروپە جیاوازەکان لەئاستی جیهاندا. بۆیە پابەستبوون بە ڕاستگۆیی و دوورکەوتنە لە ساختەکاری و گەندەڵی و شێواندنی ڕاستی و لایەنگری لەپێشکەشکردنی زانیاری دەبێتە مایەی کارەسات و لەدەستدانی متمانە و ڕاستگۆیی.
ئەم قەیران و تاوانبارکردن و دانان بە دەستکاری زانیاریی و ڤیدیۆ و گوتاری بەرپرسێک، رەنگە کارەستای مەزن بەدوای خۆیدا بهێنێت و لایەنگری لە زانیاریی و هەواڵ دەبێتە مایەی نەمانی متمانە بە دامەزراوە گەورەکانی ڕاگەیاندن. ئەم قەیرانە لە کردەوەدا پەیوەندی بە ئابڕووچوونی ڕۆژنامەنووسی و پیشەیی بوون و گەندەڵکاری لە هەواڵ و شێوانی ڕاستییەکانە. تەنیا جۆرێک لە تەنگەژەی سیاسیشی لەنێوان بەریتانیا و ئەمەریکا دروستکردووە، دوور نییە (ترەمپ) دۆڕانی پێشتری بەرانبەر (جۆ بایدن) بەم ڕاپۆرتە ببەستێتەوە ، کە ئەو کات بی بی سی لە بەرنامەی پانۆراما بەدەستکاری و قرتاندن و جۆریک لە هاندانی تووندوتیژی پەخشی کردووە.