قسەکردنی بێ حیساب لە گوتار .. ڕوودوەکەی (کۆرمۆر) بە نموونە

غازی حەسەن
  2025-11-29     321

کارەساتی قسەکردنی بێ حیساب لەوەیە ئەو کەسەی گوتار دەدات، ڕەچاوی  کاریگەریی و مانەوەی شتەکان لە بیروهزری وەرگرەکان نەکات و ئینجا بێ شارەزایی و بەپێخواسی بەنێو بکەوێت، هەروەها لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زانیاری و شتەکان و خودی زمانیش ئاگاییەکی قووڵ و گونجاوی نەبێت. سیاسییەکان پێویستە بەردەوام ڕاهێنانیان بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان و هەڵبژاردنی دەستەواژە و شێوازی ئاخاوتن بۆ بکرێت. دەزانم ئەمە لای سیاسی کورد عەیبەیەکی گەورەیە پێی بێژیت وەرە فێربە چۆن زمان بەکاردەهێنی، چوونکە سیاسی لای وایە دەبێت لەهەموو کارێک پێشڕەوو لێوەشاوە بێت. دەبێژم بێ سنوور قسەکردن کارەساتە، بێ ڕەچاوکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری و دۆخی سیاسی بەکارهێنانی هەندێک وشە و دەربڕین و بەخەیاڵ وێناکردن و هەڵگێڕانەوەی واقیع قسەکەر تووشی ئاژاوەیەکی بێ کۆتا دەکات، ئەمانەش بەرهەمی خراپیان دەبێت. دواتریش ڕاستکردنەوە و گلەیی و هێرشێکی دیکەی لەپێناو کەمکردنەوەی فشارو ڕاستکردنەوەی شتە پووچەکان ڕەنگە سوودێکی ئەوتۆی بۆ پینەکردن و پێچانەوە و شاردنەوەی ڕاستگوتراوەکان نەبێت. بەواتایەکی دیکە درۆیەکی زەق لەپێناو کوشتنی هەقیقەت لە ڕیسوایی هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت.  دەبێت ئەوە بزانین گوتار حووکم و لەهەمان کاڤیشدا ڕاپەڕاندنی کردەیەکە بە وشە و ئاخاوتن و ڕاپەڕاندنی مەبەست و نیازێک. قسەکانی نێو گوتارەکە لەشێوەی حووکم و بڕیار دەردەکەوتن، با قسەکەر هەر بۆ سوعبەت و گاڵتە و خۆشاردنەوە لەپەنای گوتارەکە ئەمەی گوتبێت.

زمان نیشانە و هێمایە بۆ ئاشکراکردنی هەقیقەتی خودی قسەکەر، هیچ شتێک بەقەد زمان مرۆڤ تووشی تەنگەتاوی و ڕیسوابوون و کێشە ناکات، ئەوانەی بەڕاستەوخۆ ئاخاوتن و هێرش و گوڕەشە بە ئازایەتی دەزانن، نابێت لەبیری بکەن ئازایەتی پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی (ترس، سەرکوتکردن، خۆ بەپاشکۆزان و ژێردەستییەوە هەیە)، بەشێکی ئازایەتی هەندێک جار پەیوەندی بە (بیرنەکردنەوەی قووڵ و لێک نەدانەوەی کاردانەوەکان و نیمچە گەمژەییەکەوە هەیە). قسەکردنی بێ حیساب ئازایەتی نییە، بەقەد ئەوەی لەدەستدانی ئازادی و نەزانینەوە سەرچاوە دەگرێت، کە قسیە بێ حسیاب ڕەگێکی بە تووڕەیی و کاردانەی بێ بنەما و بیرنەکردنەویە گونجاوەوە بەستراوەتەوە.

ڕووداوەکانی کۆرمۆر ئەمجارە کاریگەریی وەکوو هێرشەکانی پێشوو نییە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بۆ؟

یەکەم: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر، پەلامار بوو دژی کارەبا، کە ئەمەش بە مانای هێرشکردنی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان، کردەیەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکراوەیە. لەکاتێکدا چاککردنی کارەبا دوای پتر لە سی ساڵ لە ڕاپەڕینی خەڵک، بە ئەفسانە و دەستکەوتێکی مەزنی بێ وێنە دادەنرێت. ئەمەی ئەم کارەی کردووە، لەدوژمن پیستر و دڕندەترە. بەهەر پێوەرێک بێت هەر تەنیا سزادان چارەسەر نییە، بەڵکوو بەهێزکردنی بنکە و کەرەستەی بەرگری لە هەرێمی کوردستان پێویستییەکی پێویستە بۆ بەهێزکرندی تونای بەرگری.

دووەم: ئەمجارە هەندێک لە گروپ و میلیشا شیعییەکانیش ئەم هێرشەیان ئیدانە کرد، کە پێشتر بەئاشکرا پەیوەندیان بە هێرشەکانەوە هەبووە، ئەمەش ڕەنگە لە چەند ڕوانگەیەکەوە بێت:

آ- باش دەزانن ئەم هێرشە سزای تووند بەدوای خۆدا دەهێنێت و هەر تەنیا دژی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو بەرژەوەندی ئەمەریکاش دەخاتە مەترسییەوە.

ب- دەیانەوێت بە ئیدانەکە خۆیان وا نیشان بدەن، پەیوەندییان بەم هێرشەوە نییە، ڕەنگە بیانەوێت نیشانی بدەن ئەمە پەیوەندی بە ململانێی نێوەخۆی کوردەوە هەیە.

ج- چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی زانیارییەکان بێت و ترسی سزاکانی ئەمەریکا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕووداوەکان.

سێیەم: تورکیا و ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد، داوای سزادانی بکەران دەکەن. لەم جۆرە هێرشانە هەمیشە پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران درێژ دەکرێت و بەکردەوەش هێرشەکانی پێشووتر پەیوەندییان بەم گروپانەوە هەبووە، کە ئێران پاڵپشتی و هاوکاری کردوون و حکوومەتی فیدراڵیش چاوپۆشی لێکردوون و بەم هەڵوێستەی ناڕاستەوخۆ رێگەی پێداون کاری لەم جۆرە بکەن.

چوارەم: ئەم ‌هێرشە لە سەردەمێکە کە گروپە ملیشیاکانی دەرەوەی دەوڵەت لە ناوچەکە بەرەو هەڵوەرینن، تێکشێنراون، یان ترسی هەڵوەشانەوەیان لەسەرە. بۆیە لەکاتێکی مردوو، ئینجا یەکجار خراپ ئەم کارەیان کردووە.

پێنجەم: حکوومەتی فیدرالی کار بەڕێکەرە، هەرچەندە وەزارەتی نێوەخۆیان لەگەڵ هەریم لیژنەیان پێکهێناوە و سەردانی ناوچەکەیان کردووە و دەبێت لە ماوەیکی کورتدا ئاکامی لێکۆڵینەوە ڕابگەینن، ئەمەش (سودانی) دەخاتە بەردەم دووڕیانێکی ئاڵۆز. (مالکی)یش دگوتی: ئەگەر من سەرۆک وەزیران بم، ئەم هێرشانە ڕوونادەن. لەکاتێکدا نێژووی ئەویش پڕە لە کارەساتی مەترسیدار. بۆیە دوور نییە ناکۆکییەکانی نێوەخۆی عێراق کارتێکی دیکە بێت.

 

لەئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان:

یەکەم: سۆشیال میدیای نزیک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسە و لێدوانەکانی بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان بە ڕووداوەکە بەستەوە، کە پێشتر هەڕەشەی (ڕاگرتنی ئەم غازە و تێکدانی کارەبا) وەکوو (فشار و ملکەچ پێکردنی پارتی لە پێکهێنانی حکوومەت) بەکارهێنا. هەڵبژاردنی وشەکانی ئەم بەرپرسانە دەبنە بەڵگە، سەرچاوە و گومان و ڕاتەوخۆ بە رووداوەکە دەبەسترێنەوە. ئەمەش نیشانەی بەهێزی هەڵبژارندی شیوایز قسەکردن نییە، بەڵکوو نەزانین و بیر نەکردەوە لە داهاتوو، بێ منەتی و هەڕەشە و حووکمیشی تێدایە، بۆیە بەکارهێنانی زمان دەرمانە، وەکوو چۆن لەهەمان کاتدا لەخراپ بەکارهێنانی دەبێتە ڤایرۆسی نەخۆشی و کێشەش.  

دووەم: قوباد تاڵەبانی لە سۆشیال میدیا ڕاشکاونە لەجیاتی سەرکۆنەی هێرشەکە دژی کۆرمۆر، ڕەخنەی گرت و سەرکۆنەی سۆشیال میدیای نزیک پارتی دیموکراتی کورستانی کرد، ئاماژەی کردووە، کە "دەیانەوێت ئاگری شەری نێوەخۆ خۆش بکەن". بێ ئەوەی ئاماژە بە پاشخانی لێدوانە مەترسیدارە ڕاشکاو و ئاشکرانی بەرپرسەکانی خودی یەکێتی بکات، کە بوونەتە سەرچاوەی ئەو گومان و قسە و بازاڕ گەرمییەی لە سۆشیال میدیا دروستبوو. ئەوان لە قسەکانیان و گوتاریان بە ئاشکرا "هەڕەشەی بڕینی غاز و کارەبا دەکەن". لەڕاستیدا قسە و لێدوانەکان و گوتارەکانی پێشووی یەکێتی سەرچاوەن بۆ لێکدانەوە و بەیەکەوەبەستنی ڕووداوەکان، ئەمەش گومانێکی یەکجار خراپ دروست دەکات. وابزانم ئەمە جاری یەکەمە یەکێتی دوای فشارەکان و کاردانەوەکان ئاماژە بە (نەهێشتنی گروپی میلیشایی دەرەوەی دەوڵەت لە بەغدا دەکەن). واتا فشارەکان یەکجار زۆرن، دۆخەکە مەترسیدارە، خراپ بەکارهێنانی وشە و زمان هەنووکە کارتێکردن و کاریگەری و بەرهەمهێنانەوەی لەم چەشنە لەگەڵ خۆی دەهێنێت. دەبێط بزانین زمان زانستە و بەکارهێنانی حیکمەتی دەوێت.

سێیەم: حکوومەتی هەرێم داوای دابینکردن و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری دەکات، لەپێناو ڕاگرتنی هێرش و مەترسییەکان. دواتر کاردانەوەی بەغداش ئەوەی نیشان دا، کە دەیانەوێت سیستەمی بەرگری نوێ بکڕن و هەرێمیش دەگرێتەوە.

چوارەم: هەر لایەن و گروپێک و کەسێک ئەم کارەی کردبێت، خەڵکی تووڕە کردووە، مەترسیدارە، دەیەنەوێت (گەشەکردن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان ڕاگرن)، یان دەیانەوێت (ئاژاوەیەکی سیاسی گەورە لە هەرێم بەرپا بێت، وەکوو ئاماژە پێکرا هۆکاری شەڕی نەگریسی نێوەخۆیی هان دەدرێت). ئەم هۆکارە لە زمانی هەردوو بەرە بەدی دەکرێت. یەکێیان بەپرسە یەکەمەکان بەکاری دەهێنن، ئەوی دیکەش خەڵکی ئاسایی.  زمانی یەکێکیان حووکم و بڕیار و لە پێگەی باڵا سەرچاوەی گرتووە، ئەوی دیکەش جەماوەر و تووڕەییە و کاردانەوەیە. زەمینەسازییە.

پێنجەم: لەنێوەخۆی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ سەرنجی خەڵک، قسەکەر و  شڕۆڤەکاران و تەنیا کاردانەوەی تاکی کوردیش چووە سەر ئەو قسە و هۆکارانەی پەیوەندییان بە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان هەیە، کە ئاشکرا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەردەوام هەڕەشە دەکەن، ئەگەر (داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ نەکرێت، حکوومەت پێک نایەت، غاز و نەوت دەبڕن، کارەبا تێک دەدەن و دەبڕن) لە کردەوەش دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بە مانای (ئاژاوە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و چوون بەرەو بیرۆکەی هەڵبژاردنی نوێ دێت، سەرباری پەککەوتنی حکوومەت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان) و لەهەمووشیان گرنگتر (نەمانی شەرعیەت و دەسەڵات و کیانی هەرێمی کوردستانە). سەرباری ئەوەش دوور نییە ئەم هێرشانە پەیوەندییان بە ئاکامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ڕێگا و پڕۆژە و بەرنامەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیشەوە هەبێت.

شەشەم: بەشێوەکەی دیکە و لە ئالەکی دیکەدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش دۆخەکە بەوە دەبەستنەوە، کە سەرکەوتنەکانی ئەوان لە (هەڵبژاردنەکان)، (دەستکەوتی ئەفسانەیی چارەسەری کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە بەگەورەترین سەرکەوتنی دوای ڕاپەڕین دادەنرێت، بە شێوەیەکی دوژمنکارانە کراوەتە ئامانجی دەرەکی و نێوەخۆیی)، لەگەڵ (دژایەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە) و (جووڵاندنی مەلەفی نزیکبوونەوە لە حزب و لایەنە براوەکانی دیکە لەهەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، یەکێتی تووڕە کردووە) و سەرباری (جموجۆلی سیاسی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێ فیدراڵی) و (مەلەفی پەیوەندییەکان) هەبێت.

 

چما و ئاکام

ئەم هێرشەی کرایە سەر کۆرمۆر ئەمجارە کاردانەوە و ئەنجامی زۆر جیاوازی دەبێت، کاردانەوەکان خێران، هەڵوێستی نێودەوڵەتی ئاشکرایە و بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی (ئابووری، وزە، سەرچاوە و ژیانی سروشتی هاووڵاتیان، ئاسایشی گشتی خەڵک و تاک)، گوتاری کاردانەوەکان تەنیا سیاسی نین

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتی باشتری لەبەردەمە بۆ ئەوەی بیرۆکەی بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری ڕاشکاوانەتر بروژێنێت، چوونکە پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی جیاوازترە بەراورد بە ڕابردوو، ڕێککەوتنی فەرمی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و هەرێمی کوردستان لەئاستێکی بەرزە. ئەمەریکا دەیەوێت دۆسیەی کڕینی غاز لەژێر دەستی ئێران دەربهێنێت و ئەمجارە بڕینی کارەبا پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە. واتە تەنیا دوژمنایەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو وڵات و لایەنی دیکەش دەگرێتەوە.

حکوومەتی هەرێم دەبێت بەوریاییەکی زۆرەوە مامەڵە بکات،  ئاژاوەی نێوەخۆیی فروان نەکرێت. یەکێتی و پارتی بەزووترین کات نیەت و نیازی نیشتمانی خۆیان  لە پێکهێنانی حکوومەت بکەنە کردەوە، گوتاری خراپی سیاسی ڕابگرن.

لەهەمووی کاریگەرتر ئەگەر نازانی زمان بە گونجاوی و ستراتیژی بەکاربهێنیت، بێدەنگی باشترین قسەکردنە. زمان و گوتار زانستن، گوتار حووکم و  بڕیاری لەڕێگەی زمانەوە تێدایە. ئەم بڕیارانە لەکردەوە نەرمن و تەنیا بەوشە بەرەهمهێنراون، بەڵام ئاکامەکەی لە ئاکامی خراپ بەکارهێنانی ڕەقەکاری و ڕق و کاردانەوەی تووند و ئابڕووچوون و بەپرسیاری لە بەرهەمهێنانی ئاژاوە و کێشە دروست دەکات. زمان وێناکردنی ڕەفتار و کردەوە و فکری قسەکەر نمایش دەکات، گوتار ناخ و نیەتی ئاخێوەر دەردەبڕێت و بەرهەمهێنانەوەی خودی گوتارەکەش تێگەیشتن و کاردانەوەی بەکارهێنەرانی گوتارەکەیە. بۆیە باشترە حووکم نەدەی، پێش بەهێزکردنی زمانەکەت.  پێم وایە ڕووداوەکەی کۆرمۆر بەڵگەیەکی یەکڤار ڕوونە بۆ ئەوەی بزانین قسە دەبێتە سەرچاوە، باشترین شت ئەوەیە قسەی بێ حیساب نەکرێت، دەنا کاردانەوەی بێ حیساب بەرهەمدێت.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×