لە ئەمەریکاوە

غازی حەسەن
  2025-12-09     238

کۆشکی سپی ژوورێک بۆ ئاشکراکردنی هەواڵی ساختەکار پێکدەهێنێت

ترەمپ هێرشی تووند دەکاتە سەر نیویۆرک تایمز

نیویۆرک تایمز:  بە شێوەیەکی بێلایەن بەردەوام دەبین لەڕووماڵکردنی کاروبارەکانی ئیدارەی ئەمەریکا

 

هیچ ئیدارەیەک بەقەد ئیدارەی ئێستای سەرۆکی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ) لە دەربڕینی بیروبۆچوون و هەڵویست و کاردانەوەکانی خێرا، ڕوون و  ئاشکرا و تووند و ڕکاوڕک بووبن. بەناوی پابەستبوون بە تەکنیک و شێوازی سیاسی و ڕەفتاری دیپلۆماسی هیچ شتێک ناپێچێتەوە، بۆ ئەوەی لە گوتارەکەیدا هیچ نەبێژێت. گوتارەکانی کورت، ئاشکرا و ڕووبەڕوو. لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لایەنە فەرمییەکانی ئیدارەی دەوڵەت، ئاماژە بەوە کراوە، کە  (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەسەر بابەتێک کە ڕۆژی سێشەممە لە دواین هەفتەی مانگی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە و ستافی ڕۆژنامەکەی بە "دەروونی و دۆڕاو" لە پلاتفۆرمی "ڕاستی سۆشیال" وەسف دەکات لەتەک ئاماژە بە سەرکەوتنەکانی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا، دەڵێت:  "ئەنجامدانی هەموو ئەمانە پێویستی بە کار و وزەیەکی زۆر هەیە، منیش لە ژیانمدا قەت بەقەد ئێستا کارم نەکردووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، شێتەکانی چەپی توندڕەو لە نیویۆرک تایمز، کە بەم زووانە دەڕوخێت، بابەتێکیان لە دژی من بڵاوکردەوە و ئیدیعایان کردووە،  ڕەنگە وزە کارکردن و توناکانم لەدەستبدەم، ئەم تۆمەتانە لەکاتێک دایە ڕاستییەکان تەواو پێچەوانەی ئەم قسانە دەسەلمێنن".

 

نیویۆرک تایمز چی گۆت

ئەم ڕۆژنامە بەنێوبانگە مێژووێکی درێژی لە بواری ڕۆژنامەگەری و چۆنیەتی پێشکەکردنی هەواڵ و زانیاری هەیە. باش دەزانێت نابێت پێ لە تەختەی چرووک بنێت و لە بنەما یاساییەکان لابدات، هەواڵی ساختە و دەستکرد بڵاوبکاتەوە، چوونکە لەم وڵاتەدا سزای هەڵەی ڕۆژنامەنووسی زۆر قوورسە و کاریگەری لەسەر متمانە و نێوبانگ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خوێنەر دەبێت.  ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، "ترەمپ و دەوروبەرەکەی هێشتا باسی ئەوە دەکەن وەکوو ئەوەی دووپشکی ماندوونەناسانەی سیاسەتی سەرۆکایەتی بێت"، سەرەڕای ئەوەش وەکوو پلار ئاماژە بە تەمەنی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و دەبێژێت: "واقیعەکە ئاڵۆزترە: بەڕێز ترەمپ، تەمەنی ٧٩ ساڵە، بەتەمەنترین کەسە، کە تا ئێستا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرابێت و لەمە و دوا تەمەنی زیاتریش دەبێت".  ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "ترەمپ لەبەردەم خەڵک کاتێکی کەمتر بەسەر دەبات بە بەراورد بە ڕابردوو، زووتر کۆتایی بە ڕووداوەکانی دەهێنێت"  و "زیاتر باسی ژیانی دوای مردن دەکات".

 سەرۆک (ترەمپ) ڕاشکاوانە و بە خێرایی وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەوان دەزانن کە ئەوەی دەیڵێن هەڵەیە، ئەمانە هەموو شتێک لەبارەی من دەنووسن، بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشەوە. هەموو  مەبەستەکانیان نەرێنییە".  سەرۆکی ئەمەریکا درێژەی بە هێرشەکەی بۆ سەر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دا و گوتی "ئەم ڕۆژنامە هەرزانە بەڕاستی دوژمنی گەلە".

 

وتەبێژی ڕۆژنامەکە بەرگری لە خۆیان دەکات

(چارلی ستادلاندەر) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پەیوەندییە میدیاییەکان و پەیوەندییەکان، بە ڕۆژنامەی زە هیڵی ڕاگەیاند: "ڕووماڵەکانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وردە و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی ڕاستەوخۆ و باوەڕپێکراوی بەڵگەدار ئەنجام دەدرێت. سووکایەتیکردن و هێرش دژی خودی کەسی ناکات و ڕاستییەکان ناگۆڕێت، ڕۆژنامەنووسەکانمان لە ڕووماڵکردنی کاروبارەکانی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمەریکا بەردەوامن، سەرەڕای هەبوونی هەوڵی تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسان. ڕۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی وەک (کەتی ڕۆجەرز) بەرجەستەی ڕۆژنامەگەری ئازاد و هاوکاری گەلی ئەمەریکا دەکات بۆ تێگەیشتن لە حکوومەت و سەرکردەکانیان".

ترەمپ ساڵانێکە لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز خەریکی شەڕێکی درێژخایەنە، لەگەڵ ئەوەی لەدادگا سکالای دژی ڕۆژنەماکە و ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسەکانی تۆمار کردووە بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکائەمساڵیش، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆک بەهۆی بااکردنی ڕۆڵی سیاسی و دەسەلاتی بەسە رحزبی کۆماری، فشارەکانی لەدژی ڕۆژنامەکە زیاتر کردووە.  

پۆلەتیکۆ لەبارەی ئەم ناکۆکییەی هەیە دەڵێت: ئەم پۆستەی ترەمپ کێشە درێژخایەنەکەی لەگەڵ تایمز زیاتر دەکات، کە سەرۆک بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "شکست دەهێنێت". ناوبراو لە مانگی ئەیلولدا سکاڵای لەسەر بڵاوکراوەکە تۆمارکرد و بە بڕی ١٥ ملیار دۆلار تۆمەتباری کرد بە "زوڕنا لێدان بە پڕ قوڕگی پارتی دیموکرات".  دادوەرێک تەنیا چەند ڕۆژێک دواتر ئەو داوایەی فڕێدا و پشتگوێی خست، بەڵام جارێکی دیکە سەرۆک (ترەمپ) لەناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر سکاڵایەکەی هەموارکردەوە و لەدادگا  تۆماری کردەوە.

https://www.politico.com/news/2025/11/26/donald-trump-nyt-age-health-00669553

بەپێی بۆچوونێکی دیکەی ڕۆژنامەی یوئێس تودەی ئەمەریکی هاتووە: سەرەتای ئەم مانگە، واشنتۆن پۆست لە بابەتێکی شیکاریدا لەبارەی چەند فیدی ڤیدیۆییەک ئەوەی دەرخستووە (ترەمپ) نزیکەی ٢٠ خوولەکی بەسەر بردووە بۆ ئەوەی چاوەکانی بە کراوەیی بهێلێتەوە، واتا نەیتوانی چاوەکانی بکاتەوە، ڤیدیۆکانیش پەیوەندییان بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەم دواییەی  سەرۆک لە ئۆڤاڵ ئۆفیسەوە هەیە.

https://www.usatoday.com/story/news/politics/2025/11/26/trump-report-declining-energy-age-health/87479579007/

ڕەخنە و ڕاپۆرتە شکارییەکانی نیویۆرک تایمز، کە ئاماژە بە ماندوویی و نەمانی وزە و توانا لای سەرۆک دەکات و ئەمەش بۆتە مایەی کاردانەوەی سەرۆک و سکالای لەدادگا دژی ڕۆژنامەکە، لە ئالەکی دیکەدا یوئێس تودەی  دەنووسێت "ئەم کاردانەوە و لێداوانەی (ترەمپ) دوای ئەوە دێت، کە زۆرجار بەئاشکرا ئاماژەی بە (جۆی خەوتوو) کردووە، لەمەشدا مەبەستی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بووە و کە پۆستەکەی جێهێشت تەمەنی ٨٢ ساڵ بوو، لە مانگی حوزەیرانی دادێت، ترەمپیش تەمەنی دەبێتە ٨٠ ساڵ.

https://www.usatoday.com/story/news/politics/2025/11/26/trump-report-declining-energy-age-health/87479579007/

ڕۆژنامەی زی هێلیش دەنووسێت "لەمێژە ترەمپ شەری دی ئەم ڕۆژنامەیە دەست پێکردووە". https://thehill.com/homenews/media/5623113-trump-blasts-new-york-times/

 

ئیدارەی ترەمپ بەشێکی نوێ بۆ ئاشکراکردنی هەواڵی ساختە دەکاتەوە

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی کۆشکی سپی و ئەو زانیارییانەی لەم بارەوە بڵاویان کردۆتەوە ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا بەشێکی نوێی لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی کۆشکی سپی کردەوە، کە تایبەتە بە ڕاستکردنەوە و بەئامانجگرتنی ئەو بابەتانەی ئیدارەکە بە "هەواڵی ساختە" ناویان دەبات.

(کارۆلاین لیڤت) سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کۆشکی سپی لە سەردەمی (ترەمپ)دا، بە "شێوەیەک لێپرسینەوە لە هەواڵی ساختە دەکات، کە لە سەردەمەکانی پێشتر وێنەی نەبووە".

ئەم بەشە نوێیە لەژێر ناوی "لایەنگیریی میدیایی" (Media Bias) کار دەکات و هەفتانە پرۆفایلی سێ لە گەورەترین "سەرپێچیکارانی میدیایی"  بڵاو بکاتەوە کە لەهەمان هەفتەدا هەواڵێ دەستکاریکراو و ساختەیان بڵاوکردۆتەوە.

تا ڕۆژی هەینی، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥  ماڵپەڕەکە هەریەک لە ڕۆژنامەی (بۆستن گڵۆب)، تۆڕی CBS News و ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی خستووەتە نێو لیستەکەوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەم لەم هەنگاوەدا ماڵپەڕ و ئەو بەشەی تازە بۆ بەرنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی "هەواڵێ ساختەی دروستکراو" پێکهاتووە، ناوی ئەو پەیامنێرانە دەهێنێت، کە کۆشکی سپیان نیگەران کردووە، لەگەڵ دیاریکردنی جۆری "سەرپێچییەکە" و خستنەڕووی "ڕاستییەکان" . بەشێوەیەک دەقی هەواڵە دەستکاریکراوە ساختەکە و دەقە ڕاستەقینە دەستکاری نەکراوە بەیەکەوە و لەیەک کاتدا بڵاودەکەنەوە. ئەمەش بە هەنگاوێکی نوێ دادەنرێت لە چۆنیەتی بەداوداچوون و ساخکردنەوە و ئاشکراکردنی بەئاشکرای ناوی دەزگاکان و خودی ڕۆژنامەنووسەکانیش کە "هەواڵی ساختە" دروست دەکەن و بڵاودەکەنەوە.

 

متمانە بەهەواڵ لاواز بووە

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی Gallup  لەمانگی ڕابردوودا، تەنیا ٪٢٨ـی ئەمەریکییەکان متمانەیەکی زۆر، یان مامناوەندییان بە ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکان هەبووە لە چۆنیەتی گواستنەوەی ورد و دادپەروەرانەی هەواڵ. ڕاپرسییەکی Rasmussen  لەمانگی ئەیار دەری خستووە کە ٪٤٩ی هاوولاتیان پێیان وابووە لایەنگریی میدیایی بە هۆی ئەم جۆرە هەواڵانەی ساختە و دەستکردن بەرەو  خراپپتر دەچێت.

 

کۆمارییەکان هەواڵی ئەرێنی زۆر کەمە

بەپێی زانیارییەکانی نێو میدیای ئەمەریکا پارتی کۆماری ئاماژە بە داتاکانی "ناوەندی توێژینەوەی میدیایی" دەکات و وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگ بەکاری دەهێنن، کە دەری خستووە لە چوار مانگی یەکەمی دەسەڵاتی (ترەمپ)دا، تەنیا ٪٨ی ڕووماڵەکان ئەرێنی بوون و  ٪٩٢یان نەرێنی بوون، لەم لێکدانەوە و شیکارەدا پشت بە هەواڵەکانی ABC, NBC, و CBS. بەستراوە.

 

ڕۆحی ئازادی ڕۆژنامەگەریی دەکوژن

لەئاکامی دەرکەوتن و بەردەوامی ناکۆکییەکانی دەسەڵات و ڕۆژنامەگەری لەنێو ئەمەریکا و فراوانبوونی دیاردەی "هەواڵێ ساختە" لە ئالەکی دیکەدا، ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن ئەم شێوازە فشار و کاردانەوە و مامەڵەی  سەرۆک (ترەمپ) ڕۆحی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و سەربەخۆیی میدیایی لەکەدار دەکات.  نیگەرانییانەکان زیادیان کرد، دوای ئەوەی (جیمی کیمێل)ی پێشکەشکاری کەناڵی ABC بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی کوژرانی چالاکوانی کۆماری (چارلی کێرک) بۆ ماوەیەک سڕکرا. ئەوانەی ناڕازین لەم پەیوەندییە نوێیە خراپەی نێوان ڕۆژنامە و دەسەڵات و ڕەخنەگران دەڵێن (برێندان کەر) سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵییەکانی ئیدارەی (ترەمپ) فشاری بۆ سزادانی (کیمێل) دروستکردووە، کە ئەمەش بە دەستوەردانی حکوومەت لە کاروباری میدیا و پێشێلکردنی ئازادیی قسەکردن لێک دەدرێتەوە.

 

بەدواداچوون دژی ئەو هەواڵانەی سەرۆک پێی ناخۆشە

ڕاگەیاندنی بەکارخستنی ئامرازەکانی بەدواداچوون و لایەنگری میدیاییلە لە کۆشکی سپی، بۆتە هۆکار تاکوو هێرشی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێران زیاد بکات. هەندێک ئەمە بەوە دەبەستنەوە چاودێریکردنەکە بۆ ئەو  هەواڵانەیە، کە سەرۆک لەگەڵیاندا ناکۆکە. دیارە ئەم ناکۆکییە  دوای ئەوە زیادی کرد، ئەو گاڤەی سەرۆک (ترەمپ) هێرشی کەسی بۆ سەر پەیامنێرانی ژن لە کەناڵەکانی ABC، CBS، نیویۆرک تایمز و بلومبێرگ دەستپێکرد.  بەپێی نوێترین زانیارییەکانی نێو میدیا ئەمەریکییەکان لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ . لە زە واشنتۆن پۆست( سکۆت نۆڤەر) ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆشکی سپی لاپەڕەیەکی لە ماڵپەڕەکانی خۆی تەرخانکردووە بۆ ناوهێنان و شەرمەزارکردنی ئەو دەزگا میدیایی و پەیامنێرانەی چیرۆکێک بڵاودەکەنەوە، کە خودی کۆشکی سپی لەگەڵیان ناکۆکن.  ماڵپەڕەکەی کۆشکی سپی دەڵێت: "چەواشەکاریی ول ایەنگرییی لە هەواڵ ئاشکراکراوە"، ناوی ڕۆژنامەکانی بۆستن گڵۆب، سی بی ئێس نیوز و ئیندیپێندێنت وەک "تاوانبارەکانی میدیای هەفتە" ئاماژە پێکردووە. شیکردنە و  لێکدانەوەی ئەم قسانە پەیوەندی بە ناکۆکی سەرۆک و هەندێک ئەندما پەرلەمانی سەر بە دیموکراتەکان هەیە، کە داوایان لە سوپا کردووە، بڕیارە نایاساییەکانی سەرۆک جێبەجێ نەکەن.

 ماڵپەڕەکە دەنووسێت: "دیموکراتەکان و میدیا هەواڵی ساختە بەشێوەیەکی وێرانکەر بڵاودەکەنەوە. ئەمەش ئاماژەیە بەوەی گوایە سەرۆک (ترەمپ) فەرمانی نایاسایی بۆ ئەندامانی هێزە خزمەتگوزاریییەکان دەرکردووە".   ماڵثەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە "هەموو فەرمانێک، کە سەرۆک ترەمپ دەریکردووە حەڵاڵ و ڕەوایە، کارێکی مەترسیدارە ئەندامی کۆنگرێس هانی ملکەچ نەبوونی سوپای ئەمەریکا بدەن، بۆیە  و لەبەر ئەمەیە سەرۆک (ترەمپ) داوای لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات". https://www.washingtonpost.com/business/2025/11/28/trump-media-criticism/

لەبەر ئەوە کۆشکی سپی بڕیاری داوە بەدوای هەواڵی ساختەدا بگەڕێت و بڵاویان بکاتەوە و بەم شوێنپێهەڵگرتنەی ‘Fake News’   جۆرێکە لە رێگەگرتن و ڕیسواکردنی ئەم جۆرە هەواڵانەی میدیا دەیانخاتە بازاڕەوە.  https://www.wftv.com/news/politics/white-house-launches-fake-news-tracker/MLFB5OHCYZH3JOBHXQAVQ36YIA/

 

کودەتای نەرم و ڕەتکردنەوەی فەرمانی ترەمپ

لە فۆکس نیوز ( مارک تاماسکۆ) لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا  لەڕاپۆرتێکی شیکاری دەنووسێت:  (ئەندی بیگز) نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پارتی  دیموکراتەکان بە "کودەتای نەرم" تۆمەتبار دەکات. هەنووکە مشتومڕێکی گەرم لەبارەی تاوانی هەرزەکارانی شیکاگۆ و قەدەغەی هاتووچۆ لەئارایە. دیموکراتەکان هێرش دەکەنە سەر  "فەرمانی نایاسایی" و زۆر شتی تر.

زۆربەی میدیاکان مشتومڕەکان وەکوو هۆکار دەبەستنەوە  بڕیارەکەی کۆشکی سپی کە لەماڵپەڕەکەیاندا بە ناوی "تاوانباری میدیایی لە هەفتەدا"  زانیارییەکانیان پێشکەشکردووە. بانگەشەکەیان پەیوەندی بە "میدیای هەواڵی ساختە" هەیە.

بە مانشێتی گەورە و لافیتەی زەق نووسیتیان "چەواشەکاریی،  لایەنگریی، ئاشکراکرابوون" . لەم ڕێگەیەوە ڕووناکی دەخەنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیامنێران. لەیەکە هەنگاودا ناوی (سی بی ئێس نیوز، ئیندیپێندێنت و زە بۆستن گڵۆب. )یان هێناوە. ماڵپەڕەکە ڕاشکاوانە و بەئاشکرا  بانگەشەی ئەوە دەکات "دەزگا میدیاییەکان بانگەوازی سەرۆک (ترامپ)یان دەستکاری و چەواشە کردووە،  ئەمەشیان بۆ ئەوەیە ئەندامانی کۆنگرێس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت بەهۆی هاندانی ئاژاوە و فیتنە" .  ڕاستەوخۆ مەسەلەکە پەیوەندی بە هەڵوێست و قسەکانی شەش ئەندامی دیموکراتەکان هەیە، کە داوای لە ئەندامانی هێزە خزمەتگوزارییەکانی ئەمەریکا کردووە "فەرمانی نایاسایی ڕەتبکەنەوە".

کۆشکی سپی دەبێژێت "دیموکراتەکان و میدیاکان هەواڵی ساختە بەشێوەیەکی وێرانکەر بڵاودەکەنەوە".  هەروەها کۆشکی سپی لە ئاماژە بە "خاڵی سەرەکی" ئاماژە بە "دیموکراتەکان دەکەن، کە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و داوای سەرپێچیکردنی ئەندامانی خزمەتگوزاریی بۆ ڕەتکردنەوەی فەرمانەکانی سەرۆک لە هێزە خزمەتگوزارییەکان کردووە، ماڵپەڕەکە لە سێ بواردای دیکە لە تەک ناوهێنانی ئەو دەزگا میدیانەی پێشتر ئاماژەمان پێکردوو و گوایە هەوالی ساختەی دروستکراویان بڵاوکردۆتەوە، هەندێک ناوونیشانشیان وەکوو کاری ساختەکاری ئاماژە پێکردووە لەوانە: "لایەنگری"، "درۆ"، "خراپ پراکتیک" و "شێتی چەپ" و چەند شتێکی دیکە، کەلەم وبارە پۆلێنکراوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە بابەتە شیکارییەکەی لەم بوارە بە کورتی دەڵێت: "واشنتۆن پۆست شانازی بە ڕۆژنامەگەرییە ورد و پتەوەکەی دەکات".

کۆشکی سپی چەندین دەزگای ئاماژەکردووە دیکەی کە نەک "تەنیا بە هەڵە ، بەلکوو بەمەبەست دووبارە و سێبارە ئەو کارە دەکەن".  لە لیستەکەدا دەزگاکانی وەکوو (نیویۆرک تایمز، ئەکسیۆس، پۆلیتیکۆ، ئەی بی سی نیوز، زە هیڵ، ئەسۆشێتد پرێس) و چەندانی دیکە هەیە. White House launches 'Media Offender of the Week' section on its website to call out 'Fake News Media'،, By Marc Tamasco Fox News, Published November 29, 2025 1:08pm EST,http://https://www.foxnews.com/media/white-house-launches-media-offender-week-section-its-website-call-out-fake-news-media

 

ئاکام و دیماهی

یەکەم: دەوڵەتێکی ئازاد و کراوەی وەکوو ئەمەریکا دووچاری کێشەی "هەواڵی سەختە و دەستکرد بووە". ئەمەس وایکردووە یەکێک لە دەزگا باڵادەستەکانی ئەم وڵاتە کە کۆشکی سپییە ماڵپەڕێکی تایبەت بۆ چاودێری و دۆزینەوە و ئاشکراکردن و بڵاوکردنەوە و ڕاستییەکان و هەقیقەتی هەواڵەکان تەرخان بکات.

دووەم: دەزگا گەورەکانی میدیا لە ئەمەریکا تووشی کێشەی "پابەستبوون بە متمانە و ڕاستگۆیی و دەستکاری هەواڵ و ساختەکاری لە بڵاوکردنەوەی زانیاری" بوون. بە واتایەکی دیکە (هەواڵی ساختە) بۆتە یەکێک لەدیاردە باوە بڵاوەکەی ئەمڕۆی نێو بواری ڕۆژنامەگەری جیهان.

سێیەم: یەکەێک لە دیاردە خراپەکانی ئەمڕۆی نێو ڕۆژنامەگەری بڵاوکردنەوەی هەواڵە لەسەر بنەمای "لایەنگریی" و "چەواشەکاری" و "ئایدیۆلۆژیا" و "خراپ بەکارهێنان"ەوە.

چوارەم: ئەم دیاردەیە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و حزبیی لەنێو کۆمەڵگای ئەمەریکا هەیە.

پێنجەم: ئەمە لەهەمان کاتدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە (هەواڵ) و هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی هەواڵەوە هەیە، چەندە گرنگ و کاریگەرن.

شەشەم: ئەوەمان بۆ ساخ دەبێتەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گەیاندن پێویستیان بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و پاککردنەوە و گێرانەوەی متمانە و بەرپرسیاریەتی هەیە، لە هەڵبژاردن و داڕشتن و بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×