حزبەکان فێری کوردایەتی بکەن!

غازی حەسەن
  2026-02-01     294

ئەم ناونیشانەی بۆ ئەم بابەتە هەڵمبژاردووە، نە نوکتەیە و نە سووکایەتی و نە دڵڕەقییە بەرانبەر  هەندێک لە حزبەکان، تەنێ و تەنێ دەرخستنی واقیعی سیاسی هەندێک گروپ و ئاراستە و بیربیژۆکە. دوای ڕاپەڕین هەندێک لە حزبەکان وەکو کۆمپانیایەکی خۆبژێو، چاوبڕە سەروەت و سامان هاتنە کایە و مایەیان ڕووتاندنەوەی خەڵک بوو لە ئینتما. لەجیاتی کوردایەتی بایەخان بەپڕۆژەی کەوڵكردنی تاکبوو، سەرباری بڵاوکردنەوەی کرمی خۆڕادەستکردن و لاوازکردنی هەستی نەتەوایەتی و بچووکردنەوەی مافەکانی میللەت و هەموو شتێکیان لە بابەتی لاوەکی و دروشمی وەهمی و داواکاری بچووک چڕ کردەوە. هەندێک وایان خۆشکرد ئیدی بەهاوکاری ناحەز و دوژمنەکانی هەرێم دەکارن، هەرێم و دەسەڵاتی کوردی بڕووتێننەوە و وەکو بەرخێکی قەڵەو بیبەنەوە سەر بەغدا.    

لەم چەند هەفتەی ڕابردوو، لەنیشاندانی پاڵپشتی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەرکەوت تاکی کوردی توانا و دڵسۆزی و ئامادەییەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و ئامادەیە بۆ داکۆکی لەڕۆحی نەتەوەبوون، نیشانی دا لەم بوارە زۆر لە پێش حزبەکانیشە. لەکاتی پێویستدا هەمیشە یەک دەنگە و هەستی نەتەوەیی و گیانی کوردایەتی بەهێزترە لەهەندێک حزبۆکە و گروپی سیاسی مشەخۆر، کە دەیانەوێت کەسایەتی نەتەوە بکەنە پاشکۆ بۆ فکری هاوردە، بۆ هێزی دەرەکی، بۆ پڕۆژەی خودکوژی و ئاژاوەگێڕی و خۆتواندنەوە لە وەهمی بەدیموکراسی کردنی دۆخی مێژوویی نەتەوەیەکی داگیرکراو، یان بە ئایینکردنی ڕەهەندە نەتەوەییەکان. ئەوەی جێگەی گومانە هەڵوێست و بیرکردنەوە و ڕەفتاری هەندێک حزبی بەناو سیاسییە، یان هەندێک کەس و گروپی دیکەیە کە بەناوی ئایین، یان دژایەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت خۆیان بەمافخواز و یەکسانیخواز نمایش بکەن، یان لەئاکامی نائومێدبوون دەیانەوێت نیشانی بدەن کەسانی سەرڕاست و پاک و فریادڕەسن. وێنەی منداڵەکانی کورد لە خۆپیشاندانەکان، چڕینەوەی (کینە ئەم، کوردین ئەم) و سترانی نیشتمانی و دروشمی (یەکبوونی کورد) ئەوەی ساخکردەوە کە تاکی کورد لەپێش هەندێک لە حزب و گروپە سیاسییەکانە.  

لەتەک گلەیی لەوانی دیکە، پێویستە بێژم پارتی و یەکێتیش وەکو دوو حزبی باڵادەست و حووکمڕان بە پلەی جیاواز بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویان لەئەستۆیە، کە هەیانە راشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات، "ساڵانێکە بەهاری لەم جۆرەی نەبینوە". بە واتای ئەوەی بڕوای نەبووە، کورد کوردبوونێکی لەمجۆرەی لەناخدا مابێت!. کوردبوونی تاکی کورد خۆڕسکە، خۆکردە و هێما و گوتاری مانەوەی نەتەوەیە.

ڕابوون و یەکدەنگی کورد نیشانی دا، کورد لە بەرانبەر چەوسانەوە و فاشیەت و ڕەگەزپەرستی ئیسلامی تووندڕەوی سیاسی و پڕۆژەی قڕکردن لەلایەن داگیرکەر و دوژمنان هەمیشە و بۆ هەمیشە ئاگرێکی گەشە. دەرکەوت ئەو دوژمنەی، یان خودی ئەو لایەنە کوردیانەی دەڤێت کوردبوون، کوردایەتی لە تاکی کورد دابماڵن، لەوەهمێکی خۆتڕێن دەژین.  

وێنەی منداڵەکانی نێو خۆپێشاندانەکان و یەک ئاڵا و یەک دروشم نیشانەی ئەوەیە، کە سیاسییەکان نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە، حزبەکان ڤایرۆسی دووبەرەکی و خۆسەپاندن و هەندێکیان خیانەت و دوژنچیەتی لێی داون پێویستیان بە دابڕان و هاوێرکردنە و نابێت بێنە نێو میللەت، نەبادە تاک تووشی نەخۆشی دیکەی ئیفلیجوون بکەن. باش، باش دەزانم هەنووکە هەندێک لە حزب و گروپە خۆ بەسیاسی زانەکان خۆیان بەشەرمەزار دەبینن، لەناخەوە هەژاون کە پڕۆژەی خۆشکێنیان فەشەلی هێناوە، لەبەرانبەریش خۆڕسکانە ئەم یەکدەنگی و یەکهێزی و یەکگوتارییەی گەلی کوردستان جۆرێکە لە هەڵسانەوەی نەتەوە.

لەم ڕؤژانە بیستم هەندێک داوا دەکەن منداڵی کورد فێری کوردایەتی بکەن، داوا دەکەن زانکۆ و پەروەردە زارۆکی کورد لەسەر ئینتما و پەیوەست بە دۆزی نەتەوە ڕابهێنرێن و بیانهێننە سەر شەقام. بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات، کە پێویستە حزبەکان و دامەزراوەکان و هەندێک بەناوی سیاسی چاو لە میللەت و منداڵی کورد بکەن و فێری کورایەتی بکرێن، فێری زمانی کوردی بکرێن و واز لە خۆخۆری و خۆبەستنەوە بە دوژمن و گەندەڵی و ڕاکردن بەرەو سەرابی خۆکوژی بهێنن.  

لەمێژووی سیاسی هەموو نەتەوەیەکدا حزب پێشەنگ و قوتابخانەیە بۆ فێرکردن و  ڕاهێنانی تاک لەسەر بیرۆکە و ئامانج و دروشمی فکری نیشتمانی و چینایەتی و سیاسی و بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەریی، بەشێوەیەک حزب ڕێبەرایەتی گۆڕانکاری و قۆناغە هەستیارەکان دەکات، بەداخەوە لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە کوردستانی باشوور و لەهەندێک بەشی دیکەی کورستانیش بەهۆی (کوێخایەتی) و (جۆرێک لە فەشەلی سیاسی و چەکداری و تووندڕەوی لە بیرکردنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیکە) حزبەکان خراپ بایانداوەتەوە. هەندێک ئۆپۆزسیۆنی دژ بە دەسەڵاتی کوردی وەکو مۆدێلێکی ساختەی دەستکردی گومانهەڵگری خۆشکێن، بەشدارییەکی یەکجار گوماونی لە تێکشکاندنی وزەی نەتەوەیی لای تاکی کوردی کرد، دژی پڕۆژەی نەتەوە خۆیان فرچکداوە، دژی بەهێزکردنی بنەما مێژووییەکانی ڕاستکردنەوەی گیانی نیشتمانین. لەڕاستیدا ئەمانە پێویستیان بە فێرکردن و ڕاهێنان لەسەر کوردایەتییە نەک زارۆکی پاکی کورد، کە بەشێکیان بوونەتە هێما و ڕەمزی خۆپیشاندان و بوژاندنەوەی گیانی نەتەوەیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×