مەرگ بەر ئەمەریکا لە پەرلەمانی عێراقەوە

غازی حەسەن
  2026-03-09     341

کورد دەمێکە گوتیەتی هەر شەڕێک  بۆ جوامێرێک، هەندێک گروپیش لەم جەنگەی دەبێتە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو ئەوەیە هەنگوینیان لەدار دۆزیبێتەوە و دروم دژی ئەمەریکا دەڵێنەوە. ئێران لەم هەفتەیەی جەنگدا زۆرترین ژمارەی ڕێبەر و سەرکردە و بەرپرسی باڵایان لێ کوژرا، بەپێی زانیارییەکان ئاسمانی ئەم وڵاتە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هێزی دەریایشی بەتەواوی پەکخراوە و بەردەوامیش لەڕێگەی هێزی ئاسمانی بنکە و شوێنە سەربازی و ئەمنیی و ستراتیژییەکانی ئێران بۆردومان دەکرێت. ڕۆژانە گوێبیستی چەندین سیناریۆی هەمەجۆرە دەبین، لەڕاستیدا کەناڵە کوردییەکان، لە کەناڵە ئەمەریکییەکان پتر چوونەتە نێو دەنگوباسی جەنگ و هەزار و یەک چیرۆکی لەبارەوە دەهۆننەوە، کە مەرج نییە ئەمانە سەرتاپا، یان بەشی هەرە زۆریان دروست و شیاو بن.

(ترەمپ) دەبێژێت "پێویستە ئێران بێ مەرج خۆی ڕادەست بکات، سەرکردایەتی نوێی ئێران دەبێت بەپێی رەزامەندی ئێمە و دانوستان نییە". هەروەها دەبێژێت "ئێمە نامانەوێت کورد تووشی ئەم شەڕە بکەین، کوردەکانمان خۆش دەوێت نامانەوێت کەسیان بکوژرێت، بەشداری کورد دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات".  

لە پەرلەمانی عێراقیش کە ئێران گڕی گرتووە و سەرکردەکانی میلیشیا شیعییەکان خۆیان شاردۆتەوە، نوێنەری گروپە میلیشیاکان لە پەرلەمانی عێراق لەجیاتی ئێران دروشمی "مەرگ بەر ئێرانیان" بەرزدەکەنەوە دووبارەی بانگەشەی شەڕ دژی ئەمەریکا دەکەن. ئەمە لەکاتێک دایە عێراق لە قەیرانی پێکهێنانی حکوومەت و بەرەو کێشەی قووڵ دەچێت، گریمانەی ئەوش دەکرێت ئەمەریکا و ئیسرائیل لە میلیشیاکان بدەن، بەتایبەتی هەنووکە بەئاشکرا ئەمانە هێرشی فەرمی و ئاشکرا دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.

ئایا چەند لە قازانجی شیعەی حووکمڕانی عێراقە ببێتە بەرە و سەنگەری هەرە پێشەوەی بەرگری لە ئێران هاو مەزهەبیان؟ ئایا ئەمە دەبێتە مایەی بەهێزبوون و سەرکەوتن و بەدیهێنانی دواڕۆژێکی دڵنیاکەری بەردەوام بۆ خۆیان، یان شەڕە لەپێناو نەهێشتنی ترس لەبارەی ئایندەی خۆیان؟

پێشتر (ترەمپ) دیارکردنی ڕێبەری نوێی ئێرانی بە "قبوڵنەکراو" وەسفکردووە. ئایا رێبەری نوێ درێژە بە جەنگ و سیاسەتی باوکی دەدات، یان دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە و بەمەش دەسەڵاتی هەنووکەیان لەکەوتن ڕزگار دەکات.

ئایا هێزە سیاسییە شیعییەکانی عێراق چ ڕێگە و سیناریۆیەکیان هەڵبژاردووە؟ 

یەکەم: ڕاگەیاندنی بەکردەوەی بوونە بەشێک لە جەنگی ئێران دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل. ئەمەش دەرفەت و شەرعیەت بەم دوو وڵاتە دەدات هێرش و پەلاماری سەربازی دژی ئەمانە بەفراوانی دەست پێ بکەن.

دووەم: گروپە میلیشیاکان بەکردەوە دەست بەسەر حکوومەت و ئیدارەی ئێستای عێراق دابگرن.

سێیەم: جەنگ دژی هەرێمی کوردستان ڕابگەینن.

چوارەم: دوور نییە بەرانبەر ئەمانەی سەرەوە هەمان وێنە و ڕەفتار کە لە سوریا ئەنجام درا،  لە عێراقیش دووبارە بکرێتەوە و عیراق ڕادەستی گروپە تووندڕەوەکانی داعش و هاوشێوەکانیان و بەعس بکرێت.

پێنجەم: درێژەدان بە سیاسەتی کۆتایی پێهێنانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، بەکردەوە دەبێتە هۆکاریش بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی حزبە شیعییەکانی عێراقیش. ئەمە ڕەنگە گەورەترین نیگەرانی و مەترسی شیعییەکان بێت.

شەشەم: ئەمانە لەکۆتایدا هەموویان بەستراونەتەوە بە هەڵوێست و کاردانەوەکانی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ)، ئاماژەکان لەڕووی سیاسی و ئابووری و دەروونیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوە دەردەخەن، ئەگەری پەرەپێدانی فشارەکان و چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان و خێراکردنی ماکینەکانی داڕماندنی سیستەمی ئێران زۆر بەهێزترە، لەبیرکردنەوە لە پاشەکشە و دروستکردنەوەی کەش و دەرفەتێکی نوێ بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بێ ئاکام دەست پێ بکەنەوە.

(ترەمپ) بەردەوام ئاماژە بە کوژرانی سەدان سەرباز و هاووڵاتی ئەمەریکیی لەلایەن ئێران لەڕابردوو دەکات، ئەمەش بەستنەوەی زاکیرەی هاووڵاتیانی دەنگدەر و پاساوی سیاسییە بۆ درێژەدان بە جەنگ. بۆیە ئەوانەی دروشمی مەرگ بەر ئەمەریکایان لە نێو پەرلەمانی عێراق دەگوتەوە، پاساوی گوتارەکەیان لە گوتنی ئەم دروشمانە، پتر گوزارشت و هەستکردنە بەترس و تۆقین لەوەی سەردەمی کۆتایی دەسەڵات و بوونی ئەم چەشنە بیرکردنەوە و پێکهاتە سیاسییە، نەک هەستکردن بە هێز و دەسەڵاتی مانەوەیان.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×