شەل نییە و پای شکاوە...!!

غازی حەسەن
  2026-03-28     330

ئەم جەنگە هەنووکە لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت، یەکەم جەنگ و کۆتا جەنگیش نابێت، بەڵام لەشێواز و تەنکنیک و فۆرمی جەنگەکەدا دەردەکەوێت ئەمە یەکەمین جۆری جەنگە بێ بەکارهێنانی سەرباز تاکو ئێستا بەردەوامە. لەیەک کاتدا قسە لەسەر گفتوگۆ و دانوستان و ئینجا هێرش و پەلاماری مووشەکباران و فڕۆکە بەردەوامە.

قسەی زۆر لەسەر نهێنییەکان و لێدوانەکان و پێشبینی ئەم جەنگە دەکرێت، لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ) یەکجار زۆرە و قسەکانیشی ڕاستەوخۆیە و کاریگەرە و  بەرپرسەکانی ئەمەریکاش دەڵێن "هەموو شتێک هەر خۆیەتی و ئەو چ بڵێت ئەوە دەبێت ڕووبدات". ئاخاوتنەکانی ئەویش لەتەک جددیەت و پێداگریی، پڕە لەنووکتە و تەمسیلی و خەندە و سەما و بە تووندی وەڵامدانەوەی ڕۆژنامەنووسان.

هەڵویستی ڕوسیا لەم جەنگە هاوکار و پاڵپشتیکاری ئێرانە، لای هیچ کەسێکیش شاراوە نییە، کە مانەوەی دەسەڵاتی هەنووکەی ئێران بۆ ڕوسیا وەکو بەشێک لەمانەوەی بەهێز و پاراستنی پێگەی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، سەرباری ئەوەش دەیەوێت کارەساتی ئیدارەی جەنگ لە ئۆکرەین دوور لە ڕاگەیاندن درێژە پێ بدات. نابێت ئەو شکانە لەبەرچاو نەگرین، کە لە سوریا و شوێنەکانی دیکە ڕوویدا، بەرەی "ئەمەریکا و ئیسرائیل سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و ڕوسیا و ئێران بەتایبەتی دەست بەتاڵ لێی دەرچوون".

(سێرگێی لاڤرۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕوسیا شەوى پێنجشەممە، ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵى فەرەنسا ٢ى فەرەنسى رایگەیاند "مۆسکۆ و تاران خاوەنی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکین و ڕوسیا جۆرەها بەرهەمی سەربازیی داوەتە ئێران، بەڵام ناتوانن ئەو تۆمەتانە قبووڵ بکەن، کە دەڵێن لەڕووی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئێرانیان کردووە".

لێدوانەکەی (لاڤرۆڤ) وەکو ئەم مەسەلە کوردییە ڕەفتار دەکات، کە دەبێژێت "شەل نییە و پای شکاوە". ئەوان بەکردەوە دۆست و هاوکاری هەموو شتێکی ئێرانن، ئەوەی ئەو دەیەوێت بیشارێتەوە، لای خەڵکی ئاسایی ئاشکرا و ڕوونە. ئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە، سادەترین هاووڵاتی لەدونیا دەتوانێت لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە لەم سەردەمەدا "نهێنیترین نهێنی" بەدەست بهێنێت. ئەوانەی پێیان وایە ڕێبازی مەکیاڤیلی لەم سەردەمەدا دەتوانێت کاریگەر بێت، بەهەڵە چوون، چونکە هەنووکە جەنگ و ئاشتی بە ئاشکرا و بە واقیعی بەڕێوە دەچێت.

روسیا پێش چەند هەفتەیەک پێشنیارێکیان بۆ ئەمەریکا هەبوو ئەویش بریتی بوو لە"سازش بە ئێران و ئۆکرەین" واتە ڕوسیا پشت بکاتە ئێران و ئەمەریکاش پشت بکاتە ئۆکرەین، بەڵام ئەمەریکا ئەم بیرۆکە و سازشەی ڕەتکردۆتەوە. وەکو گوتم ڕوسیا هەنووکەش بە ستراتیژی ماکیاڤیلی دەیەوێت ئیدارەی پەیوەندییەکان بکات، پێی وایە "ئامانج پاکانە بۆ ئامراز دەکات"، لەگاڤێکدا هەمیشە ئەمەریکا بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە "دۆستایەتی هەتا سەر نییە، بەڵام بەرژەوەندی هەتا سەر هەیە".

(دۆنالد ترەمپ) جیاواز لە ڕێبەرەکانی پێشەخۆی لە ئەمەریکا و تەنیا لەئاستی جیهانیش، زۆر شت لەو مەبەستانەی هەیەتی، بەئاشکرا ئاماژەی پێ دەکات. خێرایە و کاردانەوەکانی کتوپڕن، هەڵگەڕانەوە و بادانەوەشی تێدایە، بەمە دەردەکەوێت ترەمپیزم خەریکە ڕێچکەیەکی تایبەت لە ئیدارە و سیاسەت و ململانێ لەنێو ئەمەریکا و جیهانیش نمایش بکات و دەڵێت "من متمانەم بەکەس نییە، تەنیا بەتۆش".

هەندێک لە شڕۆڤەکارانی نێو ئەمەریکا پێیان وایە ڕوسیا سودمەندی یەکەمی ئەم جەنگەیە لەڕووی ئابوورییەوە و (ترەمپ) پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی (شی و بۆتین)ە، چونکە ئەمانە "بەرەی خۆدزینەوە" پیادە دەکەن. واتە ئێران لەزۆر بواردا هاوکاری ئەم دوو وڵاتەی پێ دەگات، کارێکی ئاسان نییە، لەدرێژەکێشانی جەنگ ئەمەریکا بتوانێت بەتەنیا ڕووبەڕووی ئەم هەموو کێشە و ئەگەر و ئاڵؤزیی و مەترسییەکان ببێتەوە. بەتایبەتی ئەگەر جەنگەکە درێژەی کێشا.

ڕوسیا گوایە لەسەر بنەمای ئەخلاق و پارێزگاری لە دۆستایەتی سیاسەت دەکات، لەکردەوەدا بینیمان لە سوریا تەنیا توانیان (بەشار ئەسەد و خیزانەکەی ڕزگار بکەن) و تەنیا بەرانبەر کوردیش بەتەواوی بێدەنگبوون، ئەمەریکا لەگەڵ هەڵکشان و داکشانەکانی، بەردەوام بوو لەپاراستنی واقیعی کوردیی و هەندێک کۆنگرێسمان و ئەندامەکانی سەنات زۆر بە تووندی و ڕاشکاوانە بەرگریان لە پاراستنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کورد و هێشتنەوەی واقیعی کوردی کرد.  لەکاتێکدا کورد دڵنیام دژی ڕوسیا نییە و دەیەوێت پەیوەندییە مێژووییەکانی بپارێزێت. لەکاتێکدا ڕوسیا جەنگی خۆی لە ئۆکرەین بە ڕەوا وەسف دەکات و جەنگی دژی ئێران بە ناڕەوا، ئەمە بەڵگەیە ئەمە سیاسەتە (شەل نییە و پای شکاوە).       

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×