ئەمەریکا و ئێران و پارتی و یەکێتی ڕێکناکەون!!

غازی حەسەن
  2026-04-13     308

دوای ٢٠ کاتژمێر لە گفتوگۆی نێوان نێردەی ئەمەریکا و ئێران لە پاکستان گفتوگۆکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، ئەمە لەلایەک هۆکارەکانی درێژەدان بە جەنگ پەرەپێ دەدات و نیشانی دەدات ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری (بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و گەرووی هورمز و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بێت).

ئەم دۆخە لەئالەکی دیکەدا ئەو لایەنانە تووشی ئیفلجبوون و چەمانەوە دەکات، کە پێیان وابوو، ئیدی دەرفەتێکی دیکەی نوێیان بۆ دەرەخسێت لەئەنجامی ڕێککەوتن خۆیان کۆبکەنەوە و هەندێک وڵاتیش ئێران پتر پف بدەن کە "سەرکوتوو بووە!!". .

ئەمەریکا دەرفەتێکی ئاشتیانەی بە ئێران دا، بۆ ئەوەی لەجیاتی هێرشی سەربازی بە گفتوگۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بهینن لەڕێگەی  ڕێککەوتنێکی گونجاو و ئێرانیش دەڵێن "ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانەمان" گەرەکە. چەندین ساڵە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەم بوارە بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ ئاکامێکی نەبووە. (ترەمپ) پێشتر گوتی: "ئێرانییەکان شەڕکەری باش نین، بەڵام دانوستکاری سەرسەختن". ئێران شەرمی شکا، ئایا خۆیان بۆ درێژەدنا بۆ جەنگ ئامادە دەکەن، یان بیر لە تۆقەیەکی گەرمی دیکە لەگەڵ "شەیتانە گەورەکە" دەکەنەوە.

لەگەڵ یەکەم ساتی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا، پەرلەمانی عێراقیش دوای ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و هەندێک لایەنی شیعی و سونی سەرۆک کۆماری عێراقیان دیارکرد. ئەمەش دوای پشتگوێخستنی داواکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشدارنەبوونی کوتلەی نوری مالکی و بایکۆتی لیستی پارتی بەرێوەچوو. زانیارییەکان پەنجە بۆ ئەوە درێژ دەکەن، سازشێکی ڕانەگەیەندراو لەئارابووە، کە یەکێتی ئەنجامی داوە. نوێنەرێکی شیعە ڕاشکاوانە هەندێک لەو خاڵانە ئاماژە پێ دەکات، کە یەکێتی و ئەو گروپانەی شیعە لەسەری ڕێککەوتوون، ئەم خاڵانە دەبنە سەریەشەیەکی سیاسی و قۆپاندنەوەی پتری هەرێمی کوردستان و ڕاکێشانی کورد بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە ململانێ و بڕیار و سیاسەتی پاکتاوکردنی مەزهەبی لەنێوان پێکهاتەی عەرەب (شیعە و سونە).

یەکێتی بەم هەنگاوەی سەرۆک کۆماری جارێکی دیکە بەدەستهێنایەوە و ئەمەش بۆ ئەوان مایەی خۆشحالی و ئاهەنگێڕانە. یەکێتی ڕاشکاوانە ئەمە بەسەرکەوتن بەسەر پارتی بۆ خۆیان حیساب دەکەن، هەشە حیساباتەکانی پارتی بە کورتبین و لاواز دادەنێت. هەرچەندە گەمە سیاسییەکە نە لەنێوان کورد کۆتایی هاتووە، نە لەنێوان پێکهاتەی شیعە.

لەیەکەم کاردانەوەی خێرا مەکتەبی سیاسی پارتیش هەردوو کوتلەی پەرلەمان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ "هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکردن" لە بەغدا بانگی هەولێر کردۆتەوە. ئەم بڕیارەی پارتی ژمارەیەک ئەگەر و گریمانەی دروستکردووە و ڕاشکاوانەش دەبێژن "ئەو شێوازی هەڵبژاردنە ڕەت دەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاری بکرێت بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین".

ئەمەریکا و ئێران نەگەیشتنە ڕێککەوتن، پارتی و یەکێتی لەپێناو هەڵبژاردنی نوێنەرێکی کوردستان نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک و ئەوەی ڕوویدا دابەشبوونی نێو ماڵی کوردی خراپتر دەکات و دوور نییە یەکێتی بیەوێت بەپاڵپشتی هێزە شیعییەکانی بەغدا هەمان شت لە پەرلەمانی کوردستان و چۆنیەتی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بجەڕبێنن.  دەزانم لایەنە سیاسییەکانی دیکەش ڕقیان لە پارتی دەبێتەوە و پارتیش لەبەر ئەوەی حزبی یەکەمە، فشارێکی یەکجار تووندی هەمەجۆری نێوەخۆیی، بەغدا، هەرێمایەتی لەسەرە.  

مەرج نییە هەموو ڕێککەوتنێک سەرکەوتوو بێت، یان ئەو هەڵومەرجەی بیرۆکە و پڕۆژە و بەرنامە دۆزەخاوییەکانیان تێدا ڕادەپڕێنرێت، هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە. ئەگەر هەندێک لەو هێزانە پێیان وابێت ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتن و بەمەش هێز و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لە حووکمی سێبەر، دەبنە دەسەڵاتی هەقیقی، دوور نییە پەلەیان لە هەڵبژاردنی کات و دۆخەکە کردبێت. گوێم لێبوو شڕۆڤەکارێکی شیعی گوتی " سەرۆک وەزیرانێکمان ناوێت، وەکو کەروێشکی ژێر مێز بێت، یان وەکو کەروێشکی نێو کڵاوی سیحربازێک" بێت.

وەکو ئاماژەم پێکرد هێز و دەسەڵات و پێگەی یەکەم بەرپرسیاریەتی لەوانی دیکە زۆرترە، ئەوانی دیکە لەسەر کاردانەوە و دەمارگیریی و تووڕەیی دەژین، ئەم جۆرە دۆخە دەروونییە هەموو شتێکی لێ بەرهەم دێت، کە مایەی دڵخۆشی نەبێت و سازش و لەسازیش خراپتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. تەنیا وەکو ئێران خراپترین ژێرکەوتن خۆشیاش بە سەرکەوتن بزانن و ئەمانەش خیانەت و سازش و پاشکۆبوون و بچووکبوونەوەش بە دەستکەوت بزانن.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێویستی بە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی هاوکێشە و زانیاریی و کەرەستەکانی ئەو ململانێ و هەنگاوانە دەبێت، کە لەنێو تەنگەژەیەکی سەخت بەرەو تەنگەبەرێکی تەسکتریان دەبات. بەشێک لەو لێدوانانەی پێشتر لەلایەن کاندێد و هەندێک لە نوێنەرەکانیان لە بەغدا بیستمان، کورتبینی و هەڵچوونی پێوەدیاربوو، هەروەسا جۆرێک لە هەڵپەرستی لە گوتار و لاوازی لە گوزارشت و زانیارییەکانیان لەخۆ گرتبوو. ئەمەش نیشانە و هێمایە کە شەیداکانی شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەبێت، بکوژێنرێنەوە. پێم وایە پێداچوونەوە بە هاوکێشەکان، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی کەرەستەکانی ململانێکان و ئەو شێواز و تەکنیکانەش دەبێت کە هەنووکە لەئارایە.   

یەکێتی هیچ ترس و شەرم و سنوورێکی لە حەرام خواردن و سازش نییە و هەموو شتێک لەپێناو "گێڕانەوەی پێگە و بەها و هێز" بۆ خودی خۆی بەڕەوا دەزانێت، کە پێیان وایە لە پاشەکشەیەکی مەترسیدارن. پارتیش لەتەک سەرکەوتن و پێشکەوتنە هەمە لایەنەکانی گوتارێکی ستوونی لەهەندێک بواردا ڕادەپەڕێنێت و کەرەستەی ململانێی لەگەڵ یەکێتی خەریکە کۆن دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەلی زەیدی لەسەر هێرشەکانی سەر هەولێر هاتەدەنگ و هەڕەشە دەکات
قەیرانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان؛ کێشەی دەستوەردانی حزبی و دابەشکردنی پۆستەکان گەیشتووەتە لوتکە
سوپای پاسداران هەڕەشەی توند لە کوەیت دەکات
تاران دەرگای گفتوگۆ دادەخات؛ ململانێی سەربازیی ئەمریکا و ئێران بە ئاڕاستەی نادیاردا دەڕوات
هاوسەرۆکی پژاک: گۆڕانکارییەکانی ناتۆ هەڵوێستی تورکیای بەرامبەر ئێران گۆڕیوە و ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گەورە دەچێت
ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق: ده‌ست به‌سه‌ر 25 ملیار دیناری دیكه‌ی عێراقی، 200 هەزار دۆلار و بڕێك زێڕدا گیرا
باڵیۆزخانەی ئەمریكا: دروستبونی كێشه‌ بۆ گه‌شتكردن و داخستنی ئاسمانی عێراق چاوه‌ڕوانكراوه‌
وه‌زاره‌تی كاره‌با: به‌هۆی گرفتێكی ئه‌منییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه‌مبوه‌وه‌
نه‌وت و كانزاكانی هه‌ولێر رێكاری نوێی بۆ دابه‌شكردنی غاز راگه‌یاند
شاندی ئیمرالیی ده‌م پارتی دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فدی ئاكه‌په‌و مه‌هه‌په‌: ده‌مانه‌وێت چاومان به‌ ئۆجــه‌لان بكه‌وێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×