دەزام ئاخاوتنەکانی هەندێک لە گوتەبێژەکانی حزب لە نووکتە دەچێت، نووکتەیەک کە خودی نووکتە دەبێتەوە نووکتە. گوتار گرنگییەکەی لەوەیە وەرگرەکانی بەئاسانی دەتوانن لە نیەت و مەبەست و پەیامی قسەکەر بگەن و لێکی بدەنەوە و لەهەمان کاتدا دەرفەتی بەرهەمهێنانەوەی خودی گوتارەکەشیان هەیە. گوتار ڕاستەوخۆ بێت یان نا ڕاستەوخۆ وەرگرەکانی لە کارتێکردن و کاردانەوە دوور نین. ئەوەی من دەیبینم هیچ سەردەمێک بەقەد ئێستا درۆی سیاسی بەڕاشکاوی تێدا نەکراوە.
لەم ڕۆژانە، یان لەم سەردەمە بۆگەنبووەدا گوتاری هەندێک لە حزبە سیاسییەکان بەشانازیکردنەوە پشت بە (درۆ) دەبەستێت و وەکو کارگەی بەرهەمهێنانی درۆ وایە، چونکە پێیان وایە بەئاسانی دەتوانن خەڵک بکەرێنن، یان لەکردەوەدا بڕوایان وایە میللەت و خەڵک گەمژەن و لە هیچ ناگەن، یان بەئاسانی بەکاریان دەهێنن.
یەکێک لە دەسەڵاتەکەی لای دەبەن، دەبێژێت ئاگام لێ نییە، کە لەکردەوەدا نەک ئاگای لێیە، بەڵکو حەز لە سیناریۆی درۆئامێزیش دەکات، کە لەنیەت و مەبەست و شێوەدا کتومت نووکتەیە.
ئەو گوتارە سیاسییەی لە بنەڕەتدا نەک پشت بە درۆ دەبەستێت، بەڵکو لەسەر بنەمای درۆ ڕۆنراوە لەکردەوەدا ئامانجی شاردنەوەی هەقیقەت و ڕاستییە، پشت بە چەواشەکاری و شێواندن دەبەستێت و لەهەمان گاڤیشدا بەنزم تێڕوانیی پێگە و توانا و هێزی خەڵک لەخۆ دەگرێت. لەم ڕۆژانە گوێم لێبوو گوتەبێژێک بە تاو و خۆگورج کردنەوە دەیگووت "ئێمە سازش لەسەر دەستکەوتی سیاسی ناکەین و بەشانازییەوە ئەم هەنگاوە دەنێین، کە خەڵکانێک دژی وەستاونەتەوە". مەبەستم ئەوەیە بۆچی لەم سەردەمەدا زۆر شت لەسەر بنەمای درۆ بەڕێوە دەبرێت، یانژی بەکەم سەیرکردنی توانا و لێهاتوویی جەماوەر تێدایە. لەبەرچی و لەپێناو چی حزب بەم شێوە هەرزان و بێ بەهایە لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بچووک و کاتی و نەچەسپیوو، چەواشەکاری هەموو جۆرە درۆیەک لە گوتارەکەی بەشانازییەوە جێ دەکاتەوە و وەک ڕەفتارێکی لێهاتوو و سەرکەوتن و خۆبادان و قۆپاندنەوەی هەموو بەهایەک ڕادەپەڕێنێت؟. بۆ و لەپێناو چی؟. ئەمە گالتەکردنە بە مێشکی خەڵک، یان خۆتڕۆکردنە.
ڕاهێنانی خەڵک لەسەر پێشوازی لە درۆکردن و شتی فووتێکراو و کلک و گوێ کردنی هەقیقەت، بەکارەساتێکی سیاسی گەورە دادەنرێت. گوتار ئاساییە درۆ لەخۆ بگرێت، بەڵام شانازیی بەدرۆ کارەساتێکی گەورەیە و پێشوازی لێکراو نییە. هەندێک لەو گوتارانەی لەم ڕۆژانە بەکاردەهێنرێن، شانازیی و متمانە بەدرۆکردنیان تێدایە.
درۆ گوتنێکی درۆزنانەیە، مەبەستی فریودانە و بەئەنقەست شتێک ئاراستە دەکات لەپێناو چەواشەکاری. درۆ هەندێک جار فشاری دەروونی ئەخلاقی دروست دەکات و کاریگەری لەسەر دڵ و عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤ دەبێت. نابێت لەبیری بکەین شانازی بە درۆی سیاسی، کۆمەڵگەیەکی چەواشەکار پێک دەهێنێت.
لەیەکێک دەپرسن چ کارێک دەکەی؟ ئەویش دەڵێت پیشەکەم درۆکردنە. لە کردەوەدا هەندێک کەس و گروپ و حزب شەو و ڕۆژ پیشەیان درۆ کردنە و بێ شەرمانە درۆ دەکەن. لە یەکێک دەپرسن دواین درۆت کەی بوو؟ ئەویش بێ خۆ تێکدان دەبێژێت "هەنووکە، کە قسە لەگەڵ تۆ دەکەم". لەڕاستیدا گوتەبێژێک کە بەشانازییەوە درۆ دەکات و پێی وایە گوێگرەکانی بڕوای پێ دەکەن وەکو ئەم نووکتەیە وایە، کە دەڵێت دواین درۆم ئێستایە، کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم. خاوەنی گوتاری دۆر لایان ئاساییە بڵێن یانسیبمان بردۆتەوە، گوێرەکەشیان لێی دەپرسن ئەی کوا پارەکە؟ ئەویش بڵێت لە "خەون بردمەوە". گوتەبێژی درۆکەر، ڕێک دەستکەوتە سیاسییەکەی ئەوەیە، کە لە "خەون بەدەستی هێناوە". هەندێک گوتاری سیاسی هەیە لەکردەوەدا دەیەوێت درۆ بەدرۆ بسڕێتەوە، یان بەواتایەکی دیکە درۆیەکی نوێ دەکات، تاکو درۆیەکەی پێشتری خۆی پێ سپی بکاتەوە.
بە کورتی و کرمانجی سیاسییەکان دەتوانن درۆ بکەن، بەڵام ناتوانن ڕاستی و هەقیقەت و دروستی بابەت و ڕووداوەکان بشارنەوە. بۆیەشە کورد دەبێژێت "پەتی درۆ کورتە"، "درۆزن ماڵیشی بسووتێت، کەس بڕوای پێ ناکات" و "زمانی سوور درۆ ناکات". هەشە لەوەسفی درۆزن دەبێژێت "دەک بە درۆیان بدڕێی"، "درۆ و ئاو خواردنەوەی لا وەکو یەکە"، "کابرا درۆ نەکات دەتەقێت". ڕێک ئەمە وێناکردنی هەندێک حزب و گروپ و کەسی سیاسی وایە، ئەگەر درۆ نەکەن، وا دەزانن شتێکیان ون کردووە، یان هێندە درۆیان کردووە، خۆشیان متمانە بە درۆکانی خۆیان ناکەن.
کاتی خۆی پیاوێک هەبوو، ڕاستییەکانیشی بەشێوەی درۆ دەگێڕایەوە، جارێک گوتی لە دەشت قەتێیەکم گرت، لە کورتانی کەرەکەم بەستایەوە و چوومەوە بەر دروێنە. کاتێک بینم سێبەرێک لەسەر سەرمە. چ ببینم، قەتێکە لەئاسمانە و کورتانەکە بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت!!. درۆیەک، یان درۆیەکانی گوتەبێژێکم لەم ڕۆژانە ڕێک وەکو ئەم درۆیە هاتە بەرچاو، کە قەتێکە لەئاسمان کورتان بەدوای خۆیدا ڕابکێشت. ئەگەر نا تۆی خودان گوتار، کە هەموو ژیان و مێژووتان سازش و خۆ بچووککردنەوە و درۆزانییە، چۆن شەرم لە درۆیەکی ڕاست ناکەیت؟.