حوشترنووس!!

غازی حەسەن
  2026-06-23   

ئەمڕۆ لە دەزگا ناسراوەکانی ڕاگەیاندن گرتەیەکی ڤیدیۆم بینی (بافل جەلال تاڵەبانی) لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت "کەی کاتی نەوەی نوێیە، حوشتر". لەم دەربڕینە چەند شتێكمان بۆ ساخ دەبێتەوە. لەوانە:

ڕۆژنامەنووسەکە کەسێکی دیار و بە کردەوە ڕۆژنامەنووس بێت، یان نا، بەرپرسە لە پرسیار و پێویستە رێز لەکەسایەتی و پیشەکەی بگیرێت. ئێمە دەزانین ڕۆژنامەنووس لە هەموو دونیا، بەتایبەت لەو شوێن و جوگرافیایانەی دیموکراتین و یاسا باڵادەستە، وەکو کەسایەتییەکی مەعنەوی و پیشەیی و پێشەنگ دیقەتی لێ دەدرێت. ئەو ڕێز لەپیشەکەی خۆی دەگرێت و سنووری پەیوەندییە سروشتییەکان نابەزێت، هەروەها دەزگا فەرمی و هێزە سیاسییەکانیش دەبێت وەکو کەسانی خودان پێگە و پارێزراو سەیری ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن.

لەئالەکی دندا ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران هەردەم داکۆکیکەری پیشە و کەسایەتی خۆیانن، پێش ئەوەی داکۆکی لە هەقیقەت و بەدەستهێنانی زانیاری و ئەرکە پیشەییەکەیان بکەن.

سیاسییەکان و هێز و کەسایەتییە باڵادەستەکان هەر چییەک بن و لەهەر پلە و پایە و پێگەیەک بن، هەر گاڤێک سوکایەتی و هەڕەشەیان کرد و هەنگاویان بۆ شکاندنی پیشەی ڕۆژنامەنووسی و خودی ڕۆژنامەنووس نا، واتا بەکردەوە پێشێلی مافی ئازادی دەربڕین و ئازادانە بەدەستهێنانی زانیاری و کاری ڕاگەیاندن کردووە. ئەو زاراوەی (بافل جەلال تاڵەبانی) سەرۆکی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بەرانبەر ئەم ڕۆژنامەنووسە بەکاری هێنا نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمان و تێکچوونی پەیوەندی ڕێزلێگیراو و متمانەداری نێوان سیاسییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خودی ڕۆژنامەنووس و جۆرێکیشە لەهەڕەشەی ناڕاستەوخۆ بۆ بێدەنگکردن و دەمگرتنی ناپەسەندی ڕۆژنامەنووسەکان. لەهەمان کاتدا سووکایەتی و هەڕەشە و ناشیرین نیشاندانی کردەی دیموکراسییە، کە لەکردەوەدا ئەو دەڤەر و جوگرافیایە بەپێی ئەم ڕەفتارانە بێت، دۆخەکەی نیمچە کابۆیی و سنوور شکاندنی بەها پیشەییەکانی ڕاگەیاندنی تێدایە و داڕمانی پەیوەندی سروشتی نێوان سیاسەت و ڕاگەیاندن نمایش دەکات، هەروەها ئەم ڕەفتارە نیشانی دەدات، کە ڕۆژنامەنووسان لە جیاتی گوللە لەرێگەی بەکارهێنانی (وشە و بە قسە) دەکوژرێن و کەسایەتیان بریندار دەکرێت و پیشەکەیان بە کارێکی نەگونجاوی بێ بەها و دوور لەڕەفتاری مرۆڤانە و بێ بنەما دادەنرێت.

یەکەم جارە لە نێو کەتواری سیاسی کوردستان ڕۆژنامەنووس بەم ئاشکرایە و لەبەردەم ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و دامەزراوەکان و ڕای گشتی بێ منەتانە بە (حوشتر) وەسف بکرێت و وەسفکردنەکەش لەلایەن کەسی یەکەمی هێزێکی سیاسی کاریگەر بەکار بهێنرێت.

بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران و خودی ڕۆژنامەنووسان ئەم دەستەواژە کەرامەت شکێنانە ڕیسوا بکەن، بێدەنگی بەرانبەر ئەم وەسف و ڕەفتارانە بنەمای پاشکۆبوون و کۆیلەبوون بۆ هێزی سیاسی بەهێز و فراوانتر دەکات.

پێویستە خودی ڕۆژنامەنووسەکە و ئەو دەزگایەی کاری تێدا دەکات، سکالای یاسایی بەپێی یاسا تۆمار بکات.

پێویستە ڕۆژنامەنووسان وەکو پیشە داکۆکی لە کەسایەتی و پیشە و بنەما سەرەکییە متمانەدارەکانی کارەکەیان بکەن.

وەکو جۆرێک لە ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارە خراپە نا سەردەمی و دژ بە دیموکراسییەی (بافل تاڵەبانی) ناونیشانی ئەم بابەتەم کردە (حوشترنووس) هەر چەندە ئەو مەبەستی (ڕۆژنامەحوشتر)ە و منیش مەبەستم خراپ وەسفکردنی ڕۆژانمەنووس نییە، کە لای من کارەکەی پیرۆز و گرنگە، پیشەکەی لە دەیان وەزیر کاریگەرتر و چاکترە. ئەو بەم ئاخاوتن و رەفتارە ڕاستەوخۆ و بە زەقی هێرش دەکاتە سەر خودی کەسەکە، کە پرسیاری لێ دەکات.  هیچ کاتێک ئەو کەسانە ئازاد و ئازا نین، کە دەیانەوێت سووکایەتی بە کەسانی دیکە بکەن بێ ڕەچاوکردنی بەها کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانی بەرانبەرەکەیان و بەم جۆرە دەستەواژانە سەرکوت و سەرشۆڕ و پیشەشکێنیان بکەن، هیچ کاتێک دیموکراسی ڕێگا بە هیچ هێزێک و کەسێک نادات ناوزڕاندنی بەرانبەرەکەی وەکو پاڵەوانیەتی و مۆدێل و تێکشکاندنی سنوورە باوە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی سیاسی بۆ دەمکوت و سەرکوت و بچووککردنەوەی بەرانبەرەکەی بەمەبەست و پێداگرییەوە بەکاربهێنن.     

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری عێراقی: زیادكرنی پشكی هه‌رێم به‌بێ راده‌ستكردنی سه‌رجه‌م داهاته‌كان ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌
لە سلێمانییەوە؛ ئیلهام ئەحمەد نەخشەڕێگە و مەرجەکانی ڕۆژاڤای بۆ تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا کرد
بەغدا و یەبەشە ڕێککەوتن؛ زیاتر لە ٤ هەزار شەڕڤان دەخرێنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکاتەوە
سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکرایەوە
راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌ی نێوان ئێران و توركیاو پاكستان و سعودیه‌
لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان؛ ژمارەیەک لە ئاوارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی رووبەڕووی هێرش دەبنەوە
"زیاتر له‌ 100 خێزانی كوردی گه‌مارۆدراو له‌ناو باڵه‌خانه‌ی ئیداره‌ی گرێ سپی گوازرانه‌وه‌ بۆ شوێنێكی پارێزراو"
لووتکەی ئەمنیی تاران؛ بەرپرسانی باڵای سعودیە، پاکستان و تورکیا لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران کۆدەبنەوە
"به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم ده‌كرێت له‌ 2027 بگاته‌ 350 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×