چەند خۆش دەبوو لە نیشتمانێکی بێ دەوڵەتی وەکو کوردستان ئۆپۆزسیۆنێکی مەدەنی کارا و هەقیقی هەبووایە و بیتوانیبایە ڕێگای خواروخێچی دەسەڵات ڕاست بکاتەوە و نەهێلابایە وەزیر و گزیر و بەرپرسە تەڕ نەبووەکان لەبیابانی لەزەتی خۆشی و گەندەڵی و ڕابواردن و فشەبازی و درۆزانی و ژنبازی و سیاسەتبازی و لەزەتی حووکم تەڕاتێن بکەن. خۆزی بەخۆزی داران ئۆپۆزسیۆن بتوانیبایە کوونی، گەندەڵی و یاساشکێنی و پەیوەندییە خراپە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی بگرتبایە و هیچ کوونێک دەرفەتی ئاودیوکردنی نایاسایی و بەقاچاخی تێدا نەمابایە. چەند خۆش دەبوو مەڕ و گورگ بەیەکەوە دەسەڵاتیان بەڕێوەببردبایە.
بەداخەوە ئەو بناغەی بزوتنەوەی گۆڕان بانگەشەی بۆ کرد، ڕێک وەکو مەلەی بن ئاوی گۆمێکی بۆقاوی لێهات، ئۆپۆزسیۆن بەدەردێک برا (شاسوار عەبدولواحید) خۆی وەکو دەمڕاستی ناڕازییەکان نمایش بکات. لەهەوەلین ڕۆژەوە کەسانی دووربین لەوە گەیشتوون ئەمە گەمەیەکی کاتی دەستی لایەنێکی هێزدارە. ئەگەر نا ئۆپۆزسیۆنی ڕەسەن و نیشتمانی شتی وەها سەیر و سەمەرەە لێ جێ نابێتەوە. چۆن دەبءت هێزی دەسەڵات کار بۆ ڕاستکردنەوەی کورتانی خواربووی بەرپرسی نەوەی نوێ بکات. هەرچەندی لێی دەنۆڕم و دیقەت دەدەم نەوەی نوێ نەوەیەکی کلاسیک دەرچوو، قسەکانی بەرپرسەکانیشیان هەردەم وەکو چەقۆ بەدەستێکی شەقاوە دەهاتە بەرچاو.
ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە دەسەڵات و هێزە حووکمڕانەکان نیشتمانی تر و خاکی تر و دەستپاکتر و ڕاستگۆتر و سەرڕاستر و پاشەڵ پاکتر بێت. نەک لەدرۆ کردن دەستی ڕاستی ئاگای لە دەستی چەپی نەبێت.
نامەوێت لێرەدا پێداچوونەوە بە ئاخاوتن و هەڵوێست و پاککردنەوەی شتە ناپاکەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەم، کە کار و ئەرکیان تەنیا و تەنێ بۆتە قسەکردن و لەقاودانی هەرێمی کوردستان نەک خودی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. ئەرکی خۆیان کردۆتە ئەوەی بێژن (مووچە خەتای هەرێمە، گەندەڵی هەر لە هەرێمە و عێراق دادپەروەرە، تاکڕەوی هەر لە هەرێمە و حکوومەتی بەغدا دیموکراسی و خۆماڵی و دوورە لە دەستوەردان، پارتی و یەکێتی خۆسەپێنن، لە کوردستان بەشداری دەسەڵات نابنم کەچی لە بەغدا داوا لە حزبە دەسەڵاتدارە خراپەکانی کوردستان دەکەن کورسیان پێشكەش بکات...!!. لە هەرێمی کوردستان دەیگۆڕن و لای دەبەن و لە بەغداش خزمەتکاری یەکەم و متمانەداری دەسەڵات دەبن... تاد). یان بەجۆرێکی دیکە بەڕۆژی ڕووناک هەڕەشەی (نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و حووکمڕانییەکەی) بکەن و پارێزەری دەسەڵاتی بەغداش بن.
(شاسوار) هەنووکە و دوای دەرهێنانی لە زیندان و دوور لە ڕەچاوکردنی هۆکاری گیران و لەزیندان پەستان و هۆکارەکانی بەرەلاکردنی، وەکو ڕوتێنراوەیەکی بەستەزمان دەردەکەوێت و بەجۆرێک ڕەفتار دەکات کەس ئاگای لە ڕووداوەکانی نێو زیندان و پاش زیندان نییە. یەکێتی ڕاشکاوانە بانگەشەی لرفکردنی کورسییەکانی نەوەی نوێ دەکات، ئەوانیش دەبێژن (ئێمە و یەکێتی خۆمان حکوومەت پێکدەهێنین)، ئەگەر نا (هەرێم نامێنێت!!). لێتان ناشارمەوە نازانم ئەم هێز و بێ شەرمی و نمایشە ئاشکرایە خەمنکە و ئازایەتییەی لەکوێ هێناوە ڕووداوەکانی زیندان لەبیر بکات و لەبەردەم خەڵک باسی جوامێری و پێکهێنانی دەسەڵات و حووکمڕانی و عەدالەت و هاوسەنگی بکات. دڵنیام باش دەزانێت هاوسەنگی لەنێوان دوو هێز و لایەنی تەریب و هاوشان پێکدێت، نەک فشار لێکراوی خەسێنراو.
هەموو ئەوەی ڕوودەدات، چیرۆکی ڕەنج بەخەساری ئەو کەسەم بیر دەکەوێتەوە کە لەدیماهیدا دەیخاتە مزگەوتەوە. ئەمە وەکو ئەوە بوو کە شاسوار هەرچی لە دەستکەوتی سیاسی ئەم چەند ساڵەی بەناو ئۆپۆزسیۆن بەدەستی هێنا لە دیماهیدا هەموو ڕەنج و ئەو بەرهەمەی بەدەستی هێناوە بوو خستییە مزگەوتەوە. ژبەر هەندێ دەپرسین ئەرێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم گەمە سیاسییە براوەیە و دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت بیسەپێنێت و حکوومەتێکی پەنجا بەپەنجا بەدەست بهێنێت، یان نا؟ هێشتا وەڵامەکە ئاڵۆز و نادیارە. لەهەمان گاڤدا ئایا منەتی بەهیچ هەیە و ڕەنج بەخەساری شاسوار ڕێز لێ دەگرێت، یان وەکو گیسکی هەیاس بەردەوام زیندانی پێ نیشان دەداتەوە؟.
ئەوەی ئێمە دەیزانین لەسیاسەتدا فتکردن و لرفکردن هەیە، ڕێزگرتن و شکۆ بۆ دروستکردن نییە. ئەم دیمەنە ڕێكوڕەوان بۆ شاسوار و دەنگدەرانی نەوەی نوێ پاشۆل کوونییە و خەمناکە و هیچی تر!. کۆتاییەکی تراژیدییە و دەرکەوت ئۆپۆزسیۆنەکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی باڵکراون و ئازادن لەوەی ڕایەخەکەناین بخەنە مزگەوتەوە، هەر بەپێی ئەم پرەنسیپە قووندەیە کاسبییە سیاسییەکەی شاسوارە فەنی هەموو بۆ مزگەوت بوو! وەسەلام.