لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست جەنگ شتێکی نۆرماڵە

ئاری هەرسین
  2026-04-02     230

لە دوا جەنگی عوسمانیەکانەوە (١٨٧٧- ١٨٧٨) ھەتا ئێستا، دەکاتە ١٤٨ ساڵ. لەماوەی ئەم ١٤٨ ساڵەدا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی درێژخایەنی بەخۆیەوە نەبینیوە. مەبەست قۆناغێکی ئاشتیە کە تێیدا ئینسانەکانی ئەم ناوچەیە بیرکردنەوە و ھەستیان لە ئارامیدا پەرە بسێنێت و داھێنان بکەن.

خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لانکەی شارستانیەتە. جێدە ستی ئەم ناوچەیە ھەر لە زانستی ئستێرە ناسی، کیمیاو بیرکاریەوە بگرە ھەتا دەگاتە  شیعر، ئەدەبیات، ھونەری تەلارسازی و فەلسەفە لە مێژوی مرۆڤایەتی بەڕونی دیارە و، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات. سێ ئایینی خاوەن کتێب (جودایزم، مەسیحیەت و ئیسلام) لەم ناوچەیە سەریان ھەڵداوە. لەڕوی ئابوریەوە سەرزەمینێکی بەپیتە بۆ کشتوکاڵ.  دەریچە دەریاییەکانیشی لە ڕێی (دەریای سپی ناوە ڕاست - دەریای سور  لە لایەک و،  خلیجی فارس لە لایەکی ترەوە) ناوچەکە بە ھەردو ئوقیانوسی ئەتڵەس و ئۆقیانوسی ھیند دەبەستێتەوە. بناغەی ڕێگای ئاوریشم کە زیاد لە (٢٠٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا داڕێژراوە، شادە ماری بازرگانی نێوان خۆرھەڵات (چین و ھیندستان) بە خۆرئاواوە بوە (ئەوروپا). ئەمە پێناسەیەکی سادە و سەرپێیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە. بە واتایەکیتر ھەمو ئەو توخمانەی بونە ھۆکاری نوێ بونەوە، چاکسازی و ڕۆشنگەری (Renaissance-Reformatio-Enlightenment) لە ئەوروپا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیش ھەبون. بەڵگە زۆرن بۆ ئەم ڕاستیە، بەڵام لەبەر  ئەوەی گوتارەکە لەمەزیادتر درێژ نەکەمەوە لێرەدا باسیان لێ ناکەم.

ئەگەر بە دیدێکی ڕاگوزاری سەیری ھەردو باری (سەقامگیری \ شەڕ) لەم خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەدا بکەین، ئاشکرایە کە ڕەوتی ژیانی ئینسان لە کۆمەڵگەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بریتی بوە لە جوتەیەکی (پێشکەوتن و داھێنان) لە لایەک و، (جەنگ) لە لایەکیتر. بە جۆرێک کە (جەنک) ھەمیشە حوزوری ھەبوە. لە جێی خۆیەتی ئەو تێبینیە تۆمار بکەین کە جەنگ لەزۆر شوێنیتری جیھان ھەبوە، بەڵام تەرکیزی ئەم گوتارە لەسەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە.

وەک ھەمو جەنگەکانی تری جیھان، جەنگەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیش چەند جۆر بون: یان ھێرشی دەرەکی بون، وەک لەشکرکێشیەکانی ئەسکەندەری مەقدۆنی (زیاد لە ٢٠٠٠ بەر لە ئێستا)، یان جەنگی ناوخۆیی ناوچەکە بون وەک ئەوەی نێوان سەفەوی و عوسمانی، یان تێکەڵەیەکی ئەم دوانە، یانیش جەنگی بە وەکالەت. ئەگەر تەرکیز سنوردار بکەین و تانیا سەیری (١٤٨) ساڵی ڕابوردو بکەین، دەبینین. کە لەم قۆناغەدا ئەم ناوچەیە (٢٢) جەنگی بە خۆیەوە بینیوە کە ھەندێکیان زیاد لە نیو سەدەیە بەردەوامە (شەڕی ئیسڕائیل و فەلەستین).    

سەرھەڵدانی سیستەمی داگیرکاری ئەوروپی (ئیستیعمار- Colonialisme ) بۆ ناوچەکە ھەر لە سەرەتای سەدەی (١٧) بەدواوە بەرنامەی جەنگێکی درێژخایەنی کردە چارەنوسی خەڵکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پاش دۆزینەوەی سامانی نەوتی ژێر زەوی لە لایەن ئەوروپیەکانەوە. لەو کاتەوە ئەم سامانی ژێر زەویە بوە بەڵایەکی کوشندە و، بوە پێوەری سەقامگیری و جەنگ. لەجیاتی ئەوەی نەوت ببێتە مایەی سەقامگیری، خۆشبەختی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن، بوە ھۆکاری جەنگ و دواکەوتن و وابەستگی ئابوری. وەک دەبینین کە ئاسەواری ئەو سیستەمە داگیرکاریەو لێکەوتەکانی ھەتا ئێستاش لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دیارە، کە ھەندێک کەس بە واقیعی پاش داگیرکاری (Post-Colonialisme) ناوی دە بەن. نەگبەتی و نەھامەتی کورد لەوەدایە کە ھەم ئەو عەقڵەی کە داڕێژەری سیستەمی داگیرکاری ئەوروپی داڕشتوە و، ھەم دەسەڵاتدارانی میللەتانی سەردەستە لە ناوچەکە، لەسەر داگیرکردن و پارچە پارچە کردنی کوردستانی نیشتیمانمان ھاوڕابون.

ئەوە ی لەسەرەوە باسمانکرد ھەوێنی ئەو شێوازی بیرکردنەوەو ھەڵس و کەوتەیە کە خەڵکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەتا سەرو ئەژنۆ تێیدا چەقیون. ئەم ڕابوردوە پڕ لە توندوتیژی و داگیرکاریەیە کە سایکۆلۆژی ئێستای ئینسانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی دروست کردوە. ئەگەر سایکۆلۆژی بریتی بێت لە لێکۆڵینەوە لە ھەست و سۆزی ئینسان لە لایەک و، شێوازی بیرکردنەوەکەی لەلایەکی تر، ئەوا ڕونە کە ئەم جوتەیە (ھەست وسۆز-بیرکردنەوە) لەژێر کاریگەری جەنگدا فۆڕمی گرتوە. دواجار سایکۆلۆجی تێڕوانین و خوێندنەوەیە بۆ ھەڵس و کەوتی ئینسان و ھۆکارەکانی، کە لە ئەنجامی لێکدانی ئەو جوتەیە (ھەست و سۆز-بیرکردنەوە) دروست دەبن. وەک نمونەیەک: پێمان دەڵێن کورد میللەتێکی شەڕکەرە یان شەڕکەری باشە، بەڵام ھەرگیز پێمان ناڵێن کورد میلەتێکی داھێنەرە، ھونەرمەندە یانیش ئاشتیخوازە. لە کاتێکا کورد وەک میللەتێکی سەربەخۆ لەم ناوچەیە، بەدە ر نیە لە فۆڕمگرتنی سایکۆلۆژی شەڕ، بگرە کاریگەریەکە لەسەر ئێمە زۆر قورسترە، چونکە دەوڵەتمان نیە.

زۆر جار لە مێژودا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ھەنگاوی بەرەوە نوێ بونەوە، چاکسازی و ڕۆشنگەری ناوە. بەڵام ھیچ کات ئەو ھەل و مەرجەی بۆ نەڕە خساوە کە وەک ئەوروپا لە سەقامگیریدا (مەبەست بە بێ ھێرشی دەرەکی و چاوچنۆکی داگیرکار لەسەری) بتوانێت (تەسفیە حساب) لەگەڵ خۆیدا بکات. ھەر ئینسانێک تەسفیە حسابی لەگەڵ خۆیدا نەکردبێت و نەگەیشتبێتە ئارامی و سەقمگیریەکی دەرونی، ناتوانێت پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئینسانێکی تردا واژو بکات. ئەمە بۆ کۆمەڵگە ش ڕاستە. ناوچەیەک، وڵاتێک یان میللەتێک تەنیا ئەزمونی خۆپاراستن و شەڕی لەسەر خۆ کردنەوەی ھەبێت و، لە لایەکی ترەوە سەقامگیری ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت، چۆن دەتوانێت پەیمانی ئاشتی واژو بکات. ھەندێک جار جەنگ تەنیا چارەسەرە لە ناچاریدا، بەڵام لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست جەنگ دیاردەیەکی نۆرماڵە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×