خەونێکم ھەیە

ئاری هەرسین
  2026-08-07     61

ژیان بە بێ مەبدەئیەت پوچەڵ و بەتاڵە. بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار ئەزانن، ژیان بە بێ خەون بازرگانیە. بەڵام خەونی چی؟… خەون لە پێناو خۆشبەختی گەل و سەرفرازی خاکی پیرۆزی کوردستان.

ھەرێمی کوردستان لە چەق بەستویی سیاسیدایە. خەڵکی ئەم ھەرێمی کوردستانە لە دڵەڕاوکێ و گۆشەگیری (کەئابە) دا ژیانی ڕۆژانە بەڕێ ئەکەن. وەزعی بازاڕ خراپە و ئابوری ئەم ھەرێمە دادی مەسروفات و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە نادات. بە کورتی، ئینسانی کوردستانی جڵەوی ژیانی خۆی داوەتە دەست قەدەرێک کە نازانێ بەرەو کام ئاڕاستە دەچێت.

ئۆباڵی ئەم بارو دۆخە ناخۆش و ڕەزا گرانە لە ئەستۆی ئێمەی پارتی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. ئینسان ھەمو جارێک لە خۆی ئەپرسێت: چ شتێک ھەیە کە لە بەرژەوەندی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان بەرزەباڵاتر بێت؟… بۆچی ناتوانین لە پێناو مانەوەمان (وەک میللەت) ڕێکەوین؟… کەی شەڕە قینی زیاد لە (٦٠) بەر لە ئێستا کۆتایی پێ دێت؟ … ئێمە بەنیازین کەی ببینە میللەتێکی یەکگرتو؟… ئایا ئێمە مەحکومین بەوەی کە ھەتا ھەتایە داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە یەکتر بەکارمان بھێنن؟…کەی ئەم تراژیدیا پڕ لە نەزانیەی میللەتی کورد کۆتایی پێ دێت؟…

ئەوا بۆ دوساڵ ئەچێت کابینەی دەیەم تەشکیل نەکراوە. کێشە کە لەسەر چیە؟… لەسەر وەزارەتێکە؟… یان دو وەزارەت؟… بۆچی نابێت بۆ جارێکیش بێت ئارەزوی میللەت بێتە دی و پارێزگاری ھەولێر یان دھۆک یەکێتی بێت؟… بۆچی نابێت پارێزگاری سلێمانی یان ھەڵەبجە پارتی بێت؟… یەعنی ئەگەر ئەمە ڕویدا ئیتر دونیا خراپ ئەبێت؟… ئەم قسانە بۆ قایمقامی ڕەواندز، قەڵادزێ، ئاکرێ، شەقڵاوە، کەلار… و ھەتا دێت ڕاستن.

ئێمەو یەکێتی حەقی ئەوەمان نیە میللەتی کورد دابەش بکەین. میللەت و نیشتیمان سەروەر و تاجی سەرن، حیزب وەسیلەیە، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ھەمیشە ئەوەمان لێ دوپات و چەنجاجارە ئەکاتەوە. جەنابی مەلا مستەفای بارزان فەرمویەتی: شانازیە بۆ ئینسانی شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت. 

خۆشمان بێت و تاڵمان بێت، ئێمە و یەکێتی برای حەقی یەکترین… زڕ برا نین و، عەیبەیەکی گەورەیە نەتوانین خزمەتکاریی میللەتی خۆمان بکەین. دواجار دوڕێگە زیاتر نیە: یان دان بە فەشەلی سیاسی خۆماندا بنێین کوردستان بکەینە پێنج پارچە و ببینە دو ھەرێم، یان ئازایانە لەپێناو بەرژەوەندی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان،  با سنوری دێگەڵە تێک و مەکان بشکێنین. ئەم بڕیارە بە ئینسانی ئازا و مەبدەئی ئەکرێت و بەس. لە ژیانمدا بەس ئەم خەونەم ھەیە و ھیچیتر.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×