کاک نەزھەت حالی بەرپرسی پێشوی ئاژانسی پاراستن

شێخ ئاری هەرسین
  2026-08-26   

کاک نەزھەت حالی گوتارێکی نوسیوە بە ناوی: ھێشتا ھیوامان ماوە. پێم باش بو لەسەر ناوەڕۆکی ئەم گوتارەی جەنابیان، یەک دو قسە بکەم، چونکە پێم وایە کۆی گوتارەکەی جەنابیان تەرازویەکی لاسەنگە. مەوزوع جواب و جوابدانەوە نیە، چونکە بەندە ھیچ حەزێکم لەو ئەتوارانە نیە.
ئینسان کە ئەم گوتارە ئەبینێت، ڕوخساری کرێکار، حەماڵ، کارمەندێکی مرور، کەنناس، یان ئەو باوک و دایکەی کە منداڵێکی کەم ئەندام و نەخۆشی شێرپەنجە و ئاوتیزمیان ھەیە و، لە بێ دەرامەتیدا ھەتا بەرەبەیانی ژیانی ڕۆژانەیان و ھەتا ڕۆژ خۆر ئاوابونی ژیانیان بەدیار مناڵەکانیانەوە بە لێزمە فرمێسکی نائومێدی و بێ ھیوایی و نەگبەتی ئەڕێژن… نەک بەرپرسیەکی پێشوی ئاژانسی پاراستن.
ئینسان کە ئەم گوتارە ئەخوێنێتەوە، وا ھەست ئەکات ماڵی کاک نەزھەت لە قوشتەپپەی ئۆردوگای زۆرەملێی بارزانیەکان لە ساڵی ھەشتاکان بێت و حوکمێکی دیکتاتۆر نوتقەی لێ بڕیبێت و، وەک شەھیدەکانی ئیعدامی بەرەبەیان، دوا نامەی بۆ ئەزیزانی نوسیبێت. ئەم گوتارە لە نامەی ئەو شەھیدانە ئەچێت.
ئینسان کە ئەم گوتارە ئەخوێنێتەوە، وا ھەست ئەکات ئاژانسی پاراستن سەد ساڵ کاک نەزھەد حالی لەسەر مەوقیفی ئینسانی و نیشتیمانیەکانی، لەسەر ئۆپۆزسیۆن بونی، لەژوری تەعزیبخانە دەستبەسەر کردوە، ئەزیەتی داوە، کەرامەتی شکاندوە و ئێستا لەزیندانەکە ھاتۆتە دەرەوەو، حەقیقەتی تەغزیبخانەکە بۆ مەردم باس ئەکات.
جەنابیان ئیشارە بە مەسەلەی مەرجەع ئەدات. مەرجەع لە کوردستان ھەیە و جەنابی کاک مەسعودە. ئیتر چۆن مەرجەع نیە؟ ھەر بۆ خودی خۆت کاک مەسعود مەرجەع نیە؟
یەعنی کاک مەسعود ئینسانێکی نموونەیی لە ڕۆڵی شەخسیەتی نیشتیمان پەروەری، شۆڕشگێری، تەوازوع و توانای ڕابەرایەتی کردنی نیە؟… عەجەبا لەو دونیا مۆدێڕنەی کە خەڵکی بێ تەجروبە پێی موعجیبن، مەرجەع نیە؟… لە ئەوروپا، ئەمەریکا، چین، ڕوسیا ھەمو ئەفریقا و لاتین ئەمەریکا مەرجەع نیە؟
ئینسانێک کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوبێت… ئینسانێک کە ھەتا ئێستا بەئۆتۆمبێلەکانی ئاژانسی پاراستن جم و جۆڵ بکات. ئۆتۆمبیلی گوللە نەبڕی (درع) پێ بێت. مەفرەزەیەک پاسەوانی ھەبێت کە ئاژانسی پاراستن بۆی دانابێت. ماڵی لە ھەولێر و مەسیف بێت. تۆزێک ھیوای بە چی ماوە؟… بە پارتی و یەکێتی؟… بە حکومەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی ھەرێم؟… بە پارلەمان؟… ئەی ئەوکاتەی کاکە نەزھەت بەرپرسی یەکەمی ئاژنسی پاراستن بو، لە خەونی غیفڵەتابو؟… ھەمو مسیبەتەکە کاک مەسعود و نێچیرڤان و مەسرور بون؟… ئەو سەردەمەی کاک نەزھەت حالی تەمەتوعی بە بەرپرسیارێتی ئاژانسی پاراستنەوە ئەکرد عەقڵ لە کوێ بو؟
گوناھە کاک نەزھەت حالی بەڕێز خۆی لەم جۆرە گوتارانەدا بچوک بکاتەوە. بەڕێز کاک نەزھەت کوڕی شەھێدێکی قارەمانە و حەق نیە خۆ بچەمێنێت، ئیتر بۆ ھەر شتێک بێت. پلە و پۆست ئەوە ناھێنێت، لە سیاسەتا (بۆ خەڵکی مەبدەئی) پێگەو مەبدەئی ئینسان گرنگە، نەک پۆست و کورسی. لەجیاتی ئەوە با کاک نەزھەت حیزبێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات و (بە بێ بڕوابون بە مەرجەع) سەرکردایەتی ناڕەزاییەکانی کۆمەڵگەکەمان بکات. بەشکم بتوانێت ئاستی نا ئومێدیەکانی کۆمەڵگەکەمان کەم بکاتەوە. ئەگەر من ساحێبی ئەو بۆ چونانەی کاکە نەزھەت بومایە، بە دڵنیاییەوە وام ئەکرد. بەس ئەو ئیشانە بە ئینسانی بەجورئەت ئەکرێت.
بۆچی ھەندێک لە سەرکردایەتی حیزبەکان بچوکن؟… چونکە ناوێرن بە بێ پاسەوان و ئۆتۆمبێلی درع و یەک مەفرەزە پاسەوان بچنە ناو جەماوەرەوە. ھەربۆیەش ناتوانن لەئاست جێبەجێکردنی فەرمودەی جەنابی مەلا مستەفادا بن کە ئەفەرموێت: خۆشترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت. بەڵام مەبەستی جەنابی مەلا مستەفا بەدەرەجەی یەکەم ئەوانەیە کە شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدارن و لە پێگەی دەسەڵاتدان. ئیتر لە مودیر ناحیەیەکەوە، بۆ قایمقام، پارێزگار، وەزیر، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی ھەرێم، پارلەمان و سەرجەم بەرپرسە حیزبیەکان و بازرگانەکان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×