نێچیرڤان بارزانی ھەر ئەبێ وابڵێ

هاوڕێ جەمال
  2026-09-18     68

 ڕۆژی ٢٠٢٦/٩/١٧ لە شاری سلێمانی لووتکەی ئابووری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئامانج لەم چالاکیە وەک ئەوانەی بەڕێوەی ئەبەن تەنھا کۆبوونەوەی بازرگان و وەبەرھێنەر نییە؛ بە شێوەیەکی ستراتیژی دەیەوێت سەرمایە، و بانک ، و وەبەرھێنان، و بەرھەمھێنان و ھەلی کار بەمەبەستی گەشەی بەردەوام بە زنجیرەیەکی یەکگرتوو ببەستێتەوە.*
 ئەوەی لەم دیدارە ئابووریەدا جێی ھەڵوەستە لەسەر کردنە بەشداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و گوتارو لێدوانی ھاوسەنگەکانیەتی لە لووتکەکەدا.
 ڕەنگە ئەم تێڕوانینانە بۆ خودی کاک نێچیر نوێ نەبن، بەڵام ئێمە پێشتریش لە وتارێکدا ئەوەمان ڕوونکردۆتەوە کە کاک نێچیر وەک کاراکتەرێکی سیاسی ناو پارتی ھەمیشە وەک پارسەنگی سیاسەتی حیزبەکەی ھەنگاوی ناوە**
 واتە ئەوە تەنھا نێچیرڤان بارزانی نیە کە پێویستی بەوەبێ وەک نفوزی سیاسی خۆی پێگەی خۆی لە ناو حزبەکەی قایم و تۆکمە بکا، بەڵکو پارتیش وەک حزب پێویستی بە ڕۆڵی ئەم سەرکردەیەی ھەیە لە ساتی قەیرانەکانیدا (وەک ئەوەی ئێستا لە گرێ کوێرەی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمدا ) فریای بکەوێ و باڵانسێک لە نێوان بۆ چوونە دژ بەیەکەکان لە نێوان حزبەکەیی و یەکێتی دروستبکا، و بە گەیشتنی خاڵی ھاوبەش ئەو گرێ کوێرە بکاتەوە.
 جەخت کردنەوەی ئاشکرای نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا، لەسەر ڕۆڵی قوباد تاڵەبانی و وێناکردنی وەک ھاوڕێ و سەرمایەیەکی نیشتمانی و لێدوانەکانی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بەپەیوەندیەکانیان لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کە زۆر برادەرانەیە، ھەر دەچنە ھەمان خانەی ڕۆڵ بینین، وەک کەسایەتیەکی ڕاگری باڵانس لە نێوان دووسیاسەتی دژ بەیەک لەم چرکەساتەدا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی حکومەتی ھەرێم، و لانی کەم ڕێکخستنەوە نێو ماڵی یەکێتی و پارتی.
 چۆن پارتی پێوستی بەم کەسایەتیە ھەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکانی، پێموایە یەکێتیش پێویستی بە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی ھەیە بۆ پیادەکردنی سیاسەت و خواستەکانی لەسەر ئاستی ھەرێم، ھەر لەبەر ئەوەشە کەمتر ڕەخنەی ئەو حیزبە لەسەر پێگەو پۆستی ناوبراو ئەبینین.
 حەقیقەتێک ھەیە ئەبێ لەبەر چاوبگیرێ؛ ئەویش ئەوە کە لە غیابی دامەزراوەکانی حکومەت و دەوڵەتدا ھەمیشە سەرکردە سیاسی و کاریزمیەکان جێگەی ئەو دامەزراوانە دەگرنەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە دەبینین لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، بڕیارە چارەنووسسازەکان کەسە سیاسیەکان ئەیدەن نەک دامەزراوە شەرعیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان و قەزا.
 ئەم تێڕوانینە بۆ ھەرێمێکی وەک کوردستانیش ڕاستە، ئەوەتا لە غیابی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری ھەر ئەبێ ئەم فیگەرە سیاسیانە ڕۆڵی غیابی ئەم دامەزراوانە پڕبکەنەوە، ھەر بۆ نموونە گەر پەرلەمانێکی کاراو فرە دەنگ و ڕەنگی جیاوازی حیزبیانەت نەبێ بۆ یەکخستنی گوتاری حزبیانە بە ئاڕاستەی دروستکردنی گوتارێکی نیشتمانی نەتەوەیی، ناچار سەرکردەیەکی سیاسی حزبی وەک نێچیرڤان بارزانی ئەبێ ئەو ڕۆڵە ببینێ.
 لێرەوە ئەتوانین بڵێین تاوەکو نەگەینە قۆناغی بە دامەزراوەییکردنی کۆمەڵگە و کارابوونی دامەزراوە شەرعیەکانی، ڕۆڵی ئەم فیگەرە سیاسیانەش کۆتایی نایە و ناچارن بۆ بەردەوامبوونی حوکمڕانیەکی لەم شێوە درێژە بە ڕۆڵی خۆیان بدەن.
*بەکورتی ئامانجی لووتکەکە بریتین لە:
 ١-دروستکردنی ژینگەیەکی باشتر بۆ وەبەرھێنانی ناوخۆیی و بیانی و پەرەپێدانی کاروبار. 
٢-زیادکردنی بەشداری کەرتی تایبەت لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، ژێرخان، خزمەتگوزاری و دروستکردنی ھەلی کار. 
٣- بەستنەوەی کەرتی بانکی بە خانووبەرە و پیشەسازی بۆ ئەوەی سەرمایە بەرەو بەرھەمھێنان بڕوات. 
 ٤-پشتگیریکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و بەرھەمی ناوخۆ، بۆ ئەوەی ئابووری جۆراوجۆرتر بێت . 
٥-گفتوگۆ لەسەر چاکسازیی دارایی و بانکی و ئاسانکردنی ژینگەی کار بۆ وەبەرھێنەران. 
٦-لوتکەکە دەیەوێت حکومەت و کەرتی تایبەت زیاتر بە یەکەوە کار بکەن لە پڕۆژە گەورەکان.
٧- پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی ھەرێم و ناوەند بە تایبەتی چارەسەرکردنی کێشە دارایی، باج و گومرک و دانانی چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ مامەڵەی ئابووری نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ. 

‏**https://www.awene.com/article?no=21278&auther=77
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×