نەخخاسە یان نەقیزەی  کۆیلەمانتار

دلێر محەمەد نوری
  2026-11-07   

"النخاسە" وشەیەکی عەرەبیی کۆنە، کە لە کاری بنەڕەتی سیانی "نَخَسَ" ەوە ھاتووە. "نَخَسَ" ەش، لە زمانی عەرەبیدا بە مانای "تێی ئاژەنی" یان بە دارێک لە ئاژەڵەکەی دا، تاوەکو بیخاتە جووڵە و چالاکی. من وشەیەکی پڕ بە پێستی ئەم وشەیەم، لە شاری سلێمانی گوێ لێبووە، کە تا ئەمڕۆش بەکاردەھێنرێت، کە ئەویش "نەقیزە" یە. نەقیزەش دیسان بە ھەمان ئەو مانایەی سەرەوە دێت و بە زۆری بۆ گوێدرێژ و وڵاخ بە کاردەھێنرێت. ھەندێ جاریش لە دووتوێی تەنزدا، بۆ مرۆڤیش بەکاردەھێنرێت. بەڵام ھەرگیز چاوەڕوان نەبووم ڕۆژێک دابێت و بۆ پارلەمانتار بگرە کۆیلەمانتار بەکاری بھێنم. 

بە کورتی لە کۆمەڵگای عەربیدا تا ئەو سەردەمەی بازرگانی بە مرۆڤەوە وەکو کۆیلە باو بوو، بازاڕی تایبەت ھەبوون، بە کڕین و فڕۆشتنی کۆیلەکان. ئەم بازاڕەش ناودەنرا بازاڕی نەخاسە یان نەقیزە. بەڵام کێ باوەڕی دەکرد ڕۆژێک  پارلەمانێک ببێ بەم بازاڕە و ئەندامەکانی ببن بە کۆیلە و بە نەقیزەی حزبی کڕیار دەست ھەڵبگرن و دەست دابگرن؟

گەر ناھەقی نەکەین و دان بە ھەندێک جیاوازیدا بنێین، لە نێوان کوێلەی جاران و کۆیلەمانتاری ئێستا، ئەوا دەبێت بڵێین، جاران جەستەی کۆیلە دەکڕدرا و دەفرۆشرا و کۆیلەی داماو، ھیچ ئیرادە و ئازادییەکی نەبوو لەم مامەڵەیەدا. بەڵام کۆیلەمانتار خاوەن ئازادی تەواوە و خۆی خاوەنی خۆیەتی و خۆی نرخ لە سەر خۆیشی دادەنێت. کۆیلەمانتار جەستەی خۆی نافرۆشێ بەڵکو ویژدان و بەڵێن و سوێندی خۆی و متمانە ھەزاران و سەددان ھەزار مرۆڤ ئەفرۆشێت. جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە کۆیلەی جاران، بە چەند درھەمێک بە بێ ئیرادەی خۆی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرا. بەڵام کۆیلەمانتار چونکە خۆی خاوەنی خۆیەتی، خۆی ھەرزان فرۆش ناکات. بگرە لە سەدد دەفتەر دۆلارەوە بۆ پێنج سەدد دەفتەر، نرخەکەیەتی.

جیاوازییەکی دیکەش کڕیارەکانە. جاران ھەموو کەسێکی پارەدار لە توانایدا بوو کۆیلەیەک بکڕێ، بەڵام ھیچ ملیۆنێر و پارەدارێکی ئەمڕۆ کاری بە کۆیلەمانتار نیە، تا بیکڕێت. بەڵکو ئەوە حزبە پارەدار و دەسەڵاتدارەکانن، ھەم پارەی کڕینی کۆیلەمانتاریان پێیە و ھەمیش کاریان بە کۆیلەمانتار ئەڕوات. 

جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە کۆیلەی جاران بە ئاشکرا دەبوو بە موڵکی کڕیار بەڵام کڕیاری ئەمڕۆ پێویستی بەوە نیە و بگرە نکۆڵیش ئەکات، کە ئەوەی کڕیوێتی کۆیلەمانتاری ئەون. نەک ھەر ئەمەش بگرە شانازی بە خودخاوەنی ئەو و بە شان و باڵیشیدا ھەڵ دەدات کە چەند ئازاد و چەند سەربەخۆیە. بەڵام لێی دڵنیاین ئەوەیە کە کۆیلەمانتار، ھەم چاک چاک خۆی ئەناسێ و ھەم کڕیاریش و ھەمیش جەماوەریش. 

پرسیارێکی ھەم فەلسەفی و ھەمیش لۆژیکی لێرەدا خۆی قووت دەکاتەوە، کە ئاخۆ چی گەرەنتیەک ھەیە کە کۆیلەمانتاردواجار لە حزبی کڕیار ھەڵنەگەڕێتەوە؟ ئەوەی تێبینیمان کردبێ، تاوەکو ئەمڕۆ، ھیچ کام لەو کەسانەی نرخیان لە سەر خۆیان داناوە و خۆیان بە حزبی کڕیاری فرۆشتووە، نەک ھەڵنەگەڕاونەتەوە، بگرە دڵسۆزتر لە خودی کڕیار، شەڕیان لە سەر کڕیار کردووە. خۆ ئەگەر ئەوەش نەبێت، بە ناوی سەربەخۆوە ھەمیشە دەنگ و سەنگ و کار و چالاکییان، چووەتە خزمەتی کڕیارەوە. بەڵام ئاخۆ ئەم وابەستەگییە ئاسنینەی کۆیلەمانتار دەبەستێتەوە بە حزبەوە، چییە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە؛ لە گەڵ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنەکەدا و لەو جێگەیەی پارەکە دەدرێت، ڤیدیۆیەک بۆ ئەرشیف، وەکو پەیمانەیەکە لە نێوان کڕیار و کۆیلەمانتار، بەڵام خۆێنی ستەملێکراو و فرمێسکی مناڵی باوک کوژراو و مەرەکەبی پەنجەی دەنگدەران ئیمزا کراون. 

ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارە ئاماژەی پێ بدەم خاڵێکی جەوھەرییە لە نێوان کۆیلەی جاران و کۆیلەمانتار. ئەویش ئەوەیە کۆیلەی جاران بۆ کاری فیزیکی قورس دەکڕدرا و لە زۆر حاڵەتدا دەخەسێنرا، تاوەکو ھەموو ھێزی سێکسی کۆیلەکە بچێتە خزمەتی ماسولکەکانی. ڕەنگە بڵێن کۆیلەمانتار ناخەسێنرێ، جا توو ئیمانتان گەر خەساندن ئاوھا نەبێ، دەبێ خەساندن چۆن چۆنی بێ؟ تۆ حورمەت و کەرامەت و عیزەتی نەفسی خۆتت بۆ ئەو دەفتەرە دۆلارە دزراوانە بخەیتە ژێر پێی کڕیار لە کاتێکدا سوور ئەزانی ژیان پێنج و دوو ڕۆژێکە و ئەبڕێتەوە، ئەم نەفرەتەت چۆن کرد بە مەدالیای سەر سنگی خۆت و نەوەکانی داھاتووت؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×