جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی ئێران، بەردەوامە. دوای دووخولی جەنگ، جەنگی ١٢ رۆژ و ٤٠ رۆژە، خولێکی تری جەنگ دەستی پێکردووە، کە جیاوازە لە خولەکانی پێشوو. ئەگەر لە خولەکانی پێشوودا ئەمریکا و ئیسرائیل بەیەکەوە جەنگیان لەدژی ئێران و سەرجەم هیزە بەوەکالەتەکانی و بەرژەوەندیەکانی ئێران لە تەواو ناوچەکە، راگەیاندبوو، وە بەکردەوە ئامانجی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون، ئەوا لە ئێستادا جەنگی ئەمریکا بەبەبێ بەشداری راستەوخۆی ئیسرائیل، بەبی حەماس و حزب اللەو گروپەکانی تر لەدژی ئیران، لە چوارچیوەو لەژێر سیبەری گفتوگۆکاندا پچر پچر و بەوێنەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی درێژەی هەیە. هاوکات جەنگ و کاردانەوەی ئیران بەدژی ئەمریکا، بەخۆ دوورگرتن لەهیرش بۆسەر ئیسرائیل و بەبێ بەشداری راستەوخۆی حزب اللە، و زۆرجار بە دەستپیشخەری ئیران بۆسەر هیزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندیەکانی لەناوچەکەدا، لەچوارچیوەی بەردەوامی گفتوگۆکاندا، و بەوێنەی ئۆپەراسیۆنی درۆنی و موشەکی ئیدامەی هەیە. واتە چ ئەمریکا و چ ئیران، لە ژێر چەتر و سێبەری بەردەوامی گفتوگۆکاندا لە جەنگێکی پچر پچر و سنور دار دان. سنوردار بەو مانایەی کە هیچ لایەکیان خوازیاری جەنگی سەراسەری و بێ جڵەو لە کۆنترۆڵ دەرچوو نین.
بە کورتی دۆخی "نەشەڕو نە ئاشتی" دۆخی زاڵی جەنگی ئێستایە. دۆخێک کە بەرهەمی دوو خولی پێشووی جەنگێکی سەراسەری و هەمەلایەنەو ناوچەیی بوو، کاراکتەرەکانیشی زۆرتر و فراوانتر بوو. وا پێشبینی دەکرێت دۆخی نەشەر نە ئاشتی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنوردار، درێژ تر لە دۆخی بەردەوامی جەنگ بێت.
ناکامی ئەمریکا لە دەست راگەیشتنی بە ئامانجەکانی، پاشەکشە نەکردنی ئیران لە بەشیکی سەرەکی خواستەکانی، هۆکاری بن بەستی جەنگ و گەیشتنە بە دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی. دیارە دەشی دۆخی نەشەر و نە ئاشتی، دۆخیک بێت بۆ دوبارە خۆسازدانەوە و خولی نوێ جەنگ، هەروەها دەشێ دۆخێک بێت بۆ خۆشەکردنی دانوستاندن و شێلانی گفتوگۆکان. ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت، دۆخی نەجەنگ و نە ئاشتی، خۆسازدانەوە بۆ خولێکی تری جەنگ نییە، هێندەی ململانێیەکە بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە دانوستاندنەکاندا.
ویستەکانی ئەمریکا لەهەڵگریساندنی جەنگدا بەپلەی یەکەم و سەرەکی لابردن و کەنارخستنی رۆڵی ئیران بوو وەکو کوسپێک لەبەردەم نەخشەو سیاسەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدا تا ڕادەی ماڵیکردنی، وە دورخستنەوەی لە جەمسەری چین و روسیا، یان لانی کەم بێلایەن کردنی بوو، لەنێوان ئەم بلۆک بەندییەی لە ئیستای دنیادا پێکهاتووە.
پاساوەکانی ئەمریکا بۆ وەرێخستنی جەنگ لە دژی ئێران "ڕیگەگرتن لەدەستراگەیشتنی ئیران بەچەکی ئەتۆمی، سنوردارکردن هیزە پرۆکسیەکان، سنوردارکردنی توانای موشەکی و چەکی بالیستی...." سەرەکیترین بیانوەکان بوو. ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل لە یەکەمین هێرشەکانیاندا بۆسەر ئێران، پێشبینی پەرتەوازەیی و شەقبوونی رابەری و لە گرێژنە چوونی، لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخی سیاسی، هاتنە مەیدانی جەماوەری و پارچە پارچە بوونی ئیران، کورتخایەنی جەنگ و فراوان نەبوونەوەی، تا ڕادەی هەڵکردنی ئاڵای تەسلیم بوونی ئێران بە ئەمریکا بوو. بەدی نەهاتنی هیچ کام لەو پێشبینی و ئامانجانەلەجەنگدا ئەمریکای بە بنبەست گەیاند و ناچاری کرد ڕیگای تر بگرێتە بەر. بۆ ئیرانیش خواردنی گورزی گەورە، بەتایبەتی رابەریەکەی و کوژرانی دەیان لە کەسایەتییە بەرجەستەو کاریزماکانی و فەرماندە سەربازیی و سیاسییەکانی، وێران بوونی بەشیکی زۆر لە ژێرخان و توانای سەربازی و کۆگاکانی چەک، قوڵبوونەوەی هەرچی زیاتری دۆخی ئابوری، ئیرانی ناچار کرد کە ئەویش پێشوازی لە هەر هەوڵێک بۆ گفتوگۆو دانوستاندن بکات، لەوەش زیاتر مانەوەی خۆی وەکو سەرکەوتنێک خستە ڕوو. بەم جۆرە چ ئەمریکا و چ ئێران توانای درێژەپێدانی جەنگیان بەو فۆرمەی پێشوو نەما و بەشیک لە خواستەکانی ئەمریکا ئاڵوگۆری بەسەردا هات. گەروی هۆرمز رۆڵیکی زۆر کاریگەرو بەرجەستەی لەسەر گۆرینی جەنگ و باڵانسی هیز و تەنانەت ستراتجی جەنگدا هەبوو. گەروی هۆرمز کە پێش جەنگ دۆسیەیەک نەبوو لە ململانێی و فایلیکی جەنگی نەبوو، بە داخستنی لەلایەن ئێرانەوە باڵانسی هێزی لەنیوان ئەمریکا و ئیراندا بە سودی ئیران گۆڕی. جیا لەوانە دۆسیەی گەروی گۆرمز لەلایەکەوە ئەزمەی وزە بەدوای خۆیدا هێناو لەلایەکی تریشەوە مەودای جەنگی فراوانتر کرد و کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری و بەتایبەتی نەوت و وزەی جیهانی دانا.
هەموو ئەوانە بەتایبەتیش کە لەلایەکەوە ئەمریکا، ئیران و سەرجەم هیزە پرۆکسیەکان و بەرژەوەندیەکانی لەناوچەکە بەئامانج گرتووە و لەلایەکی تریشەوە ئیران کە هەموو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا، دەکاتە ئامانج، بەکردەوە وڵاتانی ناوچەکەی کردۆتە بەشێکی بەشدار لەجەنگ و ئامانجی جەنگی. ئەو واقعیەتە تازەیە بەکردەوە ئاڵوگۆڕی بەسەر جەنگ و تەنانەت بەسەر بەشیک لە ئامانجەکانی جەنگدا هێناوە. ئەوەش دەروازەی بۆ دۆخێکی نوێ کردەوە، کە درێژەکێشانی جەنگ لە جێگای ئامانجەکانی، خەریکە بوو دۆخی ناوچەکە بەتەواوەتی بەسەر یەکتردا بڕمێنێت، بۆیە راگرتنی جەنگ و چوونە ناو چوارچیوەیەکی تر لەدرێژە کێشانی جەنگ "گفتوگۆ، جەنگ، گفتوگۆ" و "دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی" داسەپاند. دۆخی نەشەڕو نە ئاشتیش، دۆخێکی ناسەقامگیر و شلۆق و هەمیشە لەرزۆکە. چ ئەمریکا و چ ئیرانیش بەدوای ئامانجی دیاریکراوی خۆیانەوەن لە دۆخی نەشەر و نە ئاشتیدا. بۆ ئەمریکا راگرتنی باڵانسی بازاڕ و ریگری لە دارمانی زۆرتری ئابوری و وزە و نرخی نەوت و رێگری لە ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی زیاتری ناوچەکەیە. بۆ ئیرانیش لەگەڵ ئەوەدا دۆخی نەشەرو نە ئاشتی، کوشندەیە، بەڵام دەیەوێت بەهرە بەرداری بۆ داسەپاندنی خواستەکانی لێبکات و لەکەنار نەبوونی جەنگی بەردەوامدا، بازسازی توانای سەربازی و چاککردنەوەی وێرانیەکان بکات و نیشانی بدات کە بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەیە.
ئەو هیرشانەی ئیستا لەلایەن ئەمریکا و ئیران بەوێنەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی پچر پچر دەکرێنە سەر یەکتری، لە ئیدامەی گفتوگۆدا، رەنگرێژکردنی دانوستاندنەکان و ململانێیەکە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازات لە یەکتری. ئەمریکا دەیەوێت لەم جەنگە دەربچێت، تا ڕیگە لەرەوتی خێرای داکشانی پیگەی سیاسی و سەربازی و ستراتیجی و لێکەوتەکانی دواتری بگرێت، ئیرانیش دەیەوێت جەنگ کۆتایی پێ بێت و لەبەرامبەردا، ئابڵۆقەی ئابوری لەسەر لابچێت و بەشیک لە پارە بلۆکراوەکانی ئازاد بکرێت. ئامانج و پاساوەکانی جەنگیش، زوربەیان وەکو خۆیان دەمێنەوە. نە دوو خولەکەی جەنگ و نە گەڕی نە جەنگ و نە ئاشتیش، وەڵامدەرەوەی ئامانجە بناغەیی و سەرەکیەکان نین، بەتایبەتیش بۆ ئەمریکا.