هەسەدەو تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا... خوێندنەوەیەکی تر

عەبدوڵا مەحمود
  2026-11-06   

١

گەیشتنی بۆرژوازی کورد بەدەسەڵات، بەتایبەتی دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات" هەسەدە"، لە کوردستانی سوریا، بەرهەمی جوڵانەوەیەکی سیاسی لەپێشتر، یان ئاکامی رووبەرووبونەوەیەکی سیاسی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد نەبوو، تەنانەت دەرهاویشتەی ململانێی سیاسی لەسەر پرسی کورد لەناوخۆی سوریا یان فاکتەرە خۆجێیەکان نەبوون، بەڵکو گەیشتنی بۆرژوازی کورد بەدەسەڵات لەناوچە کوردنشینەکان، راستەوخۆ لەلایەکەوە بەرهەمی شکستی "بەهاری عەرەبی" و دەستێوەردانی ئەمریکا و غەرب و لەلایەکی تریشەوە، بەرهەمی دروستبوونی بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری بوو کە لەبەشێکی زۆری سوریادا پێکهات. لەدەست دەرچوونی کۆنترۆڵی رژێم بەسەر بەشێکی بەرینی سوریا و دروستبوونی بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری، بەتایبەتی کە لە ساڵی ٢٠١٢دا کە هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لە بەشێکی زۆری پارێزگا کوردنشینەکان پاشەکشەیان کرد، لەو دۆخەدا بۆرژوازی کورد و ئەو رەوتەی کە زۆرتر لە ژێر هەژموون و کاریگەری پەکەکە و دنیابینی ئۆجەلاندا بوو، توانی لە ماوەیەکی کورت و دیاریکراودا ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و جێگای دەسەڵاتی حکومەتی ئەسەد، بە ئاگاداری و رەزامەندی خودی دەسەڵاتی ناوەندی بگرێتەوە، واتە خودی دەسەڵاتی هەسەدە نەک لەدژی دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد، بەڵکو دوای کشانەوەی هێزەکانی و بەرەزامەندی سەلەقاندنی بەشار ئەسەد لەگەڵ هێزە کوردیەکان، لە هاوسەنگیەکی دیاریکراوی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان توانی دەسەڵاتی خۆی دابمەزرینێت. ئەلگۆی ئەو دەسەڵاتە بەپێی هەمان دنیابینی ئۆجەلانی زیندانی و دەست بەسەرکراو، بە لۆژیکی کۆتایی "دەوڵەت نەتەوە"، دەستی برد بۆ پێکهێنانی کانتۆنەکانی عەفرین، کۆبانی، جزیرە و "خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک"ی وەکو ئەلگۆ و فۆرمی دەسەڵات لەو ناوچانەدا جیگیر کرد. هەر کام لەو ناوچانە کە دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبەری تیادا دامەزرا، تێکەڵاوێک بوون لە کورد، عەرەب و مەسیحی و ئاشوری، کلدانی، کریستیان، ئەرمەن و یەزیدی، عەلەوی...تاد. بۆیە هەموو ئەو بەشانەش بوونە بەشێک لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و جێگایان لە پرۆسیسی سیاسی و ئیداریدا هەبوو.   

ئەو دەسەڵاتەی هەسەدە کە پێکهاتبوو لەبەشداری سەرجەم ئەو هێزانە، هەر زوو کەوتە بەردەم هەرەشەو گوشار، بەتایبەتیش لەلایەن توکیاوە. تورکیا چ بەشێوەی راستەوخۆ و چ بە شێوەی ناراستەوخۆ و لەڕێگای ‌هێزە بەکریگیراویەکانەوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەی خستە دەستوری کاری خۆیەوە. دەسەڵاتی هەسەدە لە زۆر مەیداندا، لەوانە لە زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئیدارییدا، جێگای بۆ بەشداری عەرەب و مەسییحی و کریستیان و ئیزیدی و عەلەوی... رەخساند، مافی بەشداری هاوڵاتیانی تری نا کوردی لە دەسەڵات و بەڕیوەبەری و دەزگای ئەمنیدا بە فەرمی ناساند، مەرسومی یەکسانی نیوان ژن و پیاوی پەسەند کرد و هێزی ژنانی چەکداری یەپەژەی دامەزراند، دینی لە خوێندن و پەروەردەو یاساکان جیاکردەوە... لەهەموو ئەوانەش زیاتر راوەستاویەکی بێ وێنەیان لەدژی داعش و هاوکارەکانی پشتیان، نیشاندا و بوونە رەمزی تێکشکاندنی داعش و ڕەواندنەوەی ترسی گەورەکراویان بەسەر کۆمەڵگەو ناوچەکەدا. ئەوانە هەنگاو گەلێک بوون، کە توانی ئەلگۆ و فۆرمێکی نوێ لەناو بزوتنەوەی نەریتی ناسیونالیزمی کورددا بهێنێتە ئارا، هاوکات ئەو هەنگاوانە تا رادەیەکی زۆر بوونە جێگای پشتیوانی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە پێشكەوتنخوازەکان و راکیشانی پشتیوانی دەرەکی و بەدیهێنانی هاوسۆزی جیهانی، بەڵام ئەم فۆرمە لەدەسەڵات و ئەو نەریتە لە بزوتنەوەی ناسیونالیستی، لەگەڵ ئەودا جیاوازییەکی دیار و رۆشنی لەگەڵ دەسەڵاتی بزوتنەوەی تەقلیدی ناسیونالیستی و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا هەبوو، بەڵام جیاوازی ریشەیی و بنیادی و چینایەتی لەسەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد بە وێنەی بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی، نەبوو. ئەم فۆرمە لە دەسەڵات، جیایی چینایەتی لەگەڵ رەوتی ناسیونالیستی نەبوو، بەڵکو ئەلگۆ و فۆرمێکی تری دەسەڵات بوو، لەچوارچێوەی هەمان جوڵانەوەی ناسیونالیستی کوردا...

٢

داگیرکردنی عەفرین...

بەدوای تێکشکاندنی داعش لەلایەن ژنان و پیاوانی کۆبانێ وهێزەکانی هەسەدە و ئەو پشتیوانییە ناوچەیی و جیهانییەی لێیکرا، سوپای تورکیا و هیزە بەکریگیراوەکانی بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و روسیا، هیرشێکی گەورە و نابەرابەریان کردە سەر عەفرین و عەفرینیان داگیر کرد، داگیرکردنی عەفرین هەم بازنەی جیوسیاسی دەسەڵاتی هەسەدە و هەم یەکێک لە گرنگترین کانتۆنەکانی لەدەستدا، ئەوە ئاڵوگۆرێکی گەورەی لە باڵانسی هێزی هەسەدە و دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبەری لە بەرامبەر بە تورکیا و هێز و هەرەشەکانی تری سەر دەسەڵاتی هەسەدە پێکهێنا. هەر لەو چوارچێوەیەدا پەیوەندی و ئومێد بەستن بە ئەمریکا و هێزی دەرەکی بۆ بەرگری لەو کانتۆنانەی ماون زۆر زیادی کرد و هێزو هاوکارییەکانی ئەمریکا، تا رادەیەکی زۆر بوونە لایەنێکی بە‌هێزی ئومیدەواری بۆ بەرگرتن بەو دەسەڵاتەی لەزۆر لایەنەوە لەبەردەم هەرەشەدا بوو، بەتایبەتیش تورکیا... ئەوە بووە هۆی کەم بوونەوەی پشت بەخۆبەستن و چاو بڕینە بەردەوامی هاوکاری و پشتیوانی هێزەکانی ئەمریکا. لەدۆخێکی ئاوادا کە سوریا ببووە سەنتێزی ململانێیەکی جیهانی بەتایبەتی لە نیوان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و روسیا، و جەمسەرە ناوچەییەکانی وەکو ئیران و تورکیا، چارەنووسی دەسەڵاتی هەسەدە و بۆرژوازی کوردی خستە ژێر هەژموونی خۆیەوە. روسیا کە چاوی لە پاراستن و مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و پێگەی بەهیزی ئیران لە سوریادا بوو، لەبەرامبەر بە ناکامی ئەمریکا لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و نەبوونی ئەڵتەرناتیفێکی رۆشن، دۆخێکی خوڵقاندبوو کە چاوەروانکراو بوو، لە ڕیکەوتنێکدا ئەو دەسەڵاتەی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا دەبێ ئاڵوگۆی بەسەردا بێت و ئەو هەلومەرجە بەدۆخێکی تردا وەربچەرخێ. ململانێی نێوان جەمسەرە جیهانیەکان ئەمریکا و غەرب لەلایەک و روسیا و هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوە، ریشەی لە پێگەی هەسەدە و جێگاو ڕیگای ناسیونالیزمی کورد نەبوو، بەڵکو ململانێ بوو لەسەر پێگەی سوریا و بەوێنەی وڵات و دەوڵەتێکی گرنگی ناوچەکە، هاوکات کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ناسیونالیزمی کورد گۆشەیەکی زۆر لاوەکی لە ستراتیجیەکی فروانتری ناوچەییدا بوو، ئەویش لە بڕگەیەکی کورت مەودای جەنگ لەدژی داعشدا.

٣

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن بەرەی تەحریری شام، بە پشتیوانی و هاوکاری راستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، بووە سەرەتای کۆتایی برگەیەک و دەستپێکی بڕگەیەکی نوێ. بڕگەیەک کەچارەنووسی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و هەسەدەو بۆرژوازی کورد بە گشتی تیایدا یەکلایی دەکرێتەوە. روخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بەشێوەیەکی خێراو چاوەروان نەکراو، پشتیوانی ئەمریکا و غەرب لە گەورە تیرۆریستی داواکراو محمەد جۆلانی و گۆرێنی بە "ئەحمەد شەرع و ناساندنی وەکو پیاوی دەوڵەت، تەواوی هاوکێشەو باڵانسی هیزی جەمسەرە ناوچەییەکان و پێگەی هیزەکانی بەتەواوەتی گۆرێ. هەژموونی ئێرانی لاواز کرد و باڵادەستی تورکیای بەسەر ناوچەکەدا سەپاند. لە پاڵیدا کاریگەری روداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ و جەنگی ئیسرائیل لەدژی فەلەستین، لاوازبوونی پێگەی هیزەکانی بەرگری" بەرەی مقاومە" وەکو هیز گەلی نیابەتی ئیرانی، سەردانی سەرانی ئەوروپایی بۆ دیمەشق و پشتیوانیان لە ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی تازە... زنجیرەیەک روداو و پێشهاتی تازە بوون، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگە و داهاتووی بۆرژوازی کورد و هەسەدە هەبوو. ڕیکەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی و پێکهاتن لەسەر چەندین خاڵی گرنگ و چارەنووساز، یەکەمین مانۆری سیاسی و جەنگی دیبلۆماسی بوو لەنیوان دەوڵەتی نوێی سوریا و دەسەڵاتی هەسەدە.

بەیەکدادانی هێزەکانی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی هەسەدە لە شیخ مەقسودی حەڵەب و کوشتارێکی بێ وینە لەپاڵ کوشتاری پێشووتری دروزەکان، نەک هەر سەرەتای هەوڵی داسەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و ترساندنی نەیارانی دەوڵەتی نوێی سوریا بوو، بەڵکو هاوکات پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتی سوریا بوو لەو ڕیکەوتنەی پێشوتر لەگەڵ مەزلوم عەبدی، لە راستای ناوەندی کردنەوەی دەسەڵات لە دیمەشقدا.  

هەرەشەی هێرشی سەربازی بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان و هەسەدە، لەبەرامبەریدا کاردانەوەی هەسەدە بۆ بەرگری، و دژایەتییەکی فراوان بەدژی هەرەشەکانی سوپای سوریا و پشتیوانی فراوانی ناوچەیی هەمەچەشن و تیکەڵاو لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری توانی ئیستێک بە دەسەڵاتی دیمەشق بکات، بەڵام هاوکات مەترسی جەنگی بۆسەر هەسەدەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان یان کۆتاییهێنان بە دۆسیەی دەسەڵاتی خۆسەری، بەکراوەیی هێشتەوە.

بوونی پرۆسەی ڕێکەوتنی "چارەسەر" ی لەنیوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، و لێکگریدانی ئەم پرۆسەیە بە هەسەدە و دەسەڵاتی خۆسەریی و بانگەشەی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو هیزو لایەنەکانی خەتی ئۆجەلان، لەوانەش چەکدانانی هەسەدە و خۆهەڵوەشاندنەوەی، یەکێک لە بەندانە بوو کە تورکیا پێی لەسەردادەگرت. ئەم دۆخە چارەنووسێک و بژاردەیەکی ناچاری خستە بەردەم دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و هەسەدە. کە دەبوو بریاڕێک بدات. یان بریاری بەرگری یان رێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی سوریای تازە. هەردوو بژاردەکە لە توانادا بوو... ئەمجارە دەسەڵاتی خۆبەێوەبەری لە جێگای بڕیاری بەرگری و کەڵک وەرگرتن لەپشتیوانی و هاوسۆزی ناچەیی و جیهانی، بژاردەی ڕێکەوتن و خۆجوتکردن و تیکەڵاوبوون و خۆ هەڵوەشاندنەوەی لەگەڵ دەوڵەتی سوریا هەڵبژارد.

  ٤

هەسەدە و بۆرژوازی کورد چی دەویست؟ دەبوو چی بکات؟ بژاردەکانی چی بوو؟   

بۆرژوازی کورد بەگشتی و دەسەڵاتی خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری" هێزەکانی سوریای دیموکرات" بەشێوەی تایبەت، لەهیچ کات و برگەیەکدا، چ لەسەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و چ لەگەڵ دەسەڵاتی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئەحمەد شەرعدا، وە تەنانەت پێشتریش، خواست و داواکارییەکی دیاریکراو و فۆمۆلەکراوی رۆشنیان نەبوو، هۆکارەکەش ئەوە بوو، یەکەم: کێشەی نەتەوەیی لەسوریا بە بەراورد بەو پرسە لە عێراق و تورکیا، لاوەکی و لاواز بوو. راستە بیمافی سیاسی و حقوقی و کەلتوری، خەڵکی کورد زمان راستیەکی حاشاهەڵنەگری ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندی بوو، بەڵام ئەم بێمافی و هەڵاواردنە، نەببوو بە ململانێیەکی سیاسی و چەکداری و ‌قوڵبونەوەی بۆ ململانێی نەتەوەیی... دووەم: کاریگەری بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لە بەشەکانی تری کوردستاندا، لەسەر کوردستانی سوریا سنوردار و لاوەکی بوو. ئەو هۆکارانە وایان کردبوو کە کێشەی کورد لە ئاستی سوریادا بەرجەسەیەکی زۆر و جێگایەکی فراوانی نەبێت.

ناسیونالیزمی کورد لەسوریا، بەپێێ ئەو هەلومەرجەی سوریا و لاوازی کیشەی کورد تیایدا، بە بەراورد بەم کیشەیە لە بەشەکانی تری کوردستاندا، جێگەیەکی لاواز و لاوەکی هەبوو، بەپێی ئەو پێگە لاوازەش دەیەویست دەستی بخاتە ناو دەستی دەسەڵاتی ناوەند و بەشێک لە ئیمتیازات لەسەر حسابی کێشەی کورد لە هەڵاواردن و بێ ناسنامەیی وەربگرێت. ئەم ناسیونالیزمە تەنانەت خواستی ئۆتۆنۆمیشی نەبوو... بۆیە هیچ لەوە چاوەروانکراوتر نەبوو، لە هەلومەرجێکی پێکهاتوو لە دەرەوەی رۆڵ و ئیرادە و توانایی سیاسی خۆیدا، خواست و داواکاری سیاسی دیاریکراو و رۆشنی نەبێت و چاوی لەوە بێت لەئاڵوگۆرەکانی ناوچەکەدا، جێگایەک پەیدا بکات.

بەروخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و هاتنی شەرع و باڵادەستی دەوڵەتی تورکیا بەسەر سوریا و پشتیوانی ئەمریکا و غەرب، لە دەسەڵاتی تازە، چاوبرێنی ئەمریکا و غەرب لەدەسەلاتی ناوەندی و تازەی سوریا، بژاردەی خۆبەدەستەوەدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی لەبەرامبەر بە وەرگرتنی چەند ئیمتیازێکدا بەدوای خۆیدا هێنا، جیا لەوانەش هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵگری بانگەشەیەکی تر و خاوەن ستراتیجیەکی تر نەبوون. یەکێک لە هۆکارە هەرە بناغەییەکانی شکستی دەسەڵاتی خۆسەری و ناسیونالیزمی کورد، لەو جغرافیایەی دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبوو، نە خیانەت بوو نە پاشەکشەی ئەمریکا لە پشتیوانی، بەڵکو ریشەی لە شێوازی پێکهاتن و ئەو فۆرمەی دەسەڵاتدا هەبوو. دەسەڵاتی هەسەدەو خۆبەێوەبەری نەک لەسەر بنەمای ناسنامەی هاوڵاتی بوون بێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوەو دین و مەزهەب، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەشی ناسنامەکان و لەدەسەڵات و بەڕێوەبەرییدا، بوو. واتە لەڕیگای مۆردان و بەفەرمی ناسینی و دابەشکاری لەسەر بنەمای ئەو ناسنامە قەومی و دینی و مەزهەبیانە، مۆدیلی حکومرانیان دامەزراند، ئەم فۆڕم و ئەلگۆیەی دەسەڵات، کە پشتی بە ڕێکەوتنی سیاسی بەستبوو، لە هاوسەنگیەکی دیاریکراودا، بە تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە، لە گرێژنە چوو. ئەم فۆرمەی دەسەڵات لە بنەڕەتەوە ئەنتی تێزی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی سوریا بوو کە لەسەر بنەمای حاشاکردن لە ناسنامەکان جگە لە ناسنامەی عەرەبی، دامەزرابوو، دەسەڵاتی خۆسەری لەجێگای جێخستنی مافی هاوڵاتی بوون بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەکان و دابەشکاریان، لەسەر بنەمای مۆردان لە ناسنامەکان دامەزرا، کە هەریەکەیان هەوڵیان دەدا، پێگەی زۆرتر و خاوەن بریار بن و هاوکاتیش خۆیان بە بەشێک لە ناسنامە سەراسەریەکانی خۆیان و جوڵانەوەکانی خۆیان دەزانی. ناسیونالیزمی کورد و هەسەدە لە دۆخێکی ئاوادا هەر دەیتوانی لەدیدی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی بزوتنەوەکەی خۆیدا، هەنگاو بنێت و بمێنێتەوە. خۆ ئەگەر بژاردەی مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بێ گوێدانە ناسنامە قەومی و مەزهەبی و دینیەکان، بژاردەی دەسەڵاتی خۆسەری بوایە، بەرگری لەم مۆدیلەو ئەو ئاستە لە یەکسانی و بەیەکەوە ژیانە بوایە، دەیتوانی مۆدێلکی تر بخاتە روو کە هەم  ئاستی خۆراگری و هەم پشتیوانی ناوچەیی و جیهانی بەدوای خۆیدا بهێنێت و بزوتنەوە کریکاری و رادیکال و ئینسانیەکان بەرگری لێ بکەن... تا ئەوەی ناچار بێت بوون ومانەوەی خۆی بە رادەیەکی زۆر ببەستێتەوە بە سیاسەتی زلهیزەکان، بەتایبەتیش ئەمریکا و غەرب.

٥

کیشەی کورد!

 بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، بەجیا لەوەی لە هەر بەشێکی کوردستاندا، خاوەنی هەلومەرج و تایبەتمەندێتی خۆیەتی، هاوکات پێکەوەگرێدراوی و هاوبەشێتیان واقعیەتێکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە ئەم جوڵانەوەیە لەهەر بەشێکیدا بە شکست یان سەرکەوتن، کاریگەری راستەخۆ لەسەر یەکتری دادەنێن. کێشەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا، سەرچاوەکەی ناسیونالیزمە. ناسیونالیزم چ وەکو حاشاکردن و هەڵاورادن و بێمافی سیاسی و چ وەکو کاردانەوە و بەرەنگاری و جوڵانەوەی بەرامبەر. ستەم و هەڵاواردن و بێمافی لەلایەن رژێمە ناوەندییەکان، کێشەی کوردی کردووە بە سەرمایەکی زێڕین بۆ ناسیونالیزمی کورد لەهەرکام لە بەشەکانی کوردستاندا، بەڵام نەک بە ئامانجی لابردنی ئەم ستەم و بێمافی و هەڵاواردنە، بەڵکو بۆ بەشداری لە دەسەڵاتی ناوەندیدا، بێ لەبەرچاوگرتنی ناوەرۆک و پێکهاتەی دەسەڵاتیان. دەکرێ ئەم دەسەڵاتە شاهانشایی و ئاریامیهری و نەتەوەپەرستی ئەردۆغانی یانیش ئاخوند و مەلا و یان سەربازی و تیرۆریستی داعشی و ئەحمەد شەرع بن، یانیش درندەکانی وەکو سەدام حسێن و هاوشێوەکانی.

ناسیونالیزمی کورد یەكیک لە خەسڵەتە هەرە بەرجەستە و ئاشکراکانی، نەک پشتکردن و گوێنەدان بەخەباتی چینایەتی و بزوتنەوە شۆڕشگیر و پێشکەوتنخوازە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵكو لە بەرامبەریدا وەستاوە و دژیەتی. بەدرێژایی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد، بۆ یەک جاریش ئەم بزوتنەوەیە لە هیچ بەش و پارچەیەکی کوردستاندا پشتیوانی لە بزوتنەوەی کریکاری و جوڵانەوە ئازادیخواز و شۆرشگێرەکان لە ئاستی سەراسەری ئەو وڵاتانەدا نەکردووە و لەو جێگایەش کە روبەڕووی خۆی بۆتەوە بە ناوناتورەو دەستی دەرەکی و بەسەرکوت و ملهوری وەڵامی داوەتەوە، ئەوەش نەک تەنها ناوەرۆکی کۆنەپەرستانەی ئەم بزوتنەوەیە دەردەخات، بەڵکو دژایەتییەکی حاشاهەڵنەگر لەگەڵ هەر جوڵانەوەیەکی پێشرەوانەو ئازادیخوازانە لە ئاستی سەراسەری و خۆجێیدا دەخاتە ڕوو. ناسیونالیزمی کورد و جوڵانەوەکەی بەو مێژووە و بەو کارنامەیەی  زیاتر لە  ١٠٠ ساڵی رابردوودا لەخۆی نیشانداوە، چ بەوەی دەستی لەدەسەڵات گیر بووبێت یان ئۆپۆزیسیۆندا مابێتەوە. بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی کۆنەپەرستانە و نائینسانیی و چاوەروانی هیچ پێشڕەویەکی لێناکرێت.

ناسیونالیزمی کورد بە لەدەستدانی دەرفەتی "جەنگ و شەڕ و جوڵانەوەی چەکداری" لەبەرامبەر دەوڵەتە ناوەندییەکان، بازنەی "سازان، شەڕ، سازان" ی بۆ نەماوەتەوە و بەناچاری بژاردەی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، سازان و ڕێکەوتنە لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزیەکان لەبەرامبەر وەرگرتنی ئیمتیازات و بەشداری پێکردنی بۆرژوازی کورد لەژێر چەتری دەسەڵاتی ناوەندیدا. تەنانەت دیدی کۆتایهاتنی "دەوڵەت/نەتەوە" لە روانگەی ناسیونالیزمی کوردەوە دەرهاویشتەی ئەو دۆخەیە، تا ئەو رادەیەی وەکو هەڵگری دیموکراسی و بەرینکردنەوە و پەرەپێدانی لە دەوڵەتەکاندا خۆی نیشان دەدات و خەمی بەدیموکراسیکردنی دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی، بەدەستەوە گرتووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە هیچ لەوە وەهمتر نییە، بەدەسەڵاتێکی لاوەکی و پەراوێز بتەوێت لە کەنارەوە دیموکراسی بگوازیتەوە قوڵایی دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی، جیا لەوانەش ئەوە لە حاڵیکدایە کە ناسیونالیزمی کورد لە ماڵەکەی خۆیدا، کە دەسەڵاتی هەیە، نموونەکەی کوردستانی عێراقە، سەرکوت و بێمافی و فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و بنەماڵەیی، داسەپاندووە.  

لە سازان و ڕێکەوتنی دەوڵەتە مەرکەزییەکان لەگەڵ ناسیونالیزمی کورد و بەخشینی چەند ئیمتیازێک  بە ناسیونالیزمی کورد، کێشەی کورد و بێمافی نەتەوەیی جێگایەکی دیاری نامێنێ... لە ئێستادا کە لە عێراقدا ناسیونالیزمی کورد بەشیکە لەدەسەڵاتی ناوەندی و لە تورکیادا پرۆسەی سازانی بۆرژوازی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت و لە سوریادا، هەسەدە تیکەڵ بە دەسەڵاتی ناوەند بۆتەوە، نەک چارەسەری کێشەی نەتەوەیی، کێشەی کورد بەشێوەی گشتی تا ڕادەیەکی زۆر لاوەکی بۆتەوە. ئەو ناسیونالیزم و بۆرژوازییەی ناوەند کە سەرچاوە و هۆکاری داسەپاندنی ستەمی نەتەوەیی و ئەو ناسیونالیزمەی بەهرەبەرداری لەم ستەم و بێمافیە دەکرد و خۆی پێوە هەڵواسیبوو، لە ئێستادا بە ڕێکەوتن و ڕیگەچارەی بۆرژوازیانەی خۆیان و لەسەر و ئیرادەو بریاری خەڵکیدا، کێشەی کوردیان بەرەو کەنار و لاوەکی کردۆتەوە، بێ ئەوەی زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان، لە بەین بردبێت و وەڵامی یەکلاییکەرەوەو یەکجاریان بەو کێشەیە دابێتەوە.

لە ئێستادا، پرسی نان و خزمەتگوزارییەکان، ئازادی سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکان، تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر جێگای پرسی نەتەوەیی و کێشەی کوردی گرتۆتەوە... ئەوە لەلایەکەوە جێگا و ڕێگە و پێگەی ناسیونالیزمی کوردی لاواز کردووەو لەلایەکی تریشەوە دەرفەتی لە بەردەم جوڵانەوە کریکاریی و شۆرشگێر و پێشرەوەکان کردۆتەوە، تا لە مەیدانی جەنگی چینایەتیدا رۆڵی کاراو  رابەری و پێویستی خۆیان بگێرن.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریم خان: به‌شداریكردنی محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ له‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گوزارشت له‌ رای ئێمه‌ ناكات‌
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
په‌یامی توندی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پارتی: له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ له‌م حكومه‌ته‌ فاشیله‌ی هه‌رێم ده‌كشێینه‌وه‌
بەدەل بەرواری داوا دەکات مووچەی پەرلەمانتار بکرێت بەکەمتر لە ٢ ملیۆن دینارو خانەنشینیشیان نەهێڵرێت
یەکێتی بڕیاری دا لەحکومەتی هەرێم بکشێتەوە
میدیای نزیک لە یەکێتی هۆشداری لە ئەگەری ڕاگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" دەدات لە حاڵەتی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ
نیگەرانی لە ئەنقەرە دوای شکستی ترەمپ
داواکاریی کوردانی ڕۆژئاوا: لەبەڕێوەبردنی ناوچەکەوە بۆ داواکردنی خوێندنی کوردی
چۆن زیرەکی دەستکرد کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبوو؟
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×