بێ زەحمەت پرسیارێك؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2026-10-29   

   بەشی شەشەم

ڕۆژێك لە ڕۆژان  لە خۆت پرسیوە گەلی كورد لەپێناوی چیدا خەباتدەكات ؟.

ئایا مام جەلال سەركردەیەكی كارێزمای گەلی كورد بوو  ؟

مام جەلال لەسەرەتای شۆڕشی ئایلولەوە  وەكو سەركردەیەكی دیاری خەباتی كوردایەتی لە گۆرەپانی سیاسی وسەربازیدا دەركەوتو رۆڵی بەرچاوی هەبوو . مام جەلال خاوەنی كۆمەڵێك خەسڵەتی تایبەت بەخۆی بوو ، لەوانە: كەسێكی ڕۆشنبروخوێندەوار بوو ، كەسێكی چاونەترس و ئازاو شەڕكەر بوەو توانای سەركردایەتی شەڕی هەبووە ، توانای كۆكردنەوەوهاندانی خەڵكی هەبووە ، توانای ئەوەی هەبووە بڕوای خەڵك بەدەست بهێمێت .پیاوێكی خاوەن جوڵەی دیبلۆماسی بووەو بەوهۆیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو سەركردەیەكی دیاری  كورد ناسراوە، پیاوێك بووە كە توانای چارەسەری كێشەكانی هەبووەو ناوبژیوانێكی شارەزابووە .

 هەر زوو پلەوپۆستی باڵای بدەستهێناوەو كاتێك لە سالی 1964 لە مەلا مستەفا جیابونەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە .وەكو باسیش دەكرێت مەلا مستەفا زۆری خۆش ویستوەو كاتێك كە جیابونەوەكە ڕویداوە ، تا دواقۆناغی مامجەلال لەگەڵ جیابونەوە نەبووە ، لەكۆتایی چۆتە بەرەی ئیبڕاهیم ئەحمەدەوە . كاتێك یەكێتی نیشتمانی لە ساڵی 1976  دەستی بە خەباتی پێشمەرگانە كردەوە، بەڕێزیان وەكو سكرتێری گشتی  یەكێتی نیشتمانی و براگەورە ناسێنرا . ئێستا پرسیار ئەمەیە :ئایا ئەو خەسڵەتانەی  سەبارەت بە مام جەلال باسمان كردن ، لە گەڵ سەدان خەسڵەتی تركە  لە خودی كەسایەتی مامجەلالدا هەن وباسمان نەكردوون ، گەواهی  ئەوە ئەدەن كە مام جەلال وەكو سەركردەیەكی كارێزمای كورد ناوزەد بكرێت ،ئەگەر وانییە بۆچی و دەبێ سیفات وخەسلەتی سەركردەی كارێزما چۆن بێت ؟.  سەرەتا باسی سیفاتەكانی سەركردەی كارێزما دەكەم . یەكەم :  خاوەنی دیدگایەكی ڕوون و توانای بینینی داهاتووی هەبێت بتوانێت وێنەیەكی گەش بۆ شوێن كەوتوانی دروست بكات .دووەم :ئازایەتی  لە بڕیارداندا ، واتە ئامادە بێت ڕوبەڕووی دژایەتییەكان ببێتەوەو بڕیاری چارەنوسساز بدات . سێێەم : دەبێ  سەركردەی كارێزما زۆر دوور بین بێت . مەكوڕ بێت لە سەرداواكردنی مافەكانی گەلەكەیی و لەیاسای بنەڕەتیدا بیان چەسپێنێت و بە پەیمانی زارەكی نەخەڵەتێت و ڕازی نەبێت .

 بۆ ئەوەی بزانێت ئایا مامجەلال سەركردەیەكی كارێزما بووە ، واتە خاوەنی خەسڵەتەكانی كارێزمابون بوبێت ،  ئەوەی لەخوارەوە  ئەینوسم لە بارەی مامجەلالەوە ، وەڵامی پرسیارەكەی سەرەوە دەبێت . كاتی خۆی بابەتێكم نوسی لە ژێر ناوی دوو هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مابام جەلال ودوو هەڵەی ستراتیجی  زۆر گەورەی سەرۆك بارزانی  كە  لەبەشی پێنجەمی ئەم زنجیرە  نوسینەدا باسم كردوون . ئێستا دەەمەوێت بەدرێژی باسی دوو هەڵە ستراتیجیەكەی بەڕێزمام جەلالتان بۆ باس بكەم .

كاتێك ئەوە دەخونیتەوە خۆشت دەتوانی بڕیار بدەی ئایا مامجەلال سەركردەیەكی كارێزما  بووە ، یان بە پێچەوانەوە بووە .  دەمەوێت ئەوەش بڵیم: دووهەڵة یان زیاتری هەردوك سەركردەكە ، هیچ لەگەورەیی ئەوان كەم ناكاتەوە و مامجەلال هەر مام جەلالەو سەرۆك بارزانیش، هەر سەرۆك بارزانییە . هەموو كەسێك وهەموو سەركردەكانی جیهان هەڵەیان كردووە و هیچ كەسیش لە ژیانیدا بێ هەڵەو كەم وكورتی نییەو  ومەعسومیش نا بێت لە هەڵە. ئەوەی لێرەدا گرنگە كاتێك هەڵەدەكەی ،دان بەهەڵكەی خۆتدا بنێیت و هەوڵ بدەی جارێكیتر هەڵەكان دووبارە نەكەیتەوە

یەكەم هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی مامجەڵ

وەرگرتنی  پۆستی سەرۆك كۆمار

دوای ڕوخانی حكومەتی سەدام حوسەین  لە 13/7/2003 ئەنجومەنی حوكم لەسەردەستی پؤڵ بریمەر پێك هێنرا . مامجەلال یەكێك بوو لە ئەندامانی ئەوئەنجومەنە.  مامجەلال یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێراو بوو دوای یەكەم هەڵبژاردنی سالی 2005 و یەكەم سەرۆك كۆماری هەمیشەیی بوو دوای پەسندكردنی دەستوور لە سالێ 2006 دا . هەتا ئەوكاتەی مامجەلال بوو بەسەرۆك كۆمار بارودۆخی سیاسی ناوعێراق زۆر دژواروناگیگیرو بێ سەرو بەرو پاشا گەردانی بوو . یەك سەربازی عێراقی نەمابوو. بە پێچەوانەوە هێزی پێشمەرگە لەوپەڕی بەهێزیدابوو ، پؤل بریمەر پشتی بە پێشمەرگە بەستبوو  بۆ دابینكردنی ئاسایشی ناوعێراق ، شیعەو سووننە بەردەوام لەناوخۆیاندا كێشەیان هەبوو ، شیعەوشیعەو سوننەو سوننەش لە ناوخۆیاندا لەسەر پۆست وپلەو بەرژوەندی كێشەیان هەبوو.

مام جەلال لەوكاتەدا كەسێكی زۆر دیارو بەرچاو بوو ، هەمیشە ڕۆلی ئاشتەوایی دەبینی لەناوهەموانداو وەكو (صمام الأمان ) ناسرابوو .پۆڵ  بریمەریش زۆر گرینگی بەمام جەلال  دەدا چونكە پێویستی بوو بۆ ئەوەی بارودۆخەكە هێور بكاتەوەو مامجەلالیش دەیتوانی ڕۆڵی باش ببنێت و ناو بژیوانێكی باش بێت .  ئەگەر كورد لەوكاتەدا خاوەنی بەرنامەیەكی پێش وەختەی داڕێژراو بوایە مەكور بوایە  بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی كورد ،  ئەگەر خودی مامجەلال لەوكاتەدا لە بەغدا زۆرترین كاتەكانی بۆ ئەوە تەرخان بكردایە بۆ وەرگرتن و چەسپاندنی مافەكانی كورد،  هەلیكی زۆر مێژویی بەدەگمەن بو بۆچەسپاندنی مافەكانی كورد لە دەستووری عێراقی نویدا  چونكە لەعێراقدا دەسەڵات نەمابوو، پؤڵ بریمەریش زۆر پێویستی بە هەماهەنگی كورد بوو بۆچەسپاندنی دەەسەڵاتی هاوپەیمانان .

بەڵام سەد مەخابن سەركردەكانی كورد ئەوەندەی بەدوای وەرگرتنی پلەو پۆست و پارەوە  بوون ،نیوەی ئەوە لە خەمی مافەكانی كوردا نەبوون . لە بری ئەوەی پێداگری بكەن لەسەر گێرانەوەی ناوچە داگیركراوەكان وتەعریب كراوەكان ، داوای پلەوپۆستیان دەكرد. پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەوكاتەی بەغدا لەیادەوەریە كانیدا نوسیویەتی : زۆر ترسام كاك مەسعودو مامجەلاڵ داوای كەركوكم لێ بكەن، بەلام خۆش بەختانە كە هاتنەلام داوای پارەوپۆستیان لێكردم. دەڵی زۆر دڵخۆش  بوم و ڕازیم ێكردن بەپارە . وەكو باسیش دەكرێت گوایە مام جەلال لە پۆڵ بریمەر توڕەوعاجز بووە چونكە لە سەرەتادا ڕازی نەبووە مامجەلال ببێتە سەرۆك كۆمار.  

بۆچی هەڵە بوو كە مام جەلال پۆستی سەرۆك كۆماری وەرگرێت ؟.

پۆستی سەرۆك كۆمار بەپێی دەستوور ، پۆستێكی تەشریفاتییە، واتە دەسەڵاتی بڕیاردانی لەدەستدا نییە .تەنها ئەوەیە پێشوازی لەسەفیری وڵاتان بكات و بەشداری هەندێك كۆبونەوەو ڕێوڕسمی  نێودەوڵەتی و كۆمكاری عەرەبی وسۆسیال دێموكراتی جیهانی  بكات . كورد چەندین ساڵە خوێن دەڕێژێت لە پێناوی مافەكانی و گێرانەوەی  خاكە داگیر كراوەكەی ،ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرن كە بەپێی دەستوور ، سەرۆك كۆمار سوێندی یاسایی دەخوات  كە بەرگری لە یەكگرتویی خاكی عێراق بكات ، لە كاتێكدا ئەمە دەبێتە دژی بەرژەندییەكانی  گەلی كورد .

 كورد بەرژوەندی لەوەدایە خاكی عێراق لەت لەت ببت ،نەك یەك گرتوبێت . كەواتە وەرگرتنی ئەوپۆستە لەلایەن كوردەوە و تایبەت بۆ مامجەلال وەكو ئەوە وایە كەلەبچە بخاتە دەستی خۆیەوەو دەمی خۆشی دابخات و نەتوانێت و بۆی نەبێت داوای مافەكانی كورد بكات چونكە ئەوە دەبێتە پێچەوانەی دەستوور . لەبری ئەوەی  سوور بن لەسەر ئەوەی هەمووخاكە  داگیر كراووتەعریب كراوەكان بەپێی دەستوور بگەڕێننەوە  بۆكورد ،هاتن خۆیان گومانیان دروست كرد  كە ئەوخاكەی تەعریب كراوە خاكی كورد بێت ، بەوەی ڕازی بوون لەدەستووردا بنوسرێت  ناوچە كێشە لەسەرەكان .

ئەگەر مامجەلال نە پۆستی سەرۆك كۆمارو نەهیچ پۆستێكی تری وەرنەگرتایە وداوای پارەی لە پۆڵ بریمەر نەكرد بایەو بهاتایە لەقەڵاچوالان دانیشتبایە و بە پۆڵ  بریمەری بگوتایە : زۆر سوپاستان ئەكەین كە حكومەتی سەدامتان ڕوخاند،ئێمەش ئەركی سەرشانی خۆمان بەجێ هێناوهاوكارتان بوین. دوایی دەبوو بلیت :ئێمە چەندین سالە خوێن دەڕێژین لەسەر كەركوك وناوچە داگیر كراوەكان .بۆیە كاتی ئەوەیە  ئەوحەقەی خۆمان بۆ بگەریتەوەو ئەوە بۆمن پلەو پۆستە ، نەك پۆستی سەرۆك كۆمار . لەوكاتەدا كە عێراق پڕاو پڕیەتی لە پشێوی وناكۆكی  پۆڵ بریمەر ناچار دەبوو بۆ هەموو پرسێك و هەموو ڕۆژێك بە سواری هەلی كۆپتەرەكەی وبە فڕە فڕ بگاتە قەڵا چوالان و داوای یارمەتی لێ بكات، ئەوكات ئەگەرنەشتوانرایە  كەركوك  بگەڕێنێتەوە بۆ سەرخاكی كوردستان ،یان سنووری كوردستان دیاری بكات ، خۆ دەیتوانی مامەلەی لەگەڵ بكات وهیچ نەبێ ئەو برگەیەی دەستور كە دەڵێت :ناوچەكێشە لەسەرەكان،لابەرن و وەكوخاكی كورد بناسرێن ویاسایەكی نوێ بۆچونیەتی مامەلەكردنیان دانرێت . دەبووپێداگری بكەن لەسەر جێ بەجێ كردنی مادەی 140 دەستتور . بەڵام كاتێك مام جەلال دەچێتە بەغداولە پۆڵ بریمەر دەباڕێتەوە بۆ پۆست وپارەو هەمووكاتی خۆی بە حەل كردنی كێشەی ناو شیعەو سوننەو ئەم وئەوەوە خەریك دەكات ولە بیری دەچێتەوە بۆچی لە بەغدایەو نوێنەری كێێە ، هەر ئەوەی ئێستا بەرهەم دێت .  ئەوعەرەبانەی لە سەر خاكی كورد گێگیر كرابون ودو ای ڕوخانی حكومەتەكەی سەدام  ڕایانكرد ، كاتێك مام جەلال بووبە سەرۆك  كۆمار،  لە بری ئەوەی هەرگیزڕێگا نەدەن بگەڕێنەوە ماجەلال بۆ ڕازیكردنی دڵی براعەرەبەكان و خاتری پاراستنی برایەتی كوردوعەرەب ، ڕێگایان دان بگەرێنەوە بۆ سەر ئەوزەویانەی كاتی خۆی لەكوردیان داگیر كردبوو . مامجەلال ماوەی دووخولی سەرۆكایەتی كە دەكاتە 8 ساڵ چی بۆ كوردكرد؟.

 كاتێك سەردانی قودسی شارەكەی خۆی  كەركوك كرد  كەدەریایەك خوێنی لەسەر ڕژێنرا ، بۆ ڕازی كردنی توركمان وعەرەب وتی دەبێ پۆستەكای شاری كەركوك برایانە 33 بە 33 لەنێوان  برایانی توركومان و  عەرەب ودوایی خۆمان كورد بە یەكسانی دابەش بكرێن . بەم بڕیارە مێژوییەی مام جەلال یەكسەرو بێ سەر هێشە سەلماندی كە كەركوك شارێكی كوردی نییەو تاپۆكەی دایە دەستی عەرەب وتوركمان و ئێستا بەچاوی خۆتان دەبینن پارێزگارەكەی توركمانە .جگە لەوەش هات گوندی بەشیر كە كوندێكی توركمانەكان بوو ، سەدام سوتاندبوی ، سەر لەنوی بۆی دروستكردنەوە لەپێناوی برایەتی  كوردو توركمان .

دوای هەمووئەمانە ببینن لە كەركوك سەربازێكی عەرەب حەبل دەخاتە ملی جوتیارێكی  كوردەوە لە سەر ئەوەی بەرگری لەزەویەكەی ئەكات ،لە بری ئەوەی سەربازەكە سزا  بدەن ، جوتیارەكەیان سزاداوە بەغرامەی یەك ملیۆن دینار . ئێستا لەخانەقین حكومەت خەریكی گرتنی ئەوانەیە كە خەریكی خۆ پیشاندان بوون دژی بەعەرەب كردنی خانەقین ، باشە دەپرسم  : سەرۆك كۆمارو ئەوهەموو وەزیروگوزیروئەندام پەڕلەمانە كوردانە لە بەغدا ئیشیان چییەو ئەگەر لە سەر تاوانی ئاوا بەرامبەر كورد نەیەنە دەنگ ئەی لە سەرچی دێنە دەنگ؟. مام جەلال لە بری ئەوەی گەورەیی خۆی لەچاوی میللەتەكەیەوە ببێنێت ، هەوڵی داوەو كاری بۆ ئەوە كردووە ،وڵاتان و دەوروبەری لە دێدو بۆچون و كەسایەتی خۆیەوە میللەتەكەی بناسرێت ، ئەوەش نیشانەی بچوك كردنەوەی میللەتێك دەبێت لە بەرامەبەریەك كەسدا .هەر ئەوهۆكارەش بوو مام جەلال نەیتوانی خۆی بكاتە قوربانی گەلەكەی و بەپێچەوانەوە ،میللەتەكەی وخاكەكەی كردە قوربانی خۆی .بۆیە ئەوەی ئێستا ڕودەدات بەرامبەر بەگەلی كورد ، ئەنجامی ئەو ئاوەیە كەمام جەلال پێش ئەوان ڕشتویەتی وئەوانەی دوای خۆشی پێێ تێ دەخەن . ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین مامجەلال 8 ساڵ لە بەغدا لەسەرپشكی كورد سەرۆك كۆمار بووە ، چی بۆكورد كردووە ؟. كاتێك وەڵامی ئەوپرسیارەت بەڕاستی دایەوە ،وەڵامی ئەوپرسیارەشت دەست دەكەوێت (ئایا مام جەلال سەركردەەیەكی كارێزمای كورد) بووە یان نا ؟.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×