دوای ئەوەی بە فەرمی سەرۆک (دۆنالد ترەمپ) رایگەیاند لە لێدانی هەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران بە فڕۆکەی B2بەشێوەیە سەرسوڕهێنەر و یەکجار باش سەرکەتوو بوون، ئێران دەستی لە چەکی ئەتۆمی بەربوو، بۆ چەندین ساڵ بەرهەمهێنانی ئەم چەکە دواخرا، کاردانەویە جیهانی لەئاستی دەوڵەتە مەزنەکان و دیپلۆماسی و سیاسی و ڕاگەیاندنی بەدوای خۆیدا هێنا. لەنێو ئەمەریکاش سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن بە بابەتی ڕاپۆرتەهەوالی شیکاری، یان وتار و بابەتی تایبەتی قسەیان لەسە ئەگەر و گریمانەکانی لەهەمبەر کاردانەوەی ئێران کردووە و بەردەوامیشن.
ئەگەری گۆڕینی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
گۆڤاری بەناوبانگی ئەمەریکی (نیوزویک) لە بابەتێکی شیکاری بەماوی "حەوت بژاردە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران" لە ٢٣ حوزەیرانی ٢٠٢٥ ، کە لەلایەن (ماتیۆ تۆستیڤین) سەرنووسەری نیوزویک و (ئەمیر دافتاری) پەیامنێری نیوزویک لە لەندەن نووسراوە ئاماژە بە بژاردەکان و قسەکردن لەسەر هەریەکێک لەبژاردەکانیش کراوە، کە پووختەی بابەتەکە بەم جۆرە:
یەکەم: گفتوگۆی ئەتۆمی
هەرچەندە ترەمپ بە تەواوی ڕەتی دەکاتەوە ڕێگە بە ئێران بدرێت پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات، لەهەمان گاڤیشدا تاران ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری پیتاندانی یۆرانیۆم بێت و پێداگری لەسەر ئەوەش دەکات، کە تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاردەهێنرێت.
دووەم: کۆکردنەوەی پشتیوانی دیپلۆماسی
ئێران هەوڵ دەدات پشتیوانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی لە دژی ئەمەریکا لەقازانجی خۆی کۆبکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
سێیەم: هێرشی سەربازی
لە ڕاپۆرتە شیکارییەکی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوە کراوە، ڕەنگە ئێران بیر لە لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە، کە ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار سەربازی لەم بنکانەدا هەیە. ئەمەریکا بنکەی سەربازی لە بەحرەین، میسر، عێراق، ئوردن، کوەیت، قەتەر، سعودیە، و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەیە. ئەمانە پێیان وایە، ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆکار بۆ پەرەسەندنێکی مەترسیدارتر و ئەو کاتە ئەمەریکا دەتوانێت هێزی سەربازیی زیاتر بەکاربهێنێت.
چوارەم: پڕاگرتنی نەوت بۆ جیهانی
لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، کە نزیکەی ٪٢٠ی هەناردەی نەوتی جیهانی پێدا تێ دەپەڕێت، ڕەنگە کارێکی لەمجۆرە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پێکدادانی دەریایی لەگەڵ ئەمەریکا.
پێنجەم: بەکارهێنانی هێزی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە
هاوپەیمانەکانی ئێران وەکوو حوسییەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبنان دەتوانن بەشداری لە هێرش بۆ پشتیوانی ئێران بکەن، هەرچەندە بەهۆی هێرشەکانی پێشووی ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەمانە لاواز بوون.
شەشەم: ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی و هێرشی ئەلیکترۆنی
وەڵامێکی دیکەی ئێران ئەوەیە، دەتوانێت هێرشی زەمینی بەم گروپانە ئەنجام بدات، کە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک تیرۆریست دەستنیشانکراون.
حەوتەم: پەلەکردن لە بەرهەمهێنانی بەرنامەی ئەتۆمی
ڕەنگە ئێران دروستکردن و پەنادانی چەکی ئەتۆمی وەک تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی خۆی بزانێت. سەرەڕای لێدان و ئەو زیانە گەورەیە بە دامەزراوەکانی ئێران کەوتووە، تاران خاوەنی زانیاری و شارەزاییەکی دیارە پێویستە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەگەر بەردەوامی بە پیتاندن و بەرهەمهێنانی ئەتۆمی بدەن، دەبێتە هۆی پێشبڕکێیەکی مەترسیدار ناوچەیی و ڕەنگە ئەمەش هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕێت.
https://www.newsweek.com/seven-options-iran-after-us-attacks-2088902
دوور نییە پەلاماری هەولێریش بدرێت
لە (بی بی سی) شدا (فرەنک گاردنەر) لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بەم جۆرە قسە لەسەر کاردانەوە و گریمانەی هەنگاوەکانی ئێران دەکات و تەنیا لە بەشێکی بابەتە شیكارییەکی ئاماژە بەوە دەکات، دوور نییە پەلاماری هەولێریش بدات.
بابەتە شیکارییەکەی بەم ناونیشانە بڵاوکرۆدتەوە ( تۆڵەی ئێستا، یان تۆڵەی دواتر، یان هەرگیز تۆڵە نەکردنەوە: ئێران دەتوانێت هەنگاوەکانی داهاتووی چی بێت؟).
دوای ئاماژەکردن بە مووشەکەبارنکردنی یەکتر لەنێوان تەلئەبیب و تاران، هێرشە کتوپڕەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان، دۆخەکەی پتر ئاڵۆزکردووە، ئەم ڕۆژنامەنووسە لەبارەی ئەگەر و پێشهات و ئاڵؤزتربوونی قەیرانەکان دەنووسێت:
"ئایا پێویستە لە ڕێگەی تۆڵەسەندنەوە و ژێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، ململانێکان فراوانتر بکرێت، یان وەک (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئێرانییەکان کرد، دانوستان بکەن و بە کردەوەش دەستبەرداری بەتەواوەتی پیتاندنی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێران ببن؟"
ئەم ڕۆژنامەنووسە پرسێکی گرنگی دەروونی و واقیعی سەختی نێوەخۆی ئێران دەورووژێنێت و دەڵێت: "ئەم مشتومڕە ناوخۆییە لە کاتێکا بەڕێوەدەچێت، کە زۆربەی فەرماندە باڵاکانی ئێران سەیری سەرشانی خۆیان دەکەن و پرسیار دەکەن ئایا چ ساتێک دەبنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییە وردەکانی ئیسرائیل، یان پێشتر کەسێک لە ژوورە تایبەتییەکانیاندا بۆ مۆساد خیانەتی لێ نەکردوون". دەبێژێت بە شێوەیەکی ئێستا سێ بیرکردنەوەی جیاوازی ستراتیژیی لەبەردەم ئێرانە و هیچ کامیان بێ مەترسی نین "، لەوانە:
یەکەم: بەخێرایی تۆڵەی سەختەکە بکەرەوە
ئێران زەلیل کراوە، سەرەتا لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێستاش لەلایەن (شەیتانی گەورە)وە، تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریکا دۆخێکی تەواو نوێی مەترسیدار دەهێنێتە ئاراوە، نەک تەنها بۆ ئێران بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە. ئێران نزیکەی سێ هەزار مووشەکی لەهێرش دژی ئیسرائیل لەدەست داوە".
ڕۆژنامەنووسەکە ئاماژە بە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵات دەکات و لەنێویاندا ناوی هەولێریش وەکوو یەکێک لە ئامانجە سێرەلێگیراوەکانی ئێران دەهێنێت و دەنووسێت: "یەکێک لە نزیکترین و دیارترین بارەگاکان لە مینای سەلمانە لە بەحرێن کە بنکەی بەهێزی دەریاوانی ئەمریکایە، بەڵام ڕەنگە ئێران دوودڵیش بێت لە هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی عەرەبی کەنداو. ڕەنگە ئەگەری زیاتر ئەوە بێت کە بریکارەکانی لە عێراق و سوریا بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هەر یەکێک لە بنکە تاڕادەیەک دابڕاوەکانی ئەمەریکا لە ئەت تەنف، عەین ئەسەد یان هەولێر.
ئێران دەتوانێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری کەشتی جەنگی و هێزی دەریایی ئەمەریکا بدات، پێشتر و لەساڵانی ڕابردوو سوپای پاسداران بەکردەوە ئەمەی کردووە. گەورەترین فشار وتۆڵە داخستنی گەرووی هورمزە. سەرباری چاندنی مین لەدەریا توانای هێرشی ئەلەکترۆنی شان بەشانی کۆریای باکوور، ڕووسیا و چین هەیە. ئێران دەتوانێت لە ئامانجی ئابووریش بدات، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ دژایەتی دراوسێیە عەرەبەکانی لە کەنداو، کە لەم دواییانەدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتوونەتە ئارامکردنەوەی دۆخە ئاڵۆزەکانی نێوانیان.
دواتر تۆڵە بکەرەوە
ئەمەش بە مانای دواخستن و چاوەڕوان دێت، تاکوو ئەو کاتەی گرژییەکانی ئێستا خاو دەبنەوە و دواتر دەست بە هێرشی لەناکاو دەکات کە خودی ئێران کاتی هێرشەکان هەڵ دەبژێرێت. .
دوور نییە لەم جۆرە تۆڵەکردنەوە، کە بریتییە لە دواخستن تاکوو کاتی گونجاو، نوێنەرایەتییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەری، یان بازرگانییەکانی ئەمەریکا بگرێتەوە، تا دەگاتە تیۆری ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەنێویان ببەن.
بەجاریک وازبێنن و تۆڵە مەکەنەوە
ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە پێویستی بە دان بەخۆداگرتنی لەڕادەبەدەر دەبێت، بەڵام لە هێرشی پتری سوپای ئەمەریکا ڕزگاری دەکات. ئەمە وا دەکات ئێران تەنیا پەنا وەبەر چارەسەری دیپلۆماسی ببات و جارێکی دیکە و سەر لەنوێ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێ بکاتەوە. https://www.bbc.com/news/articles/c80pvg5nmrdo
ئێران دەتوانێت پەنا بۆ هێرشی ئەلەکترۆنی ببات
لە ڕاپۆرتێکی دیکە (سی ئێن ئێن)ی ئەمەریکی (نەدین ئیبراهیم و ڕیا مۆگۆل) لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا لە ڕاپۆرتێکی شیکاری چەند ئەگەر و کاردانەوەیەکی ئێرانیان لێکداوەتەوە، کە بەگشتی لەم خاڵانەی خوارەوە کۆیان کردۆتەوەوە:
یەکەـم: ئێران دەتوانێت بەرژەوەندییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە بکاتە ئامانج. تاکوو کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمەریکی لە عێراق هەن، ساڵی ٢٠٢٠ هێرشێکی مووشەکی ئێران پتر لە هەزار سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون، و هێرشەکان کاریگەریی لەسەر مێشیکان دروستکرد.
شڕۆڤەکاری (سی ئێن ئێن)ی ئەەمریکی (باراک ڕاڤید) دەڵێت: ئێرانییەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ئەمەریکا پەیوەندی بەم شەڕەوە بکات، هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئەوا تۆڵە لە هێزەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەکاتەوە.
دووەم: ئێران دەتوانێت بازرگانی نەوتی جیهان پەک بخات.
سێیەم: ئێران دەتوانێت پێشبڕکێ و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خێراتر بکات.
(ترینا پارسی) جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری ڕێکخراوی کوینسی نینستیت دەڵێت: (ترەمپ) تەنیا گەرەنتی ئەوەی کرد کە ئێران لە ٥ تاکوو ١٠ ساڵی دیکە نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لەهەمان کاڤدا گریمانەی ئەوەش دەکەن ئێران کەرەستە ئەتۆمییەکانی گواستبێتەوە.
چوارەم: لەکاتی ئێستادا ئێران دەتوانێت لە لێدانی ئیسرائیل بەردەوام بێت.
پێنجەم: ئێران دەتوانێت پەنا بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی، یان تیرۆر ببات.
شەشەم: ئێران دەتوانێت دانوستنەکانی لەبارەی چەکی ئەتۆمی دەست پێ بکاتەوە.
https://abc7.com/post/iran-response-us-strikes-how-abbas-araghchitehran-could-retaliate-attacks-donald-trump-administration/16821429/
داخستنی گەرووی هورمز، زیان بەخۆشی دەگەیەنێت
ڕۆژنامەی (گاردیان)یش لە شیکردنەوەیەکی هەواڵدا، ئاماژە بە چەند ئەگەرێکی ئێران دەکات، وەکو:
یەکەم: کردەی سەربازی
بە ئامانجی دوور کەوتنە لە پەرەسەندنی کێشە و قەیرانەکە. لەم بژاردەیەدا دوور نییە ئێران هێرش بکاتە سەر بەژرەوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە.
دووەم: پەنا بردنە بەر چارەسەری دیپلۆماسی.
دوور نییە ئێران بدات کۆتایی بە کاری تیمەکانی پشکنین بهێنێت، دوور یش نییە پەنا وەبەر هەنگاوی دیپلۆماسی ببات.
سێیەم: هەنگاوی پێشبینەکراوە.
لەوانە داخستنی گەرووی هورمز و بەئامانجگرتنی دەریای سوورە. لەکاتێکدا لێرەدا تەنیا ٪٢٠ نەوتی جیهان دابین دەکرێت، لەبیر نەکرێت ئێرە وەکوو کردەیەکی خوێنبەریش وایە بۆ ئێران و هەناردەی نەوتی لەم ڕێگەیەوە نەوەستاندووە. لەکاتێکدا سزای نێودەوڵەتی لەسەرە.
https://www.theguardian.com/world/2025/jun/23/first-edition-iran-israel-usbombings
دیماهی و سەرنج
ئەم جەنگەی دروشمەکەی دروستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی نوێیە، ئێران وەکو ئامانجێکی سەرەکی و کۆسپی هەرە مەزنی بەردەم ئارامی و سەرلەنوێ بیناکردنەوەی دەڤەرەکە دەبینێت. ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانی ئێران وەکو چین و ڕووسیا پەیوەندی بە ٤٥ ساڵ لە حووکمڕانی و دروشمی مەرگ بەر ئەمەریکا و ئیسرائیل و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران هەیە. فەرەنسا کە خومەینی بە فڕۆکەی خۆی هێنایەوە ئێران و ئەوەی ڕوویدا، تاکو ئێستا لە کاولکاری و جەنگ شتێکی دیکە بەدوای خۆیدا نەهێناوە، هەنووکە نەکارە چارەسەری قەیران وجەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکات.
لەتەک هەموو ئەم ئەگەر و گریمانە فرە و جیاوازانەوەی بۆ ڕووداوەکان کراوە، ئێران وەکو دەوڵەتێکی خۆسەپێن و دەسەڵاتی ناوەندیی و دوور لە دیموکراسی بەڕێوە دەچێت. خاوەنی بیرۆکە و سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبێکی ئایینە لەناوچەکەدا، کارتی زۆری لەبەردەستن، ئەگەر پێیان ڕابگات و دەرفەتی بەکارهێنانی هەبێت. هەرچەندە هەندێک لەکارتەکانی دوو سەرەن، بۆ نموونە بەکارهێنانی گروپە چەکدار و هاوپەیامنەکانی لەناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، یان هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کەنداو، مەرج نییە هەمان ئەو هێز و ئارستەیە بن، کە پێش ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەر لە غەزە هەیانبوو.
بۆ نموونە حزبوڵڵا کە مەترسیدارترین هێز و گروپی سەر بە ئێرانە، هەنووکە لە لوبنان ناتوانێت بڕیاری هێرش دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا بدات، چونکە بڕیار بەدەست حکوومەتی لوبنانە و هێزی چەکداری ناتوانێت لەدەرەوەی دامەزراسەی فەرمی سەربازی جووڵە بکات. ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، دواین قەڵای ئێرانییەکان بوو، سەرباری پاشەکشەی ڕووسیا لەناوچەکە، ئینجا لەڕیشە دەرهێنانی گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەشە.
ئێران ناتوانێت کارتی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، چونکە هەر کاتێک ئەمەریکا و ئیسرائیل بیانەوێت لەناوی دەبەن و کێشەکە قووڵتر و مەترسیدارتر دەبن.
ئێران ئاسان نییە بەرەی مقاوەمە لە عێراق دژی ئەمەریکا وەکو پێشتر بەکاربهێنێت، چونکە ئەوان ناتوانن لەسەر ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی سیاسی لەنێو عێراق ڕێکبکەون و یەکدەنگ بن.
کارتی بەکارهێنانی هێز و گروپە چەکدارەکان لە سیفەت و شێوازی ئەم جەنگە دوورە، چونکە جەنگەکە پەیوەندی بە تەکنەلۆژیا و موشەک و فڕۆکە و کۆنترۆڵی ئاسمانەوە هەیە، نەک سوپاسی کلاسیکی و هێزی چەکدار.
ئێران کارتی داخستنی ڕێڕەوی بازرگانی لە دەریا هەیە، بەڵام ئەم کارتە زیانی بۆخۆشی دەبێت، چونکە هەناردەکردنی نەوتەکەی ڕادەگرێت و زیان بەخۆشی دەگات.
کارتێکی دیکە موشەکبارانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایە، کە ڕەنگە ئەمە بەهێزترین و خێراترین کاردانەوە بێت. هێرشکردنە سەر بنکەکانی وڵاتەکانی کەنداو، کە هەنووکە بێلایەنن و هاوسۆزیش لەگەڵ ئێران دەردەبڕن، دوور نییە لە هێرشی لەمجۆرە، هەڵوێستیان بگۆڕێت و پاڵپشتی ئەمەریکا بکەن.
دەسەڵاتی ئێستای ئێران بەهێزترین دەرفەتی بەردەمی ئەوەیە ستراتیژی دەوڵەتەکەی بگۆڕێت و بگەڕێتەوە نێو ئێران و بایەخ بە خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بدات و ئازادی بە پێکهاتەکانی بدات، کە دوور نییە ئەمەش نەکات، وەکو (ترەمپ) گووتی: "ئێرانێکی گەورە و مەزن، یان گۆڕێنی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران".
پێ ناچێت ئەم بیرۆەکەی سەرۆکی ئەمەریکا پێشوازی لێ بکەن، چونکە پێیان وایە لە ژێر چەقۆی فشاری نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدەن. ئێران تەنیا یەک دەرفەتی زۆر لاوازی لەبەردەمە "واز لە چەکی ئەتۆمی بهێنێت، ملکەچی ڕاسپاردەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بێت، گۆڕانکاری مەبەستداری سیاسی و هەقیقی لەنێوەخۆی بکات، واز لە خەونی ئیمپراتۆریەتی مەزهەبگەرایی بهێنێت" ئەمانەش وەکو ژەهر خواردنەوەیە بۆ دەسەڵاتی هەنووکەی ئێران، بۆیە نە خۆگونجان لەگەڵ ڕۆژئاوا بێ ئەمەریکا و نە بەکارهێنانی هێز بۆ لێدانی دوژمنەکانیان دەوڵەتە پیر و پەککەوتەکەی ئێران ڕزگار دەکات و لە تەپین و هەڵوەشانەوە دەپارێزێت.
پێ ناچێت سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە دەرەوەی ئێران و نێو ئێرانیش دەرفەت بە خۆبەهێزکردنەوەی ئێران بدەن. بۆیە بیرکردنەوە لەهەر بژاردەیەک دژی ئەمەریکا هەزار ئەگەر و مەگەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، تەنیا بژاردە دیپلۆماسییەکانی دوای هێرشەکانی ئیسرائیلیش وەکو خۆیان نەماون و ئێران لە بازنە و گۆشەیەکی خراپی مەترسیدارە، دەرفەتی مەرج و مەرجکاری یەکجار لاواز و سیسە.