با بەچیرۆکی ڕۆما دەست پێ بکەم، پێش ئەوەی باسی ئەو نامە دۆزراوە بۆ میللەت بکەم. دەگێڕنەوە ڕۆما ئابلووقە درابوو، دەسووتا، خەڵک بۆ خۆپارێزی ڕوویان لە قەڵا سەختەکەی ڕۆما دەکرد. ئەو دوو بەرپرسە سەربازییەی ئەرکی پاراسنی ڕۆمایان پێ سپێردرابوو، لە گفتوگۆ و دانیشتن و مشتومرێکی یەکجار سەخت و گەرم و بێ کۆتایی و بێ ئاکام بوون. هەر لەو کاتەشدا خەڵک داوای ئەوەی لێ دەکردن بڕیاری بەرگری بدەن و بەکردەوە کار بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بکەن، بڕیار بدەن قەڵاکەی ڕۆما بپارێزن. کەچی ئەوانە مشتومڕیان درێژەی کێشا و خۆیان چیڕ کردەوە و ملیان نەدا، دەیانویست بزانن "مریشک لە هێلکەیە، یان هێلکە لە مریشکە".
تەواو، وابزانم پێویست ناکات هیچ شیکارێکی ئەم بەسەرهاتە و ڕووداوەکان و تێفکرین و لەقووڕ چەقینی بەرپرسان بکەین، پەیامی گوتاری ئەم بەسەرهاتە ڕوونە.
لە نێو مێژوودا پیاسەم دەکرد، کەشێکی ئاڵۆز، سەخت، ناکۆکی بێ ئەنجام و ململانێی کلاسیکی بەناوی نوێنەرایەتی خەڵک و من منانێ و ڕەفتاری کراوە و مۆێرنە باڵادەست بوو، هەرچی کەسێکت دەبینی، پەکوو، پەکووی بوو، لەدەست داڕمانی دۆخەکە و گرژیی و فشاری دەروونی و سیاسی و دارایی. لەم گێژاوەدا نامەیەکم دۆزییەوە بەناوی "نامەیەک بۆ میللەت" کە لەڕاستیدا نامەکە لەنێوەڕۆکدا ئاراستەکرابوو بۆ هەردوو حزب (پارتی و یەکێتی) و ناڕاستەوخۆش تلیکەی بۆ حزبەکانی دیکەش درێژ کردبوو. تێیدا نووسرابوو، ئەرێ بەرپرسان، هۆ خەڵکینە قوربانینە، گەورە و بەڕێزینە، هێژایان. ئەوە خەریکە هەرێم وەکو ڕۆما (بە قسە و شەڕی دەروونی و گوتاری دوژمنکارانەی ئێرە و ئەوی، بە ڕەفتاری بەرلەشکری خۆمانە و تابووری پێنجەم ... تاد هەموو شتێک بێ بەها دەبێت)، کەچی ئێوە هێشتا هەر خەریکی دانوستان و گفتوگۆ و مشتومڕن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. نامەکە دەبێژێت: کوڕینە، مەردینە، کوردینە تکایە، تکایە، تکای خوێنتان لێ دەکەین، یەکگوتاریی و یەکهێزی و یەکهەڵویستیتان لەم قۆناغە با ببێتە کردار، حزب تەنیا بۆ بەرگری لەوەها دۆخێکی سەخت بوونی پێویستیە و چارەسەری قەیرانەکانیش ئەرکی ئێوەیە. تکایە کاتی مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر (هێلکە و مریشکەکە) نییە، ئەوەی دەیکەن بەهیج پێوەرێک گونجاو نییە، بڕیار بدەن و چارەسەرێکی لۆژیکی ئەم دۆخە بکەن و مەردانە و کوردانە بیر بکەنەوە. لێ گەڕێن ئەوەی لە دەنگدان لەدەستتان دا، لە پێکهێنانی حکوومەت بەدەستی ناهێنن، یان بەپێچەوانە، بۆیە وەخۆ کەون لەپێناو:
یەکەم: بوودجە و مووچە و داهات چارە بکەن، دەنا بە مووچە دەیانەوێت جینۆسایدی سیاسی و هەرێم قڕان ئەنجام بدەن.
دووەم: کە مووچەتان چارە کرد، گومانتان لە دڵسۆزی هەر کەسێک و لایەنێک هەیە، بەیاسا سزایان بدەن.
سێیەم: کابینەی حکوومەت پێکبهێنن، واز لە خۆ فەرزکردن، یان داواکاری سەپاندن بهێنن.
چوارەم: ستراتیژی کاری هاوبەش و هەماهەنگی ڕاگەیاندن (وەکو ئەرکی هاوبەشی نیشتمانی و گوتار لەپێناو بوژاندنەوەی تاک و پەرەپێدانی سیاسی هەرێم و یەکگوتاری) ڕێکبخەنەوە. ئەم ڕاگەیاندن و قساندنەی هەنووکە هەیە، لە هێرشی لەشکرێکی پڕچەکی مۆدێرنە مەترسیدارترە.
لەدیماهی دەبێژم، نامەکە بۆ میللەت نێردراوە و داوایان لێ دەکات چتر چاوەڕوان نەبن، بەڵام ئەوە من بۆ ئێوەم نارد، هەر بۆ ئاگاداریتان هیچ ناونیشانێکیشم شک نەبرد، تا نامە دۆزراوەکەتان بۆ بنێرم، بۆیە لێرەدا بڵاوم کردەوە و وەسەلام.