دەوڵەتی تورکیا و ناچارکردنی ئۆجەلان بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە!!

عەبدوڵا مەحمود
  2025-05-21     137

لە نێوان ٥ بۆ ٧ ی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ هەمینی خۆی بەست و لەم کۆنگرەیەدا لەسەر داوای ڕیبەری زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلان بریاری خۆ بەدەستەوەدان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دا.

بریاری بەستنی کۆنگرەو هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بریار و ویستی سەربەخۆ و ئازادانەی پەکەکە نەبووە، بەڵکو بریار و ویستی دەوڵەتی تورکیا و ناچارکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانە بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە وەکو هێزێکی باڵادەست لەناو بزوتنەوەی کوردایەتی لە ئاستی ناوچەکەو بەتایبەتیش لە تورکیادا. پەکەکە توانا و ئیرادەی رەتکردنەوەی ویستی ئۆجەلانی نەبوو، کە دەوڵەتی تورکیا دای سەپاند.

فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا، کە سەرچاوەو هۆکاری پرسی کورد و ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستانی تورکیا و کاراکتەرێکی بەهێزی وەستانەوە بەدژی چارەسەری پرسی کوردە لەبەشەکانی تری کوردستاندا... لە چوارچیوەی ئارایشی نوێ ناوچەکەدا و بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەرهاوێشتە تازەکاندا چ لەناوخۆی تورکیا و چ لە ئاستی ناوچەکەدا، ناچار بوو پرسی کورد لە چوارچێوەی پەکەکەدا قاڵبرێژی بکات و باڵادەستی پەکەکە بەسەر بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورددا، کەڵک لێوەربگرێت.

دەوڵەتی تورکیا بۆ شان خاڵی کردنەوە و گەردن ئازایی خۆی بەرامبەر بە ستەمی نەتەوایەتی لەوەش زیاتر بۆ رەوایەتی بەخشین بە سەرکوت و بێمافی سیاسی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، پەکەکەی بەوێنەی کیشەی تورکیا و "تیرۆر" خستۆتە ڕوو، لە کاتێکدا کیشەی دەوڵەتی تورکیا پەکەکە نەبووەو نییە... بەڵکو خودی رژێمی تورکیایە. پیکهاتنی دەوڵەتی تورکیا و دەستوری ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای "تورک" بوون و بەزۆر بە تورک کردندا، و لە پاڵیدا ستەم و بیمافی و سەرکوتی خەڵکی کورد زمانی تورکیا، هۆکار و سەرچاوەی کیشەیەکی سەرەکی تورکیایە... پەکەکەو هیزەکانی تری بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، دەرهاویشتەی ماهیەتی دەوڵەتی تورکیا و ستەم و بێمافیەکی ئاشکرایە بەرامبەر بەخەڵکی کورد زمان. پەکەکەو هیزەکانی تری بۆرژوازی کورد، بەکەڵک وەرگرتن لە پرسی نەتەوایەتی و لە پێناو بەشداربوون لە دەسەڵاتی تورکیادا، هاتوونەتە مەیدان و داوای بەشی بۆژوازی کورد چوارچیوەی تورکیادا دەکەن. دەوڵەتی تورکیا لە جێگای وەڵامدانەوە بە کێشەی کورد لە ڕیگای چارەسەری پرسە سیاسیەکەیەوە، دەیەوێت بە کەنار خستنی پەکەکەو خۆ هەڵوەشاندنەوەی خەونی کۆتاییهێنان بە کیشەی کورد زامن بکات و درۆی کۆتاییهێنان بە" تیرۆر" بکاتە دەستکەوتی حکومەت و ئاک پارتی.  پەکەکەش بە مل دان بە خواستی سەرۆکە زیندانیکراوەکەی، کە ئەویش بە ملدان بە ویستی تورکیا، بانگەوازی بەستنی کۆنگرەو هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردووە، دەیەوێت لە زیندان ئازاد بێت و لەوەش زیاتر لە ژێر ناوی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و زامنکردنی بەشی بۆرژوازی کورد لە دەوڵەتی تورکیادا، پرسی کورد و ستەمی نەتەوایەتی سەر خەڵکی کوردستان، بشارێتەوە و بە کۆتا هاتنی بیخاتە ڕوو.

نە دەوڵەتی تورکیا بە ئازادکردنی ئۆجەلان و بەشداری بۆرژوازی کورد لە دەوڵەتی تورکیادا، دەتوانێت پرسی کورد کۆتایی پێ بهێنێت و نە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دەتوانێت کیشەی دەوڵەتی تورکیا و بەتایبەتیش پرسی کورد چارەسەر بکات. تا ئەم ساتە وەختەش لە گفتوگۆی نێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیادا، باسی چارەسەری پرسی کورد، نەهێنراوەتە ئارا و لە چوارچیوەی " ئاگر بەست، پرۆسەی ئاشتی، کۆتاییهێنان بە تیرۆر" تێنەپەڕیووە.  دەوڵەتی تورکیا لە کەنار و لە ئاستی محەلیەوە و لەسەر داوای هیزێکی سیاسی لە جغرافیایەکی دیاریکراودا، دیموکراتیزە ناکرێت و نابێتە سەرچاوەیەک بۆ چارەسەری پرسە سیاسیەکانی تورکیا و بەتایبەتیش پرسی کورد... دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی!! یان دەولەتێکی عەلمانی نا قەومی، پیویستی بەوەیە ناسنامەی هاوڵاتی بوون بکاتە مەبنای دەوڵەت و دەستور و ناسنامەی" تورک" بوون، لە سیستەمەکەی دابماڵێت... هاوڵاتیانی ناو تورکیا، بێ گوێدانە ناسنامەی قەومی و مەزهەبی و دینی لە بەرامبەر بەیاسادا یەکسان بن و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت. بەجیا لەوە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و هەر هیزێکی دی... ئەگەر گرژییەکی کاتی چارەسەر بکات، بەڵام پایەکانی ستەم و بیمافی و چەوساندنەوە وەکو خۆی دەهێڵتەوە و ژینگەی دروست بوونی هیزگەلی تری لەچەشنی پەکەکەو هێزی هاوشیوەی فەراهەم دەکات.

بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و پەکەکە بەرهەمی هەلومەرجێکی دیاریکراو و ستەم و هەڵاواردنی سیاسییە لەسەر بنەمای قەومی، بۆ ئامانجی دیاریکراوی خۆی. هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و گەیشتنی بۆرژوازی کورد بە دەسەڵاتی مەرکەزی تورکیا، یەکسان نییە بە کۆتاییهێنان بە ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی... ئەو فۆرمە لە بەزۆر  و ناچارکردن بە خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەو ملدانی پەکەکەو ئاپۆ بەو ویستەی دەوڵەتی تورکیا، ریشەی لە فاشیزم و ملهوری تورکیا لەلایەک و بن بەستی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و و سازش لەسەر بنەمای ئەو بن بەستەیە، لەلایەکی ترەوە.

جوڵانەوەی ناسیونالیستی کورد، نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، رووبەرووە لەگەڵ شکست و پاشەکشەی سیاسی و داکوژانی ئاسۆکەی.

نەریتەکانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، مایەپوچ بوون. گوشار لە دەوڵەتە مەرکەزییەکان لە رێگای نەریتی دەست بردن بۆ چەک، کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی وڵاتەکان و ململانێکانیان... وەکو دوو نەریتی جێ کەتوو وە ئولفەت پێوەگرتووی بزوتنەوەی کوردایەتی، بە کۆتایی خۆیان گەیشتوون. ملدانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ویستی دەوڵەتە ناوەندییەکان و خۆجوتکردن لەگەڵیان و بەهرەمەند بوون لە بەشداری دەسەڵاتی مەرکەزییدا، ریشەی لەو واقعیەتە تازانەدایە... پەکەکە لە تورکیا، یان حزبە ناسیونالیستەکان لە ئیران... ناتوانێت لە رێگای دەستبردن و نەریتی چەکدارییەوە بە جێگایەک بگەن، یان لە ڕیگای کەڵک وەرگرتن لە ناکۆکی نیوان ئەو وڵاتانە، خۆیان رابگرن. بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ یەکتری زۆر زیاتر لەو ناکۆکیانەیە، کە بزوتنەوەی کوردایەتی بتوانێت وەکو پێشوو پشتی پێ ببەستێت.

چ بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی چ پەیامی ئۆجەلان بۆ "ئاشتی" و دواتر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئامادەیی حزبی دیموکرات بۆ مەرحەمەتی ئیران... ریشەی لەو ئاڵوگۆرانەدایە.

دیارە کۆتاییهینان بە نەریتی بەرامبەرکێی چەکداری، بەجیا لە هۆکارەکانی، هەنگاوێکی روولەپێش بە سودی خەڵکی ناوچەکەو ململانیی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە. لەوەش زیاتر بەسودی بزوتنەوە هاوبەش و رادیکاڵ و پێشکەوتنخواز و چەپ و کریکارییەکانە و بەناچار ململانێکان لە کەنارەوە دەگوازێتەوە قوڵایی و ناو شارەکان و نەریتەکانی بەرامبەرکێیەکان دەگۆرێت.

ئێستا کە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندتەوە و ویستی دەوڵەتی تورکیا بۆ تورکیایەکی "بێ تیرۆر" لە دیدی ئەردۆغاندا دەبێتە واقع، کاتی ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا... میلیتاریزەکردنی شارو شارۆچکەو دیهاتەکانی کوردستانی تورکیا کۆتایی پێ بهێنێت. هاوڵاتیان بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی قەومی و دینی لە بەرامبەر یاسادا یەکسان بن... سەرکوتی سیاسی نەهێلرێت، زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن... دەستبەسەرکراوەکان و لەسەر کار لادراوەکان بە هۆکاری سیاسی بگێڕدرێنەوە شوینی خۆیان... ئازادی کاری سیاسی و ریکخراوەیی بەفەرمی بناسرێت، زەمانەتی ئەمنیەتی هەموو ئەندام و کادر و سەرکردەکانی پەکەکە کە خۆیان رادەست دەکەن یان جێگای تر بۆ ژیان هەڵدەبژێرن، زامن بکەن، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و ئازادی بەیان و بیرورا بە فەرمی بناسرێت و دەستێوەردان و ملهورییە سەربازییەکانی لە عیراقدا کۆتایی پێ بهێنێت...تاد. ئەمانە ئەو هەنگاوە سەرەتاییانەن کە دەتوانێت نیشانی بدات دەوڵەتی تورکیا، چەندە پابەندە بە بەڵینەکانی و ویستی هەیە بۆ سەقامگیری و ئاشتی و چوونە ناو برگەیەکی تازە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×