دوای ١٢ رۆژ جەنگی نیوان ئیسرائیل و ئیران، شەڕ ڕاگیرا. ئەم جەنگە کە لە بنەرەتدا جەنگ و ململانێی بلۆک بەندییەکانی دنیاییە لە هەلومەرجێکی تازەدا، بەتایبەتی جەنگ و ململانێی نێوان ئەمریکا و غەرب، لەگەڵ چین و روسیایە.
شکست لە بنیاتنانی دنیای یەک قوتبی کە ئەمریکا بەدوای شکستی بلۆکی شەق بەدوایەوە بوو، بەجەنگی کەنداو دەستی پێکرد، بەڵام لە ئاکامی شکستی ئەمریکا و ناکام مانەوەی لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەکردەوە جێگای خۆیدا بە پێگرتنی دنیای چەند جەمسەری کە چین و روسیا یەکێک لە جەمسەرە بەهێزەکانی دنیای چەند قوتبی ئەمڕۆن.
جەنگی ئیسرائیل کە بە پشتیوانی و هاوکاری راستەوخۆی ئەمریکا و رۆژئاوا لەدژی فەلەستینیەکان، لە پێناو قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەستی پێکرد، توانی تاڕادەیەکی زۆر هێزە نیابەتیەکانی جمهوری ئیسلامی لەوانە حەماس و حزب اللە و لاواز بکات و گورز لە حوسییەکان بدات، تا دەگاتە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد... هەموو ئەوانە پێگەی ئێرانی وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی وابەستە بە بەرژەوەندیەکانی چین و روسیا، لاواز کرد. لاوازکردنی ئیران، روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئارایشی رۆژهەڵاتی ناوەراستی بەتەواوەتی بەرەو گۆڕانکاری برد. پێگەی تورکیا و ئیسرائیلی بردە سەرەوە. سوریای لەسەر بنەمای وەرچەرخان بەرووی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و غەرب و ڕیکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل سازدایەوە... ئەوانە هەنگاوی گرنگ لە ئامانجە فراوانترەکانی ئەمریکا و غەرب بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و بە ئاقاری بنیات نانی" رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ". هەنگاوی دووەمی ئەمریکا و غەرب بۆ تەواوکردنی پرۆسیسی "رۆژڵاتی ناوەراستی نوێ" بەردەوامیدان بوو بە کۆتاییهێنان بە هیزە نیابەتیەکانی تری کۆماری ئیسلامی ئیران لەوانە جڵەوکردنی حوسییەکانی یەمەن، لێدان و نەهیشتنی هیزە میلیشیاییەکانی عێراق، دوورخستنەوەی عێراق لەژێر هەژموونی جمهوری ئیسلامی، زیاتر لاوازکردنی ئیران و تەریک خستنەوەی...تاد.
ئەمریکا و غەرب، لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیدا بۆ سازادانەوەی ئارایشی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، وەکو حەوزەیەکی گەورە و سەرچاوەیەکی زۆر زەبەندی وزە و دەستی کاری هەرزان، پێویستیان بە لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان بوو، لەپێناو گۆرێنی ناوچەکە بە مەیدانی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوریی و بازرگانییەکانیانیان. لە دۆخێکدا کە هەژموونی چین و روسیا بەهۆی روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و لاوازبوونی ئیران، بەرەو خوار هاتبوو. ئیسرائیل بەهاوکاری و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا، لە جەرگەی گفتوگۆکانی ئیران و ئەمریکادا، هێرشی کردە سەر ئیرانی پەڕو باڵکراو. ئامانج لەو هێرشە پاساوەکەی چەکی ئەتۆمی و هۆکارە سەرەکیەکەی رامکردنی ئیران و خۆبەدەستەوەدان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و دورخستنەوەی ئیران لە هاوکاری و پەیوەندی ستراتیجی دوورمەدوا لەگەڵ چین و روسیا بوو. لە یەکەمین هێرشەکانی ئیسرائیلیدا بۆسەر ئیران، ئێران گورزێکی قورسی بەرکەوت کە ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سوپای قودس و زانای ئەتۆمی و کوژران و چەندین دامەزراوەی سەربازی و ئەتۆمی زیانی زۆریان بەرکەوت، ئەم هیرشانە بۆسەر ئیران لە کاتێکدا کرا کە ئیران و ئەمریکا لە گفتوگۆدا بوون و سەرۆکی شاندەکانی گفتوگۆ وە خودی ترەمپ باسیان لە بەرەوپیشچوونی گفتوگۆکان دەکرد، بەمەش ئیران بەتەواوی غافڵگیر کرابوو. بەڵام ئیران توانی ڕیگە لە شپرزەبوون و پەشۆکان و لەدەست دەرچوونی هەژموونی ناوخۆی و ئەمنی و داڕمان بگرێت و توانی ریگە لە لەدەست دەرچوونی کۆنترۆڵ ببەستێت. یەکەمین گورزی بەهێزی ئیسرائیل سەرباری سەختی و کاریگەرییەکانی نەیتوانی کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئیران توشی دارمان بکات، ئیران بە خۆگرتنەوە و هاتنە دەست و بۆمبابارانکردنی ئیسرائیل و شارە سەرەکیەکانی لە رێگای موشەکاکانی، لەوانەش زیاتر برینی هیزی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمریکا و ئیسرائیلی لە خەوێکی قوڵدا بە ئاگا هێنایەوە درۆی لە شکان نەهاتووی هیزی بەرگری پۆلاێنی و قەلغانی بەرگری هەمەچەشنی، پوچەڵ کردەوە. شارە سەرەکیەکانی، ئیسرائیلی فەلەج کرد و ژیانی راگرت. ئەمە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ناچاوەڕوان کراو و شۆک هێنەر، بوو. درێژە کیشانی جەنگ و بەردەوامی هیرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئیران و وێرانکارییەکانی، نەیدەتوانی وەڵام بێت بە ڕیگریکردن لە شەلەل بوونی ژیان لە ئیسرائیل و بەرگریکردن لە موشەکەکانی ئیران بۆ ناو قوڵایی شارە سەرەکیەکانی. ئەم دۆخە ئەمریکای ناچارکرد زوو بێتە ناو جەنگەکە. هاتنە ناوەوەی ئەمریکا و بۆمباباران کردنی بنکەی ئەتۆمیەکانی فۆردو نەتەنزو....تاد، زیان گەیاندن پێیان، بووە هەنگاوێکی ناچاری بۆ بەرگرتن بە درێژە کیشانی جەنگ و پاساو بۆ کۆتاییهینانی. سەرئەنجام دوای ١٢ رۆژ لە بۆمباباران و قوربانیانی زۆر لە خەڵکی بێتاوانی هەردوولا، هەردوو لا رەزامەندیان لەسەر راگرتنی جەنگ دا.
دوای بۆرودمانەکانی ئەمریکا، ئێران گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی لە قەتەر کردە نیشانە... هەر چەندە ڕیکەوتنێک لەسەر ئەم وەڵامدانەوەیە هەبووە، هیرشەکە زۆرتر سمبولیک بوو، بەڵام هەڵگری دوو پەیامی ئاشکرا بوو... یەکەم: ئیران نیشانیدا کە هێشتا دەتوانیت بنکەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بکاتە نیشانە و بپێکێ. دووەم: پەیامێک بوو بە وڵاتانی ناوچەکەو کەنداو کە ئێران وەک هێزێکی کارا هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا ماوەو هەیە.
لە جەنگی ١٢ رۆژەدا، ئیران گورزی سەربازی گەورەی بەرکەوت، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل نەک بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن، بەڵکو سەرەتایی کۆتای رەوەندێک و پێچەوانەکردنەوەی هاوکیشەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆ رادەستکردن و رام کردنی ئیران و دوورخستنەوەی لە هاوپەیمانیەتی ستراتیجی و درێژ مەودا لەگەڵ چین و روسیا و لاوازکردنی بوو. ئێران بە بەرگری کردن و خۆ رادەست نەکردن، بەواتای نا وتن بە پەیوەست بوون بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و غەرب، هەم ئەو ئامانجە سەرەکی و بناغەیەی ئیسرائیل و ئەمریکای شکستدا، هەم ئامادەیی و توانایی بۆ دوبارە هاتنەوەی بۆ نێو کایەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە، نیشاندا. جیا لەوانە هیزە نیابەتییە شکست خواردوەکانی ئیران دەخاتەوە سەر کەڵکەڵەی دوبارە خۆ سازدانەوە و ئومێد پەیدا کردنەوە.
ئیران کە ماوەیەکی زۆر لە رێگای هیزە" پرۆکسیەکان/ نیابەتیەکان" ەوە، ئامادەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەژموونی زاڵ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو غەربی لە مەنگەنە دابوو، ئامادەیی بۆ جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل نەبوو، بەڵام کە بەسەریدا سەپا، توانی بەرگری بکات و ناوجەرگەی ئیسرائیل کە رووبەریكی سنوردار و کەمی هەیە بکاتە نیشانە. دەتوانین بڵێین روبەری فراوان و گەورەی ستراتیجی و جیو سیاسی ئیران، لەبەرامبەر بە جغرافیای کەمی ئیسرائیلدا هۆکارێک بۆ ناکامی ئیسرائیل و ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانیان بوو.
ئاکامی ئەم جەنگی ١٢ رۆژەیە، ناکام کردنەوەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دوبارە سەر بەرزکردنەوەی ئیران لە ناوچەکە، ئومێد بەخشینەوە بە هیزە نیابەتیەکانی... وە راگرتن و دواخستنی ئامانجەکانی تری ئەمریکا و غەرب بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەتایبەتیش ناکامکردنەوەی ئەو ئامانجە بوو کە خوازیار بوو رۆژهەڵاتی ناوەراست ببێت بە زۆنی باڵادەستی تاک لایەنەی ئەمریکا و غەرب و دوورخستنەوەو کەنار خستنی چین و روسیا.
ئاکامێکی تری جەنگی ١٢ رۆژە، خۆکۆکردنەوەی رژێمی کۆنەپەرستی ئێران و هەوڵە بۆ ڕیکخستنەوەی ریزە ناوخۆییەکانی، دوبارە هەوڵدانە بۆ خۆچەکدارکردن و بردنە سەری تواناییە سەربازی و لەوانەش بەرگری ئاسمانی، پاشەکشەکردن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، دەستبردنە بەشەپۆلێکی لە سەرکوتی نەیارانی سیاسی و رابەرانی کریکاری و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت.
ئەم جەنگە دوانزە رۆژەیە، بەجیا لە ئامانج و ئاکامەکانی، هاوکات قوربانیانی زۆری هەیە. قوربانی یەکەمی ئەم جەنگە خەڵکی بێتاوان و کاولکاری لە ئیران و ئیسرائیل، ناکامی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئامانجەکانیان، عەزمەتەلەبی ئیران ئاریامیهری و سلیبریتیەکان، ناسیونالیستە کوردەکان و ئەو چەپانەن کە هەموویان ئاوات و ئومیدی خۆیان بەلاواز بوون و روخاندنی جمهوری ئیسلامی لە رێگای جەنگ و ملهوری و بۆمب بەستۆتەوە بۆ دەستراگەیشتن بە سوچیکی دەسەڵات.