دەربارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق...

عەبدوڵا مەحمود
  2025-10-17     239

11-11 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەدەچێت. ئەم هەڵبژاردنە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەدەچێت، کە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان، بەشێوەی گشتی لەژێر هەژموون و کاریگەرییەکانی روداوەکانی دنیاو رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدایە. بەجیا لە کاریگەرییەکانی ئاڵوگۆرەکان، پەلی زوربەی وڵاتانی دنیا بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە، لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندایە و راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخ و بریاری سیاسیدایە.

جیا لەوانە پرسی هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستاندا، هیندەی بۆ رتوشی دەسەڵاتە، نیو ئەوەندە پەیوەندی بە وەدیهێنانی کەمترین ئاڵوگۆڕی روکەشیش نییە.

جوڵانەوە و حزبە سیاسیە باڵادەستەکان چ لە عێراق و چ لە کوردستاندا، هەژموونی خۆیان بەسەر هەموو کایەکان و جومگەکانی کۆمەڵگەدا گرتووە و کایەو بوارێک نەماوە کە دەستی حزب دەستی پێی نەگەیشتبێ، لە کوردستاندا تەنانەت بنەماڵەی دەسەڵاتدار بەجیا لە حزبەکانیان، دەستیان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا باڵادەستە.

پاوانکردنی هێزی چەکدار و ئەمنی و هەواڵگری، بریاری سیاسی، زانکۆ، خوێندن و پەروەردە، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری، داهات و سامان، بەڵیندەرایەتی و بازرگانی، دامەزراندن و هەلی کار، میدیا...تاد...گۆشە بەگۆشەی ئەو کایە سەرەکیانەی کۆمەڵگەن کە حزبە باڵادەستەکان و بنەماڵەکان، دەستیان لە گەرویان گیر کردووە. لەدوخێکی ئاوادا بەتایبەتی کە حزب هیزی چەکدار و دادگا و داهاتیان کۆنترۆڵ کردووە، پیش وەختە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە سودی ئەو حزب و بنەماڵە سیاسیانە یەکلایی کردۆتەوە و هیز گەلی سیاسی تر و نەیاری دەسەڵات شانسی دەستگیر بوون لە دەسەڵات و بریاری سیاسییان لێ زەوتکراوە. تەنانەت شیواز و مەرجەکانی بەشداری لە هەڵبژاردندا، بۆ هیز و لایەنی سەربەخۆ و چەپ، بۆ رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو کریکاران و ژنان و لاوان و سەخت و پڕ کۆسپە.

لایەنێکی تر کە پرسی هەڵبژاردنەکانی لە عێراق و کوردستاندا، بۆ گۆرانکاری روکەشیش پێش وەختە بن بەست کردووە، داماڵینی تاکە لە ناسنامەی هاوڵاتی و کردنیەتی بە تاکی قەومی و دینی و تایفی. کورد و عەرەب، شیعەو سونە و لەناو ئەو دابەش کاریەشدا، حزبی و ناحزبی، بنەماڵەیی.

ئەم دۆخە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، وای کردووە هاوڵاتیان بڕوایان بە گۆرانکاری و هەڵبژاردن نەمێنێت و بەشداری تیادا نەکەن، ئەمەش ئەگەر لایەنێکی نیشانەی بێ ئومێدی بە هەڵبژاردنەکان بێت، لایەنێکی تری نیشانەی چوونە سەری هوشیاریی و لەوەش زیاتر هوشیاری چینایەتییە.

لە هەموو خولەکانی پیشووی هەڵبژاردنەکاندا، چونکە هیچ پەراوێزیک بۆ بەشداری چەپ و کۆمۆنیستەکان، بۆ خەڵکی ئازادیخواز و پیشکەوتنخواز، بۆ رابەرانی کریکار و چالاکوانی مەدەنی و فەراهەم نەبووە، هیز گەلێ بۆرژوازی کە دابەشی سەر قەوم و دین و تایفە بوون و لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی مافی هاوڵاتی بوون، مافی هاوڵاتیانیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا زەوت کردووە. هاوکات بەکەڵک وەرگرتن لە جوڵاندن و هەڵخراندنی هەستی نەتەوەیی و تایفی و دینی، چوارچیوەیەکی تایبەتیان بە هەڵبژادنەکان داوە. چوارچیوەیەک کە مانەوەی هەرکام لە تایفە و ئیتنکیانەی بەستۆتەوە بە دەنگدان بەو هیزە تایفی و قەومی و دینیانە.

خواستەکانی ژیان و ئاسایش، نان و خزمەتگوازری و موچە و خزمەتگوزارییەکان، مافە فەردی و مەدەنیەکان، گێرانەوەی دەخالەتی خەڵک لە چارەنووسی سیاسی خۆیاندا، تا دەگاتە مافی سەلامەتیی، مافی فێربوون، ئاسوودەیی ئابووری، یەکسانیی ژن ‌و پیاو، ئازادییەکان... کە پرسی گرنگی هاوڵاتیانن نەبوونەتە مەبنای بانگەشەو بەرنامەی هێز و لایەنە سیاسییەکان، لە جێگای ئەوە خواستی بەرگری لە ئیتنک و مەزهەب و تایفەکان و بەهیزکردنیان لەبەرامبەر بە یەکتریدا بەدەستەوە گیراون. ناسنامەی عەرەبەکان، شیعەو سونە، کوردەکان... بوونەتە ناسنامەی کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان. واوەتر لەوە پیکهینانی بلۆک و جەمسەرەکان بەهەمان شیوە لەسەر بنەمای مافەکانی هاوڵاتیان و پاکیجی خواستەکانیان، پێک نایەن، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرگری لەو ناسنامانە پێک دێن.

ئەزموونی پێنج خولێ پیشووی هەڵبژاردنی عێراق و خولەکانی هەڵبژاردنی کوردستان...ئەو راستیەی نیشانداوە، کە ئەگەر ئاڵوگۆڕیکی بەرجەستەو دیار روی دابێت، ئەوەیە کە ئەندام و پەرلەمان و لیست و قەوارە سیاسیەکانیان، بوونەتە ملیاردیڕ و ملیۆنیر و هاوڵاتیانێش هەژار تر و و بێ خزمەتگوازری تر و دۆخی ژیان و گوزەرانیان خراپتر.

تەنانەت ئەگەر لایەن و هیزێک وەکو ئۆپۆزیسییۆن لە پەرلەماندا خۆی نیشاندابێت و ویستبێتی ڕیگری گەورە لە پرۆژەی دەسەڵات بکات، یان زێدەرەوی بکات، و بەرژەوەندییە میلیشییایەکانی دەسەڵات، بخاتە بەردەم مەترسی،  لە پەرلەمان وەردەرنراوە و دەرگای پەرلەمان کڵۆم دراوە.

پرۆسیسی هەڵبژاردن لەهەر کۆمەڵگەیەکدا، رەنگدانەوەی ماهیەتی چینایەتی حزب و هیزە سیاسیەکان و جۆری دەسەڵات و ئەو فۆرمەیە لە فەرمانرەوایەتی بەسەر کۆمەڵگەدا... فۆرمی دەسەڵاتی میلیشیایی لە ئاستی عێراق و کوردستاندا، فۆرم و ئەلگۆیەک نییە، بە مانای باوی بۆرژوازی دنیای ئەم سەردەمە، کە بروای بە هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بێت لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای هێز و جڵەوکردنی جومگەکانی کۆمەڵگە لە رێگای هێزەوە دامەزراوە، بەمانای وشە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی ئەنتی تیزی هەڵبژاردن و دیموکراسی بۆرژوازییە. یەکێک لە کۆسپە سەرەکیەکانی بەردەم هەڵبژاردن و کایەی دیموکراسی دەسەڵاتی میلیشیاییە.

بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندا، رووبەروون لەگەڵ کۆسپ و رێگری زۆر گەورە، نەک تەنها لە ئاستی کۆمەڵگە و بەرامبەركیی لەگەڵ دەسەڵاتدا، بەڵکو لەبەرامبەر بە ئەلگۆکانی فەرمانرەوایەتیەکەشیدا. لابردنی هەژموونی حزب بەسەر هێزی چەکدار و ئەمنی و هەواڵگری، بەسەر داهات و سامانی کۆمەڵگە، بەسەر دادگاو دەسەڵاتی داوەری، بەسەر زانکۆ و خوێندن و فیرکردندا... پیش مەرجی هەر هەڵبژاردن و هەر ئاڵوگۆرێکی بەرجەستەو کاریگەرە بەسەر دۆخی سیاسییدا.

چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی عێراق و کوردستان، ناچارن لە راستای خەباتی خۆیاندا بۆ باشبژیوی ژیانێکی باشتر و گێرانەوەی ئیرادەی سیاسیان، لەهەموو نەبەردەکانی خەباتی چێنایەتی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا، کۆسپە سەرەکیەکانی بەردەم ئاڵوگۆری ئیجابی و خەباتیان رابماڵن و وەلابنین. یەکێک لەو کۆسپانە ئەو فۆرمەیە لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشایی، کە ریگری سەرەکی بەردەم ئاڵوگۆری بەرجەستەی کۆمەڵگەو هەڵبژاردنەکان و ئاڵوگۆری ئاشتیانەی دەسەڵات و دەرفەتی بەشداری یەکسانە بۆ هەمووان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا.

گومان لەوەدا نییە، ئەو دید و رەوەندە بۆ ئاڵوگۆر، لە گۆڕینی دەسەڵاتی حزبی و میلیشییایەوە بۆ دەسەڵاتی حکومەتداری و هیزی سەربازی و ئەمنی سەربەخۆ، دادگای بێلایەن، کوتاییهێنان بە هەژموونی حزب بەسەر داهات و سامان و قوتی هاوڵاتیان، بەسەر خوێندن و فێرکردن و دامەزراندندا... رەوەندێکی بەهێز و بێ گەڕانەوەیە. دەسەڵاتی حکومی و دادگای سەربەخۆ و سوپا و هیزی سەربازی بێ لایەن، لە چاو دەسەڵاتی میلیشییایی و حزبیدا، زۆر پیشرەوانەترەو بوار دەکاتەوە ئەلگۆکان و فۆرمە باوەکانی بۆرژوازی لەوانەش هەڵبژاردنەکان، مانای واقعی خۆی پەیدا بکات، هاوکات دەرگا و دەرفەتی ئاسایی دەکاتەوە بۆ خەباتی بێپشووی چینی کرێکار و جەماوەری بەش مەینەت بۆ ئاڵوگۆر و داسەپاندنی خواستەکانی بەسەر بۆرژوازی دەسەڵاتدا، لە پێناو دنیایەکی باشتردا. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×