بانگەشەکانی پارتی‌و یەکێتی، فریوکاری ئاشکراو ئەزموونکراو!!

عەبدوڵا مەحمود
  2025-11-06     183

"بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا، بەهێزبوونی کوردستانە""هێزی تۆین لە بەغدا"... بانگەشەی سەرەکی پارتی و یەکێتین، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.

 ئەوە یەکەمین جارە پارتی و یەکێتی، بەدروشمێکی لێکچوو و هاوشێوەی یەک بەشداری هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن و پێداگری لەسەر بە‌هێزبوونی پیگەی کورد لە بەغدا دەکەن.

پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی ناسیونالیزمی کورد، لە سەرەتای بیناکردنەوەی عێراقی دوای بەعسەوە، بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بوون و ئومیدی سەرەکی خۆیان بە بەغداوە بەستەوە. چ پارتی و یەکێتی و چ هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، چەندین پۆستی باڵای وەکو جیگری سەرۆک وەزیران، جیگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتی دەرەوە، وەزیری دارایی و سەرۆک کۆمار و سوپا سالار و هاوکات دەیان ئەندام پەرلەمانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هاوکات قەڵەمرەوی دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، رەها بوو. لە ماوەی زیاتر لەو بیست ساڵەدا کە هیزەکانی پارتی و یەکێتی و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە بەغدان و پۆستی باڵا و جۆراو جۆریان بووە، کەچی تا هاتووە، باڵانسی هێز بە زیانی بزوتنەوەی کوردایەتی شکاوەتەوە و "پیگەی کورد" بەرەو لاوازی چووە.

بانگەشەکانی پارتی و یەکێتی بەوەی کە لە بەغدا بە‌هێز بن، کوردستان و پێگەی کورد، بەهێز دەبێت، لە بنەرەتدا، باس پیگەی سیاسی و حزبی و بەشداری و پۆست بۆ حزبەکانیان دەکەن، تا لەو رێگایەوە رەوایەتی دەسەڵاتدارێتیان بەسەر خەڵکی کوردستان، رتوش بکەنەوە. وە لە ٢٠ ساڵی رابردوودا کە پارتی و یەکێتی و هیزەکانی تری بۆرژوازی کورد، لە بەغدا و بەشدارن لە حکومەتی تایفی و قەومی و مەزهەبیدا، نەک تەنها پێگە و پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە مایەی سات و سەودا و لەو نێوەشدا، بەرەو لاوازیان بردووە، بەڵکو لەڕیگای فیدرالیزمی قەومییەوە، کۆمەڵگەی عێراق بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردستانیان بەتایبەتی، رووبەرووی چەندین گرفتی بناغەیی کردۆتەوە و لەبەردەم ئایندەیەکی نادیار و پڕ کێشمەکێشدا داناوە... جیا لەوانە پیگەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و مەوقعیەتی سیاسی خۆشیان بەرەو لاوازی چووە.

ململانێی بەردەوامی بەغدا و هەولێر لەسەر دەیان پرسی وەکو ناوچەکیشەلەسەرەکان، کەرکوک، دۆسیەی نەوت و غاز، بودجە و موچە، بریارەکانی دادگای فیدرالی، هیزەکانی سنور و پیشمەرگە، پۆست و ... هەموویان گۆشە بەگۆشەی ململانێیەکن کە وابەستە بە گۆرانی هاوسەنگی هێزن، کە خودی فیدرالیزمی قەومیش دەرهاویشتەی ئەو هاوسەنگی هێزەیە.

هاوکات قەڵەمرەوی بزوتنەوەی کوردایەتی بەسەر ناوچە کیشەلەسەرەکان و کەرکوک، کۆتایی پێهاتووە. دۆسیەی نەوت و فرۆشتنی، کە پایەی ئابوری سەربەخۆی دەسەڵاتی هەرێم بوو، تا رادەیەکی زۆر لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا، نەماوە... پرسی یاسای هەڵبژاردنەکان، لە کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانەوە، تا نەهیشتنی کۆرسی کۆتاکان، هەڵوەشاندنەوەی بریاری دریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و بی کاراکردنی بریارەکانی!!... هەموو ئەوانە گورز بوون لە پیگەی ناسیونالیزمی کورد.

جیا لەوانە دەسەڵاتی هەرێم، لەهەموو زەمینەکانی بەرێوەبردنی هەرێمدا، شکست خواردو بووە، موچە وەکو مافێکی سادە و سەرەتایی بۆتە گەورەترین کیشەی کۆمەڵگە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرە نەمانی تەواوەتی براون و کەرتی تایبەتی جیگای گرتوونەتەوە و بارگرانییەکی زۆری خستۆتە سەر هاوڵاتیان. مافی فەردی و مەدەنی لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی پارتی و یەکێتیدان، خوێندن و پەروەردە پاشەکشەیان کردووە، هێشتا هەلی کار و دامەزراندن بە پسولەی حزبی هێزی زەرد و سەوزە، هیشتا ئاسەوارێک لە حکومەت و پەرلەمانێکی باوی شیوە بۆرژوازی بوونی نییە و دەسەڵاتی حزبۆکراتی لەهەردوو زۆنەکەدا باڵادەستە. هیزێکی سەربازی سەربەخۆ نییە و هیزی چەکداری حزبی بۆ بەرگری لە پایەی حزبی جیگای گرتۆتەوە، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نییەو حزب ئاراستەی دەکات...

هەموو ئەو راستیانە لە هەلومەرجێکدایە، کە پارتی و یەکێتی خاوەنی چەندین پۆستی باڵابوون و بەشدار لە دەسەڵاتی ناوەندی بوون، کەچی بێ شەرمانە لەو هەڵبژاردنەدا، بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر لە بەغدا بەهیز بن، پیگەی کوردو کوردستان، بە‌هیز دەکەن و رێرەوی چەوتی دەسەڵات لە بەغدا راست دەکەنەوە و بەرگری لەخواست و مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن!!.

پارتی و یەکێتی، کە لەهەرێم و لە ژیر سایەی زۆنەکانی دەسەڵاتیاندا، دۆزەخێکی واقعیان بۆ زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە پیکهێناوە و وەکو رەمزی تاڵانچی، داهاتی خەڵکی کوردستان ناسراون، فریوکاری ئەوە دەکەن ئەگەر لە بەغدا بە‌هیز بن، کورد!! بەهیز دەبێت و کوردستان پارێزراو!!.

یەکێتی و پارتی و هیزە هاوبەشەکانیان، لەو پەرێ بەهیزی و بەشداریاندا لەدەسەڵاتی بەغدا، نەک نەیانتوانی و نەبوونە نوێنەری هیچ خواست و مافێکی زەوتکراوی خەڵکی کوردستان، بەڵکو بە خۆبەستنەوە و بەشدار لەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دز و کۆنەپەرستەی بەغدا، ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستانیان، لەبەرامبەر بە داهات و پۆستدا، هەرزان فرۆش کرد.

ئێستا کە سەرجەم بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، رووبەرووە لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ئابوری و لەبەردەم نەفرەتی نارەزایەتی جەماوەری کوردستاندایە، دەیانەوێت بە بانگەشەی قەومی و هەڵخراندنی هەستی نەتەوەپەرستی و بە بانگەشەی جۆراوجۆر پوچی ئەزموونکراوەوە، خەڵکی کوردستان خۆشباوەر بکەن و پەنجەمۆریان لە گەمەیەکی قێزەونی دابەشکاری دەسەڵاتدا، بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، ئەوەش نەک بۆئەوەی لە بەغدا" پیگەی کورد و کوردستان" بە‌هیز بێت، بەڵکو بۆئەوە دەسەڵاتی نەگریسی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەمەزەرد بکەنەوە.

پارتی و یەکێتی کە لە هەرێمی کوردستاندا، کەس دەستی نەگرتووەن ئەلگو فۆرمێکی دەسەڵاتدارێتی حکومی و مەدەنی تەندروست و ماف و داخوازییە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان وەڵام بدەنەوە، زامنی مافە فەردی و مەدەنی وئازادییەکانی هاولاتیان بکەن، لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان، مەیسەر بکەن، لە بەغداوە خەونی وەدیهێنانی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، دەبەخشنەوە... چ فریوکارییەکە!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×