بن بەستی ئەمریکا لە جەنگ و دانوستاندندا... ئێران بەهێزتر لە رابردوو دەکات!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-06-04   

دوو خولی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران، نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێ. ئامانجەکانی جەنگ لەدژی ئیران، لە بنەرەتدا راکیشانی ئیران و ملدانی بوو بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەدا، وە لابردنی بوو بە وێنەی کۆسپێکی سەرەکی لە بەردەم نەخشەکانیدا. بۆ ئەم ئامانجە "مەترسی چەکی ئەتۆمی، بوونی هیزە پرۆکسیەکان، موشەکی دوورمەودا"... سەرەکیترین ئەو دۆسیانە بوون، کە ئەمریکا ویستی لەرێگای جەنگەوە لەگەڵ ئیران یەکلاییان بکاتەوە.

هەر دوو خولەکەی جەنگ کە ٥٢ رۆژی خایاند، نەک نەیتوانی هیچ کام لەو دۆسیانە یەکلایی بکاتەوە کە ئەمریکا بەدەستیەوە گرت، بەڵکو دوو دۆسیەی تری زیاد کرد، لەوانە دۆسیەی هۆرمز و تێوەگلانی وڵاتانی کەنداو لە جەنگ.  

چ گەروی هۆرمز وەکو سەرچاوەیەکی ئەزمەی وزەو بازاری جیهانی و چ  زاڵکردنی ناسەقامگیری بەسەر وڵاتانی کەنداودا بەوێنەی ئۆقیانووسێکی ئارامی سیاسی و بازاڕێکی ئارام بۆ کەڵەکەی سەرمایە... ئامانجەکانی جەنگی ئەمریکای ناکام کردەوە و گیرۆدەی دوو دۆسیەی تازەی کرد، کە نەک هیچی لە دۆسیەکانی تر کەمتر نەبوو، بەڵکو بەهۆی گرنگی و هەستیار بوونیانەوە، هاوکیشەی جەنگ و باڵانسی هیزی بە قازانجی ئێران گۆڕی. جیا لەوانە درێژ بوونەوەی جەنگ، پەرەسەندنی نارەزایەتی ناوخۆ و دژی جەنگ لە ئەمریکا و ئاستی دنیادا، ناتەبایی و قوڵبونەوەی ناکۆکی نیوان ئەمریکاو ئەوروپا... ئەو چەند فاکتەن کە هێندەی تر ئەمریکای لەگەڵ چەقبەستووی و ناکامی بەرەورووکردۆتەوە.

دوای دوو خولی جەنگ، نە ئامانجەکانی ئەمریکا و نە هیچ کام لەو دۆسیانەی بوونە دەسپێکی جەنگ ئاڵوگۆرێکی دیاریان بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو چارەسەر بۆ دۆسیە تازەکانی وەکو گەروی هۆرمز و ئاساییکردنەوەی، ئارام راگرتنی وڵاتانی کەنداو تیچوویەکی زۆریان لەسەر ئەمریکا هەیە. زیاد لەوانە هاوکێشەکانی گۆڕی.

ئەگەر لەخولی یەکەم و دووەمی جەنگدا وڵاتانی کەنداو خوازیاری وەشاندنی گوزری گەورەو تەنانەت لە بەینبردنی ئیران بوون، ئێستا خوازیاری راگرتنی جەنگ و لەوەش زیاتر بوونەتە گوشار لەسەر ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ...

بەهەموو پێوانەیەک ئەمریکا لەم جەنگەدا بەو هۆیەوە چ لەئامانجی ستراتیجی لەجەنگ و چ لە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکانی هۆکاری هەڵگریسانی جەنگ، ناکام ماوەتەوە، دریژەدان بە جەنگ تیچوویەکی یەکجار زۆری دەبێت بۆیە نایەوێت جەنگ درێژە بکێشێت و بەکردەوە لە جەنگدا بن بەستە. دیارە باڵادەستی سەربازی و تەکنۆلۆژی جەنگی ئەمریکا بە رادەیەکە دەتوانێت ئیران بەتەواوەتی وێران و ژێرەو ژوور بکات، بەڵام ئەمە لەگەڵ سەرکەوتن لەگەڵ جەنگ مەودایەکی زۆری هەیە و بەمانای گەیشتن بە ئامانجەکانی نایەت و لێکەوتە زیانبارەکانی لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکە زۆر گەورەترە.     

بن بەست لە جەنگ، ئەمریکای ناچار بە ئاگر بڕ و هانابردن بۆ مێزی دانوستاندن و گفتوگۆ کردووە، دیارە چ جەنگ و چ ئاگر بەست... هەردووکیان بەدەست ئەمریکاوەن... هەر کاتێک بیەوێت هیرش و گورزی سەربازی بەدەستەوە دەگرێت، یانیش ئاگر بڕ رادەگەیەنێت و لەگەڵ هەرەشەکانیدا گفتوگۆ و وەکو بژاردەیەک هانا بۆ دەبات، بەڵام ئەو ئیمتیازەش لە جێگای ئەوەی بەسودی ئەمریکا لە راستای گەیشتن بە ئامانجەکانیدا بێت، بۆتە بەڵایەک بۆی. گیرخواردن لە نیوان بژاردەی جەنگ و دانوستاندن و ئاشتیدا!! خۆی شکستە. جەنگ دۆسیەکی یەکلایی نەکردەوە و ئیرانی رادەست نەکرد، دانووستاندنیش لە جێگای ئەوەی بگات بە ملدان و رەزامەندی ئیران لەسەر دۆسیەکی دیاریکراو، هیشتا گیرۆدەی گفتوگۆیە لەسەر دۆسیەی تر کە دەرهاویشتەی خودی جەنگن و پیشتر بوونیان نەبووە لەوانە دۆسیەی گەروی هۆرمز. لە جیاتی دۆسیەی ئەتۆمی، یۆرانیۆمی پیتینراو، هیزە پرۆکسیەکان و چەکی و موشەکی بالیستی درێژ مەودا، دۆسیەی هۆرمز بۆتە پرسی سەرەکی و دەروازە بۆ دەستپێکی گفتوگۆکان. ئەگەر ئەمریکا داوای ڕیکەوتن دەکات، ئیران داوای راگرتنی جەنگ دەکات... واتە ئیران پیش مەرجی هەر ڕیکەوتنێک بە راگرتنی جەنگ دەزانێت، لە کاتێکدا ئەمریکا دەیەوێت لەناو کەشی جەنگ و هەرەشەی جەنگ و تاوە تاوی شەردا، ڕیکەوتن بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، دریژکردنەوەی دوو مانگ ئاگر بەست لەلایەن ئەمریکاوە ملدانی ناچاری ئەمریکایە بەویستی راگرتنی جەنگ لەلایەن ئیرانەوە وەکو پیش مەرجی ڕیکەوتن.

بەکردەوە ئەمریکا بن بەستە لە جەنگ و دانوستاندن. دریژەدان بە جەنگ تیچووی زۆرەوە بە سودی نییە، گفتوگۆ دانوستاندنیش، بەخواستی ئەمریکا ناچێتە پێش و کارتەکانی ئیران تا ئێستادا هێندە توانایان هەیەو بە‌هێزن، کە ئەمریکا ناچارە سازش بکات.

پرسی ئاسایی کردنەوەی گەروی هۆرمز لەبەرامبەر بە ئازادکردنی بەشیک لە داراییە سڕکراوەکانی ئیران، تا سوککردنی ئابڵۆقە ئابورییەکانی سەر ئیران لەبەرامبە بە دەست نەبردنی ئیران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و خۆ دورگرتن لە دەستبردن بۆ چەکی ئەتۆمی، نیشانی دەدات کە ئیران لە دانوستاندا باڵادەستی هەیە و ئامادەنییە خۆی رادەستی ئەمریکا و خواستەکانی بکات.

  ناکامی ئەمریکا لە جەنگ و دانوستاندندا، ئیران وەکو جەمسەرێکی ناوچەیی و رژێمێکی هارو کۆنەپەرست و دژە ئینسانی لە ئیراندا، بەهێز دەکات. ئەگەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل پاشەکشەی بەبزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کرد، ناکامی ئەمریکا لە جەنگ و گەیشتنیان بە ڕیکەوتن لەگەڵ ئیران... ئیران چ لە ئاستی ناوخۆدا دڕندەتر و توندوتیژتر دەکات و چ لە ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بالادەستیەکی زیاتر دەکات.

   

   

   

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×