دۆخی سیاسی کوردستان و پرسی دوبارە هەڵبژاردنەوە!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-06-15   

دۆخی سیاسی و ئابوری و یاسایی کوردستان بە هەلومەرجێکی زۆر سەخت و تایبەتدا تێدەپەڕێت. لەباری سیاسیەوە توشی چەقبەستنێکی قورس و رووبەرووە لەگەڵ ئایندەیەکی نادیار. لەباری ئابورییەوە روو لە داڕمانێکی گەورە بۆتەوە و جێ پێیەکانی بۆشە. لەباری یاساییەوە دەرگیرە لەگەڵ بۆشاییەکی یاسایی و هیچ کام لە دامەزراوە پیێناسەکراو و یاساییەکانی وەکو "حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ"!! بەشیوە کارتۆنیەکەشی بوونی نییە. زیاتر لەوانە پەیوەندی نیوان هەردوو حزبی دەسەڵات کە قەڵەمرەوی زۆنی زەرد و سەوزیان بەدەستە، لەوپەرێ خراپیدایە. پەیوەندی حزبەکانی دەسەڵات بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە شلۆق و ناسەقامگیرە. پەیوەندی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ یەکتری، وەکو پەیوەندی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵات، ئاڵۆز و ناڕیکە. پەیوەندی دەسەڵات و خەڵکی کوردستان، داڕماوە و قڵشتێکی گەورە کەوتۆتە نێوانیان و متمانەیەک نەماوە.

 لەم دۆخەدا کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی بۆتەوە، نزیک بە دوو ساڵە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کراوە، کەچی هیچ هەواڵێک و تەنانەت هەنگاوێکی دیار نابینرێت بۆ دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەت!!. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و کەسانی یاسایی دەڵێن هەرێم کەوتۆتە ناو دۆخی بۆشایی یاسایی و ئەوەش وەکو مەترسیەکی گەورە لەسەر هەرێم و ئایندەی قەوارەی سیاسییەکەی و ئایندەی سیاسی کوردستان دەبینن!

لەسۆنگەی ئەو دۆخەی لە ئیستادا لە ئارادایە، پرسی دووبارە هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەوەی پیشوەختە بۆ ئەم دۆخە، دەخرێتە ڕوو. ئەوەی بەپلەی یەکەم پرسی دوبارە هەڵبژاردنەوە دەست بۆدەبات و دەیەوێت بیوروژێنێت، پارتی و دیموکراتی کوردستانە. پارتی کە خۆی بەحزبی ملیۆنی و ژمارە یەکی عێراق و هەرێم، و سەرکەوتووی هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەزانێت، لە پیکهێنانی حکومەت و کابینەی تازەدا بنبەستە، بۆیە بۆ دەرچوون لەو ئەزمەیە، کارتی دوبارە هەڵبژاردنەوە بەدەستەوە دەگرێت، بەڵام نەک بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوە، بەڵکو بەوێنەی گوشارێک بۆسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مامەڵەی دەکات، تا لەو رێگایەوە، لەلایەکەوە چاو بە هاوپەیمانیەتیەکەی لەگەڵ نەوەی نوێدا بخشێنێتەوەو لەلایەکی تریشەوە بۆ پاشەکشەپێکردنیەتی لە داواکارییەکانی لە پۆستەکانی کابینەی داهاتوودا.

پارتی باش دەزانێت، هەڵبژاردنی پیشوەختەو دوبارە هەڵبژاردنەوە، ناتوانێت هاوسەنگی هیز لە دۆخی کوردستاندا تا ئەو ئاستە بگوڕێت کە پارتی بکاتە لایەنێکی وا باڵادەست کە بتوانێت بەخۆی و هیزەکانی ناو بازنەی قەڵەمڕەوییە سیاسیەکەی حکومەت پێک بهێنن، جیا لەوەش حکومەت لە هەرێمدا ئەگەر کارتۆنی و نمایشیش بێت، بە بێ بەشداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، قومارێکی دۆراوە و حکومەتێکی پێک نەهاتووە.

پێداگری پارتی و بانگەشەی هەوڵدان بۆ پیکهینانی حکومەت و بەدەستەوە گرتنی ئەوە وەکو گوشارێک لەسەر یەکێتی، لە بنەرەتدا بۆ پیکهێنانی حکومەت و یان خەمخۆری پارتی بۆ دامەزراوە یاساییەکان!! ی وەکو حکومەت و پەرلەمان و کاراکردنەوەی نییە، بەڵکو بۆ دوبارە راکیشانەوەی یەکێتییە بۆ ژێر چەتری بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندییە گشتییەکانی خۆی و دوبارە گێرانەوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەکێتی بە ئاراستەی سەردەمی  جەلال تاڵەبانی. لەو چوارچیوەیەشدا پیکهێنانی حکومەتێکی کارتۆنی روکەش کە بەشی یەکێتی لە پۆستەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بێئەوەی دەسەڵاتێکی ئەوتۆی پێبدات و هاوبەشی  یەکسانی حکومڕانی بێت.

ئەوەی رۆشنە چ پارتی و چ یەکێتی، زەرەرمەندی سەرەکین لە پێکهاتنی پەرلەمان و حکومەتێکی بۆرژوازی ئاسایی. هەر پەرلەمان و حکومەتێکی ئاسایی بۆرژوازی لە هەرێمدا پێک بێت، لەپیشترە لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و بنەماڵەیی. بوونی حکومەت و پەرلەمان بە هەمان ناوەرۆکی بۆرژوزایانەی خۆیەوە، ئەگەر کەمیش بێت دەتوانێت تارادەیەک جلەوی دەسەڵاتی حزبی پارتی و یەکێتی و هیزە چەکداری و ئەمنی و بنەماڵەییەکانیان و دەستێوەردانیان لە سەرجەم کایەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کەلتوری کۆمەڵگەی کوردستاندا بگرێت. ئەوەی کەوایکردووە پارتی و یەکێتی لە مەیدانی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و لە هەردوو زۆنەکەدا هەمە کارەو خاوەن بڕیار بن، لەلایەنێکی سەرەکی خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی حکومەت و پەرلەمانێکی  بۆرژوایی ئاسایی...

بۆیە هەراو زەنای خەمخۆری بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەت چ بۆ پارتی و چ بۆ یەکێیی بۆ پیکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی باوی بۆرژوازی نییە، بەڵکو بۆ دوبارە سازدانەوەی هەمان ئەو دەورو دوکانە حزبی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتە میلیشیاییەیە کە لەسەروی هەموو دامەزراوەیەکی یاسایی بۆرژوازییەوەیە، بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی حزبۆکراتی بەسەر زۆنەکاندا.

یەکێتی و پارتی، بەتایبەتیش پارتی کەزۆرجار باسی گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەتووی هەرێم!! بۆ عێراق دەکات، دەبینێت هێزو لایەنەکانی بۆرژوازی عێراقی بە دینی و قەومی و مەزهەبییەوە، حکومەت و پەرلەمان  لەکاتی خۆیدا پێک دەهێنن. بە ڕیکەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی حکومەت لەدەرەوەی هیزە سەرەکیەکان ڕیک دەکەون و لە هەر دەورەیەکدا کەسێکی تازە دەبێتە سەرۆکی حکومەت و دەستاو دەستپێکردنی پۆستە هەستیارەکانیش بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بە رووکەشیش بێت ناهێڵن بۆشایی یاسایی!! پیک بێت و دیمەنی باو و ئاسایی دیموکراسی بۆرژوایی عێراقی لە ئاستی ناوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەولەتی دەخەنەروو. ئەم هێزە بۆرژوازیانەی عێراق، رێگە نادەن ناکۆکییە سیاسییەکانیان رێگر لە پیکهێنانی حکومەت و پەرلەمان بێت. ئەم واقعیەتە بۆتە گوشارێکی زۆر لەسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەتایبەتیش پارتی.

پارتی و یەکێتی، بەتایبەتیش پارتی لە سۆنگەی ترسی لە دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی کە رەوایەتی دەسەڵاتیان بەسەر  هەرێمدا بەشێوەی یاسایی بخاتە ژێر پرسیارەوە، زۆرتر پێداگری لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەت دەکەنەوە. لەو نێوەشدا دەیانەوێت یەکێتی بە هۆکاری ئەم دۆخە نیشان بدەن. لەوچوارچێوەیەدا باسی دوبارە هەڵبژاردنەوە یان پیکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە بێ یەکێتی دەکەن، بەڵام چ پیکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی بەجیگایەک ناگات و چ دەرفەتی گونجاو بۆ هەڵبژاردنەوەی دوبارە نییە. خۆ ئەگەر هەڵبژاردن دوبارەش بکرێتەوە بە ناو کۆمەڵێک رێگریدا دەچیتە پیشەوە کە دەست بۆبردنی بە ئەندازەی دەستبردن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پیکهێنانی حکومەت سەختە.

سەیر ئەوەیە دەسەڵاتی بۆرژوازی پارتی و یەکێتی، لەگەڵ ئەوەدا ناکامن لە پیکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان و توانای دابینکردنی موچەیان بۆ هاوڵاتیان نییە، خزمەتگوزارییەکان نەماون و نابود بوون، دەسەڵاتیان تەواو حزبی و بنەماڵەییەو هیچ دەستاودەسپیکردنی پۆستە سەرەکیەکانیان نییە، کەچی باسی سەرکەوتنی ئەزموونی هەرێم و گواستنەوەی بۆ عێراق دەکەن.

ئەم بانگەشانەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و پارتی، زۆر پوچ و نالۆژیکین، کە رەنگدانەوەی ناوەرۆکی کۆنەپەرستی و ناتەبایی پیکهاتەی بنەماڵەیی و حزبین لەگەڵ نۆرم و ئەلگۆی هەر دواکەوتووی بۆرژوازی ئەم سەردەمە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دەدات
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئیسرائیل: لیکۆدی نەتانیاهۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت‌
موجتەبا خامنەیی مەرجی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ ئاشکرا دەکات
پیاوێک بە هەژمارێکی ساختە بەناوی (بێخاڵ جەمال) چەندین پیاو هەڵدەخەڵەتێنێت و پاشان دەستگیر دەکرێت
کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی نمەباران ڕوو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات
تیمی پارێزەرانی لالەزار سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کرد؛ دانیشتنی دادگا دوادەخرێت
ئوردن باشووری سووریا بۆردومان دەکات و دیمەشق کوژرانی حەوت مەدەنی ڕادەگەیەنێت
پەیەدە بۆ مەزڵوم عەبدی و حکومەتی سوریا: هێرشەکانی گرێ سپی پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی دیمەشقە و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێن
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆتا مۆڵەتی ئەمریکا بۆ چەککردنی میلیشیاکان ئاشکرا دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×