مەبەست لە چەقبەستووی دۆخی هەرێم چییە؟

عەبدوڵا مەحمود
  2026-07-01     54

 لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان، جارێکی تر دەستەواژەی چەق بەستوویی هەرێم، لەناو دۆخی سیاسی ناوچەکەو عێراقدا، هێنراوەتەوە ئارا.

لەشکرێک لە نووسەر و کادر و بەرپرسی حزبی و چاودێرانی سیاسی ناو خانەوادەی بۆرژوای کورد، پێداگری لەسەر چەقبەستوویی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم چەق بەستوویەش دەگێرنەوە بۆ گرژی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ تەواوبوونی ماوەی یاسایی حکومەت و ناکارابوونی پەرلەمان. لەو راستایەشدا تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی، پرسی پێکهێنانی کابینەی دەهەمی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە کلیلی دەرچوون لەم چەق بەستوویە وێنا دەکەن و دەخەنە ڕوو.

دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە دەستەواژە و پرسی چەقبەستوویی دۆخی هەرێم، دەوروژێنریت، بەڵکو هەر کاتێک پەیوەندی نیوان پارتی و یەکێتی ناتەبا و ئاڵۆز بێت، یان پەرلەمان! دەرگیری ئەزمە و حکومەت! بن بەست بێ، دیسان لەشکرێک دێنە قسەو، باس لە چەقبەستوویی دۆخی هەرێم و مەترسی لە بەین چوونی "قەوارەی هەرێم" دەخەنە ڕوو.

واتە چەقبەستووی دۆخی هەرێم لە دیدی زاڵی بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردا، ناتەبایی و بەرەو سەرەوە چوونی گرژی پارتی و یەکێتی، نەمانی حکومەت و مردار بوونەوەو ناکارا بوونی پەرلەمانە!. لەو روانگەیەشەوە داوا دەکەن یەکێتی و پارتی بەرژەوەندییە حزبیەکانیان وەلا بنین و بەرژەوەندی "گەل و نەتەوە" بخەنە سەروی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان و ڕیکبکەون و حکومەت و پەرلەمان وەکو دوو دامەزراوەی یاسایی!!، بخەنەوە گەڕ و دۆخی هەریم لەو چەق بەستووییە رزگار بکەن.

بەپێچەوانەی ئەم دیدە زاڵە کە لەلایەن خودی پارتی و یەکتیی و لە بنەرەتدا لەچوارچێوەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردا، وەکو بزوتنەوەیەکی بۆرژوازی و کۆنەپەرستانە، دنە دەدرێت و دەوروژێنرێت، راستی پشت دۆخی چەقبەستوویی هەرێم... ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی نییە. تەواو بوونی ماوەی یاسایی حكومەت نییە. ناکارابوونی پەرلەمان نییە... گێرانەوەی دۆخی چەقبەستووی سیاسی هەرێم بە ڕیکەوتنی پارتی و یەکێتی و سازدانەوەی ریزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ناکرێت، بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و کابینەی حکومەت پەیوەست نییە، بەڵکو هەموو ئەوانە خۆیان هۆکاری دۆخی چەقبەستوویی هەرێمن.

ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی نێوانیان باشەو بەیەکەوە تەبان و تەنانەت رێکەوتن لە بەینیاندا لەئارادایە، حکومەت بە هاوبەشی و بەشداری دۆستەکانیان هەیە، پەرلەمان کارایە... هیچ جیاوازییەکی بەرچاو بەرجەستەی لەگەڵ ئەم دۆخە نییە کە ناوی نراوە چەقبەستوویی هەرێم.

با بپرسین، ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی پەیوەندیان باش بووە، پەرلەمان!! کاراو حکومەت! هاوبەش و کاربەڕیکەر نەبووە، چ جیاوازییەکی لەگەڵ دۆخی ئێستا هەبووە؟ ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، موچە و خزمەتگوزاریییەکان، ماف و ئازادییە سیاسی و فەردیەکان، پەیوەندی نێوان هەریم و بەغداو وڵاتانی ناوچەکە... چ جیاوازییەکی بنەرەتی لەگەڵ دۆخی ئێستا هەبووە؟ وە ئەگەر پارتی و یەکێتی دوبارە ڕیکبکەون لەسەر دەسەڵات وپۆست و داهاتی هەرێم لە نێوان خۆیاندا، وە حکومەت و کابینەی تازە پیک بێت، پەرلەمان کارا بکرێتەوە، چ شتێک ئاڵوگۆری بەسەردا دێت؟ ئایا ئەوە دۆخی سیاسی هەرێم ئاسایی دەکاتەوە؟ ماف و خزمەتگوزارییەکان زامن دەبن؟ ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان فەراهەم دەبن؟ ئاسۆی ئایندەی سیاسی کوردستان دیار دەبێت، بێگومان نا و ئەزموونی خودی تەبایی نیوان پارتی یەکێتی بە ڕیکەوتنی ستراتیجییەوە، بەحکومەتی ٥٠ بە ٥٠ و هاوبەش و بنکە فراوان و هاوبەشێتی دوو قوڵیی و چەند باڵییەوە، ئەو راستییە پشت راست دەکاتەوە کە هیچ ئاڵوگۆرێکی بنەرەتی و بەرچاو لە دۆخی سیاسی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان پێک نایەت و لەوەش زیاتر ئاسۆیەکی دیار ناخاتە بەردەم ئایندەی سیاسی کوردستان.

کێشەو ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر قەڵەمرەوی دەسەڵات و داهات و پۆستە پڕ دەرامەتەکان و بەرامبەرکێی خۆشخزمەتی بە جەمسەرە ناوچەییەکانە بۆ راگرتنی باڵانسی نێوانیان، نەک کیشەکانی خەڵکی کوردستان و پرسی هاوڵاتیان و خزمەتگوزاری و موچە و ماف و ئازادییە سیاسییەکان و ژیان و گوزەرانێکی تەسەل بۆ دانیشتوان. رێکەوتنی پارتی و یەکێتی بەجیا لەوەی ڕێگە بەهەردوو لایان دەدات هەمەکارەی زۆنەکانی خۆیان بن، تا ڕادەیەکیش بێدەنگیان بگات لەوەی فایل و پەروەندەی پر تاوانکاری و دزی و تاڵانی و سەرکوتی یەکتری هەڵبدەنەوە، بەڵام ناتوانێت هیچ ئاڵوگۆرێک بەسەر دۆخی سیاسی کوردستان و کێوێک لە کیشەکانی هاوڵاتیان بهێنێت. حکومەت و پەرلەمانیش تەنها دەتوانێت رۆپۆشێکی یاسایی!! بێت بۆ رەوایەتی دان بە دەسەڵاتی پشت بەستووی چەکداری و نایاسایی بەسەر زۆنەکاندا و بۆ شێواندی رای گشتی ناوخۆ و بەتایبەتی دەرەوە. هەموو ئەوانەش هیچ لە دۆخی بنەرەتی و چەقبەستویی هەرێم ناگۆرێت.

دۆخی چەقبەستوی هەرێم، ئەگەر لەلایەکەوە ئاکامی و دەرهاویشتەی جەنگ و ملهوری ئەمریکا و جەنگی کەنداوە، ئەوا لەلایەکی ترەوە بەرهەمی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و بنەماڵەیییە، کە زیاتر لە سێ دەهەیە درێژەی هەیە، چەقبەستوویی هەرێم ئەو کاتانە دەست پێناکات کە پارتی و یەکێتی ناتەبان و گرژیی لە نێوانیاندا هەیە، ئەو ململانێیەی پارتی و یەکێتی لە لایەکی خۆیدا خۆراکی مانەوە و دوبارە ئابدەیتکردنەوەی هەمیشەیی خۆیانە. وە دۆخی چەقبەستووی هەرێم ئەو کاتانە نییە کە دەرگای پەرلەمان دادەخرێت یان ناکارایە، ئەو کاتانە نییە کە حکومەت بوونی نییە و ماوەی یاسایی خۆی تیپەڕاندووەو بۆتە کار بەڕێکەر... چونکە حکومەت و پەرلەمان بوون و نەبوونیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و بنەماڵەییدا، وەکو یەکە و هیچ لە دۆخی چەقبەستووی هەرێم ناگۆرێت، وە پارتی و یەکێتی پەرۆشی حکومەت و پەرلەمانێکی ئاسایی و یاسایی نین، بەڵکو ئەوان بۆ حکومەت و پەرلەمانێکی دیکۆر و کارتۆنی هەوڵدەدەن تا دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و بنەماڵەییان پیرۆز بکات و بەفەرمی بناسێت.

دۆخی چەق بەستووی هەرێم لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە جەنگی کەنداو یەکێک لە ئاکام و دەرهاویشتەکانی کوردستانی عێراقی کرد بە جغرافیایەکی بێ پێناسەو سەرگەردان لە جغرافیای سیاسی دنیا، و پاسەوانی ئەم کۆمەڵگە بیناسنامەیەش دەسپێرێت بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.

پارتی و یەکێتی لەو کاتەوە تا دەگات بە ئێستا سەرباری هەر ئاڵوگۆرێک لە هاوسەنگی نێوانیان کە ئەویش هەر بەرهەمی ئاڵوگۆر و فاکتە دەرەکیەکانی وەکو ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەرە، وەکو دوو هیز پاوانی هەموو جومگە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەیان کردووە لە دەسەڵاتی سیاسی و دادوەرییەوە بۆ پاوانی داهات و بازار و  ئابوری و لەوەش زیاتر لەسەر بنەمای بێئیرادەکردنی هاوڵاتیان درێژە بەدەسەڵاتیان دەدەن. ئەوەی ڕیگەی لەوە گرتووە هیچ ئاڵوگۆڕیکی دیار و بەرجەستە لە دۆخی سیاسی کوردستاندا روبدات، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و بەتایبەتی پارتی و یەکتین و نایانەوێت ئەو بەهەشتەی بۆ حزب و بنەماڵەکانیان و بۆ تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە خوڵقاندویانە لەدەستیان دەربچیت، بۆیە بەهەموو شیوەیەک رێگری لە هەر ئاڵوگۆرێک دەکەن کە دۆخی کوردستان لەو چەقبەستوویە، رزگار بکات. لەماوەی نزیک بە ٣٥ ساڵی رابردوودا هیچ ئاڵوگۆرێکی بەرجەستە بەهۆی فاکتی ناوخۆییەوە رووی نەداوە...

پارتی و یەکێتی لە ٣٥ ساڵی رابردوودا، هەموو هەوڵێک بۆ ئاڵوگۆر و هەموو بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی جەماوەری و هەموو بەرامبەرکێیەکی حزبی لەناو چوارچیوەی بزوتنەوەکەی خۆیشیدا، بە زبری چەک و توندوتیژی وەڵامداوەتەوە ڕیگەی نەداوە بنیادی دەسەڵات شل ببێت و فۆرمی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی و بنەماڵەیی لاواز ببێت.

 تەنانەت ئەگەر ئاڵوگۆرێکی کەم لە هاوسەنگی هێزی نیوان پارتی و یەکیتی پێکهاتبێت، یان ئاڵوگۆر لە پەیوەندی نیوان هەرێم و دەسەڵاتی ناوەندی عێراق رویدابێت، بەرهەمی فاکتە دەرەکیەکانی بووە.

واتە دۆخی چەقبەستووی سیاسی هەرێم تەمەنی هاوکاتە بە جەنگی کەنداو سپاردنی دەسەڵات بە پارتی و یەکێتی و هەوڵی بەردەوامی ئەو دوو حزبە بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان لە ڕێگای هێزی چەکدار، دەست بەسەراگرتنی داهات، خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییەکان و وەستانەوەی بەرووی ئیرادەی سیاسی خەڵکی کوردستاندا.

دەرچوون لە دۆخی چەقبەستووی هەرێم، بەندە بە کەنارخستنی دەسەڵاتی بۆرژوای کورد، لە پێشیانەوە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیایی و حزبی و بنەمالەیی پارتی و یەکێتی و گێرانەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ خودی خەڵکی کوردستان و خستنە رووی ئایندەیەکی سیاسی تر کە تیایدا هەم چارەنووس و ئاییندی سیاسی کوردستان بە دەورو دەخالەتی هاوڵاتیان زامن بکات و هەم ژیان و گوزەران و مافە فەردی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستان فەراهەم بکات و پەیوەندی سیاسی هەرێم بە بەغداوە بە لەبەرچاوگرتنی ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیان ئابدەیت بکاتەوە.    

  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×