فۆرمی دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم، ناتوانێت دژی گەندەڵی و دزی بێت!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-07-03     81

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەڵمەتێکی!! بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە سەرەوت و سامانی بەرپرسانی عێراق و گرتنە بەری رێکاری یاسایی لە دژیان دەست پێکردووە... ئەم هەنگاوەی عەلی زەیدی لەگەڵ ئەوەدا هەوڵێکە بۆ نیشاندانی دیمەنی پاکی کابینەکەی و وەستانەوە بەرووی دزی و گەندەڵیدا کە وەکو خۆرە لە داهات و سامانی عێراقی داوە، بەڵام لە بنەرەتدا هەوڵێکە بۆ خۆجیاکردنەوە لە کابینەکانی پێشخۆیی و رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوای عیراق لە نارەزایەتی و رەخنەی ئاشکرای خەڵکی بێبەشی عێراق لەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی بەدوای دەسەڵاتی بەعسدا بێ وەستان دەستی پێکردووەو درێژەی هەیە.

زیاتر لە دوو دەهەیە بەرپرسانی حزبی و حکومی عێراقی و زیاتر لە ٣ دەهەیە بەرپرسانی حزبی و حکومی هەرێم و بنەماڵەکانیان... دەستیان ناوەتە بینەقاقای داهات و سامانی عیراق و کوردستان، کە لە بنەڕەتدا ئەو سامان و داهاتە زۆر زەبەندە نەک دەیتوانی ئاسەوارێک لە هەژاری و گرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و پیداویستیەکانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نەهیڵێ، بەڵکو دەیتوانی ژیانێ تەسەل و خۆش گوزەران بۆ هاوڵاتیان زامن بکات، بەڵام بەهۆی ئەو دزی و تاڵانییە بێ سنورەی کە بەرپرسە حزبی و حکومیەکان، لە ئەندام پەرلەمانەوە بۆ وەزیرو گزیرەکان، لە سەرۆکایەتی کۆمارەوە بۆ بەڕیوەبەرە گشتیەکان ...تاد ئەنجامی دەدەن، لەلایەکەوە ژیانێکی شاهانە و فیرعەونی بۆخۆیان و بنەماڵەکانیان پێکهێناوە و بوونەتە ملیۆنیر و ملیاردیر، لەلایەکی تریشەوە خەڵکی عێراق و کوردستان بەتایبەتیش ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خەڵکی کەم دەرامەتی لەگەڵ گەورەترین سەختی و نەبوونی و هەژاری بەرەوڕوو کردۆتەوە... عیراق و هەرێمیان لە خزمەتگوزارییە زۆر سەرەتاییەکان داماڵیووە، لەوەش زیاتر تاهاتووە خزمەتگوزارییە گشتیەکانیان هەزران فرۆشی کەرتی تایبەتی کردووە و لەو ڕیگایەوە بە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلاریان کەڵەکە کردووە، لە بەرامبەردا خەڵکی دەستەنگی عیراق و کوردستان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان رووبەرووی مۆتەکەی مەرگ کردۆتەوە... بە دەیان و سەدان کۆمپانیا و باڵەخانەی قازانجهێن و بەدەیان خەستەخانەی تایبەت و بەسەدان مزگەوت بۆ پاڕانەوەی هەژارانیان قوت کردۆتەوە، کەچی هیشتا بنکەی تەندروستی و خەستەخانەی گشتی پێویست نەک هەربوونی نییە، بەڵکو هەر نەخۆشیەکی قورس بۆ هەر خێزانیکی هەژار یەکسانە بە مەرگ و مردنی دەست ئەنقەستی قازانج پەرستی سەرمایە.

نەبوونی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگای سەردەمی و پێویست و گشتی بۆ هەمووان،  لەجێگایدا کردنەوەی دەیان و سەدان قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆی تایبەت، کە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەو زانستی بەرەو داکشان و سەختی بردووە. ریگاو بانەکان تاکو ئیستا وێرانەن و رۆژانە خراپی رێگاکان مەرگی ئینسانەکانی دەچنێ. بازار بۆتە مەیدانێک بۆ ساغکردنەوەی خراپتیرین کاڵا و شیواندنی ئاسایشی خۆراک... هیشتا کێشەی ئاو و کارەبا چارەسەر نەبووەو لەو جێگایانەی شانازی بە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە دەکرێت، هاوڵاتیانی نەدار بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە توانای کەڵک وەرگرتنی پێویستیان لێی نییە. تاکو ئیستا خەبەریك لە بیمەی بیکاری و تەندروستی نییە... تاکو ئیستا بە هۆی نەبوونی هەلی کار و ئایندەیەکی ڕۆشنەوە لاوان و هیزی کاری ئامادە، یان بە لەشکری بێکارانەوە پەیوەست دەبن یانیش ناچارن بەناو تەلی دڕکاوی و شەپۆلی شێتانەی دەریاکاندا رێگای هات و نەهات و رزگار بوون لەدەستی "نیشتیمان" هەڵبژێرن.

 ئەو سەدان ملیۆن و ملیار دۆلارەی لە چەند دەهەی رابردوو لەلایەن بەرپرسانی حزبی و حکومی دزراوە و لە سێکتەرەکاندا گەندەڵی هەڵی لووشیوە، یان لەبۆرسەی سپی کردنەوەی دراودا کەڵەکە کراوە، بۆتە هۆکاری ئەو ئاستە بەرزە لەو دۆخە سەختەی چینی کریکار و خەڵکی نەداری عێراق روبەرووی بونەتەوە.

هەڵمەتی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی راپیچکردنی دزانی سەدە، گێرانەوەی سەدان ملیار دۆلاری دزراو بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان، بەبێ ئەوەی ئەو سیستەمە سیاسییە تائیفی و قەومی و مەزهەبی و بنەماڵەیی و دەسەڵات حزبۆکراتییە وەلابنرێت، تەنها سیناریۆیەکە بۆ راوکردنی ماسییە بچکۆلەکان لەلایەن نەهەنگەکانەوە.

ئەگەر بەراستی گەندەڵکاران و ریزی ورد و درشتی دزانی عێراق و هەرێم لەلایەن دەزگاو دەسەڵاتێکی مەدەنیی و سەربەخۆ و عادلانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، دەست بەسەر داهات و سامانیاندا بگیرێت... کەم بەرپرسی حزبی و حکومی بنەماڵەکانیان دەمێنەوە راپێچی زیندان نەکرێن.

گێرانەوەی سەدان ملیار دۆلاری دزراو لەلایەن سەرانی حزب و حکومەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بەرگرتن بەو دزی و تاڵانییە ئاشکرایەی هەموو جومگە سەرەکیەکانی گرتۆتەوە دەتوانێت ئاڵوگۆرێکی بەرچاو لەدۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیاندا بکات و زامنی سەرەکیترین خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بکات...،بەڵام ئەوە کار و پرۆژەیەکە بە گەندەڵکاران و بە سیستەمێکی سیاسی پشت بەستوو بە تایفەو مەزهەب و نەتەوەپەرست و میلێشیاکان ناکرێت، کە خۆی سەرچاوەیەکی دزی و گەندەڵی و تاڵانییە، بەڵکو پیویستی بە وەلانانی ئەم فۆرمە لەدەسەڵاتە. ئەوەی دەتوانێت بە کردەوە سامانی دزراو بگێرێتەوە و گەندەڵی کەنار بخات... ئاڵوگۆرە لەخواستی سزادانی تۆمەتبارانی دزو تاڵانچی بۆ بزوتنەوەیەکی جەماوەری کۆمەڵایەتی رێکخراو و ئاسۆدار.

نەفرەت و نارەزایەتی بەدژی دزی و تاڵانی و گەندەڵی یەکێک لە واقعیەیەکانی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانە، گۆرینی ئەم نەفرەت و نارەزایەتییە بە بزوتنەوەیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی رێکخراو نەک تەنها دەتوانێت دەستی تاڵانچیان و دزان کورت بکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت عەرشی ئەو دەسەڵاتە بلەرزێنی و ژێرەو ژووری بکات، کە ژینگەی هەڵتۆقینی بەردەوامی ئەو دزی و تاڵانیەیە. عەلی زەیدی گەورە سەرمایەدار و سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی بەرهەمی پشتیوانی سەرانی دز و تاڵانچی هیزو لایەنە سیاسییە قەومی و مەزهەبی و تایفیییەکانی عێراق و بەرهەمی پشتیوانی جەمسەرە ناوچەییەکان و ئەمریکایە... کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانیان توشی چارەنووسێکی نادیار و تاریک کردۆتەوە و تاهاتووشە قڵشتی چینایەتی بە ئەندازەیەک قوڵکردۆتەوە کە لە ئاستی دنیادا بێ وێنەیە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
کۆتایی وەرزی گەرما؛ کەشناسێک هۆشداری لافاو و مژدەی پایزێکی پڕ باران دەدات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×