لە پەراوێزی ڕێکەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێدا!!

عەبدوڵا مەحمود
  2026-07-13     77

دوای چەندین دیدار و کۆبونەوەی هاوبەش، سەرئەنجام یەکێتی و نەوەی نوێ ڕێکەوتننامەیەکی سیاسی و ستراتیجیان لەنێوان خۆیاندا واژۆ کرد. بەپێی ڕێکەوتننامەکە رێکخستنەوەی باڵانسی هیز و راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی هەرێم ئامانجی سەرەکی ڕێکەوتنەکەیە.

چوارچێوەی هەڵسوڕانی سیاسی یەکێتی و نەوەی نوێ بە پلەی سەرەکی زۆنی سەوزەو دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی ئەو زۆنەش یەکێتی نیشتیمانییە، ئاڵوگۆرەکانی ئەو زۆنەو هەرچەشنە بەرزی و نزمییەک لە باڵانسی هێزدا کە لەو زۆنەدا رووبدات، کاریگەری دیار لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و باڵانسی هیزە سەرەکیەکانی هەرێم دانانێت. یەکێتی و نەوەی نوێ و تەنانەت هەموو هێزە سیاسیەکانی زۆنی سەوز ئەگەر بچنە ناو هاوپەیمانیەکی هاوبەشەوە، ناتوانن ئاڵوگۆری بەرچاو لە باڵانسی هیز لە دۆخی سیاسی کوردستاندا بکەن. ئەوە بۆ زۆنی زەردیش راستە و پارتی هەر ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەتیەک لە زۆنی زەرد و ژێر سایەی قەڵەمرەویەکەیدا بکات، ناتوانێت کاریگەری دیار بەسەر دۆخی سیاسی هەرێمدا بهێنێت و باڵانسی هیز بگۆرێت. بۆ پارتی و یەکێتی هەر ڕیکەوتن و هاوپەیمانیەتیەک لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی زۆنەکەی خۆیاندا، بۆ کەڵک وەرگرتنە لە پێگەی ئەو هیزو لایەنە سیاسیانە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بەکارهێنانیان وەکو کارتی گوشار لەبەرامبەر بەیەکتریدا، نەک بۆ گۆرینی هاوسەنگی هیز.

پارتی و یەکێتی لە ژێر سایەی قەڵەمرەوی دەسەڵاتیاندا، ئەگەر بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەتی، ئامادەبن چەند پۆست ببەخشن، بەڵام ئامادەنین دەسەڵاتیان دابەش بکەن و لەدەسەڵاتی خۆیان کەم بکەنەوە، پۆست دەبەخشن بۆ ئەوە رەوایەتی دەسەڵاتیان لە زۆنەکە خۆیاندا زامن بکەن.

بانگەشەی یەکێتی و نەوەی نوێ کە رای دەگەیەنن بۆ گۆڕینی باڵانسی هێزە هیچ راستیەکی تیادا نییە، بەڵكو ئەوە هەوڵیکە بۆ رتوشکردنی ڕێکەوتنامەکەو شاردنەوەی ئامانجە بناغەییەکان. رۆشنە نە یەكیتی بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانیەتی لە زۆنی سەوزدا دەتوانێت حکومەت!! بەشیوە کارتۆنیەکەشی پێک بهێنێت و پەرلەمانی کاریکاتۆر ساز بداتەوە و نە پارتیش لە زۆنی زەردا لە رێگای ڕیکەوتن و هاوپەیمانیەتی لە زۆنی زەردا دەتوانێت حکومەتی نمایشی و پەرلەمانی دیکۆر زیندو بکاتەوە. پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکتر و دوو دیوی دراوكن و هەر حکومەتێک کە بڕیارە پێک بێت، لەهەلومەرجی ئێستادا بە بێ پارتی و یەکێتی، لە مەحاڵ نزیکە. جیا لەوانە سەختە یەکێتی بتوانێت لە زۆنی سەوز حکومەت و پەرلەمانی تایبەت بەخۆی و پارتی لە زۆنی زەرد حکومەت و پەرلەمانی خۆی پیک بهێنێت.  

بۆ یەكیتی چەند ئامانج لە ڕێکەوتنی لەگەڵ نەوەی نوێ هەیە... کەنارخستنی رۆڵ و کاریگەری نەوەی نوێیە لەسەر زۆنی سەوز، ڕیگەگرتن لەوەی نەوەی نوێ لە هێزی ناڕازی کەڵک وەربگرێت و لە هەڵبژاردنەکاندا کورسی یەکێتی ببات، بەدەستەوەگرتتی نەوەی نوێ وەکو هێزێکی گوێ ڕایەل بۆ گوشار خستنە سەر پارتی بۆ سازان و ڕیکەوتن. بۆ نەوەی نوێش هاوپەیمانیەتی لەگەڵ یەکێتی، لابردنی دۆسییە یاساییەکان لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، مانەوە وەکو لایەنێکی سیاسی ئارام و بێ کێشە و لەبەرامبەردا وەگرتنی پۆست لە حاڵەتی ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتیدا.  

گۆرینی باڵانسی هیز و قەڵەمڕەوی دەسەڵات لە هەرێمدا لەرێگای ڕیکەوتن و هاوپەیمانیەتی هێزە سەرەکیەکان لەگەڵ ‌هیزو لایەنەکانی زۆنەکەکانی خۆیاندا روونادات، بەڵکو بەگۆرینی هاوسەنگی هیزی جەماوەری لەبەرامبەر بە ‌هیزەکانی دەسەڵاتدا دەشێ ئاڵوگۆری بەسەردا بێت، یانیش پشتیوانی و کاریگەری جەمسەرە ناوچەییەکان، دەتوانێت ‌هێزێک لاواز یان کەنار بخات و ئاڵوگۆر بەسەر قەڵەمرەوی سیاسی هیزە باڵادەستەکاندا بهێنێت.

بانگەشەی راستکردنەوەی رێرەوی حکومرانی لە بانگەشەی یەکەم پوچترە، ئەوەی رێگری بناغەیی لە هەر چەشنە حكومرانیەکی ئیجابی و تەنانەت لاوەکی لە هەرێمدا دەکات، پارتی و یەکێتی و ئەو فورمە لە دەسەڵاتە کە زیاتر لە ٣ دەهەیە دریژەی هەیە. فۆرمی دەسەڵاتی حزبی پشتبەستوو بەچەک و بنەماڵە و خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییەکان، ڕیگری سەرەکی بەردەم هەر ئاڵوگۆرێکەی ئیجابییە لە هەرێمدا... تەنانەت مانەوەی پارتی و یەکێتی بۆ ئەم ماوە دورو درێژە لە دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا، بەرهەمی ئەو فۆرمە لەدەسەڵاتە، دەسەڵاتێک کە لە گشتیەتی خۆیدا نامۆیە بە بنەماکانی مۆدیرن و لە بنەرەتدا پشت بەستووە بە بنەماکانی بنەماڵەو خیڵ... هەر ئەوەش یەکێک لە گەورەترین مەودای نیوان ئەو دەسەڵاتەیە لەگەڵ خەڵکی مۆدێرنی کوردستان و واقعیەتی دەوڵەتداری باوی بۆرژوازی دنیا، کە میراتێکی بۆگەن و دەگمەنی دنیای ئەمڕۆیە. راستکردنەوەی حکومرانی دەسەڵات لەهەرێم یان گۆرینی ئەم دەسەڵاتە بەدەسەڵاتیکی جەماوەری پشت بەستوو بە ئیرادەی سیاسی و راستەوخۆی هاوڵاتیان، یان هەر دەسەڵاتێکی باوی بۆرژوازی ئەم سەردەمە، لە پیش هەموو شتێکدا، کۆتایی هینانە بەو فۆرمە لەدەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی.

یەکێتی نیشتیمانی، وەکو هیز و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و براکان، لەگەڵ نەوەی نوێی بنەماڵەیی لەپال پارتی بنەماڵەییدا کە دەسەڵاتیان لەسەروی هەموو فۆرم و ئەلگۆیەکی حزبی و دامەزراوەیی و یاسایی دەبینن، رێگری سەرەکی بەردەم هەرچەشنە گۆرانکارییەک و هۆکاری بە زۆنکردنی سیاسی هەرێم و شەقکردنی هەرێمن بۆ دوو بەش.

تا ئەو جێگایەی بە بانگەشەکانی تری ناو ڕیکەوتنامەکە لە پەیوەند بە خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و مافەکانی دانیشتوان دەگەڕیتەوە، کەس دەستی یەکێتی نیشتیمانی وەکو خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوز و نەوەی نوێی هاوپەیمانی ئیستای نەگرتووە، ئەو ماف و داخوازییە زۆر سەرەتاییانەی هاوڵاتیان لە موچەو خزمەتگوزاری و مافە فەردی و مەدەنییەکان و ئازادییە سیاسییەکان و مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکات و ئەلگۆیەکی تر لەدەسەڵات پیادە بکات، کە جیاوازیەکانی لەگەڵ پارتیدا بخاتەڕوو، کە خەڵکی سەرجەم کوردستان بیبین و ستایشی بکەن، بەڵام فۆرمی ئەو دەسەڵاتە حزبۆکراتی و میلیشیایی و بنەماڵەیییە ڕیگە نادات بە یەكیتی و پارتی وەکو هەر دەسەڵاتێکی باوی بۆرژوای مامەڵە بکەن و جیاوازی نێوانیان لە ڕیگای خستەرووی سیاسەتی سەرەکی جیاواز بۆ دۆخی سیاسی هەرێم و ئاییندەی سیاسی کوردستان، بۆ مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان، بکەنە مەبنا بۆ کێشمەکێشی نیوانیان.

نیگەرانی و کاردانەوەی پارتیش بە ڕیکەوتننامەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ، لە هەمان گۆشەنیگای حزبی و بنەماڵەیی و میلیشیاییەوەیە. پارتی وەکو هیزێک کە قەڵەمرەوی زۆنێکی هەرێمی لە رێگای زۆرەوە پاوان کردووە،  دەیەوێت لەگەڵ یەکێتی هەمەکارەی زۆنەکان بن و یەکێتی و کوڕانی تاڵەبانی وەکو تاڵەبانی باوک، ڕیکەوتنی ستراتیجی لەنیوانیان هەبێت و پارتی وەکو حزبی دایک!! بە فەرمی بناسێت. پارتی هەموو ڕیکەوتنامەیەک لەنێوان هیزە سیاسیەکان لە دەرەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی وەکو گوشار لەسەر خۆی و بە پیلانگێری!! مامەڵە دەکات، بۆ ئەوەی لەلایەکەوە جەماوەر و لایەنگرانی خۆی لەدژیان هان بدات و لەلایەکی تریشەوە وەکو مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم و کۆسپی بەردەم پیکهێانی حکومەت و پەرلەمان!! لەبەردەم رای گشتیدا نیشان بدات، تا لەو رێگایەوە ئۆباڵی دۆخی سیاسی هەرێم و مەترسیەکانی بخاتە سەرشانی یەکێتی نیشتیمانی بەتەنها و خۆی لە بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخە نەخوازراوە بدزێتەوە کەخۆی لایەنی سەرەکییە لە خوڵقاندنیدا.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سه‌عدی پیره‌: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی داوای له‌ كاك بافڵ كرد به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات
ئەکسیۆس: ئەمریکا پلانی هێرشێکی گەورەیان بۆسەر ئێران ئامادە کردووە
لە بەنزینخانەکانی هەولێر بە کارتی (کۆبۆن) کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنرێت
"زه‌یدی داوای كردوه‌ ئێران هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌شتیانه‌ی نه‌وتی عێراق ده‌گوازنه‌وه، وه‌ڵامی رونی وه‌رنه‌گرتوه‌‌"
پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ ئاوێنە: ئەگەر یەکێتی‌و نەوەی نوێ توانییان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن پیرۆزباییان لێدەکەین
پەرلەمانتارێک: تێچوی لیترێک بەنزین ناگاتە ١٥٠ دینار، بۆ ھەرزانی ناکەن
لە شەوی رابردوەوە ئەمریکاو ئێران ھێرشیان نەکردۆتە سەر یەکتری
وتەبێژی سوپای پاسداران: دوای پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنەکە ٢٠٠ ئەمریکی کوژراون
نرخی دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
زێلێنسکی: هێزەکانمان کەشتییەکی روسیایان تێکشکاند کە باری ئێرانی هەڵگرتبوو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×