حوكمڕانانی هەرێم.. سپاردنی شكست بەشكست

سەرتیپ جەوهەر
  2025-06-08   

لەم گرژیی و قەیرانە نوێیە جارێكی دیكە دووپاتبوویەوە كە بڕیاربەدەست و حوكمڕانانی كورد نەك سودیان لەشكست وەرنەگرتووە، بگرە شكست بەشكستی دیكە دەسپێرن.

پەندێكی كۆنی تورك هەیە دەڵێت "خۆزگە بەعەقڵی كورد دوای شكست" مەبەست لێی كورد دوای شكست ئینجا پەنجەی خۆی دەگەزێت و بەخۆیدا دەچێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم پەندەش دەرەقەت بڕیارو هەڵە یەك لەدوای یەكەكانی بڕیاربەدەستانی كورد نەیەت. بەداخەوە نەك دەرس لەشكست وەرناگرن بگرە شكست بەشكست دەسپێرن. دوای هەر شكستێكیش، كوردایەتی و قەومەچێتی دەكەنە چادرێكی گەورە بۆ داپۆشینی شكستەكەیان.

مخابن بڕیاربەدەستانی كوردستان لەڕوانگەی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و شەخسی و بنەماڵەییەوە دەڕواننە ئایندەی كوردستان، لەكوێ مەترسی لەسەر بەرژەوەندیان هەبوو، لەوێ‌ مەترسی لەسەر كوردستان هەیە! لەهەمووی خراپتر هەركات مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانیان دروستبوو، كۆمەڵگا دەكەنە دووبەش، ئەوانەی لەگەڵیانن بەرگی نیشتیمانپەروەریان لەبەردەكەن و ئەوانە پێشمەرگەن، ئەوانەیشی لەگەڵیان نین، ئیدی ئەوانە خائین و خۆفرۆشەكانن! لەم بەم پێودانگە كۆمەڵگا پۆلین دەكەن.

لای ئەوان بەقاچاخفرۆشتنی سامانی سروشتیی و دیارنەمانی داهات و بێئەرزشكردنی پەرلەمان و دامەزراوەكانی حوكمڕانیی و ژەهراویكردنی ژینگەو یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی هێزی چەكداری حزب و تێكدانی دادگاو بازدان بەسەر دەستورو یاسا لەپێناو بەرژەوەندی حزب و ...تد عەیبەو خیانەت نییە! بەڵكو عەیبە و خیانەت ئەوەیە كە تۆ باسی بەقاچاخبردنی نەوت و دیارنەمانی داهات و سامانی گشتیی و لەدەستدانی شەرعیەتی حوكمڕانیی و خراپەكارییەكانیان بكەیت! یاخود ئامادەنەبیت بچیتە دیوەخانی حزبییان و لەدەرەوەی پەرلەمان بڕیار بدرێت!

لەكوێی دوونیابووە میللەتێك سەدان ساڵ بەدەست داگیركەریی و ستەمكاریی بێگانەوە بناڵێنێت كەچی ئەمڕۆ بەدەست حوكمڕأنانییەوە دادو بێدادی بێت؟! لەمێژووی كام میللەت بووە 34 ساڵ بەسەر حوكمڕانیەكەی خۆی تێپەڕێت كەچی تائێستا هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەو نوێنەرایەتیەكی پەرلەمانیی شەرعیی و حكومەتێكی نیشتیمانیی یەكگرتووی نەبێت؟

لەمێژوودا دەوڵەت بۆ خزمەتی خەڵك و لەپێناوی دادپەروەریی و دابینكردنی نان و ئاسایش دروستبووە، بەڵام لێرە بەپێچەوانەوەیە! هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتداریی لەخزمەت حزبی سەردەست و كەمینەیەكی بڕیاربەدەست و خۆشگوزەرانە! خەڵكەكەش بێدەرەتان و داماو و هەشبەسەر، لەچاوەڕانیی مەرحەمەت و كەرەمی ئەم كەمینەیەن.

.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×