مێژوو خاڵی نیە لە نموونەی دیاری ھەڵە و پەڵەی سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان، کە لە ئەنجامی ھەڵسەنگاندنی خراپ، نەخشەڕێگەی نادیار و بڕیاری لوتبەرزانە و بێ گوێدانە ئامار و داتا و پێدراوەکان، ھەنگاوی کت و پڕ و بە پەلەیان ناوە و گەل و میللەت و خاک و ھێزی سەربازی و مرۆییەکانی خۆیان کارەساتبار کردووە.
لەو جۆرە ھەڵانەی کە لە دووتوێی کتێبە مێژووییەکاندا باس کراوە: بە کەم زانینی توانای بەرانبەر و ھەڵەی سەربازی یان سیاسی یاخود ھەردووکیان پێکەوە، پشتگوێ خستنی زانیارییە سیخوڕییەکان و غرووری سیاسی و زیادەڕۆیی لە پشت بەستن بە ھێزە سەربازییەکانی خود، یاخود بڕیاردان لە ژێر کاریکەری ئایدۆلۆجی، یاخود بۆ بەرژەوەندی کەسی و ناوبانگ پەیداکردن، یان ھەر نەبێ ھەنگاونان لە کات و شوێنی نەگونجاو.
چەند نموونەیەک لەو نموونانەی کە مێژوو بۆمانی دەگێڕێتەوە:
١-ھەڵە بەناوبانگەکەی ناپلیۆن بوو، کە ھێرشی فراوانی کردە سەر ڕووسیا، لە ساڵی ١٨١٢دا، بەو نیازەی لە ئەنجامی سەرکەوتنێکی خێرا، قەیسەری ڕووسیا ناچاری ملکەچ کردن بکات. لێرەدا ڕووسەکان، بە پلانێکی تەکتیکی، پاشەکشەیان کرد بۆ ناوەوەی وڵات و ناپلیۆنیش نەیتوانی پێداویستی و کۆمەک بگەیێنێتە ناوچەیەکی فراوانی ژێر ڕکێفی خۆی. بە ھۆی ئەمەشەوە، ناپلیۆن سەددان ھەزار سەربازی لە دەستدا. ئەم تێکشکانە یەکێک بوو لە ھۆکارە سەرەکییەکانی داڕووخانی ئیمراتۆرییەتی فەڕەنسی.
٢- ئەو بەرە فراوانەی جەنگ لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتەوە، کە ھتلەر دژ بە ڕووسیا، لە ساڵی ١٩٤١دا کردییەوە، بەو نیازەی یەکێتی سۆڤێت بڕووخێت. ئەمە یەکێک بوو لەو ھەڵە ستراتیژییانەی ھتلەر، کە دواتر یەکیان گرتەوە لە گەڵ بەرپا بوونی جەنگ لە گەڵ بەریتانیا و ئەمریکا؛ دواجار بوونە ھۆی شکستی گەورە بۆ ھتلەر و ھێزەکەی.
٣- ماوتسی تۆنگ کاتێ ھەنگاوێکی خێرای مەترسیداری نا، لە ساڵی ١٩٥٨-١٩٦٢دا، لە پێناو خێراکردنی پیشەسازی و گۆڕانکاری خێرای ئابوری. ئەمەش، بە پشت بەستن بە ھەندێ ھەنگاوی کشتوکاڵی و ئابوری کارەساتبار و زانیاری پاوەڕپێنەکراو و گوێ نەگرتن لە ڕای جیاواز و سەرکوتکردنیان، بووە ھۆی برسیکردنی خەڵک و قات وقڕی و مردنی بە کۆمەڵ. لە ھەندێ ئاماردا، ئاماژە بە مردنی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن مرۆڤ دەکرێت.
٤- پیلان و ھەڵسەنگاندنی کوشندەی سەددام حسێن لە گرتنی کوێت، لە ساڵی ١٩٩١دا. ئەم داگیرکارییە کت و پڕە بە چ کارەساتێک بە سەر گەڵانی عێراقدا شکایەوە، کە تا ئەمڕۆش زیانەکانی بەردەوامن.
ئەمانە چوار نموونەن لە دەیان نموونەی دیکەی مێژوویی، کە لە ھەموویاندا خاڵێکی ھاوبەش ھەیە. کە ئەمەش ئەوە ناگەیێنێت کە ئەم سەرکردانە کەسانی زیرەک و بلیمەت و زانا نەبوون، بەڵام لە ھەموویاندا چەند خاڵێک دووبارە دەبنەوە، وەک: باوەڕبەخۆبوونی بێ سنور، گریمانەی زوو تێپەڕبوونی کات و سەرگرتنی ھەنگاوەکە، کورتبینی لە ھەڵسەنگاندنی کاردانەوەی بەرانبەر... بەڵام، لە ھەموویان گرنگتر، نەبوونی دەزگایەکی باڵای دەسەڵات کە بەم سەرۆکانە بڵێت: «سەرۆک، ئەم ھەنگاوەت ھەڵەیە و نابێت بنرێت». وە یەکێک لە ھەرە خاڵە لاوازەکانی ئەم سەرکردانەی کە ھەمیشە بە سەرکەوتن ڕاھاتوون، غرووری سیاسییە، کە نازانن ھەندێ جار قومارە سیاسییەکانی پێشووی کە سەرکەوتنی تیا بەدی ھاتووە، نابنە پێوەر بۆ لە ھەر جارێکدا ھەمان سەرکەوتن بە دەست بھێنی؛ چونکە دواجار قومارکردن وایە کە دەبێتە مایەی مایەپووچی. جا ئەگەر قومارەکەت سیاسی بێ، ئەمە مایەپووچییەکە زیان بە میللەتێک ئەگەیێنێت کە تاکە سەرکردەیەک قوماری پێوەکردووە.
مێژووی کورد پڕاوپڕن لە کارەسات، سەرکەوتن و نووشست. لە زۆربەی ھەرە زۆریان، وەکو ھەر شۆڕشێک، پەرپا بووە و تەشەنەی سەندووە و دواتر، لە نابەرابەری ھێزلە گەڵ داگیرکەراندا، شۆڕشەکە دامرکاوەتەوە و کۆتایی پێ ھاتووە. لەم دۆخەدا، لێکۆڵەر بە دڵنییاییەوە ناتوانێت تەواوی ھۆکارەکانی شکستەکە بە گەردنی تاکە سەرکردەیەکدا ھەڵواسێت. بەڵام، لە کارەساتێکی لە وێنەی فشە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە ھێندەی لە قومارێکی سیاسی ئەچوو یان پیلانێکی نێو دەوڵەتی، ھێندە لە ھەنگاوێکی حەکیمانەی سەرکردەیەک نەدەچوو کە بە تەنگ دەستکەوەکانی میللەتەکەی خۆیەوە بێت.
پێش ڕێفراندۆم، کورد بە گشتی ھێندەی نازی نێودەوڵەتی پەیدا کردبوو، کە چاوپۆشی لە سنووری مانەوەی بکەن لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا. بارزانی، لە بەرانبەر پاشگەزبوونەوە لە ڕێفراندۆم، بەڵێنی زۆر گەورە گەورەی پێ درابوو؛ بەڵام، بە ھەموو پێوەرێک، وا دەردەکەوێت کە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم بڕیاری لێدرابوو بدرێت و بڕیارەکەش لە خودی بارزانی گەورەتر بوو. جا دەستکەوت لەو بڕیارە چی بوو و بۆ کێ بوو و لە بەرانبەر چی بوو، خودی بارزانی ئەبێت وەڵاممان بداتەوە. خۆ ئەگەر دوای ئەو ھەموو کارەساتەی کە بەرئەنجامی ڕێفراندۆمەکە بوو، ھەر سووربێ لە سەر ئەوەی کە سەرکەتوو بووە، ئاخۆ ئەبێت سواری سەری خۆبوون چی بێت؟