مرۆڤ کاتێک لە دەوروبەری خۆی دەڕوانێت، دەبینێت کە جوانیی ڕاستەقینەی هەر شتێک لە پاراستنی پاکی و بەهاکەیدایە ، بۆ مرۆڤیش هیچ پارێزەرێک و چەکێک نییە بۆ پاراستنی کەرامەت و ڕێزی وەک شەرم و حەیا ، شەرم ئەو پەردە بەهێزەیە کە ئەگەر لە ژیانی تاکدا هەبوو، کۆمەڵگە لە لێکترازان و داڕمانی ڕەوشتی دەپارێزێت ،شەرم و حەیا تەنیا بۆ ڕوخسار نییە، شەرمی ڕەوشت ئەوەیە کە درۆ نەکەیت لەگەڵ خۆت و ئەوانیتر !وەفادار بیت بۆ دەوروبەرو کۆمەڵگا ، کاتێک مرۆڤ ئەم سیفەتە لە ناخی خۆیدا دەچێنیت دەبێتە مرۆڤێکی سەنگین و خاوەن بەهای بەرزی ئینسانی !
بێ شەرمی لە هەر شتێکدا بێت ناشیرینی دەکات شەرمیش لە هەر شتێکدا بێت جوانی دەکات ! شەرم بە شێکە لە حەیاو پێکەوە شەرم و حەیا ویقار و سەنگینییە بۆ كەسایەتی مرۆڤ، شەرم هاوسەنگی ڕەوشت ڕادەگرێت و کار لەسەر مامەڵەکردنی ئینسان و موراڵ و ئاکارەکانی دەکات و هاوسەنگی نێوان خۆت و بەرامبەرەکەتە ، سەنگ و کێشی مرۆڤ هەڵدەسەنگینێت ، شەرم هاوسەنگی ڕیز ڕادەگرێت لە بەرامبەر مرۆڤی بچوک و بێ شەرم دا کە هیچی نیە لە دەستی بدات !
ئازیزمان دەفەرموێت ( اذا لم تستح فاصنع ماشئت ) واتە ؛ ئەگەر شەرمت نەکرد چی دەکەی بیکە . هەموو مرۆڤێکی خاوەن وشیاریی مێژوویی و ئەخلاقیی بەرپرسیارێتیی دۆخێکی ئینسانیی هەیە کە پێی دەگوترێت شەرم. شەرم گرنگترین خەسڵەتی ئینسانییە کە مرۆڤ روبەڕووی دەبێتەوە ، شەرم لەناو رووبەری گشتییدا دەبێت بە ڕووداوێکی کۆمەڵایەتیی و لەناو کایەی سیاسەتدا دەبێت بە داوای لێبوردن و دەستلەکارکێشانەوە لە کارێک کە لە توانای تۆدا نەبووە ، کاتیکیش تەماشای واقیعی سیاسی خۆمان دەکەین و دەبینین بە هەموو مانایەک هیچ شەرمێکی سیاسییان نەماوە؛ ئەوان فەشەلێکی گەورەیان لە هونەری ئیدارەدان و بەم ئەزمونە کوردییە هێناوەو هیچ بەهایەکیان بۆ کەرامەتی ئینسان و هیچ سەنگێکیشیان بۆ پرس و دۆزی کورد نەهێشتۆتەوە!
لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا هاوڕێیەتی پەیمانێکی پیرۆزە و خیانەتکردن لێی، یەکێکە لە قورسترین برینەکان کە چاکبوونەوەی ئاسان نییە ، هاوڕێیەتی ڕاستەقینە تەنیا کات بەسەربردن نییە، بەڵکو وەفاداری و سپاردنی متمانە و نهێنییەکانە بە یەکتر ، کاتێک تۆ لە پێناو مەسڵەحەت و بەرژەوەندی و حەزو ئارەزووەکانی خۆتدا خیانەت لە هاوڕێکەت دەکەیت ، گەورەترین زەرەرمەند لەم کایەیەدا ناپاکەکە خۆیەتی، چونکە پێش ئەوەی دڵی هاوڕێکەی بشکێنێت و ڕۆحی بریندار بکەیت، پەردەی حەیا و شکۆی خۆتت دڕاندووە ! .
شەرمکردن لە ناپاکی، بەربەستێکی ویژدانییە ، کاتێک بیر لە زیانگەیاندن بە هاوڕێکەت دەکەیتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوکارو دەستبارو پشتیوان و قەڵای متمانەی تۆ بووە، دەبێت شەرم لەو کات و ساتانە بکەیت کە پێکەوە بەسەرتان بردووە. ناپاکی تەنیا ئاشکراکردنی نهێنی نییە، بەڵکو پشتگوێخستنی ئەو متمانەیەیە کە هاوڕێکەت پێی بەخشیویت، مرۆڤی خاوەن حەیا هەمیشە ئەوەی لەبەرچاوە کە شکاندنی متمانە وەک شکاندنی ئاوێنە وایە، ئەگەر چاکیش بێتەوە، هێڵەکانی درزەکە هەر دەمێننەوە"
مرۆڤی خاوەن حەیا و ڕەوشت، پێش ئەوەی دەستی بچێتە خەنجەری ناپاکی، بیر لە کێشی ئەو پەشیمانییە دەکاتەوە کە تا کۆتایی تەمەن بەرۆکی بەرنادات ، خەنجەر لێدان لە پشتەوە، تەنیا زیانگەیاندن نییە بە هاوڕێکەت، بەڵکو لە دەستدانی متمانەو تیرۆرکردنی بەهای متمانەیە لە ناو دڵی خۆتدا ، با هەمیشە شەرممان هەبێت لەوەی ببینە هۆکاری ئازاری ئەو کەسانەی کە متمانەیان پێکردووین، چونکە پاراستنی هاوڕێ، پاراستنی ناسنامەی ڕەوشتی خۆمانە.