کاتێک ویژدان لە پۆست بەرزتر دەبێت

دانا مه‌نمی‌
  2026-10-29   

لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، هەندێک ناو تەنها ناوی تاکێک یان بنەماڵەیەک نییە، بەڵکو بەشێکن لە مێژوو، خەبات، ناسنامە و قوربانیدان و بیرەوەرییەکی گشتی کە بە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانەوە گرێدراوە ، نابێت بە پێوەری پۆست و پلەی حیزبی و سیاسی میژوو خەبات و قوربانیدانی بنەماڵەی شیخ مەحمودی حەفیدزادە هەڵبسەنگێندرێت چونکە  لەو بنەماڵەیەدا، خەبات و قوربانی و مێژووی نەتەوەیی ڕەنگیداوەتەوەو سەرمایەیەکی گەورەن کە بە هیچ پۆست و دەستەڵاتێک ناپێورێن . 

بۆیە، کاتێک باس لە دەستلەکارکێشانەوەی شێخ مەحمود حەفیدزادە دەکرێت، نابێت تەنها لە چوارچێوەی ئەو پۆستە سیاسییەدا سەیری بکەین کە وەک نوێنەری مەسعود بارزانی لە سلێمانی پێی سپێردرابوو ، بە بۆچوونی من ئەو پۆستە لە ئاستی مێژوویی و کەسایەتی و ناسنامەی بنەماڵەکەیدا نەبوو ، ئەو بنەماڵەیە خاوەنی مێژوویەکی تایبەت بە خۆیەتی و پێویستی بەوە نییە لە سایەی هیچ کەسایەتییەکی سیاسیی تردا ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت ، بەڵام ئەگەر کەسێک لە پۆستێکی سیاسیی گرنگدا بێت و ڕاوێژ و پێشنیارەکانی گوێی لێ نەگیرێت و کاری پێ نەکرێت، ئەوا ماندنەوەی لەو پۆستەدا هیچ ماناکەی نیە و نوێنەرایەتی تەنها ناو و پلە نییە ، بەڵکو نوێنەرایەتی پێویستی بە متمانە، ڕێز، کاریگەری و گوێگرتنی لایەنی بەرامبەر و کارکردن لەسەر پێشنیارەکان هەیە ، ئەگەر ویژدان و باوەڕی ئینسانی و سیاسی ڕێگە نەدات مرۆڤ بەردەوام بێت لە پۆستێک کە تێیدا دەنگ و ڕاوێژی هیچ کاریگەرییەکی نەبێت، ئەوا دەستلەکارکێشانەوە دەتوانێت لە مانەوەی لە پۆستەکەدا بەهێزتر بێت ! شێخ مەحمود حەفیدزادە پێویستی بەوە نییە بەردەوام بێت لە پۆستێکدا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بسەلمێنێت ،دڵنیام بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ویژدان و پاراستنی کەرامەتی سیاسی بووە . 

هیچ حیزبێک و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مێژووی خۆی لە ژێر پرسیار و ڕەخنە دەرناچێت، حیزبێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دروشمی ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی هاتووەتە مەیدان، ئەمڕۆش دەبێت بە کردارەکانی بسەلمێنێت کە هێشتا نوێنەری ئەو بەها و ئامانجانەیە ،کۆمەڵگای کوردستان تەنها پێویستی بە دروشمی نەتەوەیی نییە؛ پێویستی بە حکومەتێکی بەرپرسیار، ئابوورییەکی بەهێز، دابینکردنی مووچە، خزمەتگوزاریی گشتی، ئاوو کارەبا، ئازادیی ڕادەربڕین و دادپەروەری هەیە، برسیبوونی هاوڵاتی، بەرتەسککردنەوەی ئازادی و بێبەشکردنی خەڵک لە مافە سەرەتاییەکانیان، بە تەنها کێشەی حیزبێک نییە بەڵام لەوانەیە حیزبێکی سیاسی هۆکاری بەشیک لە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان و خولقاندنی کێشەکان بیت کە دواجار کێشەی هەموومانە و پێویستە بە ویژدان و بەرپرسیارێتیی و دیدێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت . 

هونەری ئیدارەدان و سیاسەت لە کوردستان لە هەندێک بواردا زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای پرەنسیپ، بەرنامە و دامەزراوە بێت، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کاتی، هاوکێشەی دەسەڵات و پەیوەندیی کەسی دەسوڕێتەوە مەسعود بارزانی وەک کەسایەتییەکی سیاسی نابێ تەنها کار لەسەر گوێبیستن و گوێڕایەڵکردنی دەوروبەری خۆی بکات بەڵکو دەبێ دەرفەت و ئیمکان و توانای گوێگرتن لە ڕەخنە و لە دیدو ڕوانین و ڕاوێژی جیاواز، قبوڵکردنی هەڵە و کەموکورتیەکان گۆڕینی بڕیارە هەڵەکانی هەبێت و گوێ لە ڕاوێژی دڵسۆزانەی خەڵک بگرێت و بۆچوونە جیاوازەکانیش بە هەڕەشە لەسەر خۆی نەزانیت . 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×