ئایا جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ئێرانیش دەگرێتەوە؟

شه‌ریف عەلی
  2023-10-10     648

چەند ڕۆژێکە چەندین نوسەری بەڕێز ئەو پرسیارەم بەردەوام لێ دەکەن. بەشێک لەو بەڕێزانە ئێستاش بڕوایان بە نوسینەکەی یەکەم ڕۆژی من نییە کە لەسەر هێرشەکەی حەماس لە ئاوینە بڵاوکرایەوە. کە تێیدا وەک یەکەم نوسەری کورد ئاماژەم بەوەدا: لۆژیک نایبڕێت کە دەزگای مۆسادی ئیسرائیل کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەیە زانیاری لەسەر ڕێکخستنی نزیکەی پێنج هەزار موشەک و سەدان پەڕەشوتەوان و دەیان گروپی هێرشی زەمینیی و ئاوی حەماس نەبوبێت!  بێگومان هێرشی وا فرە ڕەهەند زیاتر لە مانگێک ئامادەسازیشی دەوێت! بۆیە ئیسرائیل لوغمەکەی بە حەماس دا تەقاندەوە!! تەنانەت پەڕەشوتەوانەکانی حەماس بە ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بون، ئیسرائیلییەکان ڤیدیۆیان دەکردن و بڵاویان دەکردەوە، کەچی فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی یان درۆنێکی ئیسرائیلی بەکارنەدەهێنرا کە پەڕەشوتەوانەکان بخاتە خوارەوە!!

 

ئیسرائیل و ستراتیژەکەی!

تێفکرینی من ئەمەیە: لەم دۆخەدا کە ڕوسیا دەیەویت بەشێکی ئۆکرانیا بخاتەسەر ئیمپراتۆریەتەکەی و بەکردەوەش داگیری کردوە. ئازربایجان بەشێکی ئەرمینیای بۆ خۆی برد. تورکیا لە بەشێکی خۆراوا و باشوری کوردستان بەردەوام [وەک دیفاکتۆ] خۆی دادەکوتێ. ئێرانیش حوکمی لایەکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. کەس بە کەس نییە و باشترین زەمینەبو کە ئیسرائیلیش پلانێک دابنێت و بیقۆزێتەوەو سنورەکانی فراوان بکات. مۆساد-سی ئای ئەی بە یارییەکی هەواڵگری ئەو دۆخەیان خولقاند!

هێستا ماوێتی کە خوێنەرانی کورد بەڕونی تەواوی بەڵگەنامەکانیان دەست بکەوێت و، بێگومان بن لەوەی کە زۆرێک لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەکان، دەستی دەزگا هەواڵگرییە جیهانییەکان لە پشت دروستکردن و ئاڕاستەکردنیان دا هەیە، بە خودی ئێران و تاڵیبان و حەماسیشەوە!!

ئیسرئیل یەکەم هەنگاوی ئەوەیە: سنوری خۆی بەرفروان بکات، لەگەڵیشی دا ڕۆڵیشی بەرفراوان ببێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا.

 

ئیسرائیل و سەرەتای هێرشەکەی حەماس!

ئیسرائیل سیاسەتزانانە و دبلۆماتکارانە لەگەڵ هێرشەکەدا مامەڵەی کرد و، گروپی میۆزیکی جیهانیی خستە بەر ڕەحمەتی حەماس!! تێیدا چەندین هونەرمەند و هاوڵاتییە سڤیلەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بونە قوربانیی. ئینجا ئیسرائیل [کۆڕەو]ی خەڵکی ئیسرائیلی پیشانی جیهان دا.

واتە: لێزانانە تا ئێستا هەنگاو بە هەنگاو بۆ ئەو پلانەی کە دایناوە، هەم لە ڕوی ڕاکیشانی دبلۆماسییەتی جیهانیی بۆ خۆی و، هەمیش لە ڕوی پراکتیزەکردنی پلانەکەی، بە باشیی دەیباتە پێشەوە! لە بابەتەکەی یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس دا ئاماژەم بەوەدا: ئیسرائیل وەک هێزێک کە فراوانخوازیی و هەأمونخوازی نوێی دەوێت: بۆیە لە پێناو جێ بە جێ بونی پلانەکەی، لە قوربانیدان ناترسێت!!

گرنگترین شت ئەوەبو: دەزگای مۆساد و سی ئای ئەی توانییان بەشێکی زۆری جیهان قایل بکەن کە ئاگاداری ئەم هێڕشەی حەماس نەبون و ئیسرائیل غافڵگیر کراوە. نوسەرانی کوردیش لەبەر ئەوەی بە پێی پڕوپاگەندەی میدیا جیهانییەکان شیکاری دەکەن. هەمویان وتیان: ئیسرائیل غافڵگیر کرا! بەڵام پیجەوانەی ئەوە حەقیقەتە! ئەمەشتان لەبیرتان بێت کە ئیسرائیل لە ئاستی جیهان دا دەیان فیلمی سینەمایی لەسەر ئەم هێرشەی حەماس دەردەکات و، خۆی بە [جینۆسایدکراو] لە قەڵەم دەدات. جووەکان لەوەدا ئازان کە تۆڵەی خوێنی خۆیان دەکەنەوەو تراژیدییەکانیان بە دۆکیۆمێنت دەکەن. وەک کورد نین کە خوێنیان بەلاش بێت. ئیسرائیل کە تێفکرینم وایە: نەخشەسازی پلانێکی وا بوە، دڵنیابن بە سەدان بەرانبەر بۆ هەمیشە وەبەرهێنانی پێوە دەکات!

 

ئیسرائیل دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم!

بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە شیاوی لێوردبونەوەیە. ئایا تەنیا سنوری خۆی بەرفراوان دەکات، یان سیستەم و جوگرافیای وڵاتانی تریش دەگۆڕێت! کاتێک ئیسرائیل دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم. نیشانەی ئەوەیە پلانەکە بەرفراوانترە لە ئیسرائیل و فەلەستین! ئەو ڕاستییەش دەخاتەڕو کە پێشتر ئیسرائیل ئاگاداری ئەم هێرشانە بوە. ئەگینا چۆن ئیسرائیل خێرا دەڵێت: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕم، ئەگەر ئامادەسازی پێشوتری خۆی و ئەمریکا-بەریتانیا بۆ پرسێکی وا نەکراوە؟ لە یادتانە ئەمریکا چەندێک هێزی زیاتری هێنایە ناوچەکە لە چەند مانگی ڕابردودا؟ لە تێفکرینتان دا هەیە ئەمریکا بەنیازە چەند ساڵ ئابڵوقە بخاتەسەر ڕوسیاو، لە بری گازی ڕوسیا، دەیەوێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێک بگۆڕێت کە گازە سروشتییەکەی بەردەستی ئەمریکا-ئەوروپا بێت!؟

مەبەستم ئەوەیە: بەکارهێنانی دەستەواژەی خۆرهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕم لەلایەن ئیسرائیلەوە. نیشانەی ئەوەیە ئیسرائیل-ئەمریکا-بەریتانیا پلانێکی ئامادەسازییان بەدەستەوەیە. ئایا دەکرێت تەنیا پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندن بێت، واتە وەک شەڕی دەرونی ئیسرائیل ئەو دەستەواژەیە بەکاربێنێت!؟ یان تەنیا سنورەکانی ئیسرائیل دەگۆڕن!؟ 

 

ئێران و گروپەکانی زیڕەیان کردوە!

ئەمڕۆ خودی خامنەیی وتی: ئێمە ئاگاداری هێرشەکەی حەماس نین. شیعەکانی عێراقیش [وەک کردەوە] جوڵەیان لەخۆیان بریوە. سەدر دەڵێت: با ئاو بنێرن بۆ غەزە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ترسیان لێنیشتوەو دەزانن بە داوەکەی ئیسرائیلەوە بون!

دیسانەوە ئەڕۆمەوە سەر ئەو پرسیارەی چەند هاوڕێیەک لێیان کردوم: ئایا جەنگی حەماس و ئیسرائیل، ئێرانیش دەگرێتەوە؟

وەڵامەکەم ئەمەیە: جەنگێک حەماس بپڕوکێنێت، واتە بەلای کەمەوە دەستێکی ئێران تێیدا دەقرتێت! بەڵام ئەگەر مەبەست لە پرسیارەکە ئەوە بێت: ئایا ئەم جەنگە خودی جوگرافیای ئێرانیش دەگرێتەوە؟

دوو هۆکار لەمپەربون پیشتر لە بەردەم گورزی ئاسمانی ئیسرائیل-ئەمریکای کۆماریی، بۆسەر ئێران، ئەوانیش: دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بون. چونکە تا ئێستاش ئێران مامەڵەی نهێنیی لەگەڵ دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا هەیە.

بەڵام ئەم پلانەی ئەم جارە ئیسرائیل کێشاویەتیی و بە لیزانانەش قۆستییەوەو خۆی بە [قوربانیی] لە قەڵەم دا، توانای دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیا سنوردار دەکات لەوەی رێگر بن بۆ هەر هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر ئیران. بێگومان ئیسرائیل-ئەمریکا سەرەتا دەیانەوێت ئێران و گروپەکانی لە سوریا و لوبنان داغان بکەن. دڵنیابن کە ئیسرائیل پشتی حەماس دەشکێنێ و غەززە وێران دەبێت. خەڵکێکی مەدەنی لە هەردولاش دەبنە قوربانیی. ئینجا ئیسرائیل هەنگاو بۆ گروپەکانی تر دەبات. هەر ئەوەی کە ئەمرۆ خامنەیی لە وتارەکەی دا دەیوت: ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە. نیشانەی پاشەکشێ بو. چونکە دەزانێت ئیتر دیموکراتەکانی ئەمریکا و بەریتانیاش ناتوانن وەک جاران ڕێگر بن لەوەی کە هێرشی ئاسمانیی بکرێتەسەر دامەزراوە گرنگە سەربازییەکانی ئێران.

بەڵام ئەم مەسەلەیە کاتی دەوێت، چونکە تا ئێستاش ئێران و شیعەکانی عێراق تەنیا تەماشای داغان بونی حەماس و غەززە دەکەن. بەڵام ئیسرائیل-ئەمریکا کە خاوەنی پلانێکی وا بن، بەدڵنیاییەوە تەنیا بە حەماس ئارام نابنەوە. وەک وتم: کاتیی دەوێت. کوردیش چیکڵدانەی بچوکەو بۆ سیاسەت نابێت، چونکە دەیەویت بە ڕۆژێک هەمو ڕوداوەکان ببینێت.

هەرچەندە سەرکردەکانی پارتیی لە ئێستادا ترسیان پیوە دیارە. بەڵام ئەم ڕوداوانە بە پلەی یەکەم لە قازانجی پارتیی دایە. بێگومان قازانجی بۆ خۆاراوا و خۆرهەڵاتی کوردستانیش دەبێت. گەر پەکەکە بزانن چۆن لە خۆراوای کوردستان لەگەل ئەمریکا مامەڵە بکەن. تورکیاش هەموشتێکی بۆ ناچیتەسەر. گەر پەکەکە خۆیان لە لکاوبون بە ئێرانەوە لانەدەن، خۆراوای کوردستانیش باجی تری سیاسەتی پەکەکە دەدات! چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا بەرژەوەندی خۆیانیان لا گرنگە. دەیان بەڵگەنامە باس لە گفتوگۆکانی نێوان بەریتانیی و ئیسرائیلییەکان لە کۆبونەوەکانیان دەکەن کە چۆن باس لە ئۆجەلان دەکەن کە ڕژێمی سوریا لە دەشتی بیقاع مەشقیان پێ کردون و لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەکاری هێناون! ئەوەبو عاقیبەتی ئۆجەلانمان دی، چونکە ئیسرائیل تۆڵەسێنە!!! گرنگە پەکەکە بە سیاسەتی خۆیدا بچیتەوە، بەتایبەت لەم دۆخە نوێیەدا!

-

شەریف عەلی خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×