خۆپیشاندەرانی عێراق‌و ئه‌مریكا! چییان ئەوێت؟!

شه‌ریف عەلی
  2020-02-07     646
ـ
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ عێراق ڕووده‌دات. دوو ئاماژه‌ی گرنگی تێدایه‌:-

یه‌كه‌م: جه‌ماوه‌ری عێراق (زۆرینه‌ شیعه‌ن) متمانه‌یان به‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق (كه‌ شیعه‌كانن) نه‌ماوه‌ و، له‌ جووڵانه‌وه‌ سه‌رشه‌قامییه‌كانیان به‌رده‌وامن و، له‌ كوشتوبڕكردنیان، ناترسن!

دووه‌م: هێزێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ پشته‌وه‌ (ئیراده‌ی به‌رده‌وام) به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌به‌خشێت. ڕونه‌ كه‌ گوتاری خۆپیشانده‌رانی شیعه‌وسونه‌ی عێراق دژایه‌تی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران و دژایه‌تی میلیشیاكانه‌. 
كه‌وابو، هێزی پشت خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت ئه‌مریكا بێت، یاخود (به‌ره‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا) له‌ پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بێت. به‌وپێیه‌ی چه‌ندانجار كنسوڵگه‌رییه‌كانی ئێران سوتێنراون و باره‌گای حیزب و میلیشیا شیعه‌كانیش كراونه‌ته‌ ئامانج له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌.
-
گوتاری سیاسیی ئه‌م خۆپیشانده‌ره‌ مه‌ده‌نییانه‌ چییه‌!؟
له‌ڕاستیی دا تێفكرینی من پێچه‌وانه‌ی سه‌ركرده‌ كورده‌كانه‌ كه‌ پێیان وایه‌: خۆپیشانده‌ران نازانن چیان ئه‌وێت و هه‌مو شتێك ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵكو پێموایه‌: گوتاری سیاسیی پشت ئه‌م خۆپیشانده‌رانه‌ بریتییه‌ له‌ ئه‌جێندای ئه‌و هێزه‌ی له‌ پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌یه‌. واته‌: ئه‌و هێزه‌ی له‌ پشت خۆپیشانده‌رانه‌وه‌یه‌ ده‌زانێت ئه‌جێنداو پلانه‌كه‌ی چیه‌.

به‌ كورتییه‌كه‌ی پێموایه‌: گوتاری سیاسیی پشت خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت له‌ ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌جێنداكانی ئه‌مریكاوه‌ له‌ چۆنیه‌تی حوكه‌متداریكردنی داهاتووی عێراق، سه‌رچاوه‌ی گرتبێت!
-
گوتاری سیاسیی پشت ئەم خۆپیشاندانانە له‌ ئه‌گه‌رێكیان دا ئەوەیە: زەمینەیەک بێتەکایەوە کە دیکتاتۆرێک بخرێتەسەر حوکم و دەستی میلیشیاکانی ئێران ببڕێتەوە!
ـ
ئه‌جێندای پشت گوتاری خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت ئه‌م دوو ئه‌گه‌ره‌ لۆژیكییه‌ له‌خۆ بگرێت:-

یەکەم: بە دوری نازانم، یەکێک لە ئەجێنداکانی ئەمریکا ئەوە بێت: له‌ڕێی بە ناڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی ئەم خۆپیشاندانانە زەمینەی ھێنانەسەر کاری دیکتاتۆرێک (یان کودەتایەک!) بڕەخسێنێت بۆ ڕیشک دەرھێنانی میلیشیاکان!
ـ
دوووم: ئەگەری دووەمیش ئەوەیە له‌ڕێی به‌رده‌وامیدان به‌م خۆپیشاندانانه‌ زه‌مینه‌یه‌ك بهێنرێته‌كایه‌وه‌ كه‌ میلیشیاکانی ئێران لە عێراق (بە دانوستاندنی نھێنی!) تەسلیمی خواستەکانی ئەمریکا بن لە عێراق دا. یاخود سازش بكه‌ن بۆ خواسته‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق دا.
-
ئه‌گینا، دور نییه‌ شه‌ڕی ناوخۆشی لێ نه‌یه‌ته‌كایه‌وه‌. 
خۆ ئه‌گه‌ر  میلیشیاكان و هێزه‌ شیعییه‌كان بیانه‌وێت به‌ پینه‌وپه‌ڕۆ به‌شێوه‌ی كاتییش ئه‌م دۆخه‌ تێ بپه‌ڕێنن، هه‌ر ناسه‌قامگیری سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رده‌وام ده‌بێت.
ـ
تا ئێستا دۆخەکە وایە: ئەمریکا ھەم لە عێراق و، ھەم لە ئێرانیش دا، ھەژمون و دەسەڵاتی ئێرانی زەلیل کردووە و، ئه‌مریكا بژارده‌كانی كاریگه‌رترن. لە ٢٠١١ ەوە من به‌ چەندان بابه‌تی ڕۆژنامه‌وانی تێفکرینی ستراتیژیم لەسەری ھەیە و، هه‌میشه‌ جه‌ختم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ تایبه‌تمه‌ندی داگیركاریی ئه‌مریكی ئه‌وه‌یه‌: ڕۆشته‌ هه‌ر خاكێكه‌وه‌ لێی ناكشێته‌وه‌و، ئه‌مریكا (ستراتیژی نهێنیی) به‌رانبه‌ر هه‌م میلیشیاكانی ئێران له‌ عێراق و، هه‌م خودی ده‌سه‌لاتی ئێران، هه‌یه‌! به‌ڵام ستراتیژی خۆی ڕاناگه‌یه‌نێت.
ـ
وردبوونەوەی گرنگتر ئەوەیە: کورد دەبێت چۆن و چی بکات!
ئایا ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی كوده‌تا خولقا، یاخود ئه‌گه‌ر (به‌ دانوستاندنی نهێنیی) هێزه‌ شیعییه‌كان سازشیان بۆ ئه‌مریكا كرد، كورد بژارده‌كانی چۆن و چی ده‌بن!؟
ئه‌گه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ له‌ عێراق ڕوی دا، كورد بژارده‌كانی چین!؟
ئه‌گه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم بڕدرا، كورد بژارده‌كانی كامانه‌ ده‌بن!؟
ئایا تا ئێستا كورد ڕێكه‌وتنێكی نهێنیی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌!؟ بۆچی له‌م دۆخه‌دا ته‌واوی هه‌وڵی خۆی ناخاته‌گه‌ڕ كه‌ (ڕێكه‌وتنێكی نهێنیی) له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بكات!؟

خۆ ناكرێت، سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كوردستان، هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ سبه‌ینێ بسپێرن. به‌ڵكو هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ به‌غداد ڕووبدات ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

هه‌ربۆیه‌ گرنگترین وردبوونه‌وه‌ به‌نیسبه‌ت كورده‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: نابێت هه‌ر ته‌ماشاكه‌ر بێ و خه‌مساردانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ مامه‌ڵه‌ بكات. به‌ڵكو پێویسته‌ ته‌واوی بژارده‌ لۆژیكییه‌كان له‌ ئێستاوه‌ بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌ست بێ و، به‌ وردی شه‌ن و كه‌ویان بكات!
ـ
شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×