شاسوار عبدالواحید، پاشخانی ھەرچۆن و ھەرچییەک بێت. لە قۆناغەکانی پێشوش دا لینکەکانی لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی دا ھەرچۆنێک بوبێت، ھەمو ئەوانە مەسەلەیەکن!
بەڵام، ئەوەی ئێستا، وەک گروپی ڕێکخراو، لە ئەرزی واقیع ئەکتیڤە لە دژی یەکێتیی بەتایبەت و، پارتیی، نەوەی نوێی شاسوارە.
ـ
تەنانەت ئەگەر شاسوار عبدالواحید لە قۆناغێکدا ئەمسەروئەوسەری لەگەڵ یەکێتیی و پارتیی ھەبوبێت، بۆچی نابێت کە لە قۆناغێکدا کە خۆی گرت، ببێتە کێبرکێکاری یەکێتیی و، ئینجا دواتریش پارتیی! شاسوار و جەلال تاڵەبانی نابنە یەک. بەڵام خۆ مام جەلالیش لە قۆناغێکدا لە ١٩٦٤ تا ١٩٧٠ لەگەڵ ڕژێمی عێراق بو، کەچی لە ١٩٧٦ ڕۆشتە پاڵ ڕژێمی سوریا دژی عێراق!
-
شاسوار «نەوەی نوێ» و خۆپیشاندانەکانی ئێستا!
پێموایە ڕێکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە لە چەند ڕویەکەوە سودی ھەیە.
یەکەم: گەر میللەت جار-جار خۆپیشاندان بکات، ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی میللەت ڕێکبخرێت دژی دەسەڵات. راستە خەباتی پەرلەمانیی لە کوردستان نابێتە ھۆی ڕوخاندنی دەسەڵاتی یەکێتیی و پارتیی. بەڵام خۆ لە سیاسەت دا مرۆڤی سیاسیی قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە پێش. لە شۆڕشی جەماوەریی دا میللەت بە جارێ ڕادەپەڕن. بەڵام لە سیاسەت دا تۆ قۆناغ بە قۆناغ دەچیتە پێش. شاسوار سیاسەت دەکات، نەک شۆڕش یا ڕاپەڕین. بەڵام ئەم خۆپیشاندانە کە نەوەی نوێ ڕێکی خست. ئەو سودەی ھەیە کە میللەت بۆ قۆناغی شۆڕش ئامادە بکرێت. خۆ ھیچ نەبێت لە ئێستادا «نا» ی میللەت بۆ دەسەڵات زیندوتر دەکاتەوە!
دووەم: لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا، گرتنی خۆپیشاندەران و پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، سودی بۆ ئێمەی دژە دەسەڵاتی ستەمکار ھەیە. بە مەرجێک ئەگەر شاسوار لیژنەیەکی ھەبێت کە خێرا ڕاپۆرت بە ئینگلیزی ئامادە بکات و بیدات بە کنسوڵی وڵاتان. چونکە زیاتر دەسەلمێت کە دەسەڵاتی قەبیلە سیاسییەکانی کوردستان، ھیچ بڕوایان بە ئازادی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤ نییە. ئێستا یەکێتیی لە ترسی فشاری نێودەوڵەتیی، فێری ئەوەبوە خێرا خۆپیشاندەران و ھەڵسوڕێنەرانی دەگرێ و، پاش دوانزە كاتژمێر ئازادیان دەکات. بۆ ئەوەی لەلایەک ھەم خۆپیشاندانەکان کۆتایی پێ بھێنێ و، ھەمیش خێرا ئازادیان دەکات بۆ ئەوەی لای وڵاتان بڵێ: ھیچ کەسێک نەگیراوە. بۆیە ھەم گرنگە نەوەی نوێ لیژنەیەکی ھەبێت خێرا-خێرا ڕاپۆرتی ئینگلیزی ئامادە بکاو، ھەمیش گەر خۆپیشاندانیان کرد، با بەردەوامیی ھەبێت!
—
بۆ یەکەمجارە حامیدی حاجی غالی و مەلابەختیار ڕاستگۆیانە قسە دەکەن!
لە مێژووی یەکێتیی دا، کە خەڵک پێی وایە لە ١٩٧٦ ەوە دروست بون و، منیش پێموایە یەکێتیی لە ١٩٦٤ ەوە دروست کراون! ھیچ سەرکردەیەکی یەکێتیی ھێندەی دوو ئاخافتنی ئەمساڵی حامیدی حاجی غالی و مەلابەختیار ڕاستگۆیانە، نەدواوە!
حامید ڕایگەیاند: ''خۆزگە ئەم یاخیبونەمان نەکردبایە. چونکە حوکمی ئێمە میللەتەکەمانی فەوتاند''. ئەم قسەیەی حامید بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی داگیرکەران لە دەسەڵاتی یەکێتیی باشترە. کە پێموایە قسەکەی ھەندێک ڕاستی تێدایەو دواتریش ئەیسەلمێنم.
مەلا بەختیاریش چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ئێن-ئاڕ-تی بۆ یەکەمجار ڕاستگۆیانە، یەکێتیی بە گروپی میلیشیای حیزبوڵای لوبنان چواند و وتی: ''لە ڕوی دەنگی جەماوەرەوە حیزبوڵای لوبنان کەمترین دەنگیان ھەیە، بەڵام دەسەڵاتی لوبنان بە دەست ئەوانە. یەکێتییش ھەروایە، گەر سێ کورسیش بێنێت، بە حوکمی ھێزە چەکدارەکەی، ھەر خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزە''.
ئەم قسەیەی مەلابەختیار لە چەندین ڕوەوە ڕاستە. جارێ پێش ھەمو شتێک، شاسوار و نەوەی نوێ پێویست بو ئەم قسەیەی مەلابەختیار بکەنە ئینگلیزی و لەگەڵ سی-دی کۆپی کراوی قسەکانیی دا، بیدەنە نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا. بۆ ئەوەی بەو وڵاتانە بوترێت ئەمە دیگای ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینەی یەکێتییە بۆ دیموکراسییەت. بەتایبەت کە مەلا بەختیار وتی: ''ھەر پارەیەک دەستی بەسەردا گیرا، ڕۆشت، ئیتر دەڕوات و ناگەڕێتەوە''. مەبەستی سامانی میللەت بو کە بەرپرسەکانی یەکێتیی بەردەوام دەیدزن و دەیخەنە ژێر زەمینەکان و دەیبەن بۆ ئەوروپا!
تەنانەت لە ڕوی مێژووییشەوە ھەر قسەکەی مەلابەختیار ڕاستە کە یەکێتیی وەک حیزبوڵڵا میلیشیان. چونکە لە مانگی دەی ساڵی ١٩٨٦ ەوە، یەکێتیی بەشێکن لە ھێزە وابەستەکانی قەرارگای ڕەمەزانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و، وەک حیزبوڵا میلیشیایەکی سەر بە ئێرانن. نمونەو سەلماندن:-
بە پێی ڕێکەوتنێک کە لە نێوان «محمد باقر زولقەدر» فەرماندەی پێشوی قەرارگای ڕەمەزان و، جەلال تاڵەبانی، کە لە مانگی دەی ساڵی ١٩٨٦ کراوە، یەکێتیی بەشێکە لە ھێزە چەکدارەکانی سەر بە قەرارگای ڕەمەزان. ھەربۆیەش، ھێزی یەکێتیی وەک بەشێک لە ھێزە چەکدارەکانی قەرارگای ڕەمەزان بە جلوبەرگی پاسدارانی ئێرانییەوە، بەشداری عەمەلیاتە سەربازییەکانی «نەسر، فەتح و فەجر» ی ئێرانی کردوە دژی عێراق. ھەروەھا، ھەندێکجاریش ھێزەکانی قەرارگای ڕەمەزان بە 'فارس، عەرەب، ئەفغانیی و یەکێتی'یەوە، پێکەوە جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە و ھێرشیان کردوە. وەک ھێرشیان بۆ سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و، ھێرشیان بۆ سەر شاری ھەڵەبجە. کە ئاکامەکەی ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانی ھەڵەبجەی لێ کەوتەوە. شاری سلێمانی بەختی ھەبو، کە لە ھێرشی ھێزە ھاوبەشەکانی قەرارگای ڕەمەزان «بە فارس، عەرەب، ئەفغانیی و یەکێتییەوە» بۆ سەر شاری سلێمانیی، پێش گەیشتنیان بە شاری سلێمانیی، تێک شکان. ئەگینا یەکێتیی تراژیدیایەکی بەسەر سلێمانییش دا دەھێنا، لە تراژیدیای ھەڵەبجە بەسۆتر دەبو!
بۆیە قسەکەی مەلابەختیار زۆر ڕاستە، کە ھەم یەکێتیی بڕوای بە دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و دەنگی جەماوەر نییەو، گەر سێ کورسیش بێنێت ھەر دەسەڵات تەسلیم ناکات. ھەمیش لێک چوواندنی یەکێتیی بە میلیشیای حیزبوڵای لوبنانیشی ھەر ڕاستە. چونکە بە پێی ڕێکەوتن یەکێتیی ھێزێکە لە ھێزەکانی سەر بە قەرارگای ڕەمەزان و ھاوشێوەی حیزبوڵایە.
گرنگە ئەم قسانەی مەلا بەختیار ڕاستەوخۆ بکرێنە ئینگلیزی و بدرێن بە وڵاتان! قسەکانی مەلا بەختیارم پیشانی نوسەرێکی ئینگلیزی کوردناس دا، وتی: ''لە مێژووی دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ڕەھاکانییش دا نەبوە، کە ھێندە بە ئارەزو و بە ئاشکرا حساب بۆ گەلەکەیان نەکەن و بڵێن: گەر لە سەدا سێی جەماوەریشمان لەگەڵ نەبێ، ھەر حوکم دەکەین!''.
ـ
بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی قسەکەی حامیدی حاجی غالیش، دەتوانم بەراوردێک بکەم لە نێوان دەسەڵاتی داگیرکەرێک و دەسەڵاتی جەلال تاڵەبانی دا.
(ئەلبەتە خۆم، دەسەلاتی مام جەلال و کوڕەکانیی و یەکێتیی هەرچەندێک زولمیشیان لێ کردبم، ناخەمە ئاستی دەسەلاتی داگیرکەران. بەلام لە بابەت نوسین دا بۆ ئەوەی واقیعی بم، خۆم گرنگ نیم، بەلکو دەبێت بەبێ سۆز، هەلسەنگاندن و بەراوردکاریی بکەم).
تورک یەکێکن لە داگیرکەرەکانی کوردستان. ئەردۆگان نزیکەی پانزە ساڵە لە لوتکەی دەسەڵاتی تورکیادایە. جەلال تاڵەبانیش لە ١٩٩١ ەوە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ ھەمەکارەی زۆنی سەوز بو!
لە سەردەمی مام جەلال دا، ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیی درا بە «کادیر و ئەندامانی یەکێتیی» و ئەوانیش کردیانە ڤێلاوباخ و، بە نایاسایی بیری سوری-یان تێیدا ھەڵدەکەند. بەوەش زۆنی سەوز لە ئایندەدا ھەڕەشەی بە بیابانبونی لەسەرە.
ھەر لەو سەردەمە دا، سەدان کارگەی چیمەنتۆ و گازوایل کە باج بە حکومەت نادەن، بە بێ پلان و ڕەچاوکردنی مەرجی ژینگەوسروشت لەخۆوە دروست بون و، لەزۆنی سەوز ھاتنەبون و، سروشتی باشوری کوردستان لە پەنجا ساڵی داھاتو، دەکەنە دەیم و بیابان.
ھەر لە سەردەمی مام جەلال دا، ڕۆژنامەنوس و شاعیران و ئازادیویستان دەکوژران، وەک «بەکر عەلی، کاوە گەرمیانیی و ھتد». سوکایەتیی و لێدان و کەتەرکاریی و سوتاندن بەرانبەر بە ھەزاران نوسەر و ئازادیخواز کراوە.
ھەر لەو سەردەمەش دا، ھەزاران قبوڵ خاس بە فەرمانی یەکێتیی، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایان پێ دراوەو، موقەدەساتی زانست ژێر پێ خراوە.
ھەر لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکێتیی دا، ھەزاران کەسی قبوڵ خاس بە فەرمانی یەکێتیی کراونەتە دادوەر و ئەفسەر، کە موقەدەساتی دادگاکان و سلکی یاسایی پۆلیس و ئاسایش، ژێر پێ خراوە!
بەڵام لە سەردەمی ئەردۆگانی داگیرکەر دا، ڕاستە لە ڕوی نەتەوەییەوە دژی مافە نەتەوەییەکانی کوردە. بەڵام کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیژی لە باکوری کوردستان خولقاندوە کە لە ستراتیژدا خزمەتی زۆر بە نەتەوەی کورد دەکات. بۆ نمونە: چەندان پرۆژەی ستراتیژی گرنگی کۆکردنەوەی ئاو، کە بە پێی پێشبینیکەران، لە پەنجا ساڵی داھاتو باکوری کوردستان «لە ڕوی سروشتییەوە» دەبێتە بەھەشتی ڕازاوەی گەشتیار و کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ. بەڵام لە سایەی تەخشانکردنی نایاسایی ھەزاران دۆنم زەوی بەسەر «یەکێتییەکان» دا، لە پەنجا ساڵی داھاتو دا، سلێمانیی و دەشتی شارەزور دەبنە بیابان.
بۆیەشە قسەکەی حامیدی حاجی غالی لۆژیکییە. ئەوەی یەکێتیی بەسەر میللەتی کورددا ھێنای، داگیرکەرانیش وایان بەسەر خاکی کوردستان دا نەھێناوە.
ـ
شاسوار عبدالواحید و، دڵپاکیی کورد!
شاسوار بەردەوام پێویستە ئەوەی لە یاد بێت، سێ ھۆکاری ھەمیشەیی بونەتە ھۆی ئەوەی کورد ھەر ژێردەستەی داگیرکەران بێت.
یەکەم: خیانەتکاریی و، نەفامی سیاسیی زۆربەی سەرکردەکانی کورد!
دووەم: بیری خێڵەکیی خۆخۆرانەی کورد.
سێیەم: دڵپاکیی کورد. با لەسەر دڵپاکیی کورد نمونەیەک بێنمەوە.
دکتۆرێکی بەشێکی زانستە پەتییەکانی زانکۆی سلێمانیی ھەیە، ھاوڕێی نزیکمەو، وەک کوردێکی-ڕەسەن، زۆر دڵی پاکە!
ئەو دکتۆرە لەبەر ئەوەی بێلایەنە و یەکێتیی نییە. یەکێکە لەو ٤٥٥ مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی کە یەکێتیی لە مافەکانیان بێ بەشی کردون. دوو ساڵ لەمەوبەر، بە ڤایبەر قسەمان دەکرد، دکتۆرەکەی ھاوڕێم زۆر دڵخۆش بو، پێم وت: ''بۆچی ئەمڕۆ ھێندە دڵخۆشیت!؟''.
وتی: ''دوێنێ نوێنەرەکانم ڕۆشتونەتە لای کاک بافڵ. کاک بافڵ بەڵێنی سەد لە سەدی داوە مافەکانمان بۆ بگێڕنەوە''.
وتم: ''واتە تۆ بڕوا بە بەڵێنی بافڵ تاڵەبانی دەکەیت!؟''.
بەھەرحاڵ، بەڵێنەکەی بافڵ، ناڕاست بو. ئەمساڵ ھەفتەیەک پێش جەژنی قوربان، دیسانەوە وەک ھەموجارێکی ھاوڕێیەتیمان، قسەمان دەکرد. دکتۆرەکەی ھاوڕێم ئێجگار دڵخۆش بو و وتی: ''نوێنەرەکانمان ڕۆشتونەتە لای شاناز خان. خاتو شاناز بەڵێنی داوە خۆی ببێتە نوێنەرمان و ئەمجارە مافەکەمان بۆ دەگێڕنەوە''.
منیش پێم وت: ''برام ماڵت ئاوابێت. تۆ دکتۆری زانکۆی ھێندە بە سادەیی بڕوا بە بەڵێنی ئەمانە دەکەیت. ئەی کاسبکارێک لەسەر جادە ئەبێت چەندێک سادە بێت. گەر سەرکردەکانی یەکێتیی سوێندیان بە خوداش خوارد بڕوایان پێ مەکە. چونکە کەسێک بڕوای بە خودا ھەبێ دزی لە میللەتەکەی ناکات. گەر باسی نەتەوە و نیشتیمانیشیان کرد، گوێیان لێ مەگرە، چونکە کەسێک خیانەتی لە نیشتیمان کرد، ناکرێت گوێی بۆ بگریت، کاتێک باسی نیشتیمانپەروەریی بکات!''.
مەبەستم لەم نمونەیە ئەوەبو، تەنانەت باشترین دکتۆرەکانی بوارە گرنگەکانی زانستە پەتییەکانی زانکۆکانی کوردستانیش، ھەیانە دڵیان پاکە لە ئاست دەسەلات. بۆیە شاسوار دەبێت باش ئەو ڕاستییە بزانێت، گەر بیەوێت دڵپاکیی کورد بقۆزێتەوە و وەک پارتیی و یەکێتیی بێت. ڕەنگە تا ماوایەک گەشە بکات. بەڵام لە ئەنجام دا خەڵکی کوردستان وەک چۆن تەماشای سەرکردەکان دەکەن، قیز لە شاسواریش دەکەنەوە. شاسوار گرنگە دەرس لە ڕابردوی سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی و، ڕابردوی خۆشی وەربگرێت!!
-
شاسوار، یا لاھور، یان گۆڕان!
من ھەر کەسێک دژی دەسەڵاتی ستەمکار بوەستێتەوە، دەستخۆشی لێ دەکەم. لە بابەتەکانی پێشوشم دا سەلماندومە، کە لە ڕوی زانستی جیۆپۆلەتیکەوە، دەبێت سەرەتا دەسەڵاتی یەکێتیی بڕوخێنرێت، ئینجا دواتر دەتوانرێ دەسەڵاتی پارتیی بڕوخێنرێت. چونکە دوو دەسەڵاتی جیان و جیۆپۆلەتیکی دەسەلاتی پارتیی بەھێزترە. بۆیە تا یەکێتیی بمێنێت، ئەوا پارتیی بەھێزتر دەبێت. من لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی ژیاوم و زۆر ستەمیان لێ کردوم. بە ھیوام ئازادیخوازانی ژێر دەسەڵاتی ستەمکاری یەکێتیی: یەکگرتوبن. دڵنیاشم بە شۆڕشێکی جەماوەریی-یەکڕیزی مەدەنی، دسەڵاتی یەکێتیی بە کەمتر لە بەخشینی سەد شەھیدی بەرەی گەل، دەڕوخێت.
شاسوار یان هەر کەسێکی تر، گرنگە لینکیان لەگەل موقتەدا سەدر و، کنسولی ولاتان توندوتۆڵتر بکەن.
بۆیە لای من، گەر نەوەی نوێ-شاسوار، یان ھەر لایەنێک، یاخود ھەر ئازادیخوازێک، خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی ستەمکار بکەن، من ھەر دەستخۆشییان لێ دەکەم. بە توندییش دژی گرتنی ئازادیخوازان و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنم. بەڵام خەبات بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی ستەمکار، بە بێ قوربانیدان: نایەتەدی! یەک شەو گرتن: قوربانیدانێکی ئەوتۆ نییە. شاسوار یان ھەر کەسێکی تر، گەر پەیمانیان دابێ ئیتر ڕاستگۆبن و بێنە ڕیزی ئازادیخوازانەوە: دەبێت بڕوایان بەوە ھەبێت کە بۆ هەمیشە ئامادەبن گیانی خۆشیان ببەخشن!
ـ
کۆتا دێڕەکانی ئەم بابەتە!
لە ھەڵبژاردنی پێشودا، ئەو تێفکرینەم خستەڕو، کە: ''بایکۆتی دەنگدان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بزانن کە زۆرینەی ھەرە زۆری میللەتی کورد بڕوای بەوە ھێناوە کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی و پارتیی دا ھەڵبژاردن ھیچ ڕێزێکی لێ ناگیردێت. بەڵام ئەگەر ھەر ڕۆشتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەوا دەنگ بدەنە ڕێبوار عبدالڕەحمان و ئاریان تاوگۆزی''.
ئێستاش بڕوام بە تێفکرینەکەی پێشوم ماوە. ئەو دوو کەسەش لە دورەوە ئەزانم کوڕی دوو خێزانی ھەژار بون و، سەر بە یەکێتیی و پارتیی نەبون. ئەگینا نە لە ژیانم دا تەوقەیەکم لەگەڵ کردون و، نە پێشموایە لە ناو پەرلەمانتاران و سەرکردەکانی کورد دا سیاسەتزانی زیرەک ھەیە.
لە ئێستا دا، کە لە ڕوی جەماوەرییەوە، شاسوار جەماوەریی لە یەکێتیی، زیاترە. گرنگە کەناڵەکەی ھەر ڕۆژەی تەرخان بکات بۆ ھەڵماڵینی یەکێک لە گەندەڵییەکانی شاروشارۆچکەکانی کوردستان.
بۆ نمونە: لە فڵان شار یا شارۆچکە، چەند کەس لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، پۆلیس، ئاسایش، زانکۆکان، قوتابخانە و پەروەردەکان، ماوەی یاساییان بەسەرچوە، بەڵام حیزب ڕێگرە لە لابردنیان.
لە ھەر شارەی «بەداتا» چەند ھەزار پارچە زەوی دابەش کراوە، بە کێ دراوە، چۆن دابەش کراوە کە بەو شێوەیە ماف و حەقی جەماوەرەکە خوراوە. بۆ ئەوەی جەماوەر بەداتا بزانن چەند ھەزار پارچە زەوی کە مافی فەرمانبەران بوە، دابەشکراون و فرۆشراون.
لە ھەر شارەی چەند باندی شەقوشێنی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ھەن، کە فیشەک بەسەر ماڵان دەتەقێنن و، خەڵک و کاسبکار دەتۆقێنن!
لە ھەر شارەی چەند کەس لە کەسوکاری حیزبە دەسەڵاتدارەکان پۆستی فەرمانگەکان و زانکۆکان و پۆلیس و ئاسایشییان پێ دراوەو، پاش کۆتایی ھاتنی ماوەی یاساییشیان ھەر لا نابرێن!
نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی ھەرێم لە دەرەوە کێن و، چەندێک پارە تەخشان و پەخشان دەکەن و، چەند سالە لە پۆستەکانیان ماونەتەوەو، بۆچی نەیانتوانیوە پردێکی بەرھەمھێنیی دبلۆماسیی، بنیاد بنێن!؟
لە ئێستادا لە نزیکەوە کەمێک ئاگاداری بابەتەکانی نوسەرە ئینگلیزەکانم لەسەر کورد. پێموایە: ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا نیشانەیەکی بچوکیان! لەسەر یەکێتیی و پارتیی داناوە. بۆیە گرنگە ھەمومان، ھەمو ئەو ئازادیخوازانەی کە ستەممان لێ کراوە، یەکڕیز بین دژی ستەمکاریی.
حەقیقەت ئەوەیە: نەوەی نوێ بەم خۆپیشاندانەیان یەکێتییان تۆقاند و، پارتییشیان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە! ھێزێک نەوەی نوێ بیتۆقێنێت، ئەی ئەگەر ھەزار شۆڕشگێڕی یەکلاکەرەوە، پارتیزانانە ڕوبەڕوی ببێتەوە، چی بەسەر دێنێ!
ـ
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەولەتی بەریتانیی.