ئەم هەڵە بەردەوامەی سیاسەتباز، مێژوونوس و نوسەرانی کورد، بزانن!

شه‌ریف عەلی
  2023-10-26     637

یەکێک لە هەڵە گەورەکانی ناو بیرەوەرییەکانی سیاسەتبازانی کورد، لێکۆڵینەوەکانی مێژوونوسانی کورد و، بابەتەکانی نوسەرانی کورد کە زیاد لە سەدەیەکە تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە، ئەوەیە که بەردەوام نوسیویانە: کورد لە جەنگی جیهانیی یەکەم دا بێ ئەوەی پشکی هەبێ و بەشدار بێ و تێوەگلابێ، لەلایەن بەرەی هاوپەیمانانەوە سایکس-بیکۆی لە دژ، ئەنجام دراوە!

ئیتر پێویستە کە خوێنەرانی کورد بگەنە ئەو بڕوایەی کە لێکدانەوەو شیکاری بۆ هەر ڕوداوێکی مێژوویی، لە زانستی نوێی مێژوودا، دەبێت توێژەر [بێلایەنبون]ی لە هەڵسەنگاندنەکەی دا بسەلمێنێت. بۆ نمونە، نابێت بە دیدی مارکسییانەوە ڕوداوی مێژوو لێکبدرێتەوە، وەک ئەوەی لە بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆر کەمال مەزهەر ڕەنگی داوەتەوە. هەروەها نابێت مێژوو بە دیدی ئایدۆلۆژیای [ئیسلامی سیاسییانە] شیکاری بکرێ، وەک کتێبەکانی د.عوسمان عەلی. بەڵکو لێکدانەوەی نوێی زانستیی بۆ توێژێنەوە مێژووییەکان لە زانکۆکانی خۆراوا جەخت دەکاتەوە دەبێت توێژەر بە دیدی ڕەخنەی گشتیرەوە شیکاری بۆ هەمو کەسایەتییەکان و ڕوداوە مێژووییەکان بکات و، UNBIASED بێلایەنبونی خۆی بە ڕونی لە توێژینەوەکەی دا بسەلمێنێت. ئەگەر توێژەر وا نەکات، ئەوا توێژینەوەکەی فۆرمی شیکاری [زانستی نوێ]، وەرناگرێت. 

مەبەستمە لەم بابەتەم بە خوێنەرانی بەڕێز بڵێم: لێکدانەوەی سیاسەتباز، مێژوونوسان و نوسەرانی کورد بۆ ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف هەڵەیەو، تا ئێمە بە زانستیی [لە ڕێی میتۆدی ڕەخنەی گشتگیر و هەمەلایەنەوە] لە هەر ڕێکەوتننامەو ڕوداوێک تێنەگەین، ئەستەمە پەندی لێوەربگرین.

بە پێچەوانەی بەرهەمەکانی سیاسەتباز و مێژوونوس و نوسەرانی کورد، بە پێی چەندین بەڵگەنامەی بەریتانیی، کورد بەشداری جەنگی یەکەمی جیهانیی بوەو تێوەگلاوە لە جەنگەکەدا دژی بەرەی هاوپەیمانان. بۆیە لە ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف دا، کورد وەک هاوپەیمانی بەرەی عوسمانییەکان حسابی بۆ کراوە.

واتە ئێمە نابێت هەر بنوسین [پیلان] لە دژمان گێڕدرا. بەڵکو دەبێت لە حەقیقەتی ڕوداوەکان تێ بگەین، بۆ ئەوەی بزانین و پەندی لێوەربگرین، کە بۆچی چارەنوسی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بەم ڕۆژە گەشتوە.

[کات و، قۆناغبەندی] بۆ توێژەری زانستیی زۆر گرنگە. ڕونە لای هەموان، کوردستان لە ساڵی ١٥١٤ ەوە لەلایەن ئیمپریالیزمی تورک و ئیمپریالیزمی فارسەوە تا ئێستا دابەشکراوە. زانست ئەیسەلمێنێت کە ئەو سەردەمە هێشتا [ئیمپریالیزمی بەریتانیی] دەرنەکەوتبو و سەری هەڵ نەدابو.

ڕونیشە کە ئیمپریالیزمی تورکی عوسمانیی و ئیمپریالیزمی فارسیی سەفەوی و قاجاری، دەیانجار کوردیان جینۆساید کردوە، تا دەگات بە ئەنفال کردنیشیان بۆ ئەفریقا و خۆراسان.

مێژوو ئەیسەلمێنێت کە کورد دەرس و پەندی لەو هەمو تراژیدیایانە وەرنەگرت!

پێش جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەریتانیا سەدان گەڕیدە [دبلۆماتکار، ستراتیژزان، جەنەراڵی جەنگ، سیخوڕ، زەوی ناس و مێژووزان] دەنێرێتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیی، کە لە ناویاندا سیاسەتمەدار و ستراتیژزانی گەورەیان تێدابوە، وەک مارک سایکس.

بەپێی دەیان ڕاپۆرتی سیخوڕ و ئەفسەرانی بەریتانیی کە بۆ سەرو خۆیانەوە بەرزیان کردۆتەوە، بەریتانیا بە ڕونی ستراتیژی هەبوه بەرانبەر کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیی بەتایبەت ویلایەتی موسڵ [باشوری کوردستان] و، بەریتانییەکان وایان زانیوە کورد نەتەوەیەکن دژی دەسەڵاتی عوسمانیین.

بەڵام کاتێک جەنگی یەکەمی جیهانیی ڕودەدات، سوڵتانی عوسمانی لە ١٩١٤ [فەتوای جیهاد] دەردەکات بۆ [پیرۆزکردنی شەڕکردن] لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان [بەریتانیا، فەرەنسا و ڕوسیا]. لەو کاتەدا سەرکردە کوردەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیی دەچن بە دەم فەتواکەی سوڵتانەوە. بە مەرجێک پێشوتریش بەشێک لەو سەرکردە کوردانە لە سوارەی حەمیدییەی سوڵتان لە باکوری کوردستان بەشدار بوبون.
-
لە ویلایەتی موسڵ، سەرکردەی بەناوبانگی کوردەکان کە شێخ مەحمود دەبێ، کاتێک سوڵتانی عوسمانی لە ١٩١٤ فەتوای جیهاد دەردەکات، شێخ مەحود دەچێت بە پیر بانگەوازەکەی سوڵتانەوەو دەست دەکات بە کۆکردنەوەی هەزاران سوارەی کورد بۆ ئەوەی بیانبات بۆ ویلایەتی بەسرەی عوسمانیی و، لە ئەگەری داخڵبونی ئینگلیزەکان بۆ بەسرە، وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانی عوسمانییەکان، شەڕی هێزەکانی بەریتانیا بکەن.

بە پێچەوانەی شێخ مەحمودەوە، زۆربەی شێخەکانی عەرەب هەستی نەتەوەیی و بەرژەوەندی نەتەوەییان پێش دەخەن و، دەبنە هاوپەیمانی بەریتانییەکان دژی عوسمانییەکان. هەربۆیەش، پاش جەنگی یەکەمی جیهانیی، بەریتانیا چەندین دەوڵەتی بۆ [شێخە عەرەبە هاوپەیمانەکانی]، دروست کرد.

شێخ مەحمود هەستا سوارەکانی کوردی بردە ویلایەتی بەسرەی عوسمانیی، لەوێ چەندین شەڕیان کرد، بەتایبەت جەنگی شوعەیبە لە ساڵی ١٩١٥، کە کوردەکان قوربانی بەرچاویان دا. 
هەروەها، لە باکوری کوردستانیش، سەرکردەی ناسراوی کورد [شێخ عەبدولقادری شەمزینی] بە هەمان شێوەی شێخ مەحمود، بوە هاوپەیمانی تورکەکان!

لە ١٩١٥، حکومەتی بەریتانیا هەستا تیمێکی باڵای حکومیی پێکهێنا بە ناوی [کۆمیتەی دی بۆنسین] بۆ دابەشکردنی خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی و لێکۆڵینەوە لەو گەلانەی کە لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی بەریتانیان لە جەنگەکەدا و، لە مانگی چواری ١٩١٥ چەندین کۆبونەوەی گرنگیان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی بەخێرایی ستراتیژی خۆیان دابڕێژن بەرانبەر چۆنیەتی دابەشکردنی زەوییەکانی عوسمانیی لە نێوان هاوپەیمانەکانی بەریتانیادا.

بەڵگەنامەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسین] ئەوە دەسەلمێنن کە لیژنە باڵاکەی حکومەتی بەریتانیی بەوردی ڕاڤەی ئەوەیان کردوە، ئایا کێ لە نەتەوەکانی ناوچەکە هاوپەیمانی بەریتانیان و، کام نەتەوانەش هاوپەیمانی عوسمانین دژی بەریتانییەکان. 

لەو کاتەدا چەندین ڕاپۆرتی ساغکەرەوەیان پێ دەگات، کە کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود هاوپەیمانی عوسمانییەکانن و لە دژی هێزەکانی بەریتانیا لە شەڕی قورس دان لە ویلایەتی بەسرە. ئا لێرە دایە کە [کۆمیتەی دی بۆنسین] بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە لە مەیدانی جەنگی بەسرەوە پێیان گەیشتوە، حسابی کورد بە هاوپەیمانی عوسمانییەکان دەکەن. 

لەڕاستییش دا، ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستیان گەیشتوە، زانیارییەکانیان دروست و دەقیق بوە. چونکە شێخ مەحمود و هەزاران چەکداری کورد هاوشانی سوپای عوسمانییەکان لەوکاتەدا لە شەڕ دابون دژی هێزەکانی ئینگلیز، کە هێزەکانی ئینگلیز لەو شەڕانەدا گەورەترین زیانی گیانیان بەرکەوتوە.

هەربۆیە، کۆمیتەی [دی بۆنسین]ی حکومەتی بەریتانیی، حساب بۆ کوردەکانی ویلایەتی موسڵ وەک هاوپەیمانیی عوسمانیی دەکەن.

ڕاپۆرتەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسین] بەدرێژایی ساڵی ١٩١٥ دەبێتە [نەخشەڕێگایەک] بۆ ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف لە ١٩١٦ بۆ دابەشکردنی خاکی عوسمانییەکان بۆ بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی.

ئەوەبو، کاتێک بەریتانییەکان دەوڵەتی عێراقیان لە ١٩٢١ لە سێ ویلایەتەکە دروست کرد، دەوڵەتەکەیان پێشکەش کوڕی شێخێکی هاوپەیمانیان لە جەنگی یەکەمی جیهانیی کرد، کە مەلیک فەیسەڵ بو و، ئینگلیزەکان لە دەرەوەی سێ ویلایەتەکە هێنایان.

ئەنجامی ئەم بابەتەم ئەوەیە: کورد لە ڕێی شێخ مەحمودەوە لە ویلایەتی موسڵ بەشدار بوە لە جەنگی یەکەمی جیهانیی و، هاوپەیمانی عوسمانییەکان بوەو لە بەرەی دۆڕاوەکان بوە. ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆفیش دەرئەنجامی ئەوە بوە.

بێگومان ئەگەر شێخ مەحمود لە ١٩١٤ نەڕۆشتایەتە پاڵ عوسمانییەکان و، وەک شێخەکانی عەرەب ببوایەتە هاوپەیمانی بەریتانییەکان، چارەنوسی ویلایەتی موسڵ وا نەدەشکایەوە. چونکە لە ئەگەرێکی وادا، ئەوا [کۆمیتەی دی بۆنسین]ی حکومەتی بەریتانیا، کوردەکانی ویلایەتی موسڵیان بە هاوپەیمانی خۆیان حساب دەکرد لە ١٩١٥، نەک بە هاپەیمانی عوسمانییەکان و دوژمنی هێزەکانی بەریتانیا، کە لە ئەگەری سەرکەوتنی بەریتانیادا [کە بەریتانییەکان دواتر سەرکەوتوش بون لە جەنگی یەکەمی جیهانیی دا]، ئەوا کوردیش پشکی لە سەرکەوتنەکە بەردەکەوت.

سیاسەت و جەنگیش سۆزداریی نییە، بەڵکو پشک پشکێنە و، بەرە بەندییە. تۆ لە بەرەی عوسمانییەکان بیت و شەڕ لە دژی بەریتانییەکان بکەیت، ئەوانیش حسابی ترت بۆ دەکەن.

بۆیە، گەورەترین [درۆ]، ئەوەیە کە دەگوترێت کورد لە جەنگی یەکەمی جیهانیی تێوەنەگلاوەو، ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆفی لە دژ کراوە. 

سیاسەتبازان و مێژوونوسانی کورد و تەنانەت نوسەر و مامۆستاکانی زانکۆکانی کوردستانیش، بە عەلی باپیریشەوە، تائێستا وەک خوێندنی پۆلی سێی ئامادەیی لێکدانەوە بۆ ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف دەکەن، کە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و خوێندنەوەیەکی ناهاوسەنگە. چونکە بە درێژایی ساڵی ١٩١٥ کە ڕاپۆرتە ستراتیژییەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسین]ی حکومەتی بەریتانیی تێدا نوسراوە، کورد لە ویلایەتی موسڵ بە سەرکردایەتی شێخ مەحمود بەشدار بوە لە جەنگەکەدا و ڕۆشتون بۆ ویلایەتی بەسرە بۆ شەڕکردن لە دژی هێزەکانی بەریتانیا. ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەڕێگا ستراتیژییەکانی [کۆمیتەی دی بۆنسینی حکومەتی بەریتانیا]، داناوەو تێشیدا ڕەنگی داوەتەوە. چونکە بەشداربونی کورد وەک هاوپەیمانی عوسمانییەکان لە دژی هێزەکانی بەریتانیا، لەگەڵ نوسینی نەخشەڕێگا ستراتیژییەکانی کۆمیتەی [دی بۆنسین]ی بەریتانیی بۆ دیاریکردنی ئەو گەلانەی کە هاوپەیمانی بەریتانییەکانن و چۆنیەتی دابەشکردنی خاکی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان، هاوکاتی یەکتر بون!

بێگومان ئەگەر پارتیی و یەکێتیی بڕۆشتنایەتە پاڵ سەددام دژی هێزەکانی ئەمریکا، چارەنوسیان ئێستا لە ناو گۆڕ بو!

ئێرانیش بۆیە ئەم ماوەیە و لەم تەوقیتەدا عەلی باپیری هان دا، بۆ ئەوەی لە ڕێی سۆزی ئاینیی کوردەوە، کورد فریو بدرێتەوەو دژی ئەمریکا-ئیسرائیل هانیان بداو بەکاریان بێنێتەوە. چونکە تورک و فارس لە پێناو بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانیان زۆر زیرەک و لێزان و فێڵزانن لە چۆنێتیی بەکارهێنانی هەستی کورد. بۆ ئەوەی ئاشبەتاڵ بە باشور و خۆراوای کوردستان بکەن و، کورد دەرفەتەکانی داهاتوش لە دەست بدات. بێگومان هەر ئێران لە ڕێی حکومەتی عێراقەوە لە ٢٠١٤ ەوە بودجەی هەرێمیشی بڕیوە، بۆ ئەوەی لە ڕوی ئابوریشەوە هەرێم دابڕوخێنێت. 

فارس و تورک خۆیان بۆچی ناچن بۆ غەززە شەڕ بکەن؟ چونکە دوو نەتەوەی عاقڵن بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان ناکەنە قوربانیی و، دەزانن چۆن عەلی باپیرەکان بەکاردێنن. کوردیش دەسەڵاتێکی ناسیۆنالیستانە و نەتەوەپەروەرانەی نییە کە [حەق و حساب] لەگەڵ ئەوانەدا بکات کە دەبنە کاراکتەرێک بۆ بەدیهێنانی پیلانی ئیمپریالیستانەی فارس و تورک و عەرەب لە دژی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی!

گرنگە ئێمەی کورد زانستیانە ڕوداوەکان شیکاری بکەین و، بزانین چۆن و بۆچی لە ڕێکەوتننامەی سایکس-بیکۆ-سازانۆف چاڕەنوسمان وا دانراوە. چونکە خۆشمان بێ هەڵە نەبوین و، بە ناوی ئایینەوە شەڕمان بۆ عوسمانییەکان دەکرد دژی ئینگلیزەکان. سیاسەت و ململانێش حەق و حسابی تێدایە، بەرەی براوەو بەرەی دۆڕاوەکانی تێدایە!

تێفکرینی ستراتیژی بۆ ڕوداوەکان بەتایبەت بۆ کورد زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە داوی پیلانە ئیمپریالیستییەکانی فارس و تورک و عەرەبەوە. تاکە نوسەری کوردیش بوم کە لەو ڕۆژەی کە دادگای پاریس بڕیارەکەی داو، هەموان دەیانگوت: ئیتر گرفتی موچە و بودجەی هەرێم چارەسەر ئەبێت، من ئەم خوێندنەوە ستراتیژییەی لای خوارەوەم کردو، بابەتەکە لە ئاوێنە بڵاوکرایەوەو، ئەمەی خوارەوە لینکەکەیەتیی:-

https://www.awene.com/article?no=20193&auther=1251

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×