ئایا ھەڕەشەکانی سەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان، جددین!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-05-18     651

لە سەردەمی مام جەلال- مالیکییەوە، کە مالیکی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕی و، ھێزەکانی دیجلەی نارد کە زیاتر بەرەو ڕوی ھەرێم پێشڕەوی بکەن، ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان جددین!

 

نە مام جەلال، نە مەسعود بارزانیی و، نە نەوشیروان مستەفا، عەقڵییەتێکی ستراتیژیی-سیاسییان نەبو. بۆیە ھێدی-ھێدی حکومەتی عێراق خۆی دروست کردەوەو، مام جەلال بە پلەی یەکەم ڕۆڵی ھەبو لە دروستکردنەوەی حکومەتی عێراقی پاش بەعس دا. لەملاشەوە حوکمی نەتەوەکەی تا دەھات بچوکتر دەبوەوە!

 

ھاتنی داعش، ڕێی لە پیلان و پلانەکانی مالیکی گرت ڕووەو ھەرێم بێت. چونکە داعش بوە ھێڵی ناوەندی نێوان دەوڵەتی ناوەند و ھەرێم.

 

پاش داعش، ھەڕەشەکان دەستیان پێکردەوە. ھەرچەندە، وڵاتانی خۆراوا ڕێیان لەوە گرت فڕۆکەی عێراقیی، ھێرش بکاتەسەر ھەرێم. بەڵام یەکێتیی لە شانزەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکەوت و، کۆمەڵ و گۆڕانیش ئەو سەردەمە ھاوگوتاری یەکێتیی بون. ئەمە وایکرد دەوڵەتی ناوەند و ئێران-تورکیا بیر لە گرتنی تەواوی ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.

 بێگومان قۆناغ بە قۆناغ!! واتە ھێدی-ھێدی بۆی دێن. بەڵام سەرکردەکانی یەکێتیی-پارتیی جارێ وەک ئەمینی کوڕی موعاوییە، لە ڕاوە ماسیی دان!!

 

ئەگەر لە شانزەی ئۆکتۆبەر، بەرگری بکرابا، خەونی دەوڵەتی ناوەند، بۆ گەڕانەوەی ھەرێم بۆ سەر دەوڵەتی ناوەند، لە گۆڕ دەنرا!

 

یەکێتیی و پارتیی ھێندەی مەلا مستەفاشیان پێ نەکرا، کە تەواوی بەڵگەنامەکان دەڵێن: بە جارێک سەد فڕۆکەی ھەوکەر ھانتەر و مێک لێیان دەدا و، سەرکردەکانی باڵی مەکتەب سیاسیی پارتییش لە ناو فڕۆکە عێراقییەکان دابون کە بە وردی شوێنگەی ھێزەکانی مەلا مستەفایان پیشان دەدان. کەچی مەلا مستەفا چۆکی دانەدا تا ڕێکەوتنامەی یانزەی ئازاری پێ ئیمزا کردن. بەڵام عاقیبەتیش لە ١٩٧٥ کۆتای بە ئۆتۆنۆمەکەی ئەویش ھێنرا!

 

بەڵێ، پێموایە: ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان جددین. ھەم نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و، ھەمیش باڵوێزی ئەمریکا، دوبارە جەختیان لەو ڕاستییە کردەوە.

 

سەرەتا مالیکی موچەی بڕی، دواتر ھەنگاوەکانی تر دەستی پێ کرد.

ئێستاش دەیانەوێت: سەرەتا بدەن لە بیرە نەوتەکانی ھەرێم بۆ ئەوەی ئابوری ھەرێم ئیفلیج بکەن.

 

لە شانزەی ئۆکتۆبەرەوە بەکردەوە ھێرش بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردوە. بەڵام سەرکردەکانی یەکێتیی-پارتیی-کۆمەڵەی دادگەری-گۆڕان و حسک ئەوە نین کە سیاسەتزان بن. زیاتر، بازرگانن!

 

لە ئەگەری ھێرش بۆ سەر بیرە نەوتەکانی ھەرێم، بە مانای ئەوە دێت کە عێراق ستراتیژی لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی ھەیەو، جێ بەجێی دەکات!

 

لەو ئەگەرەدا، ئایا سەرکردەکانی یەکێتیی-پارتیی لە دژکردەوەدا بەخێرایی ھێندە غیرەتیان ھەیە وەک مەلا مستەفا ھەستن کێڵگەو پاڵاوگە نەوتییەکانی کەرکوک-موسڵی ژێر دەستی حکومەتی عێراق، بە ھاوەن بارانکردن و ھێرشی خێرای پارتیزانی بتەقێننەوەو، وەک مەلا مستەفا تەنیا لە یەک ھێرش دا زیانی «بیست ملیۆن دۆلاری ئەوکاتە» لە حکومەتی عێراق بدەن و، چل ڕۆژ نەوتی عێراق لە ھەناردەکردن، بوەستێنن!؟

 

ئایا «بۆ ئەگەرەکان!» سەرکردەکانی یەکێتیی-پارتیی ھیچ پلانێکی ڕێکخراویان لە شارەکانی تری عێراق ھەیە، بەتایبەت لە لێدان لە پێگە ئابورییەکانی عێراق!؟

 

نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش بەڕونی وتی: ''نابێت زۆنی سەوز و زەرد بمێنێت!''.

 

ئەمە ڕێک وەڵامێک بو بۆ پەیامەکەی بافڵ کە لە کۆبونەوە لەگەڵ نوێنەری وڵاتان ڕایگەیاند: ''ناھێڵم حکومەتی ھەرێم گازی سروشتی چەمچەماڵ بفرۆشێت''. بێگومان نوێنەری وڵاتان تێگەشتن کە بافڵ داوای سەرانە دەکات. چونکە ئەوان دەزانن کە سەرکردەکانی کورد ھەر بە دوای پارەوەن!

 

خوێنەران شاھیدن، من ئەوکاتە لە بابەتێکم دا نوسیم: ''بافڵ ھەڵەیەکی گەورەی سیاسیی و دبلۆماسیی کرد''.

 

سەرکردەکانی ئەم حیزبە تاڵانچییانە، ھەر ئەوە نین کە لە باوکیانەوە بۆیان ماوەتەوەو ھوشیاری سیاسیی و دبلۆماسییان نییە. بگرە ڕاوێژکارەکانیشیان قبوڵ خاسەکانن و، خودی ڕاوێژکارەکانیشیان توانای خوێندنەوەی سیاسیی-دبلۆماسییان بۆ ڕوداوەکان نییە!

 

سەرکردەی سیاسیی نابێت وەک «مافیا» قسە و ڕەفتار بکات!

ئەمانە شەڕی خۆیان: دەبەنە لای نوێنەری وڵاتان. کە ھێندەی تر قوڕ بۆ خۆیان دەگرنەوەو، ناشیرینی حوکمڕانی خۆیان پیشانی وڵاتان دەدەن!

 

نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش کە وتی: ''نابێت زۆنی سەوز و زەرد بمێنێت!''.

لەکاتێکدا، تازە بە تازە یەکێتیی ڕۆژانە نمایشی سەربازیی دەکات، قسەکەی مانای ئەوەیە: «گەر ھێزی چەکداری حیزبیی لە کوردستان بمێنێت، ئەگەری لە دەستدانی پشتیوانی وڵاتانی خۆراوا لە یەکێتیی بەتایبەت و، ئینجا پارتییش، ھەیە!''. لەو ئەگەرەش دا، بژاردەکانی دەوڵەتی ناوەند، زۆرتر و کاریگەرتر دەبن!

 

کێ دەڵێ کودەتا لە عێراق ڕونادات!؟

کێ دەڵێت گۆڕانکاریی تر لە بەغداد ڕونادەن!؟

کێ دەڵێت: ئەم پەیامانە ئەوە ناگەیەنێت کە لە ھەرێم ڕوداوێک بخولقێنن، کە عەقڵی کەس پەی پێ نەبردبێت!

 بێگومان ئەم پەیامانە ھەر لە خۆوە نین. چونکە جەختی لەسەر دەکەنەوە!

 

نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق ھەروا لە خۆڕا جەخت ناکەنەوە. لە ڕوی دبلۆماسییەوە، دەربڕینی یەک وشە لە زاری ئەوانەوە، گرنگە. جا چەندین جار جەخت بکەنەوە کە ھەرێمی کوردستان مەترسی لەسەرە.

 

لە ھەڵبژاردەکانی پێشو، زۆر ھانی خەڵکم دا کە بەشداری نەکەن. چونکە ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی دیم و زۆر زوڵمیان لێ کردوم، ئەکرێت کەسێکی تریش لە ژێر دەسەڵاتی پارتییش ھەمان زوڵمی لێ کرابێت. بەڵام ئێستا دەبینن کە کاریگەری دەنگنەدانی زۆرینەی جەماوەر چەند گرنگە!

 

ئەگەر زۆرینەی جەماوەر دەنگ نەدەن، ئەو حیزبانەی ھەرێم لە ئاستی جیھان دەکەونە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت حیزبە حوکمڕانەکان و، پشتیوانی دبلۆماسیی لە دەست دەدەن!

 

جارێ کەمێ زووە کە بابەت بنوسم لەسەر ئەوەی: ئایا باشترە خەڵکی کوردستان بەشداربن لە ھەڵبژاردنی ئایندەی ھەرێمی کوردستان، یاخود نا!؟

 

بەڵام ئێستا خەرمانی ھاندانی خەڵک بۆ بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردەکانی پێشو، دەچنینەوە، کە نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و باڵوێزی ئەمریکا بە ڕونی پەیامەکەیان ناڕاستەوخۆ بۆ یەکێتیی و پارتیی ئەوەیە: سەردەمی گۆڕانکاریی ڕەنگە نزیک بێت!

 

منێک بیست و یەک ساڵە وەک کەسێکی نەتەوەیی بێلایەن بابەت دەنوسم و، لە ٢٠٠٨ ەوە کتێبەکانم چاپ ئەکەم، دیناری یەک حیزبم تەنانەت بۆ چاپی یەک کتێبیشم وەرنەگرتوە. لەگەڵ ئەو ھەمو ماندوبون و بەرھەمانەم: ئەو ھەمو زوڵمەم لێ کرابێت. ئەی بۆ دایک و باوکێکی پەککەوتەی ئەنفال و کیمیاباران دەبێت ئەم حیزبانە چەند ھێندە زوڵمیان کردبێ و، ئەوان نەتوانن بە پێنوس بیخەنەڕو!

 

جاری پێشو دەستەواژەی «شۆڕشی دەنگ نەدان»م ڕاگەیاند. چونکە نە ئەم حیزبانە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە دەکەن و، نە پەرلەمانیش ھێندە قورسایی ماوە. بزانین بۆ ھەڵبژاردانەکانی داھاتو لێوردبونەوەمان چۆن دەبێت!

 

دەسەڵاتی ئەم حیزبانە دەبو وەک «دڵسۆزترین باوک» بێت بۆ کەسانی نەتەوەیی دڵسۆزی بێلایەن. بەڵام ئەوان وەک «باوکێکی دز و بەدڕەوشتی سیاسیی» ڕەفتار دەکەن و، ئەوەش کارەساتە کە«کەسی-نەتەوەییش» بیر لە کوشتنی ئەو «باوکە دز و بەدڕەوشت»ەی بکاتەوە!

 

چونکە لە ھەڵبژاردەکانی پێشو، بەوردی شیم کردەوە گەر زۆرینەی ھاوڵاتیان دەنگ نەدەن، ئەم حیزبانە لای وڵاتانی خۆراوا ڕسوا دەبن! ئەمەم وەک ڕۆژی ڕوناک لێ دیار بو!

 

زوڵم کردن سنوری ھەیە، ئێوە ھیچ سنورێکتان بۆ نەھێشتەوە. ئەزانم قەوارەی ھەرێم چەندین مەترسی جددی لەسەرە. ھیچ کەسێکیشم لە ژیانم دا نەدیوە ھێندەی من کوردستانی خۆش بوێت. بەڵام ھێندە زوڵم و ستەمکارییم لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی بینی کە لە گشت چینەکانی دەکەن و منداڵەکانیان کردوە بە بێچوە فیرعەون بەسەر خەڵکەوە «بێگومان ئەکرێ خەڵکی ژێر دەسەڵاتی پارتییش کەم تا زۆر ئەو مۆدیلەیان لەولاش چەشتبێت، ھەرچەندە پارتیی لە ڕوی کارگێڕییەوە تۆکمەتر و مەرکەزیترە تا یەکێتیی»، ئەوا ئێستا کە دەزانم قەوارەی ھەرێم لە ڕوی ستراتیژەوە مەترسی جددی لەسەرە تەنیا دەڵێم: ''ھەر شتێک ڕوبدات، ئاکامی بەرھەمی سەرکردە دزەکانی حیزبەکانی کوردستانە. چونکە ئەگەر ئێوە نەتەوەپەروەر بونایەو ڕەوشتی سیاسیتان ھەبوایەو، دز و ستەمکار نەبونایە، میللەت پشتی دەگرتن و، بە ھیچ ھێزێک نەدەڕوخان!''.

 

ئایا ئێوە ھەرگیز بیردەکەنەوە کە بە خۆتاندا بچنەوە!؟ ھەرگیز بیردەکەنەوە کە گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەن!؟ ھەرگیز بیردەکەنەوە کە ھەر چوار ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕ لە تەواوی یەکە کارگێڕییەکانی فەرمانگە و زانکۆکان و نوێنەرایەتییەکان بکەن!؟ ھەرگیز بیردەکەنەوە کە کەسانی تەکنۆکرات و بێلایەن دابنێن تا چاکسازیی ڕیشەیی بونیادنەر بێتەبون!؟

بێگومان تا ئێستا نەخێر، بیری ئێوە تەنیا بۆ بردنی سامانی میللەتە بۆ منداڵەکان و پیاوکوژەکانتان. 

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×