نەتەوەی مەزنی کورد: بە درۆن و ئەتۆمی داگیرکەران لەناوناچێ و چۆک دانادات!

شه‌ریف عەلی
  2022-09-28     844

داگیرکەرانی کوردستان، بەلای کەمەوە، لە ساڵی ١٥٠٠ ەوە، لە ژێر ئاڵای عوسمانیی و سەفەوی دا، تا ئێستا، دەیان ھەزار جار ھێرشیان کردۆتەسەر خاکی کوردستان و، ھەزاران جار جینۆساید و کوشتوبڕیان ئەنجام داوەو، پێشکەوتوترین چەکی زەمەنەکانیان بۆ لەناوبردنی خەڵکی مەدەنی نەتەوەی مەزنی کورد و، بە بیابانکردنی خاکی کوردستان، خستۆتەکار.
بەڵام نەتەوەی مەزنی کورد، وەک تەنیا نەتەوەی ڕەگەز زاگرۆسیی، [نا ئاریایی]، ھەرگیز چۆکی دا نەداوەو، دەیان ھەزار جار تۆڵەی شەرافەتمەندانەی لە سوپاکانی داگیرکەرانی فارس و تورک و عەرەب کردۆتەوە!

جیاوازی ڕەسەنایەتیی نەتەوەی مەزنی کورد، لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستان ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی لەناوخۆیدا بەشێکی ھەمیشە جاش بوە، بەڵام ھەرگیز ئەم نەتەوە مەزنە ڕەگەز زاگرۆسییە، کەسانی مەدەنیی نەتەوەکانی داگیرکەران و ژن و منداڵی داگیرکەرانی نەکردۆتە ئامانج و دەستی بۆ نەبردون. بەڵام ترسنۆکی داگیرکەران کوردستان بەجۆرێکە کە ھەمیشە کەسانی مەدەنیی و ژن و منداڵی کورد دەکەنە ئامانج! ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە داگیرکەرانی کوردستان زەندەقیان لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد چوە، بە جۆرێک کە لە منداڵەکانی نەتەوەی مەزنی کوردیش دەترسن ھەربۆیەشە کە منداڵەکانیشیان بۆمباران دەکەن!

لەگەڵ ئەوەی سەر بە ھیچ حیزبێکی کوردستان نیم، لەگەڵ ئەوەی ئاواتم ئەوەیە دەسەڵاتی یەکێتیی ببینم کە بڕوخێن یاخود لەناویەکتردا بەرببنە یەکتر چونکە زۆر زوڵمیان لێ کردوم. ئێستا ئەو ئاواتەم ھاتۆتەدی چونکە دۆخی یەکێتیی بەجۆرێکە کە منداڵە ورتەکەش گاڵتە بە سەرکردەکانیان دەکات! لەگەڵ ئەوەی بڕوام وایە گروپە سیاسییەکانی کوردی خۆرھەڵات مرۆڤی دەمپیسیان تێدایەو چەندین جار بە بابەت ھێرشیان کردۆتەسەرم و ھەرگیزیش لە یادی ناکەم. 

 

بەڵام گەر لە دۆخێکدا یەکێتیی لەلایەن داگیرکەرانەوە ھێرشی بکرێتەسەر، ئەوا پشتیوانی لە یەکێتیی ئەکەم. ئێستاش کە دەبینم داگیرکەرانی کوردستان ھێرشیان کردۆتەسەر کەمپەکانی ژن و منداڵی گروپە سیاسییەکانی کوردی خۆرھەڵات، ئەوا ھەر بەرگری لە نەتەوەکەم بە فەرز دەزانم. چونکە بەو ئەندازە ھوشیارییەی کە ھەمە: من ناڕۆم وەک باڵی مەکتەب سیاسیی پارتیی ببمە کەواسوری لەشکری داگیرکەران دژی مەلا مستەفا!

چونکە مرۆڤی ھوشیار، پێویستە لەگەڵ حەسرەت و پەژارەی نەتەوەکەی دا بێت. نابێت لە ھیچ دۆخێکدا بەرژەوەندی خودی ،یاخود ڕقی خودی، وای لێ بکات کە بچێتە بەرەی داگیرکەران دژی نەتەوەکەی خۆی.

چونکە گرنگترین دەردی نەتەوەی مەزنی کورد بریتییە لە خیانەت کردن لە یەکتر، ھەر لە خیانەتی نەتەوەیی [ئاغاکانی دیبوکری] لە قازی محەمەد، تا خیانەتی نەتەوەی باڵی مەکتەب سیاسیی پارتیی لە مەلا مستەفا، تا خیانەتە نەتەوەییەکانی تری گروپەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە دژی یەکتری، تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی خودی ئەو گروپانە دا، بوە!

ھەمیشەش دژی بەکارھێنانی وشەی نەشیاوم، کە لە ڕێگەی داگیرکەرانی کوردستانەوە، گروپە کوردییەکان دژی یەکتر بەکاری دێنن. شاھیدەکان ماون کە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆڕێکم دا لە زانکۆی سلیێمانیی، کادرێکی کۆمەڵی ئیسلامیی ھەستایەوەو توانجی لە پەکەکەدا کە بێ-دینن و ھتد و توانجی لە گروپەکانی کوردی خۆرھەڵاتیش دا کە فاسۆلیاخۆرن.
منیش پێم وت: ''ئەم بیرکردنەوانەت لە قازانجی داگیرکەرانی کوردستانە. بۆ نمونە خۆ ئەو گروپانەش ئەتوانن بە ئێوە و زۆربەی سەرکردەکانی باشور بڵێن [جۆ خۆرەکان]. چونکە زۆربەی سەرکردەکانی باشور بەشێک لە تەمەنیان جاش بون. بەڵام ئەو دەستەواژانە بە قازانجی پرسی کورد نییەو تەنیا داگیرکەران لێی سودمەند دەبن''.

دڵنیاشم و حەقیقەتیش ھەر ئەوەیە کە داگیرکەران بە ھیچ شێوازێک و بە ھیچ جۆرە چەکێک ناتوانن کورد لەناوببەن. بۆیە ھەر دەبێت داگیرکەرانی کوردستانیش ئەو حەقیقەتە زۆرباش بزانن: نەک تەنیا بە درۆن و بۆمباران و چەکی کیمیاوی، بگرە گەر بە (بۆمبی ئەتۆم)یش لە نەتەوەی مەزنی کورد بدەن، ئەو نەتەوە مەزنە ھەر دەمێنێ و قەت چۆک دانادات. چونکە ئەو نەتەوەیە: نەتەوەیەکی خواکردی ھەمیشەیی سەر چیاکانی زاگرۆسە و، تەنیا نەتەوەی ڕەگەز زاگرۆسییە و، تا زنجیرە چیاکانی زاگرۆسیش بەپێوە بن و بمێنن، نەتەوەی مەزنی کوردیش ھەر دەمێنێ و ھەر بە پێوە ڕۆڵەکانی دەمرێ!

ڕونە، داگیرکەران بە چەکی ئەتۆمیش ناتوانن چیاکانی زاگرۆس بسڕنەوە. بۆیە عەقڵانییەت بۆ داگیرکەران ئەوەیە: بیر لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بکەنەوە، پێش ئەوەی ئەو زەمەنە بێت یاخود پێش ئەوەی نەتەوەی کورد بگات بەو زەمەنەی کە بڕیار لە یەکگرتنەوەی ھەر چوار پارچە داگیرکراوەکەی بدات!

پێویستە داگیرکەران کەمێک عاقڵ بن، دواڕۆژ ببینن، چونکە ھەتاکو ستەمکاریی لەسەر کورد بێ، ئەوا گەلەکانی ئەوانیش ناتوانن حوکمڕانییەکی دیموکراسییان ھەبێ و، لە ژێر حوکمێکی دیموکراسیی دا بحەسێنەوە.

ھەر دەبێت داگیرکەرانی کوردستان زۆرباش ئەو حەقیقەتە بزانن کە: ھەرکاتێک توانیان زنجیرە شاخەکانی کوردستان ببڕنەوە، ئەوکات ڕەنگە بگونجێ بتوانن نەتەوەی مەزنی کورد: پارچە پارچە و تیکە-تیکە بکەن!

تا زنجیرە شاخەکانی کوردستان بمێنن و بەپێوە بن: نەتەوەی مەزنی کوردیش ھەر دەمێنێ و ڕۆڵەکانیشی ھەر بە پێوە دەمرن!

ھەر داگیرکەرانی کوردستان دەڕوخێن، ھەر نەتەوەی مەزنی کورد سەردەکەوێ و، بۆ ھەمیشەش گروپ و سەرکردە گەندەڵەکانی کوردیش بە سەرشۆڕی دەمرن و دەبنە کەلاکی ناو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوو!

-

تێبینی: ھەم حکومەتی ھەرێم و ھەم گروپە کوردییەکانیش گەر لێزانی دبلۆماسیی و سیاسیی بن، دەتوانن سود لەم ھێرشانەی داگیرکەران لە ڕوی سیاسیی و دبلۆماسیی دا وەربگرن و، وەبەرھێنانی سیاسیی و دبلۆماسیی پێوە بکەن. کە لە وێبسایتی ئاوێنە تا ئێستاش چەندین بابەتی ساڵانی پێشوم لەسەر چۆنیەتی وەبەرھێنانی سیاسیی و دبلۆماسیی بەم ھێرشانەوە ھەیەو، دەتوانرێت سودمەند بێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×