یەکێتیی بۆ وا دەکات!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-04-26     844

ئایا بەھۆی پرسی سەرۆک کۆمارەوە وا دەکات!

 

پێموایە: نەخێر. پرسی سەرۆک کۆمار تاکە ھۆکار نییە کە بوبێتە ھۆی ئەوەی کە یەکێتیی پارەی بانکەکان و گومرگەکانی زۆنی خۆی ببات.

 

ئەم ماوەیە چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی سزا دران. لە لێدوانەکانی ئەو بەرپرسانەی یەکێتییەوە دەردەکەوێت کە یەکێتیی بۆ وا دەکات.

 

پارێزگاری ھەڵەبجە وتی: ''یەکێتیی وای لێھاتوە کە لە ھەڵبژاردن دا ململانێی نەوەی نوێی پێ ناکرێت''.

 

ئەم وتەیە بەو مانایەیە کە لە مەکتەب سیاسیی و سەرکردایەتیی یەکێتیی باسی پرسی ھەڵبژاردنی داھاتو کرابێت و، یەکێتیی دەزانێت ھێندەی نەوەی نوێ دەنگ ناھێنێت. بەڵام ترسی یەکێتیی ئەوەیە: ''پارتیی حکومەت لەگەڵ لایەنەکانی تر بە بێ بەشداری یەکێتیی-کۆمەڵەی دادگەری پێکبێنێت''.

 

ڕونە ئەگەر بە تێکڕای جەماوەری کوردستان وەربگرین، یەکێتیی لە دوایین ھەڵبژاردن دا لە ٪‏٧ ی دەنگەکانی کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی ھێناوە.

 

لەو لە ٪‏٧ ە، لە ٪‏٣ ی دەنگی کەمپەکانی گروپەکانی پەکەکە و حیزبەکانی بەشەکانی کوردستانە کە دەنگیان بە یەکێتیی دا.

 

ئەگەر یەکێتیی تەنیا ٪‏١یش تەزویری کردبێت، ئەوا دەنگی ڕاستەقینەی خۆی تەنیا لە ٪‏٣ ی جەماوەری کوردستان بوە. 

 

واتە: لە پشتەوەی لێدوانەکەی پارێزگاری ھەڵەبجە، ئەو ئەگەرە ھەیە کە لە ئاستی باڵای یەکێتیی دا، ئەو ڕاستییە مشتومڕی لەسەر کراوەو دەرکەوتوە کە ئێستا وەک پێگەی جەماوەریی، یەکێتیی لە ئاست نەوەی نوێ دا نییەو، یەکێتیی ترسی لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتوی ھەرێم ھەیە، کە پارتیی ھەستێت یەکێتیی تێدا بەشدار نەکات. بەڵکو پارتیی ھەستێت تەواوی پارێزگار و یەکە کارگێڕییە بەڕێوەبەرایەتیی و گومرگەکانی زۆنی سەوز بەو حیزبانە پڕ بکاتەوە کە بەشدارییان پێ دەکات لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتو دا.

 

ڕونە ئەوکات، یەکێتیی ناتوانێت لە زۆنی خۆیەوە شەڕی ھەولێر بکات. ھەروەھا، ناشتوانێت دژی ئەو حیزبانە بوەستێتەوە کە پارتیی لە یەکە حوکمڕانییەکانی زۆنی سلێمانی دایان دەنێت.

 

 چونکە گەر بێتو یەکێتیی دژی ئەو حیزبانە و سەنگی دەنگەکانیان بوەستێتەوە، ئەوا ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان لێی قبوڵ ناکەن. بۆیە ئەگەری ھەیە، یەکێتیی لە پێناو سێ ئامانج دا لەم چەند مانگەی پێشوەوە پارەی بانکەکان و گومرگەکانی ژێر دەسەلاتی خۆی دەبات:-

 

یەکەم: بۆ ئەوەی بە پارتیی بڵێت گەر لە ھەڵبژاردنی داھاتو دەنگیش نەھێنین، ئەوا ڕێگا نادەین حکومەت بەبێ ئێمەی یەکێتیی پێک بێنیت. 

پێموایە: ئەگەر لە پاش ھەڵبژاردنی داھاتو پلانی پارتیی ئەوەبێت کە لەگەل حیزبەکانی تر بەبێ یەکێتیی-کۆمەڵەی دادگەری حکومەت پێک بێنێت، ئەوا ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان لە یەکێتیی قبوڵ ناکەن کە حوکمی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی زۆنەکەی تەسلیمی ئەو حیزبانە نەکات کە لە زۆنی یەکێتیی ھەڵبژاردن دەبەنەوە.

 

دووەم:- یەکێتیی لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت پارەی موچەخۆرانی سلێمانی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی پێش ھەڵبژاردنەکانی داھاتو، وەک جاران دەست بکاتەوە بە خەڵک کڕین. بێگومان ئەم پیلانە کاتی بەسەرچوە. چونکە ئێستا ئەو جۆرە خەڵکە خۆفرۆشەش ھوشیاربونەتەوە، گەر پارەش وەرگرن، دەتوانن دەنگ نەدەن، یاخود دەتوانن بچن و زەڕبێک بە لیستی دەنگدان دا بھێنن.

 

سێیەم:-بەم ھەنگاوەی، یەکێتیی دەیەوێت پارتیی ناچار بکات کە ڕێکەوتن لەگەل یەکێتیی بکات لەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتو و بەشداری پێکردنی یەکێتیی لە حکومەتی داھاتو. ھەربۆیەشە یەکێتیی فەرمانی بەسەر ڕێواز فایەق دا کردوە، تەنانەت ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانتاران و زۆرینەی فراکسیۆنەکانیش داوای کۆبونەوەیان کرد، ئەوا بە ھیچ جۆرێک کۆبونەوەی پەرلەمان ڕێکنەخات تا پارتیی ئامادە بێت ڕێک بکەوێت لەگەل یەکێتیی، کە لە ئەگەری ئەوەی نەوەی نوێ دەنگی دووەم بێنێت، ئەوا پارتیی ھەر ئامادە بێت جێگری سەرۆکی حکومەت بداتەوە بە یەکێتیی.

 

پێموایە: ئەم ھەنگاوەی یەکێتیی لە بردنی پارەی گومرگەکان و بانکەکان، زیاتر یەکێتیی لە دیدی خەڵکی زۆنی سلێمانی، ناشیرینتر دەکات.

 

 بەو مانایەی یەکێتیی ھەنگاوێکی سەقەتتری گرتۆتەبەر، بۆ ململانێی پارتیی. بێگومان، ئەم ھەنگاوەی یەکێتیی ھەر بە زەرەری خۆی و، بە قازانجی پارتیی دەشکێتەوە.

 

پێشموایە: ئەو قسەیەی حامیدی حاجی غالی ڕاست بو کە ئەوەی ئەوان بەسەر ئەم خەڵکەیان ھێناوە بە جۆرێک تراژیدییە، خۆزگە ھەر چەکیان ھەڵنەگرتبایە.

 

ئەو قسەیەی حامیدی حاجی غالی ئەو ئەگەرەش دێنێتە کایەوە کە سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی لە کۆبونەوەیان دا، ئەگەری ھەیە باسی ئەوەیان کردبێت کە ئێستا زۆرینەی خەڵکی کوردستان ھوشیاربونەتەوە و، وەک پەنجا ساڵی ڕابردو نین کە ناھوشیارانە وێنەیان لەگەل بگرن. 

کەوابو حامیدیش قسەکەی ڕاست بوە. 

 

خەڵک ھوشیاربونەتەوە کە ھەر بەرپرسێکیان دی، ئەوا نەفرەتیان لێ بکەن. ئیتر بۆ دەبێت بەرپرسەکانی یەکێتیی لەسەر ئەم ڕاستییانە سزا بدرێن. باشە ئەگەر ئەو بەرپرسانەی یەکێتیی ئەو ڕاستییانەشیان نەوتبا، ئایا خەڵک ئەو حەقیقەتانەیان بە ڕونی بۆ دەرنەکەوتوە!

 

پێشموایە: گەر لاھور و فەیسبوکەوانەکانی سەر بە باڵی لاھور لە دەزگای زانیاری، بشڕۆنەوە ناو یەکێتیی، ھیچ لەو ھوشیاربونەوەیە ناگۆڕن کە ئێستا زۆرینەی خەڵک حەقیقەتەکانی بۆ دەرکەوتوە. بگرە ڕۆشتنەوەی لاھور بۆ ناو یەکێتیی، ھێندەی تر بێ متمانەی دەکات.

 

واتە: ''گۆشت کە گەنیو بێت، گەر بشخرێتە ناو ساردخانەوە، ھەر ناتوانرێت بۆ برژاندن و خواردن بەکاربھێنرێت''.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×