له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم 'ده‌وڵه‌ت' نییه. كه‌وابو، ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌و ڕوخانی وه‌ك یه‌كه. واته ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تۆكمه‌ی دامه‌زراوه‌یی تێیدا حوكمی بكردبایه: ئه‌گه‌ری به‌ره‌وپێشچون و بون به 'ده‌وڵه‌ت'ی هه‌بو و، به‌ئێستاشه‌وه به‌ته‌واوی ئه‌و بژارده‌یه‌ی له ده‌ست ده‌رنه‌چوه. به‌ڵام ماده‌م ده‌سه‌ڵاتێكی بێ پلان حوكمی ده‌كات و حیزبه‌كان هه‌مه‌كاره‌ن، كه‌وابو له ڕوی ستراتیژییه‌وه ئه‌گه‌ری ڕوخانیشی له سه‌دا په‌نجایه.
-
له‌م بابه‌ته‌دا ئاماژه به هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واریه ناكه‌م كه چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه. به‌ڵام باس له‌و هۆكارانه ده‌كه‌م كه ئه‌گه‌ری ڕوخانی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی به دواوه‌یه.
-
یه‌كه‌م: ئه‌م قه‌واره‌یه له‌ڕوی دبلۆماسیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی و ئاڵوگۆڕه‌كانی سیستمی جیهانیی و گه‌شه‌كردنی ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، ئه‌گه‌ری ڕوخانی له ستراتیژ دا هه‌یه. چونكه:-
-
١- ئه‌م قه‌واره‌یه دبلۆماسییه‌تێكی ستراتیژی بنیاد نه‌ناوه. نوێنه‌ره‌كانی ناو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موی كوڕ و كچی به‌رپرسه‌كانن و، پسپۆڕی دبلۆماسییه‌ت و ستراتیژی دبلۆماسیی نین. به‌و مانایه‌ی: ته‌نیا وێنه‌گرتن و دیدار له‌گه‌ڵ دبلۆماتكاره بیانییه‌كان ناكاته به‌رهه‌مهێنانی دبلۆماسییه‌تێكی سترتیژیی و به دامه‌زراوه‌ییكردنی دبلۆماسییه‌ت و، لۆبی دروستكردن و پێشخستنی دۆز و قه‌واره‌كه‌ت.
-
٢-سیستمی نوێی جیهان له ئاڵوگۆڕ دایه‌و، تا دێت پشتیوانی ڕوسیا له ئێران، توركیا و سوریا زیاتر ده‌بێت. ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراقیش به‌شێكه له ئێران. ئه‌گه‌ر ئێران-توركیا سبه‌ینێ حه‌شدی شه‌عبی به‌ره‌و كه‌لار-سلێمانی بجوڵێنن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر گه‌مارۆ بده‌ن، ئه‌وكات ئه‌مریكا له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌ره‌ی ڕوسیا كاردانه‌وی چۆن ده‌بێت!؟ نا ڕونه! چونكه ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئه‌مریكا كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بو له به‌رانبه‌ر سێ هه‌زار موشه‌كی حه‌ماس دژی ئیسرائیل، بگره ئه‌م كابینه‌یه ته‌كلیفی زۆری له ئیسرائیل كرد كه به ئاگربه‌ست قایل ببێت. باشه ئه‌گه‌ر ئیسرائیل چه‌كی پێشكه‌وتوی هه‌یه و ئابوری غه‌زه‌ی داڕماند، ئه‌ی ده‌سه‌لاتی حیزبه‌كانی یه‌كێتیی، پارتیی، گۆڕان و ئیسلامییه سیاسییه‌كان چی‌یان هه‌یه!؟ بیریشمان نه‌چێت گه‌ر به ئاشكراش توركیا و ئێران هه‌زارجار ده‌ستی به‌رپرسه‌كانی كوردیش بگوشن: هه‌ر به‌نهێنیی دوژمنی سه‌ره‌كی كورد و ئه‌م قه‌واره‌یه بون و ده‌بن. واته: تۆ ده‌بێت له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی دا وه‌ك جوله‌كه خۆت بۆ بیانییه‌كان بسه‌لمێنیت. ئه‌وه‌ش به به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانت دێته‌دی.
-
٣-زۆرێك له بابه‌ته ستراتیژییه‌كانی په‌یمانگا سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌خوێنمه‌وهو، خۆشم بابه‌تیان بۆ ده‌نوسم و به‌شداری سیمیناره‌كانیان له‌سه‌ر دبلۆماسییه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كه‌م. یه‌كێك له‌و خوێندنه‌وانه سه‌باره‌ت به ئیسرائیل، توركیا و ئێران ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ری هه‌یه به‌هۆی هه‌بونی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوی جه‌نگییه‌وه به‌تایبه‌ت موشه‌ك و درۆن 'فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان' بتوانن زیاتر په‌ره به هه‌ژمونیان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بده‌ن. له تازه‌ترین ھەڵسەنگاندنی 'ستراتیژی سه‌ربازیی' دا: ئیسرائیل به شێوازێكی دراماتیكی له به‌رهه‌مهێنانی جۆره چه‌كێكی لێزه‌ری دژه درۆن نیزكبوه‌ته‌وه كه هه‌مو جۆره درۆنێك بخاته‌خواره‌وه. خه‌مڵاندنه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه توركیا له به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندان جۆر درۆنی ته‌واو پێشكه‌وتو و مه‌ترسیدار نزیك بوه‌ته‌وه. ڕونه كه ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی ئیسرائیل و توركیا زۆر له ئێران پێشكه‌وتوتره، به‌لام ئێرانیش به‌شی خۆی موشه‌ك و درۆنی هه‌یه. پرسیار ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌ڵاتی كوردی له ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا چه‌ند خوێندكاری ناردۆته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یمانگای ستراتیژه سه‌ربازییه‌كان شاره‌زایی له موشه‌ك و درۆن دا په‌یدا بكه‌ن!؟ سه‌رده‌می هه‌مو جۆره شه‌ڕێك به پێشمه‌رگه و كڵاشینكۆف به‌سه‌ر چوه! چونكه له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوه‌وه‌یه كه به‌م شێوه‌یه درۆن و موشه‌ك هێنده لای ولاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌شه‌یان پێ دراوه. ته‌نانه‌ت گروپه چه‌كداره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش خۆیان له‌سه‌ر درۆن و موشه‌ك ڕاهێناوه. ئه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی و پارتیی پێشمه‌رگه‌ی له‌سه‌ر چی ڕاهێناوه!؟ هه‌ر له‌سه‌ر دۆشكه و بیكه‌یسیی و كڵاشینكۆف!؟ ئایا یه‌كێتیی و پارتیی هه‌ر له ساڵی شه‌سته‌كان دان!
-
٤-له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، هه‌میشه له خودی به‌غداد چه‌ندین ئه‌گه‌ر هه‌یه. به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری كوده‌تای سه‌ربازی له به‌غداد له ئارا دایه. هه‌میشه ئه‌گه‌ری هه‌یه حه‌شدی شه‌عبی به ته‌واوی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر حوكمی به‌غداد دا. واته: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له به‌غداد سه‌ماگیری سیاسیی-سه‌ربازی-ئابوری، بونی نییه. كه‌وابو هه‌میشه ئه‌گه‌ری ڕوداوی دراماتیكی چ به قازانجی به‌ره‌ی ئه‌مریكا، یان به قازانجی به‌ره‌ی ڕوسیا، له ئارا دایه. ئه‌گه‌ر له به‌غداد كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارییه‌ك هاتنه‌كایه‌وه كه هاوته‌ریب نه‌بو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد، ئایا ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌توانێت بمینێته‌وه!؟
-----
دووه‌م: له ڕوی حوكمكردنی ناوخۆییه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌یتوانیوه بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی بسه‌لمێنێت كه كورد ده‌توانێت به دامه‌زراوه‌یی حوكمی خۆی بكات. به‌هه‌مان شێوه، نه‌شی توانیوه بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆشی بسه‌لمێنێت.
-
تەنانەت لە تەواوی ڕەھەندە تایبەتمەندەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیش، حیزبه‌كان هه‌نگاویان ناوه كه 'بازرگانیی' به ھەمو موڵك و باوەڕ و موقه‌ده‌ساته‌كانی كوردستانه‌وه بكه‌ن. با له‌مه‌یاندا ته‌نیا باسی حیزبه عیلمانییه‌كان نه‌كه‌ین كه له پێناو پاره‌و پۆست هه‌مو شتێك ده‌كه‌ن. با به‌رواردێك له نێوان حیزبه ئیسلامییه‌كانی كورد و حیزبه ئیسلامییه‌كانی تورك، فارس، عه‌ره‌ب بكه‌ین.
حیزبییە ئیسلامییە سیاسییە کوردییەکان لە بری ئەوەی ھێندەی باسی دین دەکەن، نیو ھێندە باوەڕییان پێی بێت. کەچی زۆرێک لە سەرکردەکانیان لە سەرکرده‌كانی حیزبە عیلمانییەکان، زووتر باوه‌ڕه‌كانیان ده‌فرۆشن. بۆ نمونە: سەدان کادیری باڵا‌و دەیان سەرکردەی یەکگرتو تەنیا لە پێناو پارەو پۆست دا ڕویان لە حیزبییە عیلمانییەکان کردوە.هه‌ر له یوسف محمدی کادیری یەکگرتوه‌وه تا ده‌یان سه‌ركرده‌یان. ئه‌مانه كه ده‌چنه ناو گۆڕان و پارتیی، سەدو ھەشتا پلە جیاواز له باوه‌ڕه دیندارییه‌كانیان، یه‌كه‌م كاریان دامه‌زراندنی براو خوشك و زاوا‌و كه‌سوكاریانه. عەلی باپیر تەنیا لە پێناو سەلامی کارمەندێکی به‌ریتانیا!! وشەی 'ئیسلامی'ی لە حیزبەکەی کردەوە. به‌ڵام توركه ئەردۆگانییه‌كان خۆیان دەخستە ژێر دەبابەی کودەتاچییەکانی دژ بە ئەردۆگانەوە. توركه گوله‌نییه‌كان به زیندانیكردنیشیان له باوه‌ڕه‌كانیان پاشگه‌ز نابنه‌وه. هه‌زاران له خومەینینیستەکان بە فتوای خومەینی خۆیان بە کوشت، ده‌دا. مورسیخوازەکان له میسر ھەزارانیان قەتڵ و عام دەکرا، كه‌چی ھەمویان لەسەر باوەڕەکانیان سور بون. بەلام زۆرێك له ئیسلامە سیاسییە کوردەکانی یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ پارەی و پۆستیان بدەرێ دەستبەرداری باوەڕەکانیان دەبن. لە کۆنفرانسی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی زانکۆی کوردستانی پارتیی وردببنەوە کە زۆرینەی ئەوانەی كۆنفرانسه‌كه‌یان بەڕێوەیان دەبرد: کۆنە ئیخوانەکان بون كه بوبونه پارتیی.
-
من گەر بەیانی ببمە پارتیی، یا یەکێتیی، یان گۆڕان و ھتد، ئاساییە. چونکە باکگراوندی فکرییم ئیسلامی سیاسیی نەبوە. بەلام تۆ به‌بێ گۆڕانكاری فكری له خۆت دا، چۆن له‌ناكاو ته‌نیا لە پێناو پارەو پۆست دا باوه‌ڕه فکرییەکەت کۆتایی پێ دێنیت؟ ئایا بە بەلاش و بە سەدەقە ھێزە شیعەکان ئەو ھەمو دۆلارەیان بە پەرلەمانتاری کۆمەڵ داوە کە بیدات بە کۆمەڵ!؟
کەوابو، زۆرینەی كادیر و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كانی هه‌رێم مەبدەئو باوەڕ بەلایانەوە گرنگ نییە. بۆیە کۆمەڵگاش لەسەر دەستی ئەو حیزبانە مەبدەئو باوەڕی لە دەست داوە. ئیتر باوەڕی نەتەوەیی بێت یان ئیخوانیی و ھتد. چونکە زۆرێک لە کۆمەڵگای کوردی چاو لە كادیر و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان دەکەن، كه هه‌مو شتێك ده‌كه‌نه قوربانی پاره‌و پۆست. بێگومان نه‌مانی مه‌بده‌ئو باوه‌ڕ هۆكارێكی ناوخۆییه كه له هه‌ر ڕوداوێك دا ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری له هه‌رێم هه‌یه، ئیتر به قازانجی كورد بێت یاخود نا!
-
له ڕوی ڕەھەندەکانی تریشه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كورد و كوردستان به ده‌ستی ئه‌م حیزبانه ئیفلیج كراوه. بۆ نمونه: كورد لە ڕوی ھێزی مرۆیی و ژمارەی دانیشتوانیشەوە لە پاشه‌كشه دایە. چونكه خه‌ڵكی كوردستان ده‌ڵێن: ڕێژه‌ی منداڵی زۆر بۆ كێ بخه‌ینه‌وه؟ بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌هامه‌تی دا بژین و بدرێن به كوشت له پێناو سه‌رمایه‌داربونی كوڕی به‌رپرسه‌كانی حیزبه‌كانی كورد!؟
-
لە ڕوی سەرچاوەی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییش، لە ڕوی ستراتیژییەوە كوردستان لە بەردەم نەھامەتیی دایە. ھەر بەرپرسەی یەکێتییه‌و دەستی داوەتە کارگەیەکی پیشەسازیی و لە چوارده‌وری سلێمانیی ئەیکاتەوە. بە بێ ئەوەی کەسێک لەم بەرپرسانە خەمخۆری سلێمانیی بێت و بڵێت: ئەگەر ژمارەیەکی زۆری کارگە، بەتایبەت کارگەی چیمەنتۆ، لە سلێمانیی دا خڕ بکرێتەوە، ئەوا لە ستراتیژ دا ژینگەی سلێمانیی دوچاری بیابانبون و وشکبون و پیسبون دەبێت.
-
هه‌مو ئەمانە لەکاتێکدایە، ھەبونی ئەو ژمارە کارگەیە لە سلێمانیی دا داھاتەکەی بۆ باخەڵی ھەرگیز پڕنەبوی بەرپرسەکانەو خەڵکەکە تا دێت ھەژارتر دەبێت. بەرپرسێک نییە کە بڵێت: بۆچی پارێزگای سلێمانیی زیاتر لە پارێزگاکانی تری عێراق و تورکیا و ناوچەکە کارگەی تێدابێت و سودی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی چییه كه تا دێت کارگەی بۆ زیاد ده‌كرێت؟ چونکە پارێزگاکانی تورکیا و عێراق و ناوچەکە حساب بۆ ستراتیژی ژینگە و بیابانبون دەکەن! چونكه دروستكردنی كارگه له هه‌ر پارێزگایه‌ك دا گه‌ر له ستاندار تێپه‌ڕ ببێت، ڕێژه‌ی كه‌م ئاوی و پیسبونی ژینگه زیاتر ده‌كا و، کاریگەری ده‌كاته‌سه‌ر دروستبونی چەندان نەخۆشی پێست و وشکبونی پێست و، بلاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌و پارێزگایه‌دا. تۆ بڵێی ده‌وڵه‌تمه‌دارانی ولاتانی خۆراوا هێنده‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتیی شاره‌زایی حوكمیان نه‌بێت كه له هه‌ر شارۆچكه‌یه‌كی وه‌ك بازیان دا چه‌ندان كارگه‌ی چیمه‌نتۆ دروست بكه‌ن، ئه‌ی بۆچی نایكه‌ن!؟
ھەڵەبجەو بازیان کە وەک گوڵی بەھاری کوردستان ناوچەی سازگار و فێنک و ڕازاوه‌بون، بڕۆ سه‌یریان بکە وەختە دەبنە بیابان. بچۆ سەیری کەلار و کفری بکە بونه‌ته بیابان. بۆیه دروستكردنی كارگه ده‌بێت له ستاندار ده‌رنه‌چێت. ئه‌گینا خه‌ڵكه‌كه له داهاتودا باجی پیسبونی ژینگه‌كه ده‌دات.
-
له ڕوی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری كارگێڕی و چاكسازییه‌وه، كوردستان هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوی نه‌ناوه. لە مانگی دووەوە کتابێکی ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی سلێمانیی لە ژێر دەستی قوباد تاله‌بانی دایە، به‌ڵام حسابی بۆ مافەکانیان نەکردوەو، وەڵامی نەداونەتەوە. لەکاتێکدا کتابی ئەندام کۆمیتەو کادیری یەکێتیی ھەبوە بە ھەفتەیەک وەڵامی دراونه‌ته‌وه. ئێ تۆ حساب بۆ مافێکی ٤٥٥ مامۆستای زانکۆی سلێمانیی نەکەیت، ئیتر بایه‌خ به مافی خەڵکی ڕەشوڕوتی سلێمانیی چۆن ده‌ده‌یت!؟
ئه‌م كابینه‌یه‌ی 'پارتیی-یەکێتیی-گۆڕان'، دنیایەک پڕوپاگەندەیان کرد کە چاکسازی گشتگیر ده‌كه‌ن. خودی چاکسازی گشتگیر ئەگەر بکرێت پێوێستە ھەم چاکسازی کارگێڕیی و، ھەم چاکسازی ئابورییش، بگرێته‌وه. ھەزاران کەس لە بەڕێوەبەر و سەرۆک بەش و ڕاگر و ھتد لە ناو دامودەزگاکان و زانکۆکان ھەیە کە ماوەی یاساییان لە پۆستەکانیان بەسەر چوە!
-
هه‌روه‌ها، لە ھیچ وڵاتێکی یاساسەروەر نییە کە پەرلەمانتار لە تەمەنی خوار شەست ساڵی خانەنشین بکرێت. کەچی بەپێی پرۆژە چاکسازییەکەی ئه‌م كابینه‌یه، ئەگەر تەمەنی پەرلەمانتار لە سەرو ھەژدە ساڵ بێت ئەتوانێت خانەنشین ببێت و ته‌نانه‌ت حیزبه ئیسلامییه‌كانیش پشتیوانی ئه‌و به‌نده بون. لەوەش سەیرتر، ھەر پەرلەمانتارێک سێ پاسەوانی بۆ دیاریكراوه. ئاخر پەرلەمانتارانی کوردستان پاسەوانیان بۆچییە؟ کێ گۆران ئینزیبات، جەلال پەرێشان، ھێمن ھەورامیی ، مژدە مەحمود، ئەبوبەکر ھەڵەدنیی، سەرکۆ ئازاد و هتد ئەکوژێت.
-
دانانی سێ پاسه‌وان بۆ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ته‌نیا زیادكردنی ڕۆتینات و به‌فیڕۆدانی بودجه‌ی میلله‌ته و هیچی تر! ئه‌گینا خۆ ڕۆژێك نه‌بینراوه كه په‌رله‌مانتارێكی كوردستان پاسه‌وانێكیشی هه‌بو بێت!
-
یەکێك له پایه‌كان کە چاکسازی ستراتیژی بێت دەبو ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ داھاتو بکرایەتە پەنجاو پێنج کەس. چونکە ژمارەی سەد و دە پەرلەمانتار لاتەریبە لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی کوردستان و، مانگانه‌ش موچه و شایسته‌ی دارایی په‌نجا و پێنج په‌رله‌مانتار بۆ میلله‌ت ده‌گه‌ڕایه‌وه. ئینجا دەبو خانەنشین کردنی پەرلەمانتاران پێش تەمەنی شەشت ساڵی نەھێڵرێت و، پاسەوانیشیان ناوێت تا بۆ یان دابنرێت چونکە ناوخۆی کوردستان ئارام و جێگیرە. کێ دیوییە پەرلەمانتارانی وڵاتانی ئەوروپی پاسەوانیان ھەبێت! تۆ بتەوێت سیستمێکی پێشکەوتو و دامەزراوەیی بنیاد بنێیت، دەبێت ڕۆتینات و سەربارکراوەکان نەھێڵیت، نەک زیادی بکەیت!
-
زۆر ڕه‌هه‌ندی تری ناوخۆیی هه‌یه كه ڕه‌خنه‌ی مه‌نتیقی له‌سه‌ره‌و، ڕۆتیناتی زیاتر كردوه‌و، پێویستی به چاكسازی گشتگیره. به‌ڵام ناكرێت ئه‌م بابه‌ته زۆر درێژ ببێته‌وه.
-
ڕاسته گه‌لێك هۆكاریش هه‌ن كه ئاماژه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه. به‌لام وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا، هه‌م ئه‌م قه‌واره‌یه ئه‌گه‌ری ڕوخانی هه‌یه به‌هۆی ئاڵوگۆڕه‌كانی سیستمی جیهانیی و گه‌شه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست دا.هه‌میش گه‌نده‌ڵیی و ڕۆتینان و نادامه‌زراوه‌یبونیش له ناوخۆدا هۆكارێكی تره بۆ ئه‌گه‌ری داڕوخانی قه‌واره‌ی هه‌رێم. ئیتر با گه‌مارۆی ئابوریی و گه‌مارۆی بودجه‌ش له‌لایه‌ن به‌غداد-ئێرانه‌وه له‌سه‌ر هه‌رێم بوه‌ستێت كه له ساڵی ٢٠١٤ ه‌وه درێژه‌ی هه‌یه و، به‌رپرسانی هه‌رێم تا ئێستا له به‌رانبه‌ر ئه‌و ستراتیژه‌ی به‌غداد-ئێران دا، هیچ ستراتیژێكی گشتگیری چاكسازییان نییه كه هیوا و ئومێد به دانیشتوانی كوردستان، ببه‌خشێت.
نوسەری ئەم بابەتە خوێندكاری دكتۆرایە له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی