بە چەسپاندنی ئەم خاڵانە سەردانی نێچیرڤان بۆ بەریتانیا گرنک دەبێ!

شه‌ریف عەلی
  2021-09-15     1181

وەک ئەکادیمیستێک کە پسپۆڕی وردی دکتۆراکەم
 لەسەر: ''دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانی''یە. پێموایە دەکرێت سەردانی نێچیرڤان بۆ لەندەن گرنگ بێت، بە مەرجێک ھەڵگری پاکێجێکی ستراتیژیی بێ و تیمێکی دبلۆماتکاری ستراتیژزان، ھاوەڵی بن! 
ڕونە، بە ئێستاشەوە: لەندەن سەنتەری ئابوری جیھانە. زۆربەی جار بڕیای سیاسیی و ستراتیژی لەندەن لەگەڵ واشنتن ھاوبەشە!
ھەروەھا بەریتانیا ئەندازیاری دروستکاری عێراقەو، خاوەن ئینتیدابی سەر عێراقە!
بەریتانییەکان یەکێک لە کۆنترین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورددا ھەیە، کە لە کۆتایی سەدەی حەڤدەو، سەرەتای سەدەی ھەژدەوە، دەست پێ دەکات! کە پەیوەندییەکانی کورد و ئینگلیز لە ڕێگەی کوردە مەسیحییەکانی کۆیەوھەولێرەوە لە سەدەی ھەژدەدا برەوی پێ دراوە.


ئینگلیزەکان: لە ڕیزی کوردناسترین کوردناسەکان دان! لە سەدەی ھەژدەوە تا ئێستا ئەو دێڕەی کە ئینگلیزەکان بۆ کورد سەد بارەی دەکەنەوە، ئەمەیە: ''کوردەکان شەڕکەری باشن. زۆر یەکترخۆرن. لە یەک کات دا لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دوژمنەکانیشیان دا شەڕ دەکەن. تەنانەت لەسەر ئەوەی ئاژەڵێک دەچێتە لەوەڕگای ئەوی تریانەوە ئامادەن دەیان کەس لە یەکتر بکوژن!''.


لە میژوودا، ئینگلیزەکان زۆر سەرسامبون بە ئازایەتیی کوردەکان ھەم لە شەڕەکانیان لە سەدەکانی ناوەڕاست و، ھەم لە شەڕەکانیان لە دژی عوسمانیی و سەفەوییەکان. بەتایبەت زۆر سەرسامبون بە ھاتنەوەی ھەمەوەندەکان لە پرۆسەی ئەنفالکردنیان لە لیبیاوە تا کوردستان بە شەڕی پارتیزانیی. ئینگلیزەکان سەبارەت بە ھاتنەوەی ھەمەوەندەکان دەڵێن: ''یەکێک لە بێ-وێنەترین چیرۆکی ئەفسانەیی-نیشتیمانپەروەرییە لە مێژوو دا''.
ھەروەھا،  لە سەرکردەکانی نوێ و ھاوچەرخی کوردیش دا، ئینگلیزەکان بە ئازایەتیی عەلی شێرەی دەرسیم و مەلا مستەفا سەرسامبون و، بە ناوازەیی ئەتەکێتیی سیاسیی و دبلۆماسیی قاسملو سەرسامبون و، چەندین بەڵگەنامەیان لەسەر نوسراوە.


گرنگە نێچیرڤان و تیمەکەی:


یەکەم: سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و ئینگلیز، ھەم بە گوتراو بڵێن و، ھەم بە نوسراویش بە چەند دێڕێک بیخەنەڕو کە لە ڕێگەی کوردە مەسیحییەکانەوە ئەو پەیوەندییە گەشەی پێدراوە لە سەدەی ھەژدەداو، یاداشتەکانی ئەفسەرانی کۆمپانیای ھیندی-بەریتانیی بە وردی باسی ئەو پەیوەندییانە دەکەن.
-
دووەم: گرنگە نێچیرڤان جەخت لەوە بکاتەوە کە 'کورد بە یەکڕیزی!' خواستی پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ بەریتانیادا ھەیە. چونکە ھیچ زلھێزێک ھێندەی ئینگلیزەکان لە یەکترخۆری کورد، تێنەگەشتون!
ـ
سێیەم:- زۆر پێویستە نێچیرڤان ئەو خاڵە لەگەڵ بەریتانییەکان بچەسپێنێت کە دەیانەوێت یەکەیەکی نوێ و تایبەت بۆ ھێزی پێشمەرگە بۆ دژایەتی تیرۆریستان بکەنەوە کە ئاشنای تەکنەلۆژیای جەنگی بن، بەتایبەت شارەزایی لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای درۆن دا. لەم ڕووەوە بەریتانییەکان ھاوکاربن کە خوێندکارانی کورد فێری بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای درۆن بکەن. چونکە گەر کورد یەکەیەکی تایبەتی تەکنەلۆژیای درۆن-زانی ھەبێت، ھەم دەوڵەتی ناوەندی عێراق و، ھەم داعش و ناوچەكەش حسابێکی تری بۆ دەکەن!
ـ
چوارەم: پێویستە نێچیرڤان بە فەرمی داوا لە بەریتانیا بکات کە ھاوکاربن کەیسی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی کورد، ببرێتە نەتەوەیەکگرتووەکان و، دەیان بەڵگەنامەی بەریتانیی ھاوپێچی ئەو داوایە بکەن.
ـ
پێنجەم: پێویستە نێچیرڤان داوا لە کۆمپانیاکانی نەوت و گازی بەریتانیی بکات کە پێشوازییان لێ دەکرێت گەر بێن و وەبەرھەمھێنان لە کێڵگەکانی کوردستان دا بکەن.
ـ
شەشەم: پێویستە نێچیرڤان داوا لە حکومەتی بەریتانیی بکات کە حکومەتی ھەرێم بە تەواوی کارئاسانیی بۆ کۆمپانیا بازرگانییەکانی بەریتانیا دەکات کە لەگەڵ ھەرێم دا کاری بازرگانی بکەن.
ـ
حەوتەم: پێویستە نێچیرڤان داوا لە حکومەتی بەریتانیی بکات کە حکومەتی ھەرێم تێچووی تەواوی کردنەوەی 'پەیمانگایەکی تەکنەلۆژیای جەنگی بەریتانیی' دەدات بۆ کردنەوەی لە خاکی ھەرێم. ھەروەھا تێچووی کردنەوەی زانکۆیەکی کشتوکاڵی-بەریتانیی دەدات بۆ کردنەوەی لە خاکی ھەرێم.
ـ
ھەشتەم: پێویستە نێچیرڤان وا لە حکومەتی بەریتانیی بکات کە پێکەوەبەستنی بەرژەوەندییەکانی کورد و ئینگلیز بکاتە ستراتیژی، ئەوەش بە کارکردن لەو خاڵانەی سەرەوەو، بە ئیمزاکردنی 'ڕێکەوتنامە' دەبنە ستراتیژیی و، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئینگلیزەکان ئەو ھەمو وەلائە زۆرەیان بۆ دەوڵەتی ناوەندی عێراق، کەمێک کەمتر ببێتەوە. چونکە زۆرینەی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا ئاماژەن بەوەی کە: کورد ناتوانێت خۆی بسەلمێنێت کە بتوانێت حوکمێکی تەندروستی خۆی بکات! ھەروەھا ناشتوانێت خۆی بکاتە ھاوپەیمانی ستراتیژی بەریتانیی و، ھەر ڕۆژەو ھاوپەیمانی ھێزێکی نێودەوڵەتییە!
ـ
نۆیەم: گرنگە نێچیرڤان چاکسازی لە نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی ھەرێم بکات و، نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەریتانیا لە ڕێی کەسانی بەتواناوە، کاریگەر بکات. ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی گەنجانی کورد لە بەریتانیا بە چاوێکی ئەرێنییەوە سەیری نوێنەرایەتییەکانی کورد بکەن و، نوێنەرایەتی ھەرێمیش لە ڕێگەی کەسانی بەتواناوە زیاتر سەرنجی بەریتانیا بە لای پرسی کورد و حکومەتی ھەرێم دا، ڕابکێشن.

 نوسەری ئەم بابەتە خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×