کەسایەتییەکان، سەرۆکی تیرەکان‌و، سەرۆک هۆزی هەمەوەند لەبەڵگەنامەکانی بەریتانیادا

شه‌ریف عەلی
  2023-06-05     870

لە پاش ساڵی ٢٠١٥ ەوە، تا ئێستا، کاک مەریوان حاجی ئەحمەد والە ئاغای هەمەوەند، دەیانجار داوای کردوە و، بەردەوام تەکلیف دەکات کە هەندێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا لەسەر هەمەوەندەکان بڵاوبکەمەوە. لە هەفتەی پێشوشەوە، بەڕێزیان دیسانەوە چەندانجار تەلەفۆنی کردوەو هەمان داوای جەخت کردۆتەوە.

ئەو دەیانجار پێی وتوم: ''مێژووی هەمەوەندەکان دەستکاری کراوەو، هەر کەس هەڵدەستێت مێژوویەک دادەتاشێت. تۆ ئەکادیمیستێکی بێلایەنیی و لای خەڵك متمانەی زۆرت هەیە. بۆیە هەرچۆنت کردوە پێمخۆشە چەند بەڵگەنامەیەکی بەریتانیی لەسەر هەمەوەندەکان بڵاوبکەیتەوە. بەڵام وەک ڕەوشتی خۆت دەقاودەق بڵاویان بکەرەوەو، شەرم مەکە ئەگەر بە خراپە باسی باپیرانی خۆشمی تێدابو دەقاودەق بیانخەرەڕو، بۆ ئەوەی چیتر مێژووی هەمەوەند دەستکاری نەکرێت".

کاک مەریوان لە هەفتەی پێشوەوە، ژمارەی بەڵگەنامەیەکی بۆ ناردوم و دەڵێت: "هەرچۆنت کردوە ئەم چاکەیەمان لەگەڵ دا بکە و، ئەم بەڵگەنامەیەمان بۆ بدۆزەرەوەو، دەقاودەق هەرچی تێدایە بە وەسف و زەمبەوە لەسەر هەمەوەندەکان، بیخەڕو. بۆ ئەوەی مێژوو وەک خۆی بنوسرێتەوەو بۆ هەمیشە مەمنونتین".

ئەمە ژمارە و ناونیشانی بەڵگەنامەکەیە:

Note on Musul Town: Personalities. Mosul, Arbil, Kirkuk, Sulaimani and frontiers (Reference: IOR/L/PS/20/C226, British Library: Asian and African Studies, Confidential, Baghdad 1923).  

ئەم بەڵگەنامەیەو زۆری تر لەسەر هەمەوەندەکان بەردەستە. ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن کۆمیسیاری باڵای بەریتانییەکان لە بەغداد لە ساڵی ١٩٢٣ نوسراوە. جگە لە پێڕستەکەی، سەد و هەژدە لاپەڕەیە. ئەم بەلگەنامەیە لەسەر کەسایەتییەکان، سەرۆک عەشیرەتەکان، سەرکردەکانی کورد و عەرەبە لە موسڵ، هەولێر، کەرکوک، سلێمانیی و سنورەکانی دەوروبەریان.

زۆربەی لاپەڕەکانی ئەم بەڵگەنامەیە ناوی چەندین کەسایەتیی ئەو سەردەمەی هەمەوەندەکانی تێدایە، چونکە لەو سەردەمەدا هەمەوەندەکان کاریگەر بون. تەنیا هۆز بون لە ناو هۆزەکان و ساداتەکانی کورد و عەرەب دا، کە هێندە کەسایەتیی کاریگەرییان لەو سەردەمەدا هەبوبێت. بەڵگەش ئەوەیە زۆربەی لاپەڕەکانی بەڵگەنامەکە کەسایەتییەکی هەمەوەندی لەخۆگرتوە، لەکاتێکدا پێگەی هۆز و ساداتەکانی تری کورد و عەرەب، لە بەڵگەنامەکەدا بەو شێوەیە نییە.

لەڕاستییدا مەجالی ئەوەم نییە لە بابەتێکی ڕۆژانەدا، هەمو ئەم سەد و هەژدە لاپەڕەیە وەربگێڕم. بەڵام ناوی سەرۆک هۆز و بەشێک لە سەرۆک تیرە و بەشێک لە کەسایەتییەکانی هەمەوەند کە تێیدا هاتوە، بۆتان دەخەمەڕو. بەڵام لینکی فایلی بەڵگەنامەکەتان بە پی-دی-ئێف بۆ دادەنێم، کە دەکرێت بۆ تێزی دکتۆرا، ماستەر و، توێژینەوە سودی لێ ببینن. ئەگەر پی-دی-ئێفەکە بۆتان نەکرایەوە، لە فەیسبوک پێم بڵێن، بۆتان دەنێرم.

هەمەوەندەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تا سەرەتای سەدەی بیست زۆر کاریگەر بون. بەجۆرێک دەسەڵاتی عوسمانییەکان نەیانتوانیوە بە ئاسانیی حوکمڕانی موسڵ-کەرکوک-سلێمانی بکەن. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئازایەتیی [بێ-وێنە]ی مەحمود خدری سەرۆک هۆزی هەمەوەند و سوارچاکی هەمەوەندەکان لەو سەردەمەدا، کە ئامادە نەبون باج و سەرانە بە عوسمانییە داگیرکەرەکان بدەن.

کەیسی ئەنفالی هەمەوەندەکان بۆ لیبیا و گەڕانەوەی بەشێکیان بە شەڕی پارتیزانانە تا کوردستان، زۆر جێی لێوردبونەوەیە. ئینگلیزەکان زۆر سەرسامبون بە توانای شۆڕشگێڕانەی مه‌حمود خدری سەرۆک هۆزی هه‌مه‌وه‌ند و سوارەکانیی، كه‌ خۆی و ده‌سته‌یه‌ك له‌ سواره‌كانی هه‌مه‌وه‌ند و ئه‌ستێره‌ناسێكیان له‌ ڕێی ئه‌ستێره‌ ناسییه‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی كاره‌با و ئۆتۆمبێل و نه‌خشه‌ و هیچ شتێكیان پێ بێت و، له‌م جیهانه‌دا هیچ هێزێك هاوكاریان بوبێت. نۆ مانگی ڕێك به‌ سه‌دان شه‌ڕی پارتیزانیی، ئینجا پاش شه‌هیدبونی زۆرێكیان، كه‌مینه‌یه‌كیان ده‌گه‌نه‌وه‌ كوردستان. ئه‌گه‌ر مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند و ئه‌و سوارانه‌ی هه‌مه‌وه‌ند كورد نه‌بونایه‌، ئێستا ناوی مه‌حمود خدری هه‌مه‌وه‌ند ده‌نگی دابوبویه‌وه و فیلمی سینەمایان لەسەر دەردەکرا‌! چونكه‌ ئینگلیزەکان له‌ خۆیانه‌وه‌ نانوسن: "داستانی پارتیزانانەی هەمەوەندەکان لە ئەفریقاوە تا گەشتنەوەیان بە کوردستان‌: ناوازه‌ترین داستانی مێژووی خێڵایه‌تییه‌".

گرنگتر لەوانەش، چەند ساڵێکە بەشێک لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییەکان لەسەر ویلایەتی موسڵ [باشوری کوردستان]، دەقاودەق وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی. زۆر بەوە داخدار بوم، کە سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانیی سوپاسنامەی تایبەتی بۆ بەشێک لە شێخەکانی سلێمانیی و کەرکوک ناردوە کە هاوکاری سوپای عوسمانییەکانیان کردوە لە ئەنفالکردنی ژنان و مناڵانی هەمەوەندەکان بۆ ئەفریقا. کەوابو، بەشێک لەو شێخانە مێژوویەکی دورودرێژییان لە وابەستەیی بۆ عوسمانیی و قاجارییەکان، تا تورکیا و ئێرانی ئێستا، هەبوە و هەیە!

بۆ ئەوەی وەک کەمال مەزهەر و نەجاتی عەبدوڵا نەکەومە هەڵەوەو، پوختەیەکی دەقادەقی بەڵگەنامەکە لە بارەی سەرۆک هۆزی هەمەوەند و سەرۆکی تیرەکان (بەشەکان)ی هەمەوەند، بۆتان بخەمەڕو، دەبێت وەک خۆی بڵاوی بکەمەوە. چونکە سەرۆک هۆز جیاوازە لە سەرۆک تیرەکان (بەشەکان). پێم سەیرە مێژوونوسانی کورد ئەو دوو پرسەیەیان تێکەڵ کردوەو، جاری وا هەیە کاتێک بابەتەکانیان دەخوێنیتەوە، وا دەزانیت لە یەک کاتتدا هەمەوەندەکان بیست سەرۆک عەشیرەتیان هەبوە. بەڵام ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان وا نین. بەڵکو دەقاودەق ئەمەی خوارەوەیە بە ئینگلیزی، کە هەمەوەندەکان یەک سەرۆک هۆزیان هەبوە، لەگەل چەندین سەرۆکی تیرەکان (بەشەکان) لە هۆزەکە.

پێویستە خوێنەر وریای ئەم دەستەواژانە بێت و بەمشێوەیەش وەربگێڕدرێن:

بۆ مەحمود خدر نوسراوە:

Mahmud Khidhr, a former Rais of the tribe

واتە: مەحمود خدر سەرۆکی پێشوی هۆزەکە [هۆزی هەمەوەند]. ئەم بەڵگەنامەیە لە ساڵی ١٩٢٣ نوسراوە، بۆیەشە لە چەندین شوێن ناوی مەحمود خدری سەرۆک هۆزی هەمەوەند، بە پێشوو یان بە کۆچکردو هاتوە. چونکە مەحمود خدر لە ساڵی ١٩٢٢ کۆچی دوایی کردوە، کە دەکاتە ساڵێک پێش نوسینی ئەم بەڵگەنامەیە.

بۆ ئەمینی ڕەشید ئاغای هەمەوەند، بەمشێوەیە تۆمارکراوە:

Rais of the Qadir Haidari Ramawand section

واتە: سەرۆکی تیرەی قادر حەیدەری ڕەمەوەند. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٢١ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ عەزیز خوسرەو جوامێری هەمەوەند، بەمشێوەیە تۆمارکراوە:

Chief of the Juanmir Section

واتە: سەرۆکی تیرەی جوامێر. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٢٥ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ حەمە زەرد سێتەبەسەری هەمەوەند، بەمشێوەیە تۆمار کراوە:

 Rais of the Setebeser Section

 واتە: سەرۆکی تیرەی سێتەبەسەر. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٣٨ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ حەسەن ڕۆستەم ڕەمەوەندی هەمەوەند، نوسراوە:

Rais of the Ahmad Abbasi Section of the Ramawand

واتە: سەرۆکی تیرەی ئەحمەد عەباسی ڕەمەوەند. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٤٢ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ جەوهەر ئاغا سەفەروەند هەمەوەند، بەم شێوەیە تۆمار کراوە:

Elder son of the late Mahmud Khidhr of the Khili Peza- Safarawand, and Rais Safarawand

واتە: کوڕە گەورەی خوالێخۆشبو مەحمود خدرە لە خێڵی پەزەی سەفەروەند و سەرۆکی تیرەی سەفەروەندە. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٥٠ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ کاکەڕەش ویتمەوەند لە هۆزی هەمەوەند، نوسراوە:

Rais of the Witmawand Section

واتە: سەرۆکی تیرەی ویتمەوەند. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٥١ ی بەڵگەنامەکە.

بۆ کەریم فەتاح بەگی ڕەسوڵ بەگزادەی هەمەوەند، بەمشێوەیە تۆمارکراوە:

Leader of the Begzadah Section

واتە: سەرۆکی تیرەی بەگزادە. بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی: بڕوانە لاپەڕە ٥٢ ی بەڵگەنامەکە.

بەڵگەنامەکان لە چەندین شوین دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: مەحمود خدری سەرۆک هۆزی هەمەوەندەکان بڕوای بەوە بو، نابێت هەمەوەندەکان ببنە بەشێک لە سیاسەتی تورکەکان و لەو ڕێگەیەوە بکرێنە ژێردەستی شێخ مەحمود و شێخیش تاپۆی گوندەکانیان بکات بە ناوی خۆیەوەو، ناشبێت هەمەوەندەکان بچنە پاڵ ئینگلیزەکان. بەڵکو دەبێت هەمەوەندەکان خاوەن سوپا و جوڵانەوەی خۆیان بن و خۆیان فەرمانڕەوای ناوچەکە بکەن. بۆ ئەو ئامانجە، مەحمود خدر لە ساڵی ١٩٢٠ سەرۆکایەتیی جوڵانەوەی هەمەوەندەکانی کرد لە دژی سوپای لیڤی. غەفور ئاغای حەمە سڵێمانی بەگزادە و کەسایەتییەکانی هەمەوەند پشتیوانی جوڵانەوەکەی مەحمود خدر بون. لە دژ کردەوەدا، ئینگلیزەکان ڕۆشتنە گوندی قەرەتامۆرەوەو ماڵی مەحمود خدریان سوتاند. مەحمود خدر نەگیراو دەستی دایەوە شۆڕشی پارتزانیی، بەڵام لە نەوەد ساڵی دا بو و  تەمەن ڕێگەی نەدا ئەو [مەزنە ڕدێن سپییە] شەڕزانە بەردەوام بێت.

هەرچەندە ئینگلیزەکان دژی جوڵانەوەکەی مەحمود خدریش بون، کەچی لە ناو هەمو سەرۆک هۆز و سەرکردەکانی کورد و عەرەب دا، تەنیا بۆ مەحمود خدر دەستەواژەی [جی، ئۆ، ئێم]یان بەکارهێناوە. واتە: ڕیش سپییە مەزنەکە.

دوای مردنی مەحمود خدر، شێخ مەحمود تاپۆی بەشێک لە گوندەکانی هەمەوەند دەکات بە ناوی خۆیەوە. بەتایبەت گوندەکانی عارف ئاغای کاک عەبدوڵا و، شێخ دەست بەسەر چەندین گوندی هەمەوەندەکان دەگرێت، کە ئینگلیزەکان لەم بەڵگەنامەیە ئاماژەیان پێ داوە.  بەتایبەت لەو باسانەی کە لەسەر عارف ئاغان.

بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات: دوای کۆچی دوایی مەحمود خدر، دوو کەس شوێنی مەحمود خدریان لە ناو سەفەروەندەکان گرتۆتەوە. جەوهەر ئاغای کوڕە گەورەی مەحمود خدر کە بوەتە سەرۆکی سەفەروەند. هەروەها فەتاح حەمە ڕەزا خاتر. فەتاح حەمە ڕەزا زۆر حەزی لە ڕاوکردنە. جەوهەر ئاغاش جێگرەوەیەکی لاوازە بۆ مەحمود خدر. لە ژێر کاریگەری کوڕە گەنجەکەی مەحمود خدر دایە کە ناوی یونسە. یونس خوێندەوارییەکی باشی هەیە. تەنیا کەسایەتیی ناو هەمەوەندەکانە کە دەتوانێت بەباشی بخوێنێتەوەو بنوسێت. پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەی لەگەڵ بەریتانییەکان هەیە.

بۆ زانینی زانیاری زیاتر لە بارەی ڕۆڵ و پێگەی ئەو کەسایەتییانەی کە ئاماژەم پیدان و، هەروەها ئەم کەسایەتیانەی تری خوارەوەش، برواننە پی-دی-ئێفی ئەم بەڵگەنامەیە کە لەسەر هەر یەکێکیان باسێکی پوخت نوسراوە: ((یونس ئاغا مەحمود خدر، عارف کاک عەبدوڵا، غەفور کاک عەبدوڵا، غەفور ئاغا حەمە سڵێمان، موشیر ئاغا حەمە سلێمان، حەیدەر جوامێر بەگزادە، حەمە ڕەشید کاک عەبدوڵا، حەسەن سولەیمان ڕەشەوەند، کاک عەبدوڵا ڕەشەوەند، کەریم ڕەسوڵ بەگزادە، مەحمود کاکە بەگزادە، مەحمود ئەمین فەقێ قادر بەگزادە، نادر بابەکر کافرۆشی، قادر ئەحمەد قادر قەیلەسوری هەمەوەند، ڕەحیم ئەحمەد فەقێ مەحمود ڕەشەوەند، ڕەشید عەزیز ئەحمەد عەلی سێتەبەسەر هەمەوەند، ڕەسوڵ شەریف فەرەنگێز هەمەوەند، شەریف مەحمود زاری سەفەروەند، سولەیمان حەمە سڵێمان بەگزادە، عەبدوڵا کەریم فەتاح بەگ هەمەوەند، ئەحمەد کاک عەبدوڵا بەگزادە، عەزیز حەسەن گۆران هەمەوەند، عەزیز کاک عەبدوڵا بەگزادە، عەزیز ڕەحیم دۆینە هەمەیل هەمەوەندی، فەقێ حوسەین ڕەشەوەند هەمەوەند، فەقێ موحەمەد ڕەشەوەند و هتد)).

ئەمەش پی-دی-ئێفی بەڵگەنامەکەی ساڵی ١٩٢٣ یە:

http://notes-on-mosul.pdf

زیاتر لەوەش، بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی هەواڵگری ئینگلیز. لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیی دا، ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاریی سەرۆکایەتی هۆزی هەمەوەندی کردوە، کە قسەکەری ئەنجومەنەکە یونس ئاغا مەحمود خدر بوە. ئەنجومەنەکە بریتی بون لە: ((یونس ئاغا مەحمود خدر، فەتاح ڕەزا سەفەرەوەند، عارف کاک عەبدوڵا، موشیر حەمە سڵێمان، ئەمین ڕەشید ئاغا ڕەمەوەند، فەقێ موحەمەد ڕەشەوەند و، سەرۆکی تیرەکانی تریش ئەندامی ئەنجومەنەکە بون هەر لە تیرەی سێتەبەسەرەوە تا تەواوی تیرەکانی تر)).

لە نێوان ٨ ی ٦ ی ١٩٣٩  تا ٧ ی ٩ ی ١٩٣٩، هەمەوەندەکان دیسانەوە بە نیازی دروستکردنی جوڵانەوەیەک بون. بەڵام زانیارییان لەسەر دراوەو، بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنەکە سەردانی باڵوێزی بەریتانیا و سەرۆک وەزیری عێراق دەکەن. ڕاپۆرتە هەواڵگرییە بەڵگەنامەییەکانی بەریتانیا بەوردی قسە و گفتوگۆکانی یونس مەحمود خدر قسەکەری ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی هۆزی هەمەوەندی لەگەل باڵویزی بەریتانیا، تۆمارکردوە.

جێی ئاماژەیە، بەڵگەنامە بەریتانییەکانی دوای ساڵی شەستەکان، هێندە ئاماژە بە هەمەوەندەکان نادەن. چونکە لە دوای دروستبونی ململانێی نێوان باڵی بارزانیی و باڵی مەکتەب سیاسیی پارتییەوە، هەتا ئێستا، هەمەوەندەکان پەرت-پەرتکراون بەسەر حیزبەکان دا و، ئەو کاریگەرییە بەهێزەی سەردەمانی مەحمود خدریان نەماوە.

لە سەدەی نۆزدە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست، زۆر بەڵگەنامەی بەریتانیی لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی هەمەوەندەکان هەن، بەلام بەڕاستی من کاتم نییە. هیوادارم پوختەی سێ دانەیانم لێ خستبنەڕو.

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لەدبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×