ئایا ئەمریکا، «چین»یش وەک ڕوسیا، تێوەدەگلێنێت!؟

شه‌ریف عەلی
  2022-08-03     786

لە ڕۆژی ٥ ی ٢ ی ٢٠٢٢، واتە بیست ڕۆژ پێش ھێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بابەتێکم لە ئاوێنە بڵاوبویەوە بە ناونیشانی: «مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕوسیا و چین هه‌ر ته‌نیا ئۆكرانیا و‌ تایوان، نیه، به‌ڵكو زیاتره‌‌!».

تا ئەوکات، خەڵکێک ھەبو بڕوایان بەوە نەدەکرد کە جیھان بەمشێوەیە گڕ بگرێت، بەڵام وەک ئەوەی ئێستا بابەتەکەم لە سایتی ئاوێنە دا ماوە، دەقاودەق ئەمەی خوارەوەم خستۆتەڕو:

''له‌ ده‌ ساڵی ڕابردو دا، ڕوسیا هێدی-هێدی ویستویه‌تی قوڵایی پێگه‌ی جیۆستراتیژی خۆی له‌ وڵاتانی هاوسێ و نزیكی خۆی زیاتر بكات و، چینیش زیاتر فۆكه‌سی خستۆته‌وه‌سه‌ر تایوان و قوڵایی ستراتیژی باشوری ده‌ریای چین.

ڕوسیا توانی نفوزی بباته‌ ناو كریمیا، كازاخستان، بیلاڕوسیا و تا ڕاده‌یه‌كیش ئه‌رمینیا.

چینیش له‌ ڕێی كۆمپانیا ئابورییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیه‌وه‌، مه‌به‌ستێتی قوڵاییه‌كی ستراتیژی بازرگانی جیهانیی به‌خۆیه‌وه‌ گرێ بدات. به‌ جۆرێك ده‌یه‌وێت تا بیست ساڵی داهاتو، پرۆژه‌ زه‌به‌لاحه‌ بازرگانییه‌-جیهانگیره‌كه‌ی له‌ ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، ڕوه‌و باشوری ده‌ریای چین بكاته‌ ڕێڕه‌وی سیاسه‌تی ئابورییه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی.

مه‌به‌ستی ڕوسیا و چین ته‌نیا داگیركردنی ئۆكرانیا و تایوان نییه‌. به‌ڵكو ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ی لای خواره‌وه‌یان هه‌یه‌:-

یه‌كه‌م: ڕوسیا و چین وه‌ك دوو زلهێز ده‌یانه‌ویت به‌ ئه‌مریكای زلهێزترینی جیهان بڵێن: سه‌رده‌می تاك جه‌مسه‌ری كۆتایی هاتوه‌و، پێویسته‌ حسابێكی تر له‌ ئاستی جیهانیی دا بۆ ڕۆڵی ئه‌وان بكرێت. به‌و مانایه‌ی سیستمی تاك جه‌مسه‌ری جیهانیی پێویسته‌ دابڕێژرێته‌وه‌.

دووه‌م: ڕوسیا و چین ده‌رفه‌تی په‌رشوبڵاوی و لاوازی ئه‌وروپایان قۆستۆته‌وه‌. به‌ جۆرێك له‌ بیست ساڵی ڕابردو دا، ڕوسیا و چین له‌ ڕوی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازییه‌وه‌ به‌هێز و زه‌به‌لاح بون. به‌ڵام ئه‌وروپا لاواز و دابه‌ش بوه‌. به‌تایبه‌ت دوای ده‌رچونی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا.

سێیه‌م: ڕوسیا ده‌یه‌وێ به‌ ئه‌مریكا و ولاتانی ناتۆ بڵێت: هه‌بونی ته‌كنه‌لۆژیای جه‌نگی، توركیا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا له‌ خاكی ئۆكرانیای هاوسێی قبوڵ ناكات. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت خۆی وه‌ك جه‌مسه‌رێكی جیهانی بسه‌لمێنێ و، سنور بۆ فراوانخوازیه‌ جیهانییه‌كانی، ئه‌مریكای زلهێترینی جیهان له‌سه‌ر سنوره‌كانی دابنێت.

چواره‌م: ڕوسیا و چین هه‌ستیان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین هه‌ره‌شه‌كان له‌سه‌ر ناوخۆی وڵاته‌كانیان لیبرالیزمی ئه‌مریكیی و به‌نده‌كانی دیموكراسییه‌ت و مافی مرۆڤی جیهانییه‌.

پێنجه‌م: هێنانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و، به‌هێزكردنی توركیا-ئازربایجان و، هه‌وڵی توركیا بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێك بۆ گه‌یاندنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌موی به‌ چاودێری ئه‌مریكایه‌. هه‌مو ئه‌م كارانه‌ش له‌ چوارده‌وری ڕوسیا ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئابوری-ستراتیژیی و ئه‌منین له‌سه‌ر ڕوسیا''.
ـ
ڕێک بیست ڕۆژ دوای تێفکرینەکانی ئەو بابەتەم کە پوختەکەیم لەسەرەوە خستەڕو، ڕوسیا ھێرشی کردەسەر ئۆکرانیا.
ـ
ئەمریکا توانی لە زۆر ڕووەوە دەستی واڵا ببێت بەرانبەر ڕوسیا و بە گەمارۆی ئابوری-جیھانیی ھەوڵی داڕوخاندنی ئابوری ڕوسیا دەدات، کە ئاکامەکەی ئەگەر لە تەکتیک دا دەرنەکەوێت. ئەوا لە ستراتیژ دا ڕوسیا پێوەی دەناڵێنت. مەبەستی ئەمریکا ئەوەیە جیھان بەگشتیی و، ئەوروپا بەتایبەتی، بە گژ ڕوسیا دا بکات و، لە پێشکەوتن بیوەستێنێت و، ئیتر ئەوروپا نەوت و گاز لە ڕوسیا نەکڕن و، لە ماوەی دوردا بەھۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە: لە ناوخۆی ڕوسیا بەریەککەوتن بێنێتە ئاراوە!
ـ
چین کاتێک بینی، ڕوسیا لە ڕوی ئابورییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا سەرکەوتو نەبوە، ئەو ھەڕەشانەی کە پێشتر بۆ سەر تایوان دەیکرد، ھەڕەشەکانی کەم کردەوەو، چین زیاتر فۆکەسی خستەسەر بەردەوامییدان بە پرۆژە ئابورییە جیھانگیرە ستراتیژییەکەی!
ـ
ئەمریکا بە باشی پشوودرێژی چینی خوێندەوە. بۆیە بۆ ئەوەی چینیش تێوەبگلێنێت، ئەمریکا ھەستاوە نانسی پیلۆسی ناردۆتە تایوان.

ئەوەی ئەمریکا ئەڵێت: ''پیلۆس بە بێ ڕەزامەندی کۆشکی سپی سەردانی تایوانی کردوە''، لە روی سیاسیی و دبلۆماسییەوە، ڕاست نییە.

کەچی ھەر ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەوان ئامادەن تایوان بپارێزن و بە باشترین تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی جەنگیی، پڕچەکی بکەن!
ـ
ئەمریکا ئەیەوێت پێش ئەوەی پرۆژە ستراتیژییە جیھانگیرەکەی چین بێتەدی، چین بە شەڕێکی ئیقلیمییەوە تێوەبگلێنێت بۆ ئەوەی لەلایەک چین لە پێشکەوتنی زیاتر بوەستێنێت و، لەلایەکی تریش جیھان بکات بە گژ چین دا، ھەروەک چۆن دنیای کردوە بە گژ ڕوسیا دا.

بە «دێوکردن» ی چین و ڕوسیا لەلای حکومەتەکانی وڵاتانی جیھان، ئاکامەکەی گۆشەگیرکردنی چین و ڕوسیایە لەوەی ببنە زلھێزترینی جیھان. بەو مانایەی بۆ ئەوەی ئەمریکا وەک زلھێزترینی دنیا بمێنێتەوە پێویستی بەوەیە چین و ڕوسیا تێوەبگلێنێت و لە ئاستی جیھان دا وێنایان وەک «دێو» نیشان بدات کە دژی دیموکراسیی و مافی مرۆڤن.
ـ
ئایا بەم ختوکەدانانەی چین، ئەمریکا دەتوانێت چینیش وەک ڕوسیا تێوەبگلێنێت و بتوانێ بیانوی ھەبێ کە گەمارۆی جیھانییش بخاتەسەر چین و، پرۆژە ستراتیژییە جیھانگیرەکەی چین بوەستێنێت!
ـ
کاریگەری ئەو ململانێ جیھانییە بە ئاسانی بەسەر عێراقەوە دەردەکەوێت. ئەمریکا زۆر بە سانایی توانی بەرەیەک دژی سەرکردەکانی میلیشیکانی سەر بە ئێران «مالیکی، خەس عەلی، بافڵ تاڵەبانی، ھادی عامری، عەبادی و حەکیم» بکاتەوەو ڕیسی پێکھێنانی حکومەتێکی ئێرانیی لە عێراق دا، بکاتەوە بە خوری. بۆ ئەمریکا لەم کاتەدا ئەوەی کرد!؟ چونکە ململانێ جیھانییەکە کە ئێران ڕۆشتۆتە پاڵ ڕوسیا و چین کاریگەری لەسەر عێراق داناوە. ھەروەک بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وتی: ''ھیچ دەرفەتێک بۆ ڕوسیا و چین لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ناھێڵینەوە''.

کەوابو وڵاتێکی وەک عێراق کە نەوت و گازەکەی لە ئێستا دا بوەتە پێویستییەکی گرنگ بۆ ئەوروپا، بەھۆی ئەوەی ئەوروپا دەیەوێت نەوت و گاز لە ڕوسیا نەکڕێت، چۆن ڕێگای پێ دەدرێ ئیتر حکومەتەکەی تەنیا لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستە بکرێت!؟
ـ
لەوەتەی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیایە، نەوت و گاز قیمەتێکی جیھانویستی گەورەیان لەسەرە. چونکە ئەمریکا و ئەوروپا ئەیانەوێت ھەناردەی نەوت و گازی ڕوسیی، سفر بکەنەوەو ئابورییەکەی داڕوخێنن. بۆیە عێراق بۆ ئەمریکا لە ئێستادا گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردوە.
ـ
گۆڕانکارییە جیھانییەکانی ململانێی ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیا-چین-ئێران، چی بەسەر عێراق دا دێنن، پێویستە لای قەبیلە-سیاسییەکانی کورد شیکردنەوە بۆ ھەمو ئەگەرەکانی بکرێت. با وەک چەند مانگێک پێش شانزەی ئۆکتۆبەریان بەسەر نەیەتەوە، کە ئێران توانی لە ڕێی یەکێتییەوە نێچیرڤان بارزانیی بە ھەڵەدا ببات و، یەکێتیی ھانی نێچیرڤانیان دا کە بچێت بۆ ڕوسیا و، لەگەڵ ڕوسیا ڕێکەوتنی نەوتی ئیمزا بکات. ئەوەبو نێچیرڤان لەگەڵ قوباد دا ڕۆشتن و ڕێکەوتنی نەوتییان لەگەڵ ڕوسیا ئیمزا کرد. ئەو رێکەوتنە زەمینەی ئەوەی خۆشکرد کە یەکێتیی بە ئاسانیی کەرکوک و خانەقین بە ئێران بفرۆشێت لە پێناو ئەوەی ئێران کۆنگرەیەکی کارتۆنیی بۆ یەکێتیی ببەستێ و، بنەماڵەی تاڵەبانی بکا بە دەسەڵاتی موتڵەقی یەکێتیی. ئەمریکا و بەریتانیا بەھۆی ڕێکەوتنەکەی نێچیرڤان-قوباد لەگەڵ ڕوسیا، ھیچ کاردانەوەیەکیان بۆ فرۆشتنی کەرکوک-خانەقین بە ئێران نەبو. چونکە فارسەکان لە مێژوودا ھەمیشە دەلاقەیەکی خۆیان لەگەڵ ئینگلیز «بەریتانیا» دەھێڵنەوەو، وەک ڕوس نین کە دوژمنی سەر سەختی ئینگلیز بن. واتە بەریتانیا لە ڕقی ڕێکەوتنەکەی نێچیرڤان-قوباد لەگەڵ ڕوسیا، بێدەنگ بو لە فرۆشتنی کەرکوک-خانەقین لەلایەن یەکێتییەوە بە ئێران!
ـ
ئەگەر قەبیلە-سیاسییەکانی کوردستان خوێندەوەیان بۆ ئەم ململانێ توندە جیھانییەی نێوان ئەمریکا-ئەوروپا-ئیسرائیل-سعودییە لەگەڵ ڕوسیا-چین-ئێران نەبێت، لە داھاتودا توانای پاراستنی موڵک و ماڵەکانی خۆشیان نابێت! چونکە ئەمریکا و بەریتانیا بە وردی دەزانن کە ھەم زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان دژی دەسەڵاتی قەبیلە-سیاسییە کوردییەکانن و، ھەمیش زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵکی عێراق دژی میلیشیکانی ئێرانن. بەشداری نەکردنی زۆرینەی خەڵکی ھەرێم و خەڵکی عێراق لە ھەڵبژاردنەکان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە.


ـ
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیییە
ـ

تێبینی:

یەکەم: بۆیە وشەی «ئۆکرانیا» بەکاردێنم، چونکە دەمێکە لە زمانی کوردی دا بە ئۆکرانیا بەکاردێت. ڕاگەیاندنە کوردییەکانیش ئێستا دەڵێن «ئۆکراینا». بێگومان ئەوەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانیش ھەڵەیە. خودی وشەکە «ئۆکراین» ە. بەڵام ناکرێت ئێمە ئەو وشانەی لە دێر زەمانەوە بەکارمان ھێناون، بیگۆڕین. بۆ نمونە، چین بکەین بە «چاینا»، چونکە چاینایە. یابان بکەین بە «جاپان»، چونکە جاپانە.
ـ
دووەم: پێموایە لە کوردستان «حیزبی سیاسیی» بونی نییە. ئەوانەی کە ھەن «قەبیلەی سیاسیی»ن. قەبیلە فۆرمێکی خێڵایەتییە کە لە چەند عەشیرەتێک پێکدێت. بەم پێیەش ئەوەی پێی دەوترێت «حیزبەکانی کوردستان» بریتین لە «قەبیلەکانی کوردستان». چونکە فۆرمێکی خێڵایەتییان ھەیەو لە چەند عەشیرەتێک پێک دێن.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×