ئه‌م بابه‌ته هه‌م دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی ئینگلیزییه و، هه‌میش كورته‌ی نوسینی گه‌ڕیده‌یه‌كی ئینگلیزه له مانگی ده‌ی ساڵی ١٩٤٣ دا.
من هه‌ر سێ سه‌رچاوه به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه له‌م وتاره‌دا بۆ خوێنه‌ران كورت ده‌كه‌مه‌وه وه‌ك یه‌ك بابه‌ت. به‌ڵام گه‌ر خوا ته‌مه‌نی دا پاش خوێندنی دكتۆراكه‌م، هه‌ندێك بابه‌تی به‌ڵگه‌نامه‌یی تر له‌سه‌ر مێژوو، سیاسه‌ت و كلتوری كورد كه له به‌ڵگه‌نامه نهێنییه‌كانی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا دان، له چه‌ندین كتێبی ترم دا چاپ و بڵاو ده‌كه‌مه‌وه.
---
ئه‌مه بابه‌ته‌كه‌یه به كورتی:-
له مانگی ده‌ی ساڵی ١٩٤٣ له كه‌ركوك ڕۆشتمه ته‌كیه‌ی تاڵه‌بان. زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه یه‌كجۆر جلوبه‌رگی كلتوری كورده‌واریان له‌به‌ر داب‌و. دواتر به وردی ته‌واوی گرد و بانه‌كانی كه‌ركوك گه‌ڕام، ئینجا ڕۆشتمه سه‌ر ڕوباری نه‌وت و گڕی باباگوڕگوڕ.
پاشان ڕۆشتمه شارۆچكه‌یه‌ك به ناوی چه‌مچه‌ماڵ كه هی هه‌مه‌وه‌نده‌كان بو. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌نده‌ی من له‌وێ بوم كاری بازرگانیی، جوتیاری، ئه‌سپ سواری و ئه‌سپ فرۆشیان ده‌كرد و، ئاشتی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌یان دا كێشا بو، به‌ڵام هه‌مه‌وه‌نده‌كان به ئازا و شه‌ڕانیی، ناسراون.
پێشتریش چه‌ندین جار سوپای عوسمانییه‌كانیان شكاندوه و، شه‌ڕی سوپای ئینگلیزیشیان كردوه. حوكمی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی خۆیان ته‌نیا خۆیان ده‌یكه‌ن و، باجیان له هه‌ر كاروانه بازرگانییه‌ك وه‌ر‌گرتوە كه له نێوان کە‌ركوك-سلێمانیی و کەرکوک-موسڵ دا تێپه‌ڕ بوبێت.
هه‌مه‌وه‌نده‌كان زۆرینه‌یان ئاغا و سواره‌ن. خانه‌دانن و سفره‌یان به ده‌یان جۆر خواردن ده‌ڕازێننه‌وه. خواردنه‌كانیان كلتورییه و زۆر به تامه.
دواتر ڕۆشتمه سلێمانی، تێبینیم كرد كه بازاڕی كه‌ركوك له هی سلێمانی به‌رفراوانتر بو.
له سلێمانی به كه‌سایه‌تییه‌كی پیر كه ڕوناكبیر و شاعیر و خوێنده‌وارێكی وردبین و ئه‌زموندار بو به ناوی (حاجی تۆفیق) كه پێیان ده‌وت (پیره‌مێرد) و، كه‌سێكی تر به ناوی (سه‌ید ڕه‌فیق حیلمی)، ئاشنا بووم.
سلێمانی واته شاری كتێب، ناوه‌ندی چاپكردنی كتێب و، مه‌یدانی نوسه‌رانی كورد بو.
له سلێمانی نزیكه‌ی چوار سه‌د كتێب به زمانی كوردی چاپكرابو.
سلێمانی هه‌ر شاری چاپكردنی كتێبی كوردی نه‌بو، به‌ڵكو مه‌یدانی زمانی كوردی و، ناوه‌ندی كلتوری كوردیش بو.
بازاڕی سلێمانی بچوك بو، هه‌روه‌ها ڕێڕه‌وی ناو بازاڕ و ناو دوكانه‌كانیشی هه‌ر بچوك بون، به قه‌د هی كه‌ركوك نه‌ده‌بو.
پاش چه‌ند ڕۆژێك، پێم‌خۆش بو سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان بكه‌م.
هه‌ڵه‌بجه دایكی ده‌شتی شاره‌زور و هه‌ورامانه. هه‌ڵه‌بجه شاری حامید به‌گی جاف بو. حامید به‌گ دوو كۆشكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بو. ئه‌وه‌ی لام سه‌یر بو به ستایلێكی مۆدێرنی ئه‌وروپیی، دروست كرابون.
ئه‌وكاته كوڕه‌كه‌ی حامید به‌گ خوێندكار بو له به‌غداد. كاتێك ڕۆشتمه ناو یه‌كێك له كۆشكه‌كانی حامید به‌گ، نامه‌یه‌كی خۆناساندم پێ بو، كه كوڕه‌كه‌ی حامید به‌گی جاف له به‌غداد پێی دام و پێی وتم: “ئه‌م نامه‌یه له‌گه‌ڵ خۆت دا ببه و بیده‌ره ده‌ست باوكم”.
له‌و ماوه‌یه‌ی له هه‌ڵه‌بجه مامه‌وه، زۆر خۆشحاڵ بوم. شه‌وانه له كۆشكێكی حامید به‌گ ده‌مامه‌وه، ستایلی ناو ژوره‌كانی كۆشكه‌كەشی ھەر ڕێك ئه‌وروپیی بو، ژوره‌كانی ڕازاوه و قه‌شه‌نگ بون.
له كۆشكه‌كانی حامید به‌گ دا شه‌تره‌نج و مه‌شروب هه‌بو، ئازادانه جۆرێك مه‌شروبی به‌تامم ده‌خواست. هه‌روه‌ها، ژورێكی تری ئه‌و كۆشكه‌ی كه منی تێدا مابومه‌وه تایبه‌ت بو به داوده‌رمانی ته‌ندروستی.
هه‌ڵه‌بجه بازاڕێكی دڵگیر و به‌رفراوان و پڕبه‌رهه‌می هه‌بو. پڕ بو له به‌رهه‌می جوتیار و باخه‌وانه‌كانی. هه‌روه‌ها، جۆره‌ها قوماشی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و باڵنده و مریشك له دوكانه‌كان دا هه‌بون. زۆربه‌ی دوكانه‌كانی بازاڕ له به‌ردێكی لاكێشه‌یی تایبه‌ت به هونه‌ری ته‌لارسازی بنیاد نرابون.
ژن و كچانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ك پیاوان ده‌هاتنه ناو بازاڕ. هه‌مویان كڵاوێكی پڕ زه‌نگیانه و نه‌خشونیگاریان له‌سه‌ر بو كه پێی ده‌وترا (فێس). ژنه‌كانیان گۆره‌وییه‌كی درێژیان له پێ ده‌كرد كه وه‌ك پوزه‌وانه وابو.
زۆرینه‌ی خانوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه باخچه‌یه‌كه‌ی ڕازاوه‌ی تێدابو، هه‌ر ماڵێك باخچه‌ی خۆی هه‌بو.
دامه‌زراوه كارگێڕییه‌كانی حكومه‌ت بریتی بو له نه‌خۆشخانه و گرتوخانه. نه‌خۆشخانه‌كه‌یان گه‌وره‌بو. ئه‌وكاته‌ی من له‌وێ بوم ڕێژه‌یه‌كی زۆری نه‌خۆش تێیدا چاره‌سه‌ریان وه‌رده‌گرت، هه‌مو نه‌خۆشه‌كان توشی مه‌لاریا بو بون.
چوارده‌وری هه‌ڵه‌بجه هه‌موی كرابو به توتن.
خانه‌خوێكه‌م بریتی بو له حامید به‌گی جاف و ئامۆزایه‌كی كه ناوی حه‌سه‌ن به‌گی جاف بو. زۆر زانیاریم لێ وه‌رگرتن له باره‌ی به‌گزاده‌كانی جاف و هۆزه‌كانی جاف.
حه‌سه‌ن به‌گی جاف كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره و ڕازاوه‌ی هه‌بو. خوێنده‌وارێكی پێگه‌یشتو بو. كتێبه‌كانی عه‌ره‌بیی و توركیی و فارسی بون. زۆربه‌ی كتێبه‌كانی مێژوویی بون. ئیتر كه‌وتینه مشتومڕی درێژ له‌سه‌ر مێژووی كورد و مێژووی جاف*.
*(مشتومڕه‌كه‌یان كه‌مێك دورودرێژه، بۆیه لێره‌دا دامنه‌نا).
به‌هه‌رحاڵ، من ده‌شمویست هه‌ندێك شوێن له شاخه‌كانی هه‌ورامان ببینم. بۆیه بڕیارم دا سه‌ردانی گوندی بیاره بكه‌م، كه شوێنگه‌ی شێخ عه‌لائه‌دین سه‌رۆكی ڕۆحیی گروپه ئاینییه‌كانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی و قادری بو.
هه‌رچه‌نده تا ئه‌وكاته‌ش سه‌رۆكی گروپه ئاینییه‌كان شادومان بون كه كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزیان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه ماوه. به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌م كرد كه سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێك هاتبوه ئارا‌وه كه په‌یوه‌ندییه عه‌شیره‌یی و خێڵه‌كییه‌كان له ناو كورد دا به‌هێزتر ده‌بون هه‌تا په‌یوه‌ندییه ئاینیی و ڕۆحییه‌كان**.
**(لێره‌دا به دورودریژی باسی ده‌روێش و عارفه‌كان و، ململانێی نێوان شێخ عه‌لائه‌دین و محمود خانی دزڵی ده‌كات، به‌ڵام من زۆر كورتی ده‌كه‌مه‌وه).
شه‌و لە بیارە چه‌ندین جار له ده‌نگێك خه‌به‌رم دەبویه‌وه كه له خانووه‌كه‌ی به‌رانبه‌رمه‌وه، ئه‌یان وت: “هه‌ی هوو، هه‌ی هوو”.
بۆ به‌یانییه‌كه‌ی دره‌نگ خه‌به‌رم بویه‌وه، ڕۆشتمه ده‌ره‌وه‌و سه‌ردانی ئه‌و خانووه‌م كرد كه شه‌و به ده‌نگی به‌رز ده‌یانوت: ''هه‌ی هوو، هه‌ی هوو”. زانیم كه ئه‌وه شوێنی پیاوانی ئاینییه، پێیان ده‌وت: (خانه‌قا) یان (خانه‌قای گه‌وره‌ی بیاره).
خانه‌قا كۆشكێكی گه‌وره بو، له به‌ردی به‌هێز دروست كرابو، حه‌وشه‌یه‌كی پانوبه‌رینیش له ناوه‌ڕاستی دا بو.
له لای سه‌ره‌وه‌ی گرده‌كه‌ی خانه‌قاوه، ته‌قه ته‌قی داینه‌مۆیه‌كی كاره‌بایی ده‌هات، شێخ عه‌لائه‌دین دابینی كردبو كه گڵۆپی كاره‌بایی ده‌به‌خشیه هه‌مو خه‌ڵكی بیاره.
هه‌رچه‌نده كورده‌كان زۆر ڕه‌فتاری ئه‌رێنیان هه‌یه، به‌ڵام یه‌كێك له ڕه‌فتاره نه‌گۆڕه‌كانیان كه چوه‌ته خوێنیانه‌وه ئه‌وه‌یه: هه‌رگیز له ناو خۆیان دا وازیان له خۆخۆری نه‌هێناوه. بیری ته‌نگه‌تیله‌ی عه‌شیره‌یی گه‌وره‌ترین هۆكاری مانه‌وه‌ی خۆخۆرییه له ناو كورده‌كان دا.
پاش ته‌واوبون له زكر له خانه‌قای بیاره، عارفه‌كان ئه‌هاتن و له‌به‌رده‌م پێیه‌كانی شێخ عه‌لائه‌دین دا خۆیان ده‌دا به زه‌وی دا و، ده‌سته‌كانی شێخیان ماچ ده‌كرد. ئینجا شێخ عه‌لائه‌دین لای بۆ كردمه‌وه‌و پێی وتم: “دوژمنه سه‌ره‌كییه‌كه‌م محمود خانی دزڵییه. محمود خان کە سه‌رۆكی كورده هه‌ورامییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه، ده‌ستی گرتوه به‌سه‌ر هه‌مو هه‌ورامان له ڕوی ئێران دا و، ده‌ستی به‌سه‌ر سامانه‌كانی منیش دا گرتوه‌و، به‌ره‌و ئێره دێ”.
ئیتر لە پەیامەکەی تێگەشتم، خێرا، سواری یه‌كێك له ئه‌سپه‌كانی خودی شێخ عه‌لائه‌دین بوم و، پاسه‌وانی ده‌كرام له لایه‌ن یه‌كێك له عارفه‌كانییه‌وه‌و، به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه گه‌ڕامه‌وه. به خه‌مه‌وه ئه‌و خه‌ڵكه میهره‌بان و میواندۆسته‌ی بیاره‌م به‌جێ هێشت.
به‌درێژایی گه‌ڕانم به كه‌ركوك، چه‌مچه‌ماڵ، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه و بیاره دا، تێبینیم كرد یه‌كێكی تر له ڕه‌فتاره نه‌رێنییه‌كانی كورده‌كان ئه‌وه‌یه: “گه‌ر یه‌ك شه‌و له‌لای هه‌ر یه‌كێكیان بمێنیته‌وه، هه‌مو شتێكی خۆیت به دۆست و دوژمن و ڕاز و نیازه‌كانیه‌وه له لا باس ده‌کات. كه‌چی ده‌شیه‌وێت هه‌مو نهێنیی و ڕاز و نیازێكی تۆش بزانێت و تۆش بۆی باس بكه‌یت!”.
--
شه‌ریف عەلی: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.