بافڵ: تەنیا براوەی کۆبونەوەکەی پلاسخارت بو!

شه‌ریف عەلی
  2022-08-12     1187

کۆبونەوەکەی پلاسخارت لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم و، نوێنەری حیزبەکان، بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات. لە پاش کۆبونەوەکە، نوسەر و ڕۆژنامەنوس و پەیجەوانەکانی کورد: زۆر توانجیان لە بافڵ تاڵەبانی دا، بەلام لەمەیاندا، من پێچەوانە بیردەکەمەوەو، پێموایە بافڵ تاکە براوەی کۆبونەوەکە بو!

 

ئەوانەی توانجیان لە بافڵ داوە، مەبەستیان ئەو قسەیەی بوە کە لە پاش کۆبونەوەکە بە پەیامنێری کەناڵی ڕوداوی پارتیی دەڵێت: ''من وەختی خۆی، کۆن کۆن...!''.

بەلام ئەوەی مێژووی ھەم گروپی یەکێتیی و، ھەمیش گروپەکانی تری کورد بزانێت، بەسانایی دەزانێت ڕوی ڕاستەقینەی ئەوانەی ناویان لێ نراوە سەرکردەکانی کورد، زۆرینەیان زمانیان وەک بافڵ بوە. بەلام جیاوازییەکە ئەوەیە: بافڵ لە بەردەم کامێرا وادەڵێ و، سەرکردەکانی تری یەکێتیی لە پشت کامێرا شێوازی قسەکردنیان ھەر وابوە!

ئەوان بە تەور دیلی یەکتریان کوشتوە. لەسەر سفرەی دەعوەتکردنیان، بە فێڵ لە یەکتریان کوشتوە، ئیتر شەڕە قسە چییە!

 

بەھەرحاڵ، من ناگەڕێمەوە سەر بابەتی شەڕەجنێوی سەرکردەکانی کورد. چونکە ئیشی من ھەڵسەنگاندنی سیاسییە و، ئەشزانم بەلای کەمەوە کورد لە ساڵی ١٩٩١ ەوە تا ئێستا، سەرکردەیەکی لێھاتوی سیاسیی، نەبوە. تەنانەت لە ١٩٩١ ەوە، سەرکردەیەکیشی نەبوە کە شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە بێت.

 

مەبەستی بابەتەکەم ئەوەیە: بافڵ تەنیا براوەی کۆبونەوەکە بوە. چۆن و بۆچی!؟

 

ئێستا لە زەمەنی بافڵ دا، ھەموان دەزانن یەکێتیی لەوپەڕی لێکترازان و لاوازیی و بێسەروبەرەیی دایە. لە ساتێکی ئاوادا، براوەیە بافڵ کە توانیویەتی بە ھێنانەکایەی ھەندێک باس لە دەرەوەی بابەتی کۆبونەوەکەی پێرێ، پرسی کۆبونەوەکەی بەلاڕێدا بردوەو، وایکردوە پلاسخارت لە تەواوی حیزبە بەشداربوەکانی کۆبونەوەکە، بەتایبەت لە پارتیی و یەکێتیی، بێئومێد بوە!

 

چونکە ئەگەر ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرابایە، تاکە گروپ کە دۆخی لە تەواوی گروپەکانی تر خراپترە: یەکێتییە!

 

دۆڕاوی سەرەکی کۆبونەوەکە، بریتین لە گروپەکانی کۆمەڵ، یەکگرتو، گۆڕان و، ئینجا پارتیی. بۆچی!؟

 

چونکە لە ئەگەری مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە، لە قازانجی یەکێتییە. چونکە یەکێتیی خاوەن دەسەڵاتی زۆنی خۆیەتی. بەڵام ئەگەر کاتی ھەڵبژاردن دیاری بکرابایە و ھەڵبژاردن بکرابایە: ئەوکات بە قازانجی نەوەی نوێ، ئینجا یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕان بو! چونکە یەکێتیی لەوپەڕی خراپی دۆخی جەماوەریی دایە. 

 

یەکێتیی کە لەگەڵ ھەڵبژاردن دا نییە، پێی خۆشە، ھەمو حیزبەکان تاوانبار دەربکەون، نەک تەنیا بەس خۆی وادەربکەوێت!

 

بۆیەشە پێموایە ئەوەی بافڵ ویستویەتی، دەستی کەوتوە. ئەوەش ئەوەبوە ھەم بەھێنانە بەرباسی پرسی تر، بابەتی ئەجێندای کۆبونەوەکە تێک بدات و، ھەمیش ھەر تەنیا یەکێتیی تاوانبار دەرنەکەوێت کە دەیەوێت ھەڵبژاردن دوابخات. بەڵکو بافڵ زەمینەیەکی خولقاندوە کە دەستەچەورەکەی بە گروپەکانی تردا بسڕێت کە تەواوی حیزبە بەشداربوەکان لە بەرچاوی پلاسخارت بخات. ئەوەش بوەتەھۆی ئەوەی ھەمو حیزبە بەشداربوەکان، بەتایبەت پارتیی و یەکێتیی، تاوانبار بن بەوەی نایانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت.

 

تەنانەت بۆ ئەو ئەگەرەش دەڕۆم، کە پێش کۆبونەوەکە، پارتیی و یەکێتیی، بە نھێنیی ڕێکەوتبن، کە لە کۆبونەوەکەدا، پرسی تر بێننەکایەوەو بەو ھۆیەشەوە کۆبونەوەکە تێک بدەن. بەوەش توانیویانە لە ڕێی قسەکانی بافڵەوە، ئامانجەکەیان بپێکن و، کۆبونەوەکە تێک بدەن! بەڵام لەم یارییەدا، ئەوەی لاواز دەرکەوتوە، ھەر یەکە لە سەلاحەدین بەھادین و عەلی باپیر و عومەری سەید عەلی بوە. لە ڕوی کاتیشەوە، تا زیاتر ھەڵبژاردنیش دوا بخرێت، لەزەرەری نەوەی نوێیە.

 

لێرەدا گرنگە بە دێڕێک ئەوەش بخەمەڕو، ئەوەی عەقڵی سەرکردەکانی پارتیی و یەکێتیی نایبڕێت کە کاری لەسەر بکەن، ئەوەیە: ئایا ڕوداوەکانی بەغدا و گۆڕانکارییەکان تا چەندێک کاریگەری لەسەر ھەرێم و دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی دەبێت!؟

ـ

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەولەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×