ئامانجی پشت هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، چییە!

شه‌ریف عەلی
  2023-10-19     555

هەرچەندە لە ئێستادا، نوسەران بەسەر هەردو بەرەی جەنگەکەدا، دابەش بون. بەڵام بۆ هەر نوسەرێک گرنگە لۆژیکییانە، ڕاڤەی خۆی بکات.

 

ڕەنگە هەبێت وا لێکی بداتەوە ئەم هێرشە پەیامێکی تۆڵەسەندنانەی ئیسرائیلە، بەوەی پیشانی نەیارەکانی بدات، گەر هەر هێزێک وەک حەماس هێرش بکاتەسەر ئیسرائیل، ئەوا دەرئەنجامی وەک غەززە چاوەڕێی دەکات.

 

 پێموایە ئەو بۆچونەی سەرەوە لە بارەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکەوە، نامەنتیقییە. چونکە ئەو هێرشە بوەتە هۆی توڕەتربونی نەیارەکانی ئیسرائیل، نەک ترساندنیان. 

-

تێفکرینی من بۆ ئەو هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، درێژەدانی ئایدیاکانمە کە لە بابەتی یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاوێنە، بڵاوکرایەوە.

 

تێفکرینی یەکەم ڕۆژم ئەوە بو: دەزگای هەواڵگری مۆساد و سی-ئای-ئەی پێشوەختە ئاگاداری هێرشێکی بەرفراوانی لەو جۆرەی ئاسمانیی و ئاویی و زەمینیی حەماس بون. بەڵام حەماسیان خستە تەڵەکەوە کە لەم تەوقیتەدا هێرشەکەی بکات، بۆ ئەوەی ئیسرائیل-ئەمریکا بە بیانوی ئەوەوە پلانە ستراتیژییەکەیانی لێ بەرهەم بێنن.

 

دوو نمونەی ڕون دێنمەوە، بۆ سەلماندنی تێفکرینەکەم کە ئیسرائیل-ئەمریکا پلانە ستراتیژییەکەیان ئەوەیە: جەنگەکە لەم تەوقیتەدا ئاشتی بەدوادا نەیەت.

 

یەکەمیان: ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەم ڕوداوە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و، لەگەڵیشیی دا ئەمریکا دوو کەشتیگەلیی پڕ فڕۆکەی هەمە جۆری جەنگی بۆ پشتیوانی ئیسرائیل نارد. ئایا نەخشەی کوێ و کام وڵات و کام سیستەمی سیاسیی دەگۆڕدرێت، ئەوە لێوردبونەوەی ستراتیژی دەوێ.

 

دووەمیان: ڕوسیا لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە پێشنیاری ئاشتی نێوان ئیسرائیل-فەلەستینی خستەڕو، بەڵام بەرەی ئەمریکا لەم تەوقیتەدا ڤیتۆیان کرد.

 

کەوابو، ئەم جەنگە لە ڕوی ستراتیژییەوە بە قازانجی ئیسرائیل-ئەمریکایەو، پلانی پێشوەختەیان بۆی هەیە. بۆیەشە ئامادە نین جەنگەکە بوەستێنن و، هێرشەکەی حەماس بیانوەکەی دایە دەستیان و، جەنگەکەش وەک یەکەم ڕۆژ کە نوسیومە: پێموایە جەنگێکی ماوە درێژە.

 

کەوابو پەیامی سیاسیی و ئامانجی پشت ئەم هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە چی بو؟

 

پێموایە: ئامانجی پشت ئەم هێرشە زیاتر بەنزینکردنە بە ئاگری جەنگەکەدا. چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا مەبەستیانە و دەیانەوێت کە ئێران-حیزبوڵا و ڕژێمی ئەسەدیش توڕە بکەن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل. چونکە ئیسرائیل-ئەمریکا هێزی خۆیان حازرە بۆ پلانەکەیان. واتە: ئەم جۆرە هێرشە بۆ ئەوەیە کە بەرانبەرەکانیان هێندە توڕە بکەن کە ڕاستەوخۆ ڕایانکێشنە مەیدانی جەنگەوە، چونکە ئێران-حەشدی شەعبی-حوسییەکان-حیزبوڵا-ئەسەد تا ئێستاش بەکردەوە نایانەوێت بێنە مەیدانی جەنگەکەوە.

-

ڕوسیا و خودی پوتین، تا ئەندازەیەک وریا بونەتەوە لەوەی کە ئەمریکا-ئیسرائیل دەیانەوێت بەرەیەکی بەرفراوانی جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکەنەوە. ڕوسیا-پۆتین دەشزانن کە ئەمریکا زلهێزترینە و لە توانای دا هەیە لە یەک کات دا لە چەندین بەرەی جیهانیی دا شەڕ بکات، بەتایبەت بەهۆی پێشکەوتویی تەکنەلۆجیای جەنگی ئەمریکییەوە، کە پێشکەوتوترینە.

-

ڕوسیا بە میلیشیاکانی چیچانیی و ئەسەد و، درۆنەکانی ئێرانیشەوە، هێشتا لە جەنگی ئۆکرانیا تەواو نەبوە. بۆیە کردنەوەی بەرەیەکی تری جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە دژی حەماس-حیزبوڵا-ئەسەد-ئێران بێ، ڕاستەوخۆ گورزی پشتشکێنە بۆ ڕوسیا. چونکە ڕوسیا دەیان ساڵە لە سوریا ماوەتەوەو، ئەگەر سوریای لە دەست دەربهێنرێت، ئەوا خەونی بە [ئیمپراتۆر]بونی پۆتین، کۆتایی دێت، ئەوەش بەهۆی گرنگی پێگەی دەریای ناوەڕاستەوەیە. چونکە پاشەکشە پێکردنی ڕوسیا لە سوریا و نەهێڵانی هەژمونی ئێران لە کەنداودا ڕاستەوخۆ گورزی پشتشکێنن بۆ خەونی بە ئیمپراتۆربونی ڕوسیا لە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و کەنداو.

-

ئەیڵێمەوە، ئەم هێرشە بۆ ترساندنی نەیارەکانی ئیسرائیل نییە، هێندەی بۆ [توڕەکردنی نەیارەکانییەتی] بۆ ڕاکێشانیان بۆ مەیدانی جەنگەکە.

 

ئێستا ئیسرائیل کارێکی کردوە، گەر ئێران-حەشد-حیزبوڵا-ئەسەد نەیەنە مەیدانی جەنگەکەوە، ئەوا لەلای لایەنگرە عاشقەکانیانەوە، بەر نەفرەت دەکرێن. ئەمە جگە لەوەی گەر پلانی ئیسرائیل-ئەمریکا ڕاکێشانی ئێران-حەشدی شەعبی-حیزبوڵا-ئەسەد بێ بۆ ناو جەنگەکەو، بەم هێرشەی سەر نەخۆشخانەکەش نەیەنە ناو جەنگەکەوە، ئەوا هەر ئیسرائیل-ئەمریکا لە کۆڵیان نابنەوە، چونکە لە سیاسەت دا [سازش، سازشی بەدوادا دێ] و، لە جەنگییش دا [زۆرجار شکستی گەورە، شکستی یەکجارەکیی بەدوادا دێ]، بەڵام بێگومان کاتی دەوێ!

-

ئێران بە ئاشکرا، عەرەبەکان [حەماس]ی توش کردوە، کەچی بەکردەوە هەم ئێران و هەم میلیشیا شیعەکانیشی، خۆیان لە جەنگەکە لادەدەن. ئایا ئەمە فرۆشتنی حەماس [فەلەستین] نییە لەلایەن ئێرانەوە بە ئیسرائیل؟ ئایا ئیسرائیل بەوە واز دێنێت؟

-

گرنگە لە یادم نەچێت، کە پێویستە لە ئێستادا خوێنەرانی کورد لێکدانەوە بۆ کاریگەری جەنگی ئیسرائیل و حەماس بکەن لەسەر پرسی کورد لە پارچەکانی کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراوی ژێر ئیمپریالیزمی تورکیی، ئیمپریالیزمی فارسیی، ئیمریالیزمی عەرەبی عێراقیی و، ئیمپریالیزمی عەرەبی سوریی!

 

خۆ ئەگەر لە لێکدانەوەی سیاسییانەش بڕۆینە دەرەوە، کورد پەندێکی هەیە، دەڵێت: [زاڵم، زەواڵی بۆ پەیدا دەبێت].

ئیمپریالیزمی تورکیی، ئیمریالیزمی فارسیی، لەگەڵ ئیمپریالیزمی عەرەبی سوریی و عێراقیی، هیچ جۆرێکی ستەمکاریی و خوێنخۆریی نەماوە کە بەسەر نەتەوەی مەزنی کوردی زاگرۆسیی لە خاکی کوردستانی داگیرکراودا، نەیهێنن، هەر لە ئەنفال، کیمیاباران و لەسێدارەدانەوە تا دەگات بە لێسەندنەوەی ناسنامەی هاوڵاتیی بون لە کورد. 

 

خودا دروستکاری هەمو ستێکە، بۆیەشە ئێستا دەبینن [خودا] ئیسرائیلی بۆ ناردون، چونکە هێندە زوڵمیان لە کورد کردوە، کە نەتەوەیەکی زۆرینە مسوڵمانین، لە ١٥١٤ ەوە ساڵ نییە کە داگیرکەرە ئیسلامییەکانی کوردستان، هێرشی وەک ئەمەی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە، بەسەر ژن و منداڵی کورد دا نەهێنن و، میدیا جیهانییەکانیش لە ئاست جینۆسایدی بەردەوام لەسەر کورد، بێ دەنگن!

 

ئێستا پرسیاری هەمو جیهان ئەوەیە: خەنجەرەکەی ئێران و ملیشیاکانیی، هەر لە حەشدی شەعبیی و کۆمەڵەی عەلی باپیرەوە تا دەگات بە حیزبوڵا و ڕژێمەکەی ئەسەد، بۆ چ زەمەنێک هەڵیان گرتوە. ئایا هەرگیز زەمینەی لە ئێستا گرنگتری [جیهادکردن] بونی دەبێت؟

 ئیمپریالیزمی تورک، ئیمپریالیزمی فارس و ئیمپریالیزمی عەرەب، موشەک و درۆنەکانیان بۆ کەی هەڵگرتوە، بۆ ڕەشەکوژی بەردەوامیی ڕۆژانەی ژن و منداڵی کوردی خواکرد؟ بۆچی بەکردەوە لە ئاست ئیسرائیل زیڕڕەیان کردوە، چونکە خودا زاڵم، زەواڵی دەکاتە نسیب. 

داگیرگەرانی کوردستان زاڵمترینن بەرانبەر مافە خواکردەکانی کورد، بۆیەشە ئەوەتانێ خودا موعجیزەی خولقاندوەو ئیسرائیلی [زەواڵ]ی بۆ ناردون، چونکە هیچ شتێک بە بێ فەرمانی خودای خالق، ناخولقێ و ئاڕاستە نابێ.

 

یان ئەوەیە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆراوا خۆیان [ئیسلامی سیاسی]یان دروست کردوە و، ئێران-حیزبوڵا خۆیان غەززەیان پێ فرۆشتون. خۆ ئەگەر وانییە، فەرمو ئەوە جەنگی ئیسرائیل و ئەوەش هێرشەکانی ئیسرائیل، ئیتر تاکەی ئێران-حیزبوڵا وەک [کردەوە] بونیان نییە؟ ئیتر بیانوی بەشداری نەکردنی ڕاستەوخۆی جەنگ بۆ گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی سەر بە ئێران و خودی ئێران، بونی نەماوە. 

-

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرایە لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×