ھاتنەکەی ماکرۆن بۆ ھەولێر لە نێوان: گەورەکردن و، بچوکردنەوە دا!

شه‌ریف عەلی
  2021-08-31     782
لە دبلۆماسییەت و سیاسەت دا: گرنگە پرسەکان ھێندەی قەبارەی خۆیان ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. نە زیاد لە حەد گەورە بکرێن و، نە بچوکیش بکرێنەوە!
ـ
لەم دۆخەی ھەرێم دا. ھاتنەکەی ماکرۆن بۆ ھەولێر گرنگ بو. بەڵام نە بەو شێوەیەیە کە پارتییەکان زیاد لە قەبارەی ھاتنەکە گەورەی دەکەن و، بە ڕزگاربونی کوردستانی دەزانن. نە بەو شێوەیەشە کە ئەوانەی دژە پارتیین ھاتنەکەی بە کەم دەزانن!

فەرەنسا وڵاتێکی گرنگە لە ئاستی جیھان دا. بەڵام لە گرنگترینەکان نییە. ھەرە کاریگەرترین و گرنگترین وڵات: ئەمریکایە! گرنگترینەکانی تر: ڕوسیا و چین و تاڕادەیەکیش بەریتانیایە. بێگومان فەرەنسا و ئەڵمانیاش دوو وڵاتی گرنگی خاوەن بۆچونن لە ئاستی جیھان.
ـ
بۆیە ھاتنەکەی ماکرۆن بۆ ھەولێر، کە ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و، لە چوارچێوەی لوتکە دبلۆماسییەکەی بەغداد دا ھات؛ گرنگ بو و کاریگەریشی دەبێت و، دەشکرێت کاردانەوەی نھێنیشی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە، لێ بکەوێتەوە.
ـ
فەرەنساش وەک ئەمریکا و بەریتانیا و تەواوی وڵاتان: شوێن بەرژەوەندی خۆی دەکەوێت. بەوپێیەی فەرەنسا کەمێک گرنگی زیاتر بە چەمکەکانی ئازادی و یەکسانیی دەدات، لە مێژووش دا چەند جارێک ھاوکاری پرسی کورد بوە، دەکرێت ئەم پەیوەندییە بۆ کورد بقۆزرێتەوەو، زۆر گرنگە کە بکرێتە ستراتیژی. 
ـ
بەڵام لە ھەمو شتێک گرنگتر بۆ کورد: چاکسازی گشتگیرە لە ناوخۆی ھەرێم دا. چونکە ھەم فەرەنسا چەندێک گرنگی بە ئازادی دەدات، ھێندەش گرنگی بە 'یەکسانی'ی لە سیستمی حوکم دەدات و، ھەمیش چاکسازی گشتگیر دەبێتەھۆی ئەوەی کورد بۆ دنیا خۆی بسەلمێنێت. ئەگینا بەبێ چاکسازی گشتیر: کورد نە بۆ ئەمریکا و، نە بۆ فەرەنسا و، نە بۆ جیھانیش دەتوانێ خۆی لە ڕوی حوکمڕانییەوە، بسەلمێنێت!
ـ
سیاسەتی نێودەوڵەتیی و دبلۆماسییەت لەسەر سۆز بنیاد نانرێت. بەڵکو تەنیا لەسەر بەرژەوەندی بنیاد دەنرێت! لێرە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ھاتنەکەی ماکرۆن تا چەند لەلایەن بەرپرسانی ھەرێمەوە قۆزرایەوە بۆ ئەوەی زەمینەی 'ڕێکەوتنی ستراتیژی نھێنیی' لە نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستانی لێ بێتەکایەوە. ئەیڵێمەوە: ڕاستە ھەرێم دەولەت نییە. بەڵام سیاسەتمەدارانی گەلانی بندەست دەبێت کاریگەر و جەزبکار بن!
ـ
ئایا بەرپرسانی ھەرێم توانیویانە لەگەل ماکرۆن، ئەم پرسانەی خوارەوەی لەگەڵ دا، بسازێنن!


سەرەتا پێشوازییەکەی نێچیرڤان لە ماکرۆن لە ڕوی دبلۆماسییەوە تا ڕادەیەک باش بو. بەڵام دەکرا باشتر بێت. بۆ نمونە دەکرا لە ''پاشکۆیەک''ی ڕیزی پێشوازیکەران لە ماکرۆن دا، تاقانەیەک یان دایکێکی ڕەشپۆش وەک سیمبولی کیمیابارانی ھەڵەبجە بوەستایە. تاقانەیەک یان دایکێکی ڕەشپۆش وەک سیمبولی جینۆسایدی ئەنفال بوەستایە. دایکێکی ڕەشپۆش وەک سیمبولی جینۆسایدی شنگال بوەستایە. واتە: ڕیزی قوربانیانی کارەساتەکانی سەر کوردستان: وەک پاشکۆیەکی دبلۆماسیی بۆی زیاد بکرابایەو جیا بوایە لە ڕیزەکانی تر و، بە وەرگێڕیش کارەساتی ئەو کەسانەی کە سیمبولی کارەساتەکانن، بۆی ڕون بکرابایەوە. فەرەنسا و جیھان ئاگاداری ئەم کارەساتانەی سەر کوردن. بەڵام گرنگە ئەم کارەساتانە بەردەوام بھێنرێتەوە کایەوە بەرەو ڕویان!


خاڵەکان:-


یەکەم: گرنگترینە لەم سەردەمەدا کە کورد فێری بەکارھێنانی 'تەکنەلۆژیای درۆنی پێشکەوتو' ببێت. چونکە گەر ھێزی پێشمەرگە 'ھێزێکی زانستی-نھێنیی تەکنەلۆژیازان'یان بۆ زیاد بکرێت. مەبەستم زانینی تەکنەلۆژیای جەنگی سەردەمە بەتایبەت بەکارھێنانی درۆن. یەکێکە لە ڕێگاکان کە کورد دەتوانێت ھەڕەشە یان کاردانەوە لە دژی دوژمنەکانی ھەبێت لەکاتی خوازراو و پێویست دا. ئایا بەرپرسانی ھەرێم ھیچ داخوازییەکیان لە ماکرۆن کردوە، کە چەند خوێندکارێکی لێھاتوی بەشی زانستیی، بنێرنە فەرەنسا و فێری تەکنەلۆژیای جەنگی پێشکەوتوی درۆن بکرێن یاخود نا!؟
ـ
دووەم: ئایا بەرپرسانی ھەرێم داوایان لە فەرەنسا کردوە لەو چەکانەی کە بە بەغدای دەفرۆشێت، ھەوڵ بدات پشکی ھەرێمیشی تێدا بێت. یاخود ئایا ئەوە بە ماکرۆن وتراوە کە لەم ڕوەوە فەرەنسا چۆن دەتوانێت پشتی 'دۆستێکی!!! وەک کورد'ی بگرێت کە ئەو چەکانە دەگەنە دەست حەشدی شەعبی!؟
ـ
سێیەم: دەکرێت بەرپرسانی ھەرێم لەسەر گاز و نەوت و کۆمپانیاکانی پاڵاوتن، زەمینەی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ فەرەنسا بھێننەکایەوە.
ـ
چوارەم: ئایا بەرپرسانی ھەرێم داوایان لە ماکرۆن کردوە کە لە بواری پەروەردەدا، زانکۆیەکی پزیشکی یاخود زانکۆیەکی تەکنەلۆژی فەرەنسی لە سلێمانی بکرێتەوە کە حکومەتی ھەرێم و فەرەنسا تێچوی دروستکرنەکەی بدەن. یاخو ئایا داوای ئەوەیان کردوە کە زانکۆیەکی کشتوکاڵیی فەرەنسیی لە ھەڵەبجە وەک ناوەندی کیمیاباران، دروست بکرێت!؟ ئایا داوایان لە ماکرۆن کردوە کە ھەوڵ بدات زانکۆکانی فەرەنسا ساڵانە چەند زەمالەیەکی دکتۆرا بۆ خوێندکارانی کورد تەرخان بکەن، بەتایبەت زەمالەی بەکالۆریۆس لە بواری بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای درۆن لە پەیمانگا جەنگییەکانی فەرەنسا دا!؟
ـ
پێنجەم: ئایا بەرپرسانی ھەرێم چۆن بۆ ماکرۆنیان سەلماندوە کە پێویستە کۆمپانیا گەورەکانی فەرەنسا ڕو لە کوردستان بکەن و، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی فەرەنسا و حکومەتی ھەرێم لەسەری تەواوی کایەکان ڕێکبکەون!؟
ـ
شەشەم: ئایا بەرپرسانی کورد داوایان لە ماکرۆن کردوە کە پشتیوانی کورد بکات بۆ ئەوەی پرسی کیمیاباران و جینۆسایدی ئەنفالی کورد، لە ناو نەتەوە یەکگرتوەکان، وەک پرسی جینۆسایدی نەتەوەی کورد، کاری لەسەر بکرێت!؟
ـ
لە ھەمو ئەوانەش گرنگتر: ھەرێم دەبێت ھەوڵ بدات ''ڕێکەوتنی نھێنیی!!'' لەگەڵ فەرەنسا دا بکات. بەبێ زەمینەی ڕەخساندنی 'ڕێکەوتن'، سەختە ئەو پەیوەندییە بکرێتە ستراتیژیی!!
ـ
کاردانەوە نھێنییەکان:-
بێگومان ئەم سەردانەی ماکرۆن ئەکرێت لەلایەن تورکیا و ئێران و سوریاوە 'پیلانی کاردانەوەی نھێنیی' لە دژ بگیردرێتەبەر. بەوپێیەی ھەمویان داگیرکەری کوردستانن و دژی کوردن. ھەروەھا، تورکیا ئێستاش ویلایەتی موسڵ بەھی خۆی دەزانێت. ئێرانیش ھەمو عێراق بەھی خۆی دەزانێت. سوریاش دژی فەرەنسایە چونکە فەرەنسا ئینتیدابی کۆنی سەر سوریایە!!
ـ
واتە: ئەگەر بەرپرسانی ھەرێم نەیانتوانی بێت کە ئەم سەردانە بقۆزنەوەو لەو کایانەی سەرەوە 'ڕێکەوتنی نھێنیی' لەگەڵ فەرەنسا دا ئیمزا بکەن. ئەوا دەکرێت فەرەنساش وەک تەکتیک دژی تورکیا ئەم سەردانە بەکاربێنێت. یاخود تورکیاش وەک تەکتیک دژ بە خۆی لەم سەردانەی ماکرۆن حاڵی ببێت.


 بۆیە زۆر گرنگە بەرپرسانی ھەرێم توانیبێتیان کەشی ڕێکەوتنی نھێنیی لە چەندین بواردا لەگەڵ ماکرۆن بسازێنن: بۆ ئەوەی نەبنە داشی تەکتیکەکانی دەست ھێزەکان، بەتایبەت ھێزە ئیقلیمییەکان. لە ھەمو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە: پێویستە چاکسازی گشتگیر لە ھەرێم بکرێت و، نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی سەر بە حکومەتی ھەرێم بە کەسانی بە تواناو تەکنۆکرات پڕ بکرێنەوە. ئەگینا ھەرێم لە ناو چەقی ململانێی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جەنگی وڵاتانی ناوچەکە و ھێزە میلیشیاکان، پایەکانی حوکمداربونی دەلەرزێ!
ـ
ئەم چەند سەرەقەڵەمەی سەرەوە بۆ وەڵامی پرسیاری چەند دۆستێکە کە لەسەر ھاتنەکەی ماکرۆن بۆ ھەرێم لێیان کردوم. ڕۆژێک پێش ھاتنەکەی دوو کەناڵ پەیوەندییان بۆ چاوپێکەوتن کردبو، بەلام سەرقاڵی کاری زانستیی خۆم بوم لە کتێبخانە دا، بەداخەوە بە پەیوەندییکردنەکانیانم نەزانی بو. ئەمڕۆ لە مەسیجێکی ڕۆژنامەنوسێکیانەوە زانیم بۆ مەسەلەی ھاتنەکەی ماکرۆن پەیوەندییان کردبو.
ـ
شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×