ئیسرائیل و کورد، نێچیرڤان و عاشە بایدن و، یەکێتیی و ئێران!

شه‌ریف عەلی
  2024-02-03     651

لەبەر ڕوداوەکانی ئێستای ناوچەکە، دەمەوێ لە سەرەتا چەند سەرە قەڵەمێک بنوسم: بۆچی بەتایبەت ئیمپریالیزمی عەرەب و، ئینجا ئیمپریالیزمی فارس و ئیمپریالیزمی تورک، هەمیشە کورد و ئیسرائیل پێکەوە دەبەستنەوە؟

 

چونکە کورد و ئیسرائیلییەکان مێژوویەکی پەیوەندی هەزاران ساڵەیان پێکەوە، هەیە.

 

ئیسرائیل کە خاکەکەی مێژوویەکی دێرینی ئاینیی و زانستیی هەیە، مێژوویەکی دەوڵەمەند بە شارستانیەتیان هەبوە بەتایبەت لە چوار هەزار ساڵ پێش زایین هەتا حەوت سەد ساڵ پێش زایین. کە دەوڵەتی پاشایەتی ئیسرائیل لەو مێژووەدا بەناوبانگە لە ٩٠٠ ی پێش زایین و، دواتریش داگیرکردنیان لەلایەن ئاشورییەکانەوە.

 

 خاڵێکی گرنگ لەو مێژووەدا ئەوەیە: بۆچی زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی بەریتانییش دەڵێن: هەندێک لە کوردەکان بەشێک بون لەو جووانەی کە لە ئیسرائیلەوە هێنران بۆ وڵاتی میسۆپۆتامیا؟

 

چونکە کاتێک ئیسرائیلییەکان لەلایەن ئاشورییەکانەوە بە دیلی هێنران بۆ میسۆپۆتامیا، کوردەکان کە ڕەگەز زاگرۆسنشین بون و خاوەنماڵ بون، لەلایەن ئاشورییەکانەوە داگیرکرابون.

 

هاتنەکایەی ئیمپراتۆریای میدیای کوردی، لەلایەک هەم ئاشورییەکانی ڕوخاند و. لەلایەکی تریش جووەکان لە میسۆپۆتامیا تائەندازەیەک ئازادبون و تێکەڵی کوردەکان بون. هێدی هێدی پیاوانی ئاینیی جوو دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئاینەکەیان کرد هەتا بەشێکی کوردەکان باوەڕی جوویان وەرگرت و، پاش ڕوخانی [ئیمپراتۆری میدیای کوردی زاگرۆسی]ش بەدەست هۆزە قەرەچە ئارییەکانەوە، کوردە جووەکان توانیان نفوز بکەناو ناو میرنشینی ئەدیابینی کوردییەوەو، فەرمانڕەواکانیشیان بکەنە جوو.

 لە سەدەی یەکەمی پێش زایین دا هەتا نزیک ساڵی ١١٥ ی زایین کە دەکاتە زیاتر لە دوو سەد ساڵ، جووە کوردەکان بونە حوکمڕانی میرنشینی ئەدیابین کە پایتەختەکەی هەولێر بو. ئیتر چیرۆکی تێکەڵتربونی کورد و جوو دەست پێ دەکات. هەتا زۆرێک لە هۆزە کوردەکان لە بنەڕەت دا جوو بون، وەک بارزانییەکان و دواتر تەریقەتی سۆفیگەری ئیسلامیان وەرگرت، لەسەر هەمان ڕێچکەی کۆنیان کە تەریقەتی سۆفیگەری کۆنی جوو بو و، چەندان کەسایەتیی ئاینیی و شاعیر و نوسەریشیان بەدرێژایی سەرەتای مێژووی نوێ تا مێژووی هاوچەرخ تێدا دەرکەوت، وەک ئەسینات بارزانیی و زۆری تر.

 

واتە: مێژووی تێکەڵبونی کورد و جوو، بە جینۆسایدکردنی کوردە جووەکانیش بۆ ئیسرائیل لەلایەن ئیمپریالیزمی عەرەبی عێراقەوە، هەر بە سانایی کۆتایی نایەت. چونکە کورد و جوو هەزاران ساڵ لە ڕوی خوێنەوە تێکەڵ بون. بەڵام بیرمان نەچێت ئیسرائیل وەک [دەوڵەت] سیاسەت دەکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی پێش هەمو شتێکە. ئیسرائیل وەک سەرکردەکانی کورد نییە کە داگیرکەران بە پارە هەڵیان سوڕێنن و، هەر لە قۆناغی فیوداڵیی دا، چەقی بن.

-

ئیسرائیل-ئەمریکا و دروستکردنی کۆماری خومەینی!

 

ڕەوتی پان-عەرەبیزمی کۆن لە سەدە ناوەڕاستییەکانەوە دەست پێ دەکات. بەڵام ڕەوتی [پان-عەرەبیزمی نوێ] کە ئامانجێکی سەرەکی پاکتاوی نەژادی کەمە نەتەوە ناعەرەبەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوە، لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیست دێتە کایەوە. پان-عەرەبیستەکان لە ١٩٥٢ لە میسر و لە ١٩٥٨ ەوە لە عێراق بونە باڵادەست. ئیتر لەوەوە قۆناغی توندی زەمەنی هاوچەرخی پاکتاوی نەژادی ناعەرەبەکان دێتە بون. هەڕەشەی پان-عەرەبیستەکان هێندە ترسناک بو، ئەمریکا ترسی هەبو هاوپەیمانێتیی نێوان سۆڤیت و پان-عەرەبیستەکان گشت پرۆژە دورخایەنەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەڵتەکێنێت، بۆ ئەمەش باشترین ڕێگە دروستکردنی کۆمارە وەلی فیقهەکەی خومەینیی بو.

 

کۆمارەکەی خومەینیی توانی پان-عەرەبیزمی نوێ کاڵ بکاتەوەو، لە شوێنی ئەوە ململانێی شیعە و سەفەوی بێنێتەوە کایە. ئەمە تا قۆناغێک و لە چەند ڕویەکەوە سودی بۆ پرۆژەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل هەبو. تا گەشتە ئەو ڕادەیەی بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، ئیسرائیل تەقەمەنی بە ئێران فرۆشتوە لە شەڕی ئێران و عێراق داو، لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی سەددام و جبەخانە ستراتیژییەکانیشی لە هەشتاکان دا لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەر بۆ لاوازکردنی بەرەی [پان-عەرەبیزمی نوێ]، بوە. 

-

پرۆژەکانی ئێستای ئیسرائیل-ئەمریکاو کۆمارەکەی خامنەیی!

 

ناتوانین بڵێین: کۆمارەکەی خامنەیی هیچ سودێکی بۆ ئیسرائیل-ئەمریکا نەماوە. غەززە لە گەشەکردن دابو. عەرەب زۆر منداڵ دەخەنەوە، واتە عەرەب لە ڕوی ڕەگەزیشەوە لە غەززە لەزیادبون دا بون. لەو ساتەدا ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت ئەوەیە یان هەندێک خاکی غەززە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوەو سنوری فراوان بکات، یاخود لانی کەم غەززە بۆ پەنجا ساڵێک لە گەشەکردن دوا بخات. ئێران ئەوەشی بۆ ئیسرائیل کرد و، بە فەرمانێک هێرشی بە حەماس ئەنجام داو، ئیسرائیل بیانوی پێکانی ئامانجەکەی خۆی دەست کەوت!

-

کەوابو ئایا عیشقی ئێران بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، ئایا میهرەبانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ئاست خودی ڕژێمەکەی تاران [نەک دەست و پێوەندەکانی]، بەردەوام دەبێت؟

 

پێموایە: لە هەندێک ڕوەوە: بەڵێ. بەڵام بەپێچەوانەشەوە لە هەندێک ڕوی ترەوە قۆناغی میهرەبانی ئەمریکا-ئیسرائیل بەرانبەر ڕژێمەکەی ئێران لە کۆتایی دایە. بەتایبەت ئێران بوەتە هەڕەشە لەسەر هاوپەیمانە عەرەبییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. بۆیە ڕێی تێ دەچێت، گەر ئیسرائیل-ئەمریکا لە تەواوی ئەگەرەکان دا هاتبنە ئەو قەناعەتەی کە ئیتر ئەم ڕژێمەی ئێران سودێکی ئەوتۆ بۆ پرۆژە ستراتیژییەکانیان نابێت، لە قۆناغی ئەمریکای کۆمارییەکان دا بیر لە گۆڕانکاری بکەنەوە.

-

نێچیرڤان و عاشە بایدن!

 

ڕونە کەناڵی ڕوداو، واتە: نێچیرڤان!

لە سایتی ئاوێنە وتارەکەم ماوە، کاتێک ترامپ و بایدن لەوپەڕی ململانێی هەڵبژاردن دابون، کەناڵی ڕوداو ناپڕۆفیشناڵانە لایەنگری بایدنی دەکرد، وەک مێرولە دەچو بە قولەی قاف دا! 

 

ڕوداو بەردەوام پڕوپاگەندەی بۆ بایدن دەکرد، بەردەوام حەمەی حاجی مەحمودی دەهێنا تا گەشتە پیشاندانی تەقەی خۆشی خەڵکێک لە دهۆک بەهۆی سەرکەوتنی بایدنەوە. ئەمەی ڕوداو دەیکرد ڕێک و ڕوون خزمەت بو بە ئێران و، لەهەمانکاتیش دا هەمان کاریش ڕاگەیاندنەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە بایدن دژی ترەمپ دەیانکرد. ڕێک چۆن سیاسەتێکی کاڵفامانەی یەکێتیی ئەوەبو چەند سەفتە دۆلارێکی قوتی میللەتیان بە کەمپەینی هیلاری کلنتن دا، ڕوداویش لە ڕوی ڕاگەیاندنەوە بۆ بایدن هەمان کاری دەکرد.

 

 من لەو کاتەدا بە وتارەکەم لە ئاوێنە ڕونم کردەوە کە ڕوداو کەوتۆتە هەڵەوەو، پێویستە کورد بێلایەن بێت. ڕونم کردبۆوە لەکاتێدا ئەمریکا هەمیشە بەرژەوەندی خۆی لا مەبەستە. بەڵام سیاسەتی دەرەوەی کۆمارییەکان کە شێلگیرانەترە بۆ کورد باشترە. 

 

بەهەرحاڵ، ئەوەش بایدنەکەی [ڕوداو]وە! کە ئێران چەندینجارە بە موشەک و درۆن لە ناوەڕاستی هەولێر دەداو، کاردانەوەی بایدن هیچ نەبو! 

 

بەڵکو ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەولێر هەر هیچ نەبێت کەمێک عیشقی فازڵ میرانیی و ئاری هەرسین کەم بکاتەوە کە بەردەوام بەشانازییەوە دەڵێن: ئەوان و موجاهیدانی کۆماری ئیسلامیی پێکەوە خوێنیان ڕشتوە!

ئا ئەوەیە سیاسەتی یەکێتیی و پارتیی بۆ ئێران و بۆ دیموکراتەکانی ئەمریکاش!

-

سوککردنی کورد بۆ داگیرکەران!

 

گروپە کوردییەکان، کوردی گیانبازیان لە ئاست داگیرکەران سوککرد. ئەم ماوەیە ویستم چەند بەڵگەنامەیەکی گرنگ بڵاوبەکەمەوە. بەڵام نەمزانیوە [کۆرۆنا]م گرتوەو، سنگمی داغان کردوەو، خوا شاهیدە بە ڕاکشانەوە لەسەر جێگادام و بەو ئافاتەوە، بە خێرایی ئەم دێڕانە دەنوسم.

 

سێ ڕۆژ لەمەوبەر، چەند نامەیەکی دەستنوسی مەلا مستەفا و شێخ مەحمودم لە ئەرشیفی بەریتانیا لە فەیسبوکەکەم بڵاو کردەوە. دوای پێنج کاتژمێر نامەکانم لە فەیسبوکەکەم سڕیوە. هەندێک دۆست نامەکانی شێخ مەحمودیان لە فەیسبوکی خۆیان دانابو. باشترە ناوی سەرچاوەکەی بنوسن کە لە لای منەوە بردویانەو، وێنەی ناسنامەی ئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانیی من لەسەر هەمو ئەو نامانەدایە، کە کۆپیان کردوە لە منەوە، وەکو لایەنی ئەخلاقیی و زانستیی، دەبو ناوی من بنوس.

 

 نامەکانی شێخ مەحمود ئەو نامانەن کە لە  ٤ ی ٨ ی ١٩٤١ و تا ١٧ ی ١١ ی ١٩٤٢ بۆ بەریتانییەکانی نوسیوەو دەڵێت: ئامادەم هەمو مەرجێکی بەریتانیا و عێراق قبوڵ بکەم، بەمەرجێک لە کێشەی زەوی لە نێوان من و حەمە ئاغادا، کانی بەردینە و توتنی قازان بە من بدرێ!

 

نامەکەی مەلا مستەفاش دەستنوسەو شێخ ئەحمەدی بارزان ئیمزای لەسەر کردوە.

 

بەهەرحاڵ، هەرچەنە هێندەی پێم بکرێ بە ئیرادەم، بەڵام ئەگەر کەمێک ئەم نەخۆشی کۆرۆنایە لە سنگم ببێتەوە. چونکە هەناسەدانم زۆر قورس و بە ئازارە و، سنگم نەفەسی گیراوە، لە مەجالێکدا هەندێ بەڵگەنامەی زۆر نهێنیی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری بەریتانیا لەسەر: ( مەلا مستەفا، جەلال تاڵەبانی، مەسعود بارزانیی، نەوشیروان مستەفا و سی و یەکی ئاب)، بڵاودەکەمەوە.

 

دەستدان لەو بەڵگەنامە نهێنیانەی لەسەر مام جەلالن، زۆر ترسناکە، دوای ئەویش شێخ مەحمود و مەسعود بارزانیی.

 

بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەریتانیا جەخت دەکەنەوە کە ئێران و عێراق هەردوکیان کیمیاوییان بەکارهێناوەو، باس لەو ئۆپەراسیۆنانەی پاسدارانیش دەکەن کە یەکێتیی بە سەرکردایەتی نەوشیروان تێیدا بەشداربون و، عاقیبەتیش خەڵکی سڤیل کیمیاباران کراون و، لە شوێنی خۆیان هەڵکنراون.

 

 هەندێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکان دەڵێن: یەکێتیی و حسک حیزب نین، بەڵکو باندن. مام جەلال کەسێکی زۆر بێپرەنسیپ و ئۆپۆرتۆنیستە. قسە زۆر دەکات و بەردەوام ویسکییەکی خۆش دەخواتەوە. بێ بەڵێن و پەیمان شکێنە. دەوڵەتانی ناوچەیی وەک ئێران، سوریا و ڕژێمەکەی سەددام لە ڕێی مادەوە چالاکی سەربازی بە گروپەکەی تاڵەبانیی ئەنجام دەدەن.

 

بەڵگەنامەکان جەخت دەکەنەوە کە لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە تا ١٩٩٦ ڕەفسەنجانی وەک [دلیڤەری] مام جەلال ئاڕاستە دەکات بۆ پەیام ناردن بۆ ئەو ئامانجانەی کە ڕەفسەنجانی بۆ جەلال تاڵەبانیی دیارییان دەکات، بە بیانوی ئەوەی ناکۆکی لە نێوان کاربەدەستانی ئێران دا هەیە. ڕەفسەنجانی لە پێناو کاتکوشتن و لە خشتەبردنی دەوڵەتانی خۆراوایی بەرانبەر ڕەفتارە نابەجێکانی ئێران، ئەو نمایشە دەکات.

 

لە بەڵگەنامەیەکی زۆر نهێنیی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە ٢٣ ی ٤ ی ١٩٩١ ، بەریتانییەکان پەیام بۆ موحسین دزەیی دەنێرن، کە بەزویی جەلال تاڵەبانی لە گفتوگۆ لەگەڵ سەددام بگەڕێنرێتەوە، چونکە لە گفتوگۆکان دا پەلەی کردوەو شەرعیەتی بە کارەکانی ڕژێمەکەی سەددام داوەتەوەو، لە دوای ئەم هەمو کارەساتانە کورد دەبەستێتەوە بە ڕژێمەکەی سەددامەوە. لە بری ئەو مەسعود بنێردرێت بۆ گفتوگۆو، باشترە لە گفتوگۆکان دا ئەم [شتانە] لە بەرچاو بگیردرێن.

 

لە بەڵگەنامەیەکی نهێنیی تردا، بەریتانییەکان بە بەرهەم ساڵح دەڵێن: شتێکی نامۆیە کە بەردەوام جەلال تاڵەبانیی لە ڕێگەی ئێوەو یەکێتییەوە پەیامەکانی ڕەفسەنجانیمان بۆ دەنێرێت. لەکاتێکدا ئێمە [بەریتانیا] خۆمان باڵوێزخانەمان لە تاران هەیە و هتد!

 

بەشێکی تری بەڵگەنامەکان دەڵێن: لەگەڵ ئەوەی ئێران بە تۆپخانە و بە چەند یەکەیەکی سەربازی بە درێژایی ساڵی ١٩٩٦ تا سی و یەکی ئابی هەمان ساڵ، پشتیوانیی و هاوکاری یەکێتییان کردوە، بەڵام بیانوی مەسعود بارزانیی بۆ ئەنجامدانی سی و یەکی ئاب، پوچە. چونکە هەردو گروپی پارتیی و یەکێتیی لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆ دژایەتی یەکتر چەندین ساڵە هاوکاری کراون. ئەنجامدانی سی و یەکی ئاب پەیوەندی بەوەوە هەبوە کە پارتیی بوە بە حیزبی دووەم لە کوردستان، چونکە کۆسرەت هەولێری بەدەستەوە بوە. مەسعود لێزانانە هاوکێشەکەی خوێندۆتەوەو، لە پێناو ئەوەی پارتیی بکاتە حیزبی یەکەم، هەستاوە سی و یەکی ئابی ئەنجام داوە.

 

بەڵگەنامە نهێنییەکان پەردە لەسەر زۆر شت هەڵدەماڵن، بەتایبەت ململانێی نێوان نەوشیروان لەلایەک و، جەلال تاڵەبانی-کۆسرەت ڕەسوڵ لەلایەکی ترەوە لە ١٩٩٤ تا کۆتایی ١٩٩٦. ڕونی دەکەنەوە، کە: نەوشیروان لە ١٩٩٤ هەنگاوی نهێنیی دژی مام جەلال گرتۆتەبەرو، نەوشیروان لەگەڵ ئەوەی خوێنەوارترین سەرکردەی یەکێتییە، بەڵام تەنیا سەرکردەی کوردە کە سایکۆلۆژیای وایە زوو هەڵ دەچێ و، زوو دادەمرکێتەوە، هەڵەش زۆر دەکات.

 

 بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوەش دەدەن کە کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ تاڵەبانیی [ژنی جەلال تاڵەبانیی] پێش سی و یەکی ئاب خوێندنەوەیەکی عەقڵانیان هەبوە کە یەکێتیی شەڕ نەباتە ناو هەولێرەوە، چونکە کە یەکێتیی خۆی حوکمڕانی هەولێرە، چ سودێکی تێدایە دەست بەسەر چەند بارەگایەکی پارتیی دا بگرێ. بەڵام مەکتەب سیاسیی یەکێتیی فشاری زۆریان لە کۆسرەت ڕەسوڵ کردوە. بە فشاری ئێران و نەوشیروان و مەکتەب سیاسیی یەکێتیی وایان لە کۆسرەت کردوە لە هەولێر دەست بەسەر چەند بارەگایەکی پارتیی دا بگیردرێت. ئەمە بیانوی داوەتە دەست مەسعود بارزانیی بۆ ئەنجامدانی پلانەکەی.

 

بەڵگەنامەکان باس لە هەندێ گفتوگۆو ڕاپۆرتی لەتیف ڕەشیدیش لە لەندەن دەکەن لەسەر نەوشیروان و ڕوداوەکانەوە لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٧، بەڵام نوسیویانە: خوێندنەوەو قسەکانی لەتیف ڕەشید لە خوار هێڵی عەقڵانی سیاسییەوەن.

 

بەپێی چەندین بەڵگەنامە بێت: سەرکردەکانی کورد کەماسیی زۆریان هەبوەو، فیوداڵانە بیریان کردۆتەوەو، بێویژدان بون بەرانبەر میللەتەکەیان، لەکاتێکدا میللەتەکەیان شۆڕشگێڕ و گیانباز بوەو قوربانیی زۆریان داوە.

 

گەر خوای خالق مەجالێکم پێ ببەخشێت، ماوەی داهاتو، چەند دانەیەک لەو هەزاران بەڵگەنامە نهێنیانەی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی بەریتانیا کە لای خۆم ئەرشیفم کردون، دەخەمەڕو.

-

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×