بە پێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا: سەرکردەکانی یەکێتیی دڵنیابون کە هێرشی هاوبەشیان لەگەڵ پاسداران، کیمیابارانی هەڵەبجەی لێدەکەوێتەوە

شه‌ریف عەلی
  2024-03-17     1306

چەندین نامەی سەرکردەکانی یەکێتیی لە ئەرشیفی بەریتانیا هەیە سەبارەت بە کیمیابارانی شارۆچکە و گوندەکانی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ەوە. نامەیەکی بەرهەم ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی عێراق لە بەرواری ١٥ تا ٢١ ی ٤ ی ١٩٨٧، گازی کیمیاوی داوە لە نزیکەی بیست گوندی کوردستان.

 

نامەکەی بەرهەم لە ڕێکەوتی ١ ی ٥  ی ١٩٨٧ بە چەندین کۆپی، بۆ بەشێک لە بەرپرسان و ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیای، ناردوە.

 

نامەیەکی نەوشیروانیش لە ١٥ ی ٦ ی ١٩٨٧  لە ستۆکهۆڵمی سویدەوە نوسیویەتیی و، بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای ناردوە.

 

نەوشیروان لە نامەکەی دا باس لە بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و یوئێن دەکات لە بەرانبەر کیمیابارانکردنی شارۆچکەو گوندەکانی کوردستان و ناوی بەشێک لەو ناوچانەی باشوری کوردستانی نوسیوە کە ڕژێمی عێراق بە بۆمبی گازی کیمیاوی، کیمیابارانی کردون، لە ساڵی ١٩٨٧ دا.

 

لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیا هاتوە: یەکێتیی لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦ بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران، بوەتە بەشێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران و، هێرشی بەردەوامی یەکێتیی و پاسداران، کاردانەوەی بەردەوامی ڕژێمی عێراقی لێکەوتۆتەوە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بەدرێژایی ساڵی ١٩٨٧. هەروەها سەددام هەستاوە بە دانانی عەلی حەسەن مەجید بۆ کاروباری باکور بۆ ئەوەی گەر هێرشی هاوبەشی (یەکێتیی و پاسداران)، بەردەوام بو، هەمو دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە هێرشەکانی تێدا ئەنجام دەدرێن، بنکۆڵیان بکات و نەفی بکرێن.

 

بەپێی بەڵگەنامەکانی مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٧، مام جەلال و نەوشیروان هەستاون بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕژێمی عێراق، بە مەبەستی چەکدانانی هێزەکانی یەکێتیی، وەک جۆرێک لە ئاشبەتاڵ. ئەمەش وایکردوە کە ڕژێمی عێراقیی لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٧ هێرشەکانی لە بەرەی باشوری کوردستان، خاوبکاتەوە.

 

هەروەها گفتوگۆکانی مام جەلال و بەعس لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٧ بوەتە هۆی ناکۆکی لەنێوان هێزە کوردییەکان، چونکە یەکێتیی ڕێکەوتنی لەگەڵ هێزە کوردییەکان هەبوە کە پێکەوە ڕژێمی سەددام بڕوخێنن. بەڵام لە ژێرەوە مام جەلال و نەوشیروان گفتوگۆیان لەگەڵ ڕژێمی سەددام کردوە بۆ چەکدانان و، بۆ ئەو مەبەستەش نامەو پەیامیان بۆ ڕژێمی عێراق ناردوە. بەڵام دواتر لە ژێر فشاری ئێران، وازیان لە گفتوگۆکە هێناوە.

 

دبلۆماتکارانی بەریتانیی لە بەڵگەنامەکانیان دا، بەلایانەوە سەیرە کە بەردەوام سەرکردەکانی یەکێتیی نامەیان بۆ بەرپرسانی بەریتانیا ناردوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە شەڕەکان دا لەلایەن ڕژێمی عێراق بەدرێژایی ساڵی ١٩٨٧. کەچی هەر سەرکردەکانی یەکێتیی بەردەوام بون لە هێرشی هاوبەش لەگەڵ سوپای پاسداران، لەکاتێکدا دڵنیاش بون کە ئاکامی ئەو هێرشە بەردەوامانەیان لەگەڵ پاسداران، کیمیاباران و نەفی کردنی بەردەوامی ناوچە کوردییەکانی لە ساڵی ١٩٨٧ لێکەوتۆتەوە. لەگەڵ ئەوەش دا سەرکردەکانی یەکێتیی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوەش بون کە ئێرانیش بەهەمان شێوەی سەددام، چەکی کیمیاوی لە شەڕەکان دا لە ساڵی ١٩٨٧ دا، بەکارهێناوە.

 

بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، یەکێتیی دڵنیابوە لەوەی هێرشی هاوبەشی لەگەڵ پاسدران بۆ سەر هەڵەبجە، کیمیابارانی قەزاکەی لێدەکەوێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە پاسداران هەستاون قیناع و دەرزی دژە چەکی کیمیاوییان بە فەرماندەکانی یەکێتیی و حیزبی دەعوە داوە لە کۆتایی مانگی دو و سەرەتای مانگی سێی ١٩٨٨ دا. زۆربەی گروپە کوردییەکانی تری وەک پارتیی، حسک و بزوتنەوەی ئیسلامیی، لە ژێر فەرماندەیی یەکێتیی و، بە ڕابەرایەتیی هێزەکانی پاسداران، لە هێرشەکەی سەر هەڵەبجە بەشداربون.

 

ژمارەی شەهیدەکانی هەڵەبجە نانوسم!!

 

هەر بەپێی بەڵگەنامەکان، یەکێتیی و حسک چەندینجار لە شەڕەکان دا، بە سەدان سەربازی عێراقییان گرتوەو، تەسلیمی ئێرانیان کردون، بەتایبەت حسک. کە ئەوە بەتەواوی سەددام و ڕژێمەکەی بۆ گیانی خەڵکی مەدەنیی کورد فاشیستر کردوەو، یەکێتیی و حسکیش بەردەوام بون لەو ڕەفتارەیان.

 

بەڵگەنامەکان ئاماژەش بە بردنی پاسداران لەلایەن یەکێتییەوە بۆ سەر مەقەڕەکانی موجاهیدینی خەلق لە شاری کەرکوک دەکەن. ئەنجامیش ئەو ڕێکخراوە فاشیستەیان بەرداوەتە خەڵکی مەدەنی کورد.

 

دبلۆماتکارانی بەریتانیی پێیان سەیرە کە مەسعود و نەوشیروان لێبوردنی گشتییان بۆ هەزاران لە هێزە عێراقییەکان دەرکردوە کە دیلیان کردون لە ساڵی ١٩٩١ دا. لەکاتێکدا سەدان کەس لە ناو ئەو هێزانە دا هەبون کە دەستیان لە قاتوقڕکردن و قەتڵوعامی کورد دا هەبوە.

 

هەر بەپێی بەڵگەنامەکانی بەریتانیا، نەوشیروان لە ساڵی ١٩٩٤ هەنگاوێکی نهێنیی لابردنی مام جەلالی گرتۆتەبەر. بەڵام لە هەنگاوەکەی دا شکستی هێناوەو، پێش هەنگاوەکەشی، بەریتانیای لێ ئاگادارکردۆتەوە.

 

چەند بەڵگەنامەیەکیش ئاماژە بەوە دەدەن کە لەتیف ڕەشید چەندینجار پەیام و ڕاپۆرتی دژی نەوشیروان داوە لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکانی لاواز بون و، لە خوار هێڵی عەقڵانیی سیاسییەوە بون.

 

چەند بەڵگەنامەیەکیش ئاماژە بە گفتوگۆی نێوان نەوشیروان و نێچیرڤان دەکەن بۆ پشتیوانی لە ڕەوتێکی نەوشیروان. بەڵام لە سەرەتادا گفتوگۆکانیان سەرکەوتو نەبوە.

-

بەهەرحاڵ، بەداخەوە لە ٢٦ ی ١٢ ی ٢٠٢٣ هەتا ٤ ی ٣ ی ٢٠٢٤ کۆرۆنا زۆر ترسناک خستمیی و سنگی قەپات کردم. بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیم کۆرۆنا بمرێنم و، زیندوبومەوە. هەربۆیەش بو نەمتوانی ئەو بابەتەی کە بەڵێنم پێتان دابو لەسەر: (مەلا مستەفا، مام جەلال، مەسعود، نەوشیروان و سی و یەکی ئاب) لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتەکانی دەرەوەو بەرگری بەریتانیا، بنوسم. ئینشا ئەڵا هەوڵەدەم هەتا سێ مانگی داهاتو لە مەجالێکدا بینوسم.

 

ئەمەش یەکێک لە نامەکانی نەوشیروانە بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لەگەڵ نامەیەکی بەرهەم ساڵح و، بەڵگەنامەیەکیش لەسەر گفتوگۆی یەکێتیی لەگەڵ ڕژێمی بەعس لە مانگی ٩ ی ساڵی ١٩٨٧. 

 

شەریف عەلی: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

https://mail.google.com/mail/u/0?ui=2&ik=c6f39102c2&attid=0.1&permmsgid=msg-f:1793702545989832203&th=18e482f64e700e0b&view=att&disp=safe&realattid=18e482a5100e39d0bdb2

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×